زۆرن ئەو قسەو قسەڵۆکانەی کە دەڵێن ماڵپەڕی (کوردمیلۆدی) بڵاوکراوەیەکی سەربەخۆ نییەو لە لایەن هەڵکەوت زاهیرەوە پشتگیری دەکرێت، بەڵام من تا ئێستا هیچ وەڵامدانەوەیەکم نەبووە، مەسەلەیەکی کوردی هەیە دەڵێت (جام کە پڕ بوو لێی دەرژێ)، پێم وا بێ منیش پڕ بووم لە بیستنی ئەو قسانە کە ئەسڵەن نەک دوورن لە ڕاستییەوە بەڵکو هەر بە لای راستیشدا ناڕۆن
دوا شت کە زۆر پەستی کردم ئەو بابەتەیە کە کەسێکی بەڕێز لە ژێر ناوی (بەرهەم ئەحمەد) لە ماڵپەڕی (کوردستان پۆست) بڵاوی کردۆتەوە، تیایدا من بە ماستاوچی هەڵکەوت زاهیر و ماڵپەڕەکەشم کە پەیوەندی بە هیچ کەسێکەوە نییە بە هی هەڵکەوت زاهیر ناو دەبات. ئەوە غەدرێکی زۆر گەورەیە لە من و لە ماڵپەڕەکەو هاوکات ئەو کەسانەی کە هاوکاریم دەکەن دەکرێت، ئەوەی رۆژێک لەگەڵ من هەستابێت و دانیشتبێت بۆی دەرکەوتووە کە ئەو ماڵپەڕە هیچ پەیوەندییەکی بە هەڵکەوت زاهیرەوە نییە، بەڵکو هەموو مافەکانی هی خۆمەو کەسیش بۆی نییە ئەو قسەیە بکات، بێگومانیشم لەو قسەیەی کە دەیکەم، ئەگەر ئەو بەرێزە واتە کاک (بەرهەم ئەحمەد) خاوەنی ناوێکی خوازراو نەبێت ئەوا من دەیدەمە دادگا!.
من بە هیچ جۆرێک قبولم نییە ناوی ماڵپەڕەکەی من لەگەڵ ماڵپەڕێکی وەکو (چوار ستار) کە هەموو ئامانج و پرەنسیپەکانی کارکردنی دیارە بخرێتە قاڵبێکەوە، دواتر ئەگەر بە ویژدانەوە مامەڵە بکەین و چاودێرییەکی تەواوی (کوردمیلۆدی) بکەین دەبینین هیچ هونەرمەندێک نییە لەو ماڵپەڕە دژایەتی کرابێت و بابەتی بۆ بڵاونەکرابێتەوە، ئەوە لە کاتێکدا کە (چوار ستار) هەواڵی کلیپکردنی گۆرانی (سەنگی هەواران) ی هانی بڵاودەکاتەوە بەڵام فلتەر دەخاتە سەر ناوی ئاوازدانەرەکە کە (هەڵکەوت زاهیر)ە.
هەر لە بابەتەکەیدا کاک (بەرهەم ئەحمەد) هەڵەیەکی کردووە پێم خۆشە بۆی راست بکەمەوە، ناوبراو دەڵێت ماڵپەڕی (کوردیش میلۆدی) کە ئەوە ناوی ماڵپەڕی من نییە، بەڵکو ناوی (کوردمیلۆدی) ییە.
دواتر ناوبراو دەڵێت لە (کوردمیلۆدی) کەس بۆی نییە رەخنە لە هەڵکەوت زاهیر بگرێت، ئەوەش دووبارە هەڵەیەکی زۆر گەورەیە، چونکە ئەگەر ئەو برادەرە چاودێرییەکی تەواوی بۆ بابەتەکانی (کوردمیلۆدی) هەبێت ئەو قسەیە ناکات، چونکە ماڵپەڕەکەی من چەندین وتار و بابەت و دیمانەی تێدایە کە راستەوخۆ و ناراستەخۆ رەخنە لە کارەکانی هەڵکەوت زاهیر دەگیرێت وەکو دیمانەکەی بەرێز کاک (ئەیوب عەلی) کە دەڵێت من جارێکی تر ئەزموونی ئەلبومی “مۆم” دووبارە ناکەمەوە، دیمانەکە خۆم لەگەڵیم کردووە، دەتوانن لە خۆی بپرسن بزانن لەو قسانەی کە لە (کوردمیلۆدی) نووسراوە هیچ گۆرانکارییەکی بەسەر هاتووە یان %١٠٠ قسەی خۆیەتی ؟!، ئەمە جگە لە چەندین وتاری بەرێز (وشیار ئەحمەد ئەسوەد) کە رەخنە لە هەردوو ئەلبومی هونەرمەندان چۆپی فەتاح و لۆکە زاهیر دەگرێت.
