ڕێناس جاف : ھەر لە یەکەمین ساتەکانی بڵاوبوونەوەی ھەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتی ناوداری دونیای ڕاگەیاندنی کوردی “شوکروڵڵای بابان”ەوە ،واتە ھەینی لەسەر شەممە ،٢٦ لە سەر ٢٧ی گەڵاڕێزانی ٢٧١٢، ١٦ی نۆڤمبەری ٢٠١٢ی زایینی، لە تەمەنی ٨٩ ساڵی و لە ماڵەکەی خۆی و لە شاری “تاران” ،ئەم ھەواڵە بە ناو ھەموو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامە و
گۆڤار و ماڵپەڕەکوردییەکان و بگرە گشت ماڵە کوردێکدا بڵاو بووەوە و تەنانەت ھەر کەس و لایەن و گرووپ و ئالی و حیزبێکی کوردییش ،ھەر لە “مام جەلال”،سەرۆکی ئێراق و “مەسعوود بارزانی” ،سەرۆکی حوکوومەتی ھەرێمەوە تا پارتە کوردییەکان، بەیاننامە و پرسەنامە و سۆزنامەیان بەو بۆنەوە بڵاو کردوەوە کە ئەمە جێی دڵخۆشیی و نیشانەی قەدرزانبوونی گەل بەرامبەر کەسێکی دڵسۆز بە فەرھەنگ و ئەدەبی گەل و میللەتەکەیەتی.
ڕاستە مێژوو و دیرۆکی کار و چالاکی میدیایی و ڕاگەیاندنی کوردی بە قەدەر مێژووی کاری ڕۆژنامەگەریی کۆن و خاوەن مێژوولکە نییە بەڵام ئەم دیرۆکە با کاڵ و فرە دەسکەوتیش نەبێت ،لێ بەلێ ھیچ لە مێژووی ڕاگەیاندن لای وڵاتانی خودان دەستەڵاتی داگیرکەری کوردستان کەمتر نییە.ئەمە لە بەخت و چارەی کوردە کە مێژووی کاری ڕاگەیاندنی کوردی بە قەدەر دیرۆکی ڕاگەیاندن لای فارس و تورک و عەرەبەکان خودان مێژوویە یان شەقی ڕۆژگار و زەمانەیە کە بەو دەستەڵاتە سەردەستانەی کوردستانی کردووە و ھەر کامە و بە جۆرێک بە لای خۆیانەوە ،بۆ کپکردنی دەنگی ئازادیخوازی و شۆڕشگێڕی گەلی بندەستی کورد و بۆ بەرپەرچدانەوە و بەرەنگاربوونەوەی کورد ،دەستیان داوەتە دەرکردن و بڵاوکردنەوە ، دانان و کردنەوەی گۆڤار ،ئیزگەی ڕادیۆیی یان کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی کە دوا نموونەیش لەو پەیوەندییەدا کردنەوە و دانانی کەناڵی TR٦ ،یان ھەمان “تەرەتەی شەش”ە بە زمانی کوردی لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە کە ڕۆژگارێکی دوور و درێژ حاشای لە بوونی مرۆیەک بە ناوی کورد لە تورکیا دەکرد و زێتر بە تورکی کێوی ناودێری دەکرد! گەر ھەندێ بۆ دواوە بگەڕێینەوە و ئاوڕێک لە ڕەوتی بەرەو پێشەوەچوونی کاروانی ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندنی کوردی بدەینەوە ،لامان دەردەکەوێ کە دوابەدوای دەرچوونی ڕۆژنامەی “کوردستان” لە تاراوگە و بە ساڵی ١٨٩٨ی زایینی لە شاری “قاھیرە”ی پێتەختی وڵاتی “میسر” ،لە لایەن بنەماڵەی “بەدرخانییەکان” و سەرچڵ و پێشەنگی ئەو کاروانە نەمر “میقداد مەدحەت بەردخان”ەوە ،تا ھاتووە ئەم ڕەوتە ھەردەم ڕێی ڕوونتر و گەشتری بڕیوە و توانیویەتی کرژتر بچێتە پێش و ئەمڕۆی گەشی میللەتەکەی و ڕزگاربوونی پارچەیەکی نیشتمانەکەیشی بە خۆوە ببینێ . ھەر پاش ئەو سەردەمەیە کە لە ڕێی دڵسۆزی دەیان ڕۆڵەی چاوکراوە و بیر و زەین تیژ و بە دەست و بردی کوردەوە سەرباری ھەموو گرێ و قۆرت و چۆرتم و کۆسپەکانی سەر ڕێ،کاروانی ڕاگەیاندنی کوردی ساتێک وەستان و ھەدادانی نەبووە و وەک چەکێکی ھەرەکارا،بەرگری لە گەلەکەی کردووە و تیرێکیش بووە لە چاوی دوژمنانی کوردستاندا . لە ھەر گۆشەیەکی ئەم دونیا بەرینەوە ،گەر کورد سووکە ھەل و دەرفەتێکی بۆ ڕەخسابێت، شوکر ڕۆڵەی نیشتمانپەروەری ئەم گەلە، با لە بن نسێ و سێبەری ڕەشی داگیرکەرانی کوردستانیشدا بووبێت، ھەلەکەی قۆزتۆتەوە و ئەوەندەی لە توانادا بووە، خزمەتی گەل و نیشمان و فەرھەنگ و کولتوورەکەی کردووە. بەینێ لە “یافا”،ماوەیەک لە “یەریڤان”،دواتر لە “بەغا”،”کەرکووک”،”تاران”،”کرماشان”،”سنە”،”مەھاباد” ،”ورمێ” و ھتد و وا ھەنووکە بەختەوەرانە بە دەیان و سەدان گۆڤار و بڵاڤۆک و ئیزگە و کەناڵی ڕادیۆ تەلەڤزیۆنی کوردی درێژە بەو خەباتەی خۆی دەدات تا زیندووێتی گەلەکەی خۆ لای جیھان بخاتە پێش چاو. نووسینەوەی مێژووی ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندنی کوردی دیارە پێویستیی بە ھەڵدانەوەی ڕووپەڕی دەیان و بگرە سەدان کتێب و پەنابردنە بەر گەلێک ژێدەر و سەرچاوە ھەیە و بەختەوەرانە ساڵانێکە لە ناو ئێمەی کورددا ھەست بە گرینگی و بایەخی ئەو پرسە کراوە و ئەمە نیشانە بۆ وشیاری توێژی ڕووناکبیر و خوێندەواری ئێستای کوردە. بەڵام ئەم نووسینە دەیەوێ بە نیشانەی وەفا،یادێک لە سیمایەکی ھەرەگەشی ناو دونیای ڕاگەیاندنی کوردیی بکاتەوە کە سەردەمی خۆی ستایل و شێوازێکی تایبەت بە خۆی لە کاری پێشکەشکردن و بێژەریی بە زمانی کوردیی داھێنا و زۆر زوویش،زێترین ھۆگر و داژداری لە دەوری خۆی کۆ کردەوە و کەمیش نین لە دونیای ڕاگەیاندن و کاری بێژەریی کوردیی دا کە کەوتنە لاسایی کردنەوەی ستایلەکەی .مەبەست نەمر ” شوکروڵڵای بابان”ە. وەک لە دەسپێکی ئەم نووسینەدا ئیشارەتی پێدرا،دەنگ و سیما ھەرە لەبەردڵانەکەی بواری ڕاگەیاندنی کوردی “شوکروڵڵای بابان” شەوی شەممە ،٢٧ی گەڵاڕێزانی ٢٧١٢ ی کوردی (١٦ی نۆڤمبەری ٢٠١٢ ی زایینی)لە تەمەنی ٨٩ ساڵی و لە ماڵەکەی خۆی و لە شاری “تاران “بۆ ھەمیشە ماڵئاوایی لە گەلەکەی کرد و دەنگی چووە ڕیزی دەنگی سەدان ڕێبواری دەنگ دلێری کاروانی ڕاگەیاندنی کوردییەوە.
