حەمەسوار عەزیز :
شانۆ ھەمیشە لە شەقام بووە
بەدرێژایی بیست و پێنج سەدەی تەمەنی شانۆ ھەرگیز لە شەقام دانەبڕاوە، شانۆ لەنێو پەرستگاو شوێنەگشتی و شەقامەکان دەستیپێکردو ھەر لەوێش بەردەوامی بە گەشەکردنی خۆی
دەدات وەک کردەیەکی سیزیفیش ھەمیشە بۆ شەقام دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەل جۆرێکی تری بینەر ببەستێت، بینەرێک کە شانۆ دەتوانێت ھەڵوەستەی پێبکات و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ئەرکی بوونی خۆی لەو شوێنە لەبیر بکات و ئەزموونێکی تازە ببینێت.
شانۆی شەقام ئەو نمایشەیە کە لە دەرەوەی ھۆڵە تایبەتەکانی شانۆ پێشکەشدەکرێت و بینەرێک دەیبینێت کە پارەی نەداوە بۆ بینینی نمایشەکەو تایبەت بۆ نمایشەکە لەوێ نییە، بەو واتایەی لە شانۆی شەقام کەسانێک ھەن کە بینەرن بەڵام بینەری شانۆ نین و ڕەنگە ھەندێک لەوانە بۆ یەکەمجار نمایشێکی شانۆیی ببینێت، ئەم کردارەش وەک دۆزینەوەی نەوت لە زەوی و زێڕ لە رووبارەکان تازەو قوڕسە، چونکە شانۆ ناچارە لە شوێنی تازەو لەبەردەم خەڵکی تازەدا بەدوای خۆییدا بگەڕێت و خۆی پێناسە بکاتەوە.
بەدرێژایی مێژووی شانۆ ھەمیشە تێگەیشتن لە چەمکی شانۆ و شانۆی شەقام تێگەیشتنێکی جیاواز بووە بە جیاوازی ژینگەو کات و سەردەم و فەرھەنگ، ئەمە جگە لە تێگەیشتنی خودی ئەو شانۆکارانەی کە شانۆییان لە دەرەوەی ھۆڵەکان پێشکەشکردووە، شانۆی شەقام لە شوێنە گشتییەکانی وەک ( شەقام و باخچەو پاڕک و گەراج و چایخانەو خواردنگەو…تاد) پێشکەشکراوە، لەوەش زیاتر لای شانۆکاری ئەڵمانی (ماکس راینھارت) جیھان ھەموو تەختەی شانۆ بووە، بۆیە دەبینین شانۆگەری (فاوست) لەسەر لوتکەی چیای سالزبۆرگ نمایشدەکات، لە شانۆگەری (موعجیزە) شانۆکەی وا فراواندەکات بەشێوەیەک ھەموو شارەکە دەگرێتەوەو ئەکتەرەکان دەخاتە سەر بورجەکانی کەنیسەکانی شارو ھاوار بۆ ھەموو مرۆڤایەتی دەکەن.
ئەم ئەزموونانە بەدرێژایی مێژووی شانۆ بوونێکی بەردەوامیان ھەبووەو ھەیە، لە ئەمریکا رۆبەرت ویلسۆن لە نمایشکردنی شانۆگەری ( چیای کا) لە ساڵی ١٩٧٢ (سی ئەکتەر) دەخاتە سەر لوتکەی حەوت شاخی جیاوازو نمایشەکەی بۆ چەندین شەوو رۆژ بەردەوام دەبێت و زۆرینەی نمایشەکەش پشت بە ئیرتیجال دەبەستێت، لە ئینگلتەرا (جوان لیتلوود) کە وەرشەی شانۆ دادەمەزرێنێت داوا لە ئەکتەرەکانی دەکات بچن بۆ شەقام و کارگەکان، چونکە پێیوابوو شانۆ تەنھا لەنێو ھۆڵەکان نییەو ھەموو جیھان پڕە لە شانۆ.
لای شانۆکاری ئەمریکی بەڕەگەز ئەلمانی ( پیتەر شومان) شانۆ وەکو نان پێویستە بۆیە شانۆکەی ناو دەنێت (نان و بوکەڵە) و لەدوای ھەموو نمایشێکیش پارچەی نان پێشکەش بە بینەرانی دەکات، ئەو بینەرانەی کە ناچن بۆ شانۆ، چونکە لای شومان ئەوانە چاکترین بینەرن و جیاوازن لەو بینەرە بەنجکراوانەی کە ھەمیشە دێنە نێو ھۆڵەکان و بەھەمان شێوەی جاران لەسەر ھەمان کورسی دادەنیشن، ئەمە وادەکات وەرگرتن و کاردانەوەیان دیاریکراو بێت.
