مەسعودی مەلا ھەمزە : لە دوای بەشداری کردنی لە چەند فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیدا، فیلمی دەنگە نەبینراوەکان لە سیناریۆ و دەرھێنانی نوسەر و سینەماکار فەرزین کەریم بریارە بە نوێنەرایەتی کوردستان لە بەشی پێشبڕکێی بیست و سێیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی ئەستەنبۆل بەشداری بکات کە لە رۆژانی ٢٣ تا ٣٠ ئەم مانگە بەرێوە دەچێت.
لەم بۆنە سینەماییەدا، ئەم فیلمە بڕیارە لە دوو جار ئەکران بکرێت. جاری یەکەم کاتژمێر ١٥لە رۆژی ٢٨/١١و جاری دووەمیش لە کاتژمێر ١٧لە رۆژی ٣٠ی ئەم مانگە نمایش دەکرێت.
ئەم فیلمە لە بەرھەمھێنانی دەرھێنەر خۆیەتی و، وێنە گرتنی لە لایەن سالم سەڵەواتی و کاری مۆنتاژی تۆفیق ئەمانی ئەنجامی داوە و نواندنی ھەر یەک لە ھونەرمەندان رۆژان حەمە جەزا و سەربەست رەزایە.
شایانی باشە، فیلمی دەنگە نەبینراوەکان لە رۆژانی یەک تا شەشی ئەم مانگە ھەر بە ناوی کوردستان بەشداری لە خولی ئەمساڵی فیستیڤاڵی ئەلتەرناتیڤ لە ولاتی رۆمانیا کرد. ھەروەھا بڕیارە لە مانگە دوانزدەی ئەم ساڵدا بەشداری لە بیست و چوارەمین خولی فیستیڤالی پارامۆنتی تەکساس لە ئەمریکا بکات، سەرەڕای چەند فیستیڤاڵێکی دیکە.