ھەر دوا بەدوای کرانەوەی یەکەمین ئیزگەی ڕادیۆیی لە ئێران بە ناوی “ڕادیۆ جەنگ” و دواتر “ڕادیۆ تاران” و پاشانیش “ڕادیۆ ئێران” ،لە گەرمە و ھەڵپەی خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ساڵانی پاش کۆتایی شەڕی دووھەمی جیھانی و ئەو کەش و ھەوا تایبەتەی دروست ببوو،ڕژێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆماری ساوا و تازەپێگرتووی کوردستان لە شاری “تاران”دا دەستی دایە کردنەوەی ڕادیۆیەکی کوردی و سەرەتایش بە چارەکە کاتژمێرێک لە حەوتەدا و ھێدی ھێدی و بەرە بەرە سەعات و ماوەی پەخش و بڵاوبوونەوەی زێتر و فرەتر کرد. ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٣٢٤ ی ھەتاوی (١٩٤٦ ی زایینی) واتە سەردەمی دامەزرانی کۆمار. ویست و نیاز و ئامانجی ڕژێمی پالەوی لەو کارە ڕوون و ئاشکرا بوو بەڵام ھەر ئەم ئیزگە حوکوومەتییەی ڕژێم دواتر زۆر کەسی خستە سەر ڕێبازی کوردایەتی پاک و لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا کە ڕژێمی سەرکوتکار ئیزنی دانان و کردنەوەی خوێندنگە و قوتابخانەی بە زمانی کوردی نەدەدات،بۆ خۆ بوو بە فێرگەیەک و سەدان کەس لەو ڕێگەوە فێرە نووسین و خوێندنەوەی کوردی بوون . ھەتا دەھات ڕادیۆکەکەی ڕژێم لایەنگری زۆرتر دەبوو؛ ھەر بۆیە ڕژێم بە وەرگرتن و دامەزراندنی دەیان کەسایەتی کورد بە نیازی خۆی دەیەویست زێتر دزە بکاتە ناو دڵی جەماوەر؛ لێ، بەختەوەرانە ھەر خودی ئەو کەسانەی لە ڕادیۆدا کاریان دەکرد بە دڵ و گیانێکی پاکی کوردییەوە و بە پێی توانا خزمەتی زمان ،ئەدەب ، مێژوو و کولتووری کوردییان دەکرد و نەخشە و پیلانەکەی ڕژێمیان دەکردە بڵقی سەر ئاو .ئیتر ئەم ڕەوتە ھەر وا بەردەوام کرا . کرانەوەی پێی دەیان کەسایەتی و سیمای کورد بە ڕادیۆ ھەر لە مەلا “جەمیلی ڕۆژبەیانی”یەوە تا “سوارەی ئێلخانیزادە”،”حەسەن زیرەک”،”مەزھەری خالیقی”،سەی “تایەری ھاشمی”،”شوکروڵڵای بابان” ،مەلا ” محەممەدی ڕەبیعی”،”ھەژاری موکریانی”،”ھێدی”،سەی” برایمی ستوودە”،”ھومایۆنی کەمانگەر”،”عەزیزی عەلەوی”،”حەمە ساڵەی ئیبراھیمی” (شەپۆل)،”حەسەن سەلاح سۆران” ،”سۆران سنەیی” و … ناوبانگی ڕادیۆ کوردی گوێزتەوە بۆ ناو ھەموو ماڵە کوردێک لە ئاستی جیھاندا . ساڵی ١٩٥٨ بوو کە ڕادیۆ کوردی سیمایەکی نوێی بە خۆوە بینی کە ھەر زۆر زوو توانی ژماری لاگرانی ڕادیۆ بە دەنگە زوڵاڵ و پاقژ و لەبەردڵانەکەی چەند ھێندە بکات. ئەو کەسایەتییە کەس نەبوو جگە
لە “شوکروڵڵای بابان”.
