ھیوای مەلا قادر: ئەوەی کە لە ژیاندا لێی ناترسم دادگاییە، ئەوەی کە ھەرگیز لەم ژینەدا سڵم لێنەکردوەتەوە مەحکەمەء حاکمء دادگا بووە، بەڵام ئەوەی کەمن لێی دەترسم داگای پاش مردنە، وەستان لەبەردەم خوداو لێپرسینەوە لەکردەوە رەفتارەکانم.
بۆیە ھەرچی لەم دونیایەدا دەیکەم، پێش ئەوەی لەخەڵکی بترسم لە خوا دەترسم، لەکاتێکیشدا ھەڵە بکەم، ئەگەر بەرامبەر خوابوو، ئەوا لام شەرم نیە، لەبەرامبەری بگریم تا بەڵکو لەبەر خاتری فرمێسکەکانم لێم خۆشبیت، ئەگەر بەرامبەر خەڵکیش بێت زۆر سادەیە بڵێم داوای لێبوردن دەکەم.
رۆژی ١٠ـ١٠-٢٠١١ کە ھاوکاتە لەگەڵ دووشەمەی داھاتوو یەکەم دانیشتینی دادگاییمانە لەسەر سکاڵایەکی یانەی ھەولێر، ئەم سکاڵایە لەسەر راپۆرتێکی ئێمەیە کە لە مانگی نۆی ساڵی ٢٠١٠ پاش دۆڕانی ھەولێر لەخولی نایابی عێراقی لە بەغدا ئاماددەمانکردو لە ئاوێنەسپۆرت بڵاومانکردەوە، کە ئەوکات سەرنوسەری ئاوێنەسپۆرت بووین.
راپۆرتەکە رستەیەکی تێدا بەکارھاتبوو لەسەر زاری ھاندەرێکی دھۆکەوە وەرگیرابوو کە وتبووی (ھەولێر قەشمەر بوو)، ئەم دێڕە کرابویە مانشێتی راپۆرتەکە. پاش ئەوەی یانەی ھەولێر دۆڕاو گەڕانەوە بۆ ھەولێر، بەرپرسانی یانەکە بەبینینی ئەم راپۆرتە زۆر نیگەرانبوون و دەستبەجێ لەرێگەی (سامان بریفکانی) بەرپرسی راگەیاندنی یانەکەوە لە بنکەی پۆلیسی ئازادی شاری ھەولێر سکاڵای لەسەر تۆمارکردین و داوای ٥٠ ملیۆن دیناریان کردبوو وەک قەرەبووی بەکارھێنانی وشەی (قەشمەر) لەراپۆرتەکەدا. لەمانگی ٢ی ئەمساڵ لە بنکەی پۆلیسی ئازادی ھەولێر بانگکراین و پاشان بە کەفالەت ئازادکراین تا رۆژی دادگایکردنەکە، ھاوڕیی بەڕیزم کاک سەردار بالیسانی بوو بەکەفیلم.
دووشەمەی داھاتوو دادگایکردنەکەیە، یانەی ھەولێرو پارێزەرەکەی رایان وایە کە ئێمە ئەم وتەیەمان ھەڵبەستووەو درۆمانکردووە، ھاندەری یانەی دھۆک کە ئەوساڵە تیپەکەیان پاڵەوانی عێراق بوون وتەی لەم شێوەیەی نەوتووە.
یانەی ھەولێر ئازادە چۆن بیردەکاتەوەو چۆن بەرامبەرەکانی تۆمەتباردەکات، دڵنیاشم سامان بریفکانی و سەفین کانەبی و عەبدوڵڵا مەجیدی سەرۆکی یانەکە و مەلا عەبدول خالق مەسعود)، تێکڕای یانەی ھەولێر باش ئامادەکاری راپۆرتەکە دەناسن و دەزانن پیاوی درۆیە یان روماڵکردنی ھەواڵەکان بەراستی و دروستی کاری بووە و کاریەتی.
ئێمە بۆ ئەم دادگایکردنە ئامادەین، وەک پێشتر وتمان ناترسین، چونکە جگە لەراستی و دروستی ھیچی ترمان نەوتووە، تائێسیتاش پارێزەرمان نەگرتووەو پێناچێت پارێزەربگرین، پاش دەستلەکارکێشانەوەشمان لە ئاوێنەسپۆرت، ئێستا تەنھا ھیوا مەلا قادر روبەروی ئەم کێشەیە دەبێتەوەو کۆمپانیای ئاوێنە لەم کێشەیە کشاوەتەوە.
دووشەمەی داھاتوو کاتژمێر ٨:٣٠ خولەکی بەیانی لەدادگای کەتنی ھەولێر تەنیشت قەڵا ئاماددە دەبین، لامان گرنگ نیە ئەم دادگاییە ببەینەوە یان بیدۆڕینین، چونکە روونە لامان کەمن ئەوانەی لەپێش ئێمە لەدادگای ئەوان بەبراوەیی دەرچووبیت. بەڵام دادگایء سکاڵاو تەنانەت ھەڕەشە، ئێمە لەکاری رۆژنامەنوسی رەخنەیی، خاو ناکاتەوە، بەپشتیوانی خوا بەردەوام دەبین بەرەنجامی دادگا ھەرجۆرێکبێت.
ئەوەی ماوەبوتریت، ئەوان لەسەر وشەیەکی راستء دروست کە لەسەر زاری کەسێک گواستراوەتەوە ئێمە دادگای دەکەن، رۆژێکیش دێت ئەوان لەسەر ئەو ملیارەھا دینارەی میللەت کە ساڵانە بە نادروستی لە حکومەتء بودجەی وڵاتی دەبەن، دادگای بکرین.
دەی دە چکەوشی مەحکەمەی ھەولێر دەکەویتە کار، کاری رابدروویمان لەبەرچاوەء داھاتویشی لەم زەمەنەدا ھەروەک رابردوو دەبێت، ئەوەی کەدڵمان پێی خۆە، دادگای دونیا کاتیەء کۆتای ھەیە.