دیمانە: دیلان ڕەشاد : هونەرمەندی میوزیک ژەن (رزگار خۆشناو ) لەساڵی 1952 لە شارۆچکەی شەقڵاوە لە دایک دەبووە و لە 12-6-1981 چۆتە وڵاتی نەمسا و لەچەندین کۆنسێرت و ئاهەنگ دا بەشداری هەبوو لەچەندین وڵاتی ئەوروپا و ئەندامی دوو گرووپی هاوبەشی کوردی – بیانی بووە و ژیانی هاوسەری لەساڵی 1995 پێکهێناوە و خاوەنی منداڵێکە بەناوی (ڕێنوار) دواجار ماوەییەک دەبێت بە یەکجاری گەڕاوەتەوە کوردستان .
لە ساڵی 1982 کوردستانت جێهشت هۆکاری چی بوو ؟
وەکو زۆرێک لە خەڵکی کورد بەهۆی نالەباری ڕەوشی کوردستان لەسەردەمی ڕژێمی لەناوچووی بەعس لەکوردستان تایبەت هونەرمەندان کە بەزۆر بۆ ئاهەنگەکانی بەعسیەکانیان دەبردین و ئازاریان دەداین بۆیە ئەوکات ڕووەو هەندەران بە ڕٍێکەوتم و لە وڵاتی نەمسا نیشتەجێ بووم ، لەسەر شەقام میوزیکی کوردیم لێ دەدا تا کوردەکان بدۆزمەوە.
لە ئەورووپا هونەرمەندان زیاتر چ پیشەیەک دەکەن بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان ؟
بەشێک لە هونەرمەندانیی ئەوروپا لەڕێگەی نایت کلاپەکان پارە پەیا دەکەن کە لە نادیەکانی شەوان میوزیک دەژەنن و گۆرانی دەڵێن بەشێکیش کاری ترلە شوێنە گشتیەکان دەکەن و دەست بەرداری هونەر دەبن بەڵام من قەت ڕێگەم بەخۆم نەداوە بچمە ئەو شوێنانە بە پێچەوانەوە من میوزیکم بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی نەمسا لێداوە .!!!
بەرژەوەندی وڵات لەچی دەبینیەوە؟
وڵات خۆشەویستە و مرۆڤ لە وڵاتی خۆی سەنگی زیاترە بەڵام ناشکرێت من لەوڵاتێکی وەکو نەمسا باسی هەندیک شتی کوردستان بکات کەچی لەڕاستیشدا نیە ، مەبەستم ئەوەیە لەوی خەڵک وڵاتی خۆی خۆش دەوێت و بەرژەوەندی نیشتمانەکەی لەسەرووی هەموو شتێکە بەڵام لە کوردستان وا نیە ، ئەوان بە پێچەوانەی ئێمە زۆر ڕێز لە هونەر و کلتوری خۆیان دەنێن .
پێت وایە گەلی نەمسا و کورد کامەیان زیاتر هونەر دۆستن ؟
نەمسا وڵاتی میوزیکە خەڵکی ئەوێ لەگەڵ ئەوەی دۆستی میوزیکن و هونەری خۆیان خۆش دەوێت و ڕۆشنیری هونەریان هەیە و ئەوەندەی گوێ لە هونەر دەگرن گوێ بە سیاسەت نادەن ،بەڵام ئێمەی وانین تایبەت کوردی نەمسا ئاگایان لە دوونیا نیە و ئەگەر بچنە کۆنسێرتی هونەرمەندە بیانیەکان نەوەک ئەوانەی خۆمان بەگشتی کوردی نەمسا میللەتێکی نا ڕۆشنبیرن بۆ کلتور و تێکەڵاویە هونەریەکان ، بەس فێربوونە ئێواران لەماڵەوە دانیشن سەیری تەلەفزیۆن بکە.