“شوکروڵڵای بابان” ساڵی ١٣٠٢ی ھەتاوی،١٩٢٣ی زایینی لە شاری “سنە”ی رۆژھەڵاتی کوردستان چاوی لە ڕووی ژیان ھەڵێنا.دوا بە دوای کۆتایی ھێنان بە خوێندنی دواناوەندی ،بۆ درێژەدان بە خوێندنەکەی ،ڕوو لە شاری “تاران “دەکات و بڕوانامەی بکالۆریۆس لە سێ لقی زانستییدا وەدەس دەخات.ئەو لقە زانستییانەیش بریتی بوون لە : زانستە دینییەکان،دەروونناسی و یاسا و ماف. ساڵی ١٩٥٨ی زایینی وەک ئاماژەی پێدرا ،شوکروڵڵای بابان ڕێی دەکەوێتە ڕادیۆ تاران کە ئەو ڕادیۆیە بەرنامەیەکی ڕۆژانە ١٥ خولەکی بە کوردی و بە بن زاری ئەردەڵانی بڵاو دەکردەوە کە دواتر ھەر زۆر زوو ھەست بەوە کرا پێویستە دیالێکتێکی گشتگرتر و زەنگینتر دەکار بێنێ تا بتوانێ سەرکەوتووتر بێت و بەشێکی زۆرتر و گوێگر و لاگرێکی پتر و فرەتری کورد بکاتە خۆی.بۆیە پاشان ماوەی بڵاوبوونەوەی بەرنامەکانی ئەم ڕادیۆیە بۆ کاتژمێرێک درێژ کرایەوە و ئەمجارە بەرنامە بە دوو زاراوەی کورمانجی نێوەڕاست(سۆرانی) و کورمانجی ژووروو بڵاو دەبووەوە.شوکروڵڵای بابان ھەر لەو دەمەوە وەک بێژەر و بەرپرس دەستی دایە کار و چالاکی و خێرایش بوونی خۆی سەلماند و ڕادیۆی کردە خاوەنی مۆرک و ناسنامەیەکی کوردیی تر و بە پێشکەشکردن و بڵاوکردنەوەی چەندین جۆرە بەرنامەی ئەدەبی کە سەرتۆپەکەیان بەرنامەی “کاروانی شێعر و مۆسیقا” بوو،زۆر سووک و خۆمانە ڕێی بڕییە لای ھەموو ماڵە کوردێک. ھەر لە ماوەی ساڵانی ١٣٣٨ تا ١٣٤٢ ی ھەتاوی، ١٩٥٩ تا ١٩٦٣ی زایینی ،شوکروڵڵای بابان بە ھاوکاری چەندین کەسایەتی تری وەک مامۆستایان “بەدیعوزەمانی”،” سدیقی موفتی زادە”،” عەبدوڕەحمانی سیراجەدینی” و “شێخ عابید” لە تاراندا ڕۆژنامەی “کوردستان”یان ئامادە و لە چاپ دەدا.ڕاستە ئەو ڕۆژنامەیە لە ژێرچاودێری و بگرە ساختەی دەست خودی ڕژێم بوو بەڵام توانی بەش بە حاڵی خۆی خزمەتی بواری ڕۆژنامەگەریی کوردی بکات . لە ماوەی ساڵانی کاری میدیایی و ڕاگەیاندندا “شوکروڵڵای بابان” لە ڕادیۆکانی “تاران”،”کرماشان”،”سنە” و “ورمێ” کاری کردووە و ھەردەمیش ئامادەبوونێکی چالاکانەی بووە و بە خامە و ھەستی دڵسۆزانەی ،خزمەتی ئەم بوارەی کردووە.بە دوای داخرانی ڕادیۆ کوردی تاران،ڕادیۆ کرماشان کرایەوە و کارمەندانی ڕادیۆیش لە تارانەوە گوێزرانەوە بۆ ڕادیۆ کرماشان و لە پەنا زاراوەی سۆرانی دا ،بە زاراوەی کەڵھوڕیش بەرنامە بڵاو دەکرایەوە.
شوکروڵڵای بابان تا ساڵی ١٩٦٩ بە ناوی بەرپرس ،بێژەر و وەرگێڕ کاری دەکرد. ھەر بەو ساڵانە خاسما لە ڕادیۆ کