مەسعودى مەلا هەمزە: کورتە فیلمى دەنگە نەبینراوەکان((UNSEEN VOICE لە سیناریۆ و دەرهێنانى نووسەر و سینەماکار فەرزین کەریم و، نواندنى هەر یەک لە هونەرمەندان رۆژان حەمە جەزا و سەربەست گەرمیانى و، بەرهەمهێنانى خودى دەرهێنەر، بریارە لە کاتژمێر 4ى رۆژى 4-11-2011 بە نوێنەرایەتى هەرێمى کوردستان و عێراق بەشدارى لە بەشى پێشبڕکێى نۆزدەیەمین خولى فیستیڤاڵى نێودەوڵەتى ئەلتەرناتیڤ لە وڵاتى رۆمانیا بکات کە بڕیارە لە دوو تا شەشى مانگى نۆڤەمبەرى ئەمساڵ بەڕێوە بچێت و، ئەگەرى زۆریش هەیە دەرهێنەرى فیلمەکەش بەشدارى رێورەسمى فیستیڤاڵەکە بکات.
هەروەها بڕیارە دیسان بە نوێنەرایەتى هەرێمى کوردستان و عێراق لە خولى ئەمساڵى فیستیڤاڵى نێودەوڵەتى پارامۆنتى تەکساس لە وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بەشدار بێت.
شایانى باسە ئەم فیلمە ماوەکەى چواردە خولەک و نیوەو، لە کۆتاییەکانى پارساڵ لە گوندەکانى بلێ و سەفتێ و دەلاش وێنەى گیراوە. لە نیوەى ئەمساڵیشدا قۆناغەکانى مۆنتاژ و دەنگدانانى تەواو بووە.
لەم چەند حەفتەى دواییشدا؛ ئەرکى بڵاو کردنەوەى لە سەر ئاستى جیهاندا لە لایەن کۆمپانیاى ستاک فیلمى سنە لە وڵاتى ئێران ئەنجام دەدرێت. تا ئێستاش توانیویەتى بەشدارى لە بۆنە سینەماییەکانى دەرەوە هەرێمى کوردستان بکات، لە وانەش لە رێورەسمى رۆژانى نمایشى کورتە فیلمى دیاربەکر لە وڵاتى تورکیادا، ئەم فیلمە بە هۆى ستایل و فۆرمى جیاوازییەوە تاکە کورتە فیلم بوو کە کۆڕى رەخنە و هەڵسەنگاندى بە ئامادە بوونى دەرهێنەرى فیلمەکە بۆ داندرا.
شایانى باسە وێڕاى نمایشى ئەم فیلمە لە دەرەوە، بەڵڕم بە داخەوە تا ئێستا لە هەرێمى کوردستاندا نمایش نەکراوە و نە دەنگ و نە ڕەنگى نابینرێت!.