کارت لەگەڵ کێ لە هونەرمەندە کۆنەکان کردووە ؟
لەوانەی کۆن لەگەڵ هونەرمەندان ( محمد جەزا ، قادر زیرەک ، شەوکەت تۆفیق ،عارەب عوسمان ،ابراهیم سابیر ، تاهیر تۆفیق ، فواد ئەحمەد ، تەحسین تەها ، قادر کابان ) کارم کردووە وەک و تێکست دانان و ئاواز و میوزیک ئامادەکردن .
لەگەڵ قادر زیرەکی خوالێخۆش بوو کارکردنت چۆن بوو ؟
من چەندین ئاوازم پێداوە ، خوالێخۆش بوو خاوەن دەنگێکی خۆش بوو تەنانەت گۆرانی ( دوورم لەیاران ) کە سەدایەکی باشی هەبوو ئەوکات من ئەو هۆنراوەم بۆی نووسی و بڵاومان کردەوە.
بەکارهێنانی میلۆدی بیانی پێت چۆنە ؟
هونەرمەند بۆی نیە ئاوازێکی کوردی بە ستایلێکی تورکی و عەرەبی بژەنێت و فێری تەکنیکی ئەو وڵاتانەمان بکەن ، پاشان لەناو هەموو ئەو بێ سەروبەریە نابێت کلتوری خۆمان لەیاد بکەین بە بەکارهێنانی میلۆدی وڵاتانی دراوسێ ، بەداخەوە خەڵکانێک هەن بە ئاشکرا میوزیکی عەرەبی بەسەر گوێی خەڵکی کورد بڵاو دەکەنەوە کە پێویستە حکومەت و وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕێگە نەدات .
کێ بەرپرسە لەو بێ سەرووبەریە؟
خۆی هونەرمەند ئەرک و مافی هەیە بۆیە دەبێت لێک جیا بکەنەوە ، وەزارەتی ڕۆشنبیری هەق و ناهەق لێک جیا ناکاتەوە ئەوەی دوو پارچە زوڕنای لێدابیت ئێستا موچەی خانەنشینی وەردەگریت ، چەند هونەرمەندێکی گۆرانی بێژ چوونە لای سەرۆکی هەرێم بەداخەوە هەموویان داوای پارە و زەوی و خانوویان کرد ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە هونەرمەندە باشەکانیش ناشرین دەکات ، لەلایەکی تریشەوە ماوەیەک کاک هەڵکەوت زاهیر ڕاوێژکاری هونەری بوو لە حکومەت دەبوو بە عەدالەتەوە کار بۆ هونەرمەندان بکات نەوەک ئەوانەی خۆی مەبەستیەتی!! بە پارەی حکومەتی کوردی کاری بۆ ئەوانە دەکرد کە میلۆدی عەرەبیان بەکار دەهێنا ،،!!! پارەیەکی ئێجگار زۆر بە فیڕۆدراو کە من دەڵێم ئەو پارەیە لە دەمی خەڵکی ئەنفال و منداڵە شەهید دەگیرێتەوە و دەدرێت بەو جۆرە گۆرانی بێژانە.لە بەرامبەریشدا تیڤیە کوردیەکانش زیاتر بایەخ بەو هونەرمەندانە دەدەن کە راقسە و کچی جوان عەرز دەکەن نەوەک هونەرمەندە ڕەسەنەکان .
سەرپەرشتی گروپێکی میوزیک دەکەی ،چۆن ئەم گروپە درووست بوو ؟
گروپی سکوردیا پێکهاتەی ناوی کورد و ناوی هاوڕێیەکی خۆمە کە لەگروپەکە لەگەڵمە ، دیارە لەم گروپەدا زۆرێک لە نەتەوە جیاجیا کان تێدا بەدی دەکرێت بەڵام لە کوردەکان تەنها من و هەژار زەهاوی کوردین و هاوکات تاکو ئیستا چەندین کۆنسێرت و ئاهەنگی تایبەتی جیاجیا مان ئەنجام داوە کە بۆتە جێی ڕەزامەندی خەڵکانی بیانی و تایبەتیش ئەو ئاوازە کوردیانەی کە کلتوری ئێمەیە و بۆ بیانیەکانمان ئامادەکردبوو .