پەیمان سەرهەنگ: لەگەڵ هەموو ئەو رێکخراوانهی ژنان و مافی مرۆڤ و گروپ و پارتە سیاسییانەی بایەخیان بە مافەکانی ژنان داوە کە چی هێشتا ژنان لە زەمینەی نایەکسانیدا بە مەبەست و بێ مەبەست مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ و پێگەی ژنایەتی بۆ دیاری دەکرێت،
دەگمەنن ئەو رۆژنامانەی لە چڕی رۆژنامەی کوردیدا کە باس و خواسی کێشەیەکی ژنانەی تێدا نەبێت و زوڵمێک بەرامبەریان نەکرابێت، ئەمە لە کاتێکدا لە کۆمەڵی کوردەواریدا دۆزی ژن بۆتە کێشەی هەمه جۆرەی رەنگەکانی کۆمەڵی کوردەواری و لە تەواوی بۆنە و گۆڤار و رۆژنامەکاندا داکۆکی و بهرگری دەکرێت لە مافەکانی ژنان و لە تەواوی کۆنگرەی پارتە سیاسییەکاندا بەشێکی بەرین لە گوتار و بەرنامەکانی پێ داگیر دەکرێت و تەنانەت رێکخراوە ئاینیەکانیش لە دید و بۆچوونە ئاینیەکەیانەوە دیاری تەواوی مافەکانی ژنان دەکەن و بەو پێیەش بێت دەبوو ئێستا دەگمەن کێشەیەکی ژنان هەبوایە و هیچ ژنێک لەو پەڕی بێدەسەڵاتیدا خۆی نەسووتانایە و جەستەی بە لێدان زامدار و پڕ ئازار نەکرایە و راکردن و خۆشاردنەوەی ژنان بنەبڕ بوایە. ئەم پانتایی داگیر کردنەی ژنانیش لەو بوارانەدا هەروا لە خۆوە نەبووە و دەرئەنجامی رۆڵی ژنان و توانای خودی ژنان خۆیان بووە لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژووی کۆمەڵی کوردەواری و ئەو ژنە هەڵکەوتانەی مێژوویان پڕ بوون لە خەباتی نیشتمانی و خاوەن تواناو بیرمەند بوون لە سەرۆکایەتیکردنی هۆز و تیرە و هەموو ئەو یەکە بچووکانەی تێکڕا نەتەوەی کوردیان پێک دەهێنا.
مێژوومان پڕە لە بەڵگەی حاشا هەڵنەگر بەرامبەر بە رۆڵی ژنان، ژنان سەرکردەبوون نموونەی ( قەدەم خێر ) و ( زێرینای ئامێدی ) و ( خانزادی سۆران )، دیپلۆمات بوون نموونەی ( حەپسەخانی نەقیب )،بەڵام ئەمە ئەوە ناسەلمێنێ ژنان لە کۆمەڵی کوردەواریدا بە شێوەیەکی گشتی ئازاد بووبن و جۆرەها کێشەیان بۆ ساز نەبووبێت و دووچاری چەوساندنەوە نەبووبن و لە ژێر فشاری چەندین نەریتی داسەپاودا بێبەش نەکرابن لە ماف و ئارەزووەکانیان و گیرۆدەی دەستی بڕیارە بەرژەوەندپەرستەکانی باوک و برا و تەنانەت مام و ئامۆزاش نە بووبن، سەرەرای ئەو چەوساندنەوە نەتەوایهتییەی دابەش بوویەکی هاوبەشیش بوو لە نێوان ژنان و پیاوانی کورداو ژنان بەشێ زۆری ئەو نەهامەتی و ئازارانەیان بەردەکەوت لەمیشەوە ئەو چەوساندنەوە چینایەتییەی دەرئەنجامهکانی دەبوونە گرفت و کێشەی جۆراو جۆر بۆ ژنان و دەبوونە قوربانیەکی ئاسان، لە مێژووی نزیکی سەردەمیشدا ژنان توانیویانە تواناو کارامەیی خۆیان بسەلمێنن لە شۆڕشەکاندا, لە خەباتی نهێنی شارەکاندا لە راپەڕین