قسەی راستیش لە بابەتەکەی دا هەیە ئێمە نابێ وا چاو کوێرانە %١٠٠ قسەکانی بخەینە قالبی درۆ و پوختانەوە، کاتێک دەڵێت چالاکییەکانی هەڵکەوت زاهیر بڵاودەکاتەوە، ئەوەیان راستە، بەڵام بۆ دەبێت ئەگەر من بابەت و چالاکییەکانی هەڵکەوت زاهیر بڵاوبکەمەوە موڵکی ئەو بم ؟!، دەتوانن پێم بڵێن کامە ماڵپەڕ و رۆژنامە بابەتەکانی هەڵکەوت زاهیری بڵاونەکردۆتەوە ؟!، ئایە هەمووان موڵکی ئەون ؟!، راستە من ئەو رەخنانەی کە بۆم هاتووە لە ژێر ناوی خوازراو کە پڕن لە قسەی ناشرین بڵاوم نەکردۆتەوە، ئەوەش نەک تەنیا لە بارەی هەڵکەوت زاهیر، بەڵکو چەندین رەخنە و جوێن بارانم بۆ هاتووە کە ئاراستەی ئەڤین ئاسۆ و هونەرمەند زەکەریا عەبدوڵا و چەندین هونەرمەندی تر کراوە بڵاوم نەکردۆتەوە، بەڵام هەر کەسێک کە لە ژێر ناوی دروستی خۆی بە قەڵەمێکی خاوێن رەخنەی لە هەر کەسێک گرتبێت بڵاوم کردۆتەوە.
لە کۆتایش دەڵێم، من گەنجێکم و مووچەی مانگانەم لە ٣ شوێنی جیاواز دەگاتە ١٥٠٠ $ ی ئەمەریکایی، %٨٠ ی ئەو موچەیە زیاتریش لە (کوردمیلۆدی) سەرف دەکەم، بۆیە داوا دەکەم ئاوا بێ ویژدانانە بڕیار نەدەن و ماڵپەڕێک کە لەوەتەی دروستبووە تا ئێستا لە خزمەت و بڵاوکردنەوەی چالاکییە هونەرییەکان کارێکی تری نەبووە نەیخەنە قاڵبی ماستاوچیەتی و سێبەری لایەنێکی دیاری کراو.
هەواڵێکی خۆشیشم پێێە، بەڵین بە هەمووان دەدەم، بەڵێنی پیاوەتی ئەگەر هەر کەسێک تەنیا یەک بەڵگەی بچووکیش بخاتە ڕوو کە (کوردمیلۆدی) سێبەرایەتی هەڵکەوت زاهیر دەکات، ئەوا من نەک تەنیا (کوردمیلۆدی) دادەخەم بەڵکو بەڵێن دەدەم کە بە ژیانم لە هیچ میدیایەک کار نەکەم و لە هیچ شوێنێک ناوی “دەرباز یونس” نەیەتەوە بەر چاوتان!!.
چاوەڕێم بەڵگە بخەنە ڕوو، بە پێچەوانەوە هەر کەسێک (کوردمیلۆدی) بخاتە چوار چێوەی ماستاوچیاتی و موڵکایەتی کەسێکی تر جگە لە خۆم ئەوا هەر کەسێک بێت یا خود هەر بڵاوکراوەیەک بێت من دەیدەمە دادگا و لە دادگا داوای بەڵگەی لێ دەکەم.
دەرباز یونس.
١٥ ی کانووی دووەم/هەولێر.
خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەری ماڵپەڕی (کوردمیلۆدی)