ئەگەر سەیری ئەو نمونانەو سەدان نمونەی وەک ( شانۆی زیندوو، شانۆی کراوە، شانۆی چەوساوەکان، تەختەی دووەم، شانۆی ئۆدین، سکوات، شانۆی چایخانە،…تاد) بکەین دەبینین ھەریەک لەمانە بە تێگەیشتن و مەبەستی جیاوازەوە کاریان لەشانۆی شەقام کردووە، ھەر لە گەڕان بەدوای خودی ئەکتەرو بینەری تازە تا دەگاتە بەرەنگاربوونەوەی سیاسی و ناساندنی شانۆ بۆ ئەوانەی شانۆ ناناسن، نەھێشتنی نەخوێندەواری و ھەموو ڕەھەندەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرھەنگی ھەر میللەتێک لە میللەتانی دونیا، بۆیە لەم ڕوانگەیەوە ھەمیشە لە شەقامدا نمایشی جیاواز پێشکەشکراوە لە نمایشکردنی تێکستە کلاسیکییەکان تا دەگاتە شەکسپیرو مۆلێرو برێخت و بیکێت و یۆنسکۆو ڤایس و زۆرینەی نووسەرانی شانۆ، ئەمە جگە لەو نمایشانەی کە تێکست ڕەتدەکەنەوە یا پشت بە تێکستی شیعری یا ئیرتیجال یا سەماو گۆرانی یا پانتۆمایم دەبەستن، سروشتی شانۆکەش زۆر پشت بە تێکست نابەستێت و زیاتر کار لەسەر ئیرتیجاڵ دەکات بۆیە زۆرینەی کات لەجیاتی تێکست بیرۆکە بەکاردێت. تێگەیشتنی جیاوازی شانۆی شەقام لەدوو لاوە سەرچاوەی گرتووە، یەکەمیان تێگەیشتنی جیاواز بۆ خودی شانۆ وەک چەمک و ھونەر، دووەم شوێن و کات و زەمەن و کەڵتوور کاریگەرییان بەسەر فۆرم و تێگەیشتنی شانۆی شەقامدا ھەبووە، بەڵام ھەموویان لەوە یەکدەگرنەوە کە ھاتنە سەرشەقام کرادارێکی عەفەوی نییەو مەبەستێکی لەپشتەوەیە، ئەو مەبەستەش پاساوی جیاوازی ھەبووە بە گوێرەی کەسەکان و کات و شوێن و ژینگەو کەڵتووری ئەو دەڤەرە.
نمایشەکانی فیستیڤاڵی دەربەندیخان
ئەگەر قسە لەسەر نمایشە کوردییەکانی فیستیڤاڵی دەربەندیخان بکەین، دەبینین کە جێگەی داخە زۆرینەی زۆری نمایشە کوردییەکان لەڕووی فۆرم و جوانکارییەوە ھەژار بوون و زۆرینەیان لە ئاست تێگەیشتنی شانۆی شەقامدا نەبوون، چونکە ھەمیشە شانۆ کە دێتە سەرشەقام ئامانجێکی ھەیە کە پەیوەستە بە کات یا شوێن یا ژینگە یا فەرھەنگ یا ھەر لایەنێکی تری سیاسی، ئابووری یا کۆمەڵایەتی، بەڵام بەداخەوە زۆرینەی ئەو نمایشانەی من دیم جیاوازی نەدەکرد لەنێوان شانۆی شەقام و خۆنیشاندانی جەماوەری لەسەر شەقام، بۆیە زۆرێک لە نمایشەکان تەژیکرابوون بە شیعارات و ھاتوھاواری گەرم و گوڕی نێو خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان کە ئەمەش بەتاڵکرنەوەی ھەموو بەھا ھونەری و جوانکارییەکانی شانۆیە لەسەر شەقام.
لایەنێکی تر ئەم ھەژارییە لاوازی بەشداری بینەر بوو لە رەوشی نمایشەکان، شانۆی شەقام شانۆیەکە ھەوڵدەدات تەماسێکی جیاواز لەگەڵ بینەر دروستبکات و بینەر لە حاڵەتی نەرینی سەیرکردنەوە بگوازێتەوە بۆ حاڵەتی ئەرێنی بەشداریکردنی کرداری لە نمایشەکەو کاریگەری بەسەر ڕووداوەکانەوە ھەبێت، ئەم حاڵەتە زۆر بەلاوازی لە چەند نمایشێک بینرا بەڵام بە تەوزیفێکی زۆر خراپ، چونکە یا کێشەکە کێشیەکی ئیستھیلاکی بوو بۆ ھەستەوەرەکانی بینەر وەک نمایشی (دۆڕاوەکان) ی کەرکوک، یا توانای ئیرتیجالی ئەکتەرەکان زۆر لەخوارەوە بوو کە نەیدەتوانی دیالۆگێکی جیددی لەگەل بینەری ئامادەبوو دروستبکات و بینەر بخاتە نێو خودی پڕۆسەی نمایشەکە، بەشێکی تری نمایشەکانیش زمانێکی سیمبوڵئامێزی جیاوازییان لە زمانی بینەر ھەبوو کە ئەمە ڕێگرییەکی گەورە بوو لەبەر دەم بەشداریکردنی بینەر لە پرۆسەی نمایش و نمایشەکەش خۆی لە خۆییدا ھەموو دەروازەکانی ئیرتیجالکردنی ئەکتەری داخستبوو وەک نمایشی ( کەرنەڤاڵی مرددوەکان) ی ھەولێر.
ئەوەی زیاتر سەرنجی منی راکێشا لەم فیستیڤاڵە دوو نمایشی ئەلمانی بوو یەکێکیان نمایشی ( باخچە) بوو کە ئەکتەرەکانی ئەو نمایشە ئەگەرچی ئەلمان بوون و زمانی خەڵکی ناوچەکەیان نەدەزانی، بەڵام توانیان تەماسێکی روحی و فیزیکی لەگەل بینەرو تەنانەت دارو ھەبووەکانی شوێنی نمایش دروستبکەن و توانای تەکنیکی ئەکتەرەکان لە تەوزیفکردنی جەستەو ماسک و ماکیاژو جلوبەرگ جوانکارییەکەی زۆری بە نمایشەکە بەخشیبوو.
نمایشێکی تر( پیاوی ئاسنی یا رۆبۆت) بوو، ئەم نمایشە پانتۆمایم بوو، ھەردوو ئەکتەری ئەم نمایشە بە کارو کاردانەوەی خێراو بازدان لە حاڵەتە سایکۆلۆژییە جیاوازەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ پانتایی و فەزادا بەھرەیەکی سەرسوڕھێنەریان نیشانی بینەری ئەو نمایشەدا، وانەیەکی باشیش بوو بۆ ئەکتەرەکانی خۆمان تا بڕوابکەن کە دەتوانن بە مەشق و راھێنان کۆنتڕۆلی جەستە بکەن و لەو گرژبوونە ھەمیشەییە دەربازی بکەن و بتوانن جارێکی تر جەستەیان لە پانتایی تازە دابڕێژنەوە.
دوو نمایشی ئێرانیش زۆر مایەی سەرنج بوون، یەکەمیان نمایشی (داستانەک) بوو کە تابلۆیەکی پانتۆمایم بوو تیاییدا لەڕێگەی چەندین ئاماژەی ناسراو و سادەوە ململانێی تاریکی و ڕوناکی، خێر و شەڕ وێنا دەکەن و دوو ئەکتەر بەتوانای جەستەیی گونجاوەوە ھەوڵدەدەن ئەو بیرۆکەیە بگەیەنن، نمایشێکی تری ئێرانی کە بەتوانای ئەدای ئەکتەرەکانی لەم جۆرە شانۆییە سەرنجی ئێمەیان ڕاکێشا نمایشی (کاراگاە ملیجک) بوو، ئەو سێ ئەکتەرەی نمایشەکەیان دروستکردبوو کۆنتڕۆلی ھەموو پانتاییەکانی شانۆکەیان کردبوو، بەشێوازێکی کۆمیدی کە زۆرینەی کات خاسیەتی شانۆی شەقامە، تەماسییان لەگەل بینەری ئەو نمایشە دروستکردبوو، توانیان بە ئەدای پڕجولەو زیندوو بەسەر بەربەستی زمان سەرکەون و نمایشێکی جوانی شانۆی شەقام پێشکەش بکەن.
دەربەندیخان چی لە شانۆی شەقام دەوێت؟
رەنگە بوونی نمایشی شانۆی شەقام لە شاروچکەیەکی وەک دەربەندیخان گەلێک مەبەست و ئامانجی دوورو نزیکی ھەبێت، وەک ناساندنی شانۆ لەو دەڤەرە کە ھۆڵی تایبەتی شانۆی تیا نییە، یا قسەکردن لەسەر کێشە ژینگەیی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگییەکانی دەربەندیخان، یا تەوزیفکردنی شانۆی شەقام وەک ڕێکلام بۆ جوانی ئەو ناوچەیە کە دەبێتە فاکتەرێکی گەشەسەندنی لایەنی گەشت و گوزاری لە ناوچەکە و سەرنجڕاکێشانی خەڵکانی تر بۆ شوێنە گەشتوگوزارییەکانی دەربەندیخان.
ئەمانە ھەندێک لەو مەبەستانەن کە دەکرێت ساڵانە فیستیڤاڵی شانۆی شەقامی بۆ ریکبخرێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە سەرپەرشتیارانی ئەم فیستیڤاڵە بەووردی ئەو مەبەستەیان لا روون بێت تا بتوانن ئەو ئامانجە بکەنە سەردەستەی کارکردنی ئەو فیستیڤاڵەو بە بەرنامەی گونجاو کاری بۆ بکەن.
بۆ نمونە دەکرێت ئەو فیستیڤاڵە وەک ڕێکلامێکی گەشتوگوزاری بۆ شوێنە جوان و دڵگیرەکانی دەربەندیخان بەکار بھێنرێت و خەڵک ھانبدات کە بۆ سەیران و گەشتکردن ڕوو لەم ناوچەیە بکەن، ئەمەش وادەکات کە بوژانەوەیەکی باش بە ناوچەکە بگات و خەڵکی ئەو دەڤەرەش لەم فیستیڤاڵە سوودمەندبن بە ھەردوو رووە ئابووری و فەرھەنگییەکەی، بەڵام کارێکی بەمشێوەیە پێویستی بە بەرنامەی تایبەتە کە لەگەل بەدیھێنانی ئەو ئامانجە یەکبگرێتەوە، بۆ نمونە دیاریکردنی ووردی ئەو گروپ و تیپانەی کە بەشداری لەو فیستیڤاڵە دەکەن، شوێنی نمایشەکان، مەراسیمی سەرەتاو کۆتایی لە ڕوانگەی شوێنی ئەنجامدان و بڕگەکانی مەراسیمەکە، دابینکردنی پێداویستییە تایبەتییەکانی فیستیڤاڵ لە شوێنەکانی حەوانەوەو نانخواردن و ھاتووچۆ، بەڕێوەبردنی سیمنارو گەشتی تایبەت بە سروشتی جوانی ناوچەکەو ناساندنی فەرھەنگ و مێژووی دوورو نزیکی ئەو دەڤەرە.
بۆ ئەم مەبەستەش مەرج نییە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی ساز بکەین، من پێموایە چاکترین دەسپێک ئەوەیە کە فیستیڤاڵی ناوچەیی لەسەر ئاستی عێراق ڕێکبخەین زۆر گونجاوترە لەوەی بەدوای ناوی گەورەو ناوەڕۆکی لاوازدا بگەڕێین، ئێمە ئەگەر بمانەوێ ئەم فیستیڤاڵە رەنگدانەوەیەکی ئیجابی بەسەر خەڵکی ناوچەکەدا ھەبێت، دەبێ سەرەتا لە ناوەوە دەسپێبکەین و دەربەندیخان بۆ خەڵکانی نزیک خۆمان پێناسە بکەین، ئەو خەڵکانەی کە دەرفەتی ھاتن و گەشتکردنیان بۆ ئەو دەڤەرە ئاسانترە و کەم خەرجیترە، ئێمە ناتوانین گروپێکی ئەلمانی یا ئەوروپی وەک ڕێکلامێکی گەشتوگوزاری بۆ شاروچکەیەکی وەک دەربەندیخان بەکاربێنین، چونکە بێگومان ژینگەو پێشکەوتنی ئابووری و ئاستی بژێوی وڵاتەکەی خۆیان ڕێگە نادەن بیر لە شارۆچکەیەکی وەک دەربەندیخان بکەنەوە بۆ گەشتکردن، بەڵام ئەم بۆچوونە بۆ خەڵکانی ناوەوەی عێراق زۆر جیاوازەو دەکرێت کاریگەری تەواوی ھەبێت لە چالاکردنی جولەی گەشتوگوزاری لە ناوچەکە، بەمەرجێک ژێرخانی ئابووری و ئاستی خزمەتگوزارییە گەشتیارییەکان بەرز بکرێتەوەو گونجاو بێت.