مەسعودی مەلا ھەمزە : دکتۆر قوتبەدین سادقی لە دانیشتنی ھەڵسەنگاندنی فیلمی سینەمایی “سرتە لەگەڵ با” لە دەرھێنانی “شەھرام عەلیدی”دا گوتی: شتێک کە لەم فیلمەدا زۆر دروستە ئەوەیە کە چۆتە ناو زمان و دیمەنی سینەمای جیھانەوە و دەرھێنەر لە بەوێنەکێشانی دیمەنەکان، مشووری و وردی بەکارھێناوە.
بە پێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتی کۆمپانیای “تاو فیلم”، فیلمی سینەمایی “سرتە لەگەڵ با” لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد شەھرام عەلیدی و بە ئامادەبوونی ئەم دەرھێنەرە سنەییە، ئەکتەری ناوداری کورد خاتوو مریەم بووبانی یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم فیلمە، پارێزەری ناوداری کورد محەمەد ساڵح نیکبەخت و ھەروەھا بە ھاوکاری ئەنجوومەنی زانستی سینەمای زانکۆی تاران، لە ھۆڵی ئاوینی لە کۆلێژی ھونەرە جوانەکانی زانکۆی تاران نمایشکرا و لە لایەن قوتابیان و بینەرانەوە پێشوازییەکی باشی لێکرا.
دوای نمایشی فیلمی سینەمایی “سرتە لەگەڵ با” دانیشتنی لێکۆڵینەوە و رەخنە و ھەڵسەنگاندنی پسپۆڕانە بە ئامادەبوونی نووسەر و شانۆکاری ناوداری کورد دکتۆر قوتبەدین سادقی و بە بەشداری سینەماکاری کورد شەھرام عەلیدی و خاتوو مریەم بووبانی ئەکتەرەی بەئەزموونی سنەیی بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای ئەم دانیشتنەدا سادقی سەبارەت بە مێژووی جینایەتی کۆمەڵکوژی کوردەکانی عێراق بە ناونیشانی “ئەنفال” لە لایەن رژێمی بەعسەوە بۆ قوتابیان و ئامادەبووانی ناو ھۆڵەکە ھاتە ئاخاوتن و لە درێژەدا گوتی: ناوەرۆکی ئەم فیلمە سەبارەت بە کارەساتێکی دڵتەزێنە بەڵام نەوەکوو بەشێوەی ئەکشن، بەڵکوو گێڕانەوەی فیلمەکە بە شێوەی تەواو شاعیرانە و ناڕاستەوخۆیە و بە شێوازی دیمەنێکی خەماوییە کە بۆ ھەر پلانێکی بە دیقەت، گێڕانەوەیەکی شاعیرانەیە و دیمەنەکانیش شاعیرانە ھەڵبژێردراوە. شتێک کە لەم فیلمەدا بە جوانی سرنجی بینەر بۆلای خۆی رادەکێشێت، لانگشاتەکان، رامان و ریتمی ھێواشە بۆ ئەوەی کە روانینی کامێرا، رامانی تێدایە و عاشقانەیە.
ھەروەھا گوتی: ئێوە لەم فیلمەدا لەگەڵ سینەمایەک روبەڕوون کە لایەنی شێعری، خۆشەویستانە و شاعیرانەیە و بۆ ھەر دیمەنێکی تابڵۆیەک بە شێوازی تایبەت دروست کراوە و جۆرێک جوانناسی تایبەتی ھەیە، لە دنیادا دەرھێنەری دیکەش ئەم کارەیان بۆ وڵاتەکانیان کردووە.
شەھرام عەلیدی دەرھێنەری فیلمی سینەمایی “سرتە لەگەڵ با” لە سەرەتای قسەکانیدا گوتی: ئەم فیلمە لە زۆربەی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان نمایشکراوە و لە ناخی دڵمەوە زۆر خۆشحاڵم کە ئەم جارە لە نێوان کۆمەڵێکی ئاکادیمیا نمایشکرا و ئەوە بۆ من ئاوات و داواکارییەک بوو. زۆر ھیوادارم کە ئەم ھەلە بڕەخسێت تاکوو ئەم فیلمە بە شێوەی گشتیش لە سینەماکانی وڵاتی ئێران نمایش بکرێت و لەو دیدارانەی کە لەگەڵ مندا بوویانە داواکاری ژمارەیەکی زۆری خەڵک و ھۆگرانی ھونەری سینەماش ھەر ئەوەیە.