سەردار جاف-ئەڵمانیا
دەبێرەوە
جگەر سوتاوی دوێنێم
لە خەم و بێداری ڕابووم، ھەناسەم لە شنەی دەریاوە
بە شەونمی سپێدە سپاردووە
وا تیشکەڵانی ھەتاویش کرانەوە و
ئەو دەمەی بەستەڵەکیش دەتوێتەوە
ژانی گوڵێ
لە قەد باخچەی ئەوین ڕا
بۆن و بەرامەی خۆی بە بەژن و باڵای منا کردووە
دەبێرەوە…….
با ئیدی ئازارەکانم
بە مەرقەدی یاخی بوونتا ھەڵنەزنێ
شەرابی مەستبوونی ئیشقم
پێ بنۆشە
لە حزووری حەرزەتی تۆدا ئەی یارم
ھەی نمە شەونمی خەونم
ڕاچەنینی ھاتنەوەکەت
بە لێوی وشک ھەڵاتووما
دابپۆشە
دەبێرەوە …….
با درێژەی نامەی ئیشقم ، تەزووی تەزینم سڕ بکا
لەو ڕێگاوە ئولفەت بگرێ
ئیدی لەرزۆکی ھەڵ بێت و
ئاشنای بوخچەی چاوانت بێ
ئەزیزەکەم
لە نیگا غەمزەی چاوتەوە
موژدەیی خۆتم پێ بدە
با مەستی ئەو ڕێگا دوورەی پێ بشکێنم
ژوانم بە باڵات بگرم
ئۆخەی بوونم لە بەر دەرگای
باوانت بێ
دەبێرەوە …….
ئاونگبارانی چیمەنی بیلبیلەکەی چاوی من بە
سۆمام دەبێتە ژیّر ڕاخەری پڕ باران و
ھەنگاوێکی شەونمی بە سەرا بنێ
ژینی نوێم پڕ بۆن بکەوە
پەنجەکانم
تینووی تاڵ تاڵی پرچتن، کە بێ من بژ و ژاکاون
چاوەکانم بۆ دیدەنی قامەتی تۆ
دوا سەفەری ڕێی کردووە
لە گەڕانەوەی ئەمجارەت
ئیشق و دڵی تازە مەیلت
بە زەمەنی کۆن بدەوە
٣ / ١٠ / ٢٠١٩