و بیناکردنەوەی کوردستاندا، توانیان لە پۆستە باڵا فەرمییەکاندا ببنە وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی لە بواری تەشریعیشدا چەندین ژنی بە توانا چالاک و کارا بوون وەک ئەندام پەرلەمان و بواری چالاکییە شارستانییەکان، ئەمانەو جگە لەوەی سەرۆکایەتی چەندین رێکخراوی ژنان و پێشەییان کردوە، بە پێێ ئەو دەرکەوتانەش بێت ژنان تا هەنووکە جگە لە پڕکردنەوەی چەندین پلەی بەرز لە وەزارەتەکاندا وەک کارمەندیش تەواوکەری تەونی نێو دەزگا فەرمییەکان و کارگە و کۆمپانیاکان و تەواوی یەکە کارگێری و بەرهەمیەکانن، کەچی هێشتا ژنان دەناڵێنن بەدەست گرفتەکانی ژیان و کێشە ژنایەتییەکانیانەوە و لاپەڕەی گۆڤار و رۆژنامە و سەرچاوە ئەلکرۆنیەکان، رۆژانە پڕن لە ئاماژە کردن بۆ کێشەکانی ژنان و ئەو زوڵمەی لییان دەکرێ و ئەو ئازارەی دەکرێت بە دەروونیاندا، ئەمە لێرەدا جێێ باسە کە دەبێت نهێنی ئەو دەرئەنجامە نەشازە لە چیدا بێت کە هاوکێشەکان هەمیشە بەم جۆرەی دژ بە یەکسانی و پێگەی بەرزی پڕ مرۆڤایەتی ژنان دەشکێنێتەوە، دەکرێت پەی بە بنەبڕکردنی هۆکارە سەرەکییەکانی چەوسانەوەی ژنان نەبرابێت ؟ یان هێشتا کۆمەڵ، کۆمەڵی پیاو سالارییە و یاساکان لە بەرژەوەندی پیاوان و چاوبەستی ژنان دارێژراون ؟.
لەگەڵ ئەوەشدا کە ژنان وەک پیاوان بەشداری کارکردن دەکەن ( کە دەتوانم بڵێم ئەم بەشداری کارکردنە بە زۆری تەنیا وەک پێداویستییەکی سەرچاوەی داراییە نەک پێداویستی کۆمەڵ و بەشداربوونی لە بنیاتنانی کۆمەڵ و بووژانەوەیدا و زۆر جار لەوێدا کۆتایی دێت گەر پیاوەکە سەرچاوەی دارایی بەرفراوان و زۆر بوو، یان پیاو لە پۆستێکی باڵادا بێت و دەستکەوتێکی زۆری هەبێت )، دەنا پێکەوە بژێوی ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان دابین دەکەن و لەم بارەشدا سەرەرای کارکردنی دەرەوەی ئەرکی زۆرتر دەکەوێتە سەرشانی ژنان، هەر لە بەڕێوەبردنی ماڵ و بەخێو کردنی منداڵ و پەروەردەکردنیان و بەدواداچوونی دایکان بۆ منداڵان، هەر دایکە شەونخوونی دەکات و سۆز و میهرەبانی بەسەر هەموو تاکی خێزاندا دەبارێنێ و لە گرفتەکانیاندا دەیانلاوێنێ، کەچی لەگەڵ هەموو ئەم ئەرک و دلسۆزی و ماندووبوونەدا پیاو دەسەڵاتی یەکەمە و پیاو توورە دەبێ و لە ژن دەدات و ئەوەی لەسەر ژنیشە گوێ رایەڵی و پاراستنی یەکێتی خێزانی و بێدەنگبوون لەبەر دەم ئازار و ئەشکەنجەکاندا، لەمڕۆی کوردستانیشدا چەوسانەوەکان لە نێو خێزانەکاندا شێوازێکی رێژەیی وەرگرتوە و لە نێوانی کەم و زۆردا و ئاستەکانی رووناکبیری و چینایەتی و شوێن کارتێکردن و رۆڵی تەواو دەگێرێت لە دیاریکردنی ئاست و جۆری چەوسانەوەکاندا .
ئەوەتا کە ژنان ئەمڕۆ کاران و پۆستیان هەیە لە پلەی وەزیرەوە تا بە کارمەندێک دەگات و وەلێ بە تەنیا کارکردنی چەندایەتییەکی کەم بەس نیە تا بکرێتە نموونە و دابەش بکرێتە سەر هەموو شێوازەکان، ژنان لە کۆمەڵی کوردەواریدا وەک ئاماژەم پێدا بوو ،بە پێێ شوێنی نیشتەجێ و دورییە چینایەتیەکان و بۆچوونە سیاسییەکانی گۆڕەپان و دەسەڵات و ئاستی یاساکانی پەیڕەوکراو و ئەندازەی سەروەری بوونیان، چەوساندنەوەکانیان دەگۆڕێت و دەبێت ئەو مافانەی لە گوتاری هەموواندا جێگیر و چەق وەستاو بووە بگۆڕدرێت بە یەکسانیبوون و گوتاری شێوازی پراکتیزە کردن و کارا بوون لە هەموو کون و قوژبنەکانی پێکهاتەی کۆمەڵی کوردەواریدا، دەبێت رووناکبیران و ژنانی کاراو هەموو گۆڤار و رۆژنامەکان هاوکاربن لە نەهێشتنی نیشاندانی ژنان لە شانۆگەرییەکانی رووماڵکردنی رووداوەکاندا بە پێی بار و دۆخەکان، ئەم بارو دۆخەی ژنان هەیانە بەدەست رۆژنامەکانیشەوە کەمتر نیە لە فشارەکانی کۆمەڵێکی پیاو سالاری، دەمێک چڕبوونەوە هەبێت لەسەر جەستە و ژن و دەمێک سەرقاڵبوون بە توند و تیژییەکانی سەر ژنان و دەستدرێژیە جەستەییەکان و و ناوناوەش گەشت بە لاپەڕەکانی مێژوودا بکرێت و وەک پاڵەوانەکانی مێژوو وەک خەباتگێڕ و سونبولی شۆڕش و یان لاوازکردنی رۆڵی سەرکردەیەکی ژن و بێ تواناکردنی, بۆ هەر پۆستێکیش دەستنیشان کردنێک بکرێت تا پیاو وەستا بێت کەمتر بەلای ژنێکی چابوک و چالاکدا دەستنیشانکردنەکە وەرچەرخان بە خۆیەوە دەبینێت، هەمیشەش وەک کەسی دووەمی بکەر و تەواوکەر بە پاڵپشتی پیاو بزانرێت و رؤڵی سەرەکی و سەربەخۆیی خۆی لێ ون بکرێت و لە ژێر دروشمی لە پشت هەموو پیاوێکی مەزنەوە ژنێکی مەزن هەیە بکرێتە پاڵەوانێک لە پلەی دوودا، دەبێت یاسا و رێساکان بگۆردرێت، بڕوابوون بە ژنان ئاشکراتر و روونتر بێت لە سنووری رێکخراوەکانی ژنان و مانیفێستی بڵاوکراوەکان و بەرنامەی کۆنگرەکان بچێتە دەرهوە و واقیع بینانەتر مامەڵە لەگەڵ ژناندا بکرێت، ژنانیش هیچ جیاوازییەکیان نیە لەگەڵ پیاواندا جگە لە جیاوازییەکی بیولۆژی دیاریکراو زیاتر هیچی تر نیە، بۆیە دەکرێت ژنان وەزارەتی کارا و گرنگ وەربگرن، ژنان ببنە سەرۆکی پارتە سیاسییەکان، ژنان با چیتر رێژەیەک کورسیان بۆ دیاری نەکرێت وەک لەوەی لە توخمێکی تری جیاواز و لە دەرەوی ئەم هەسارەیە هاتبن و بۆ رووکەشێکی بێ بەرهەمی پاشکۆ جێیان بکرێتەوە، دەبێت کار بۆ ئەوە بکرێت ژنان خۆیان چۆن بێنە پێشەوە، دوور لە بەخشندەیی پیاوان، دەبێت کار بۆ ئەوە بکرێت بە یاسا ژنان ئازادانەتر بێنە گۆڕەپانەکەوە، شەقامەکانیان لێ بەرتەسک نەکرێتەوە و لێیان دانەخرێت، هێڕش نەکرێتە سەریان، وردەکاری یاساکان بچنە نێو ماڵەکان و ژنان بپارێزن، ئەوە ژنانن لە هەموو شوێنێکدا کاتێک جێیان بۆتەوە بوونی خۆیان سەلماندووە، دەکرێت ئەو ئازادییەی پاش راپەڕینەوە لە کوردستان نەش و نما دەکات و کەم تا زۆر ئاستەکانی ژیانی چین و توێژەکانی گرتۆتەوە و گۆڕانکاری بەرەوپێشچوون هاتۆتە گۆڕێ، قووڵتر لەم زەمینە ئازادەدا ژنان بواریان بۆ برەخسێت، رەخساندنێک ئاستەنگ لەبەر دەم بەگەڕخستنی توانای ژناندا نەمێنێت، رەخساندنێک دوور لە هەموو پاشکۆیەتییەک .