گویگرتن لە دەنگی هونەرمەند دەشتی کەلهوری پێچەوانەی ناوی یەکەم ئەلبومیەتی بەناوی ( دە با بەس بێ ) ، دەنگێکی خۆش ی پڕ لە هەست وات لێ دەکات گوێگرتن لەم دەنگە ناسکە هەردەم بەس نە بێت. ئێمە دەشتی کەلهوریمان لە کۆنسێرتی شاری لایدن لە نزیکەوە ناسی کاتی بەشداری کردنی شان بە شانی هونەرمەندی مەزن ناسری ڕەزازی.
ئەمجارەش دەشتی هاتەوە نێو میدیاکان بەڵام ئەمجارە بە خۆی و کۆرپەکەی کە ئەلبومێکی سیدیە بە ناوی ( دە با بەس بێ ). ئەم ئەلبومە لە هەریەک لە ئێران و تورکیا و ئەوروپپا کاری بۆ کراوە. شاهۆی عەندەلیبی لە ئێران کاری دابەشکردنی مۆسیقای بۆ کردووە، شاهۆ ئەندامە لە گروپی مامۆستا شەجریان و ئەرسەلانی کامگاریش بەشداری تێدا کردووە. لە تورکیا گروپی کەمانی گۆندەم و موزیکژەنی بەناوبانگ کەمال ئەلاجان کە ئەمیش موزیکژەنی هونەرمەندی ناودار ئیبراهیم تاتلیسە کاری بۆ کردووە. لە ئەوروپاش هونەرمەند کارزان قەرەداغی کاری سێ گۆرانی بۆ ئەنجام داوە. هەروەها هەریەک لە ئالان عارف وە هەلیل مەتیش کاری گۆرانیەکانیان بۆ کردووە. ماوە بڵێین زۆربەی ئاوازەکانی ئی هونەرمەند دەشتی کەلهوری ئی خۆیەتی و ئاوازێکی هی مامۆستا نامدار قەرەداغی و ئاوازێکیشی لە فارسییەوە وەریگێڕاوە، شەش هۆنراوەی هی شاعیری ناودار ئەحمەد محەمەدە و یەک هۆنراوەش هی خۆیەتی و کاوە حوسێنیش بە هۆنراوەیەک بەشداری لەم ئەلبومە کردووە. ئەم ئەلبومە لە ڕێگای ڤین تیڤی پرۆدەکشن لە کوردستان بڵاو کراوەتەوە. دە با بەس بێ و لێرە بەشێک لە بەشداریی هونەرمەند دەشتی کەلهوری لە شاری لایدن پێشکەشتان دەکەین.