گۆرانیبێژ (د. بەلقیس) بە ڕۆژنامەكەمانی ڕاگەیاند كە دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو جارێكی دیكە توانی بە بڵاوكردنەوەی CDـیەك بە ناوی “ژیان جارێكە”، بە هەوادارانی خۆی شاد بێتەوە كە لە 8 تراك پێك هاتبوو و لە لایەن خەڵكەوە پێشوازی باشی لێ كرا، بووە هاندەر كە لە ساڵی نوێش 2011ـدا، لە گۆرانییەكانی بێبەشیان نەكات.
(بەلقیس) بۆ “هەولێر” گوتی: “لە خۆئامادەكردندام بۆ بڵاوكردنەوەی ئەلبوومێكی تازەی گۆرانی كە زۆربەی كارەكانی بەكۆتا هاتووە، بەڵام ناوەكەی ناڵێم و حەز دەكەم جەماوەر چاوەڕوان بن و هەموو شتێك ئاشكرا نەكەم.”
سەبارەت بەوەی كێ هاوكاریی كردووە بۆ ئاواز و هۆنراوەی ئەم سێدییە، گوتی: “لە ڕووی ئاواز و هونراوەوە، بە پلەی یەك هونەرمەند (ئەحمەد چاوشین) هاوكاریی زۆری كردووم و یەك لە تراكەكانی ئەم سێدییەم، لە لایەن گۆرانیبێژی زۆر خۆشەویست (سەمیر زاخۆیی)ـیەوە ئامادە كراوە و هەر لێرەوە زۆر سوپاسیان دەكەم.”
گوتیشی: “گۆرانیی “حەمە لاو”ـم كلیپ كردووە و كەناڵی ئاسمانیی “زاگرۆس تیڤی”، ئەركی بەرهەمهێنانی خستە ئەستۆی خۆی و زۆر سوپاسیان دەكەم، لە بەڕێوەبەرەەوە تاوەكوو بچووكترین كارمەندی ئەو كەناڵە خۆشەویستە.
ئەم كلیپە لە چەند شوێنێكی كوردستان وێنە گیراوە كە لە سیناریۆ و دەرهێنانی (حوسێن سێوددین) و كاری وێنەگری لە لایەن ( فەلاح حەسەن)ـەوە بۆ كراوە و ڕووناكی (كەرخی حەیدەر و فورات) و كاری PLAY BACK لە لایەن (سیروان ئەحمەد) و كاری جێبەجێكردنی وێنەی لە ستۆدیۆ، (تەییب قادر) ئەنجام دراوە.”
لە كۆتایی قسەكانیدا، (د.بەلقیس)، هەوادانی دەنگی ئاگادار دەكاتەوە كەوا ئێستا كلیپەكەی لە بواری مۆنتاژدایە و بەم نزیكانە بڵاو دەكرێتەوە.
ئاریان حەیدەر تەها