عەبدولغەفار عەبدوڵڵا :لەوێ رۆژێی ساڵی رابردوو، کاتێک شەڕی داعش بەرۆکی ئەم وڵاتە خێرلەخۆ نەدیوەی گرتووە، ھەرچی بۆن و بەرامی خۆشی و حەسانەوەیە لە نێو ماڵ و حاڵی ھیچ تاکێکی کورد بەدی ناکەین و بەداخەوە دەکرێ بڵێن ھەر نەماوە!.
ھەرچی دەیبینی بەردەوام نائومێدی لە رووخساری دەبارێ و حەوسەڵەی کەسی نییە، لە نێو ماڵ لە بازاڕ و فەرمانگەو ھەموو کونجێکدا، ھەر دوو کەس بەیەکەوە دابنیشن باس باسی شەڕە، یا نەبوونی مووچە و بودجەیە!
ئیتر جاری وا ھەیە دەمەو بۆڵەشی لێدەکەوێتەوە، ئیتر خوانەکا، یەکێکیان بۆچوونێکی دژ دەربڕێت!
لەو بارودۆخەدا راگەیاندنەکان بەتایبەتی تیڤییەکان، بەردەوام ھەواڵەکان و سروود و گۆرانییەکانی تایبەتن بۆ ئەو رەوشە و دیمەنی شەڕ پەخش دەکەن، من ناڵێم با تەلەڤزیۆنەکان خەریکی نمایشکردنی بەزم و سەماو ھەڵپەڕکێ بن، بەڵام ناشکرێ لە ناو زیاتر لە (٢٥) کەناڵی ئاسمانی کوردیدا تروسکاییەک بۆ خانەوادەوەکان بەدی نەکرێن بۆ بینینی ساتەوەختێکی ئارامبەخش.
ئەو ڕەوشەی بەرۆکی کوردستانی گرتووە، ھەموو کوردێکی دڵسۆز خۆی بەخاوەن و خەمخۆری دەزانێت، وەک زۆرینەی سیاسییەکان لەسەر ئەو دێڕە ھاوڕان کاتێک دەڵێن (بەرەی جەنگی ئەم جارەی شەڕی داعش ھەموو کوردی یەکدەست و یەکھەڵوێست کرد) ئەوەیان جێی خۆشحاڵییە بۆ ھەموومان، بەڵام ناکرێ ھەموو ژیان و ساتەکان باس و خواسی منداڵێک، گەنجێک، ژنێک لە ماڵەوە، کچێک، کوڕێک بەدەم رۆیشتنی بۆ قوتابخانە بەردەوام ترس و دڵەڕاوکێ بەرۆکی گرتبێت و نەتوانێ ھەناسەی ژیان بێ دووکەڵی شەڕ ھەڵمژێت. بۆیە ناکرێ ئەگەر خوانەخواستە چەند ساڵێک ئەو شەڕە نەگریسە بەرۆکی بەر نەداین، ئیتر شەڕ و نەھامەتی لە ھەموو شوێنێَکی ژیان بێت، بەڵی (پێشمەرگە) ئەوەی ئەو کردوویەتی لە رابردوو تا ئەمڕۆ و بۆ دواتریش، نەوە لە دوای نەوە شانازی پێوە دەکات و تا پێشمەرگەش ھەبێت کورد و کوردستان ھەر سەربەرزە! ئیتر کاتی ئەوە ھاتووە راگەیاندنەکان بەگشتی و بیندراوەکان بەتایبەت، تۆزێک لە رووی سایکۆلۆژیەوە، وزە و ھێز ببەخشنەوە بەرۆحەکانی مرۆڤی کورد، چونکە ھەموومان زۆر ماندووین بەدەست دڵەڕاوکێ و بیستنی ھەواڵی ناخۆشی (داعش و بەغدا) کە پێم وایە ئەو دووانە ھەریەکەیان بە جۆرێک ئازاری دڵ و ھەستیان داوین، کەسیشان کەمتەرخمیان نەکردووە بۆ ئەو کارە، بگرە بەغدا لەوەتەی ھەیە ھەر دێوەزمەیەکی ناشرین بووە بۆ کورد، ئەوەتا پێش داعش ئەو جەنگی خۆی لەگەڵ کورد بەرپا کرد و تائێستاش ئامادە نییە ئەو جەنگە ترسنۆکانەیە بە کۆتا بھێنێت، کە ئەویش بڕینی قوتی کوردە.
ھیوام وایە ئیتر ھێز بخەینەوە بەر تاکی کورد راگەیاندنی کوردی بەگشتی و بە تایبەتی بە جۆرێکی دیکە پشتگیری خەبات و خۆڕاگری پێشمەرگە بکات.
ئاخر بینیومە دەچیتە لای دوکانێک بۆ کڕینی پێویستییەک، خاوەن دوکانەکە ئەوەندەی چاوی بڕیوەتە ئەو تەلەڤزیۆنەی کە دایناوە، نیو ھێندە ئاگەی لە کڕیارەکانی نییە. لای دوکاندارێک داوای کارتێکی مۆبایلم کرد، پێم گوت کارت ھەیە کاکە؟ پێی گوتم ھەر ئەو کارتە مابوو ئەویش بەکار بھێنن و ببڕێتەوە. منیش وتم بۆچی نەتماوە یان نایھێنێت و خێری نەماوە؟ لەوەڵامدا گوتی ناکاکە لەگەڵ تۆم نەبوو، ئەوە مێزگردێکە لە ئێوارەوە سەیری دەکەم، ئەو برادەرەی دانیشتووە ئەندام پەرلەمانێکی کوردە لە بەغدا دەڵێت ھەر ئەو کارتە ماوە بەکاری بھێنین، منیش پێی دەڵێم بەکاری بھێنن و وەرنەوە نەجاتمان بدەن.
یەکێک لەتێزە ھەر گرینگەکانی فەیلەسوفی فەڕەنسی (بۆدلێر) کە لەسەر راگەیاندن گوتوویەتی (ھەمیشە راگەیاندن واقیعێکت نیشان دەدات، لەسەروو ئەو واقیعەوەیە کە لە کۆمەڵگەدا ھەیە). ھەروەھا نووسەری ئەڵمانی (ئێریش ماریا رێمارک) لە رۆمانە تازەکەی کە (بەرەی رۆژئاوا ئارامە) ئەمساڵ (٢٠١٥) دەرچووە، لە دەستپێکدا دەڵێت (ئەم کتێبە نە دەبێت سکاڵا بێت، نە ددانپێدانان، دەبێت تەنیا ئەو ھەوڵە بدات، باسی وەچەیەک بکات، کە جەنگ وێرانی کرد، لەگەڵ ئەوەشدا لە مووشەکەکانی دەرباز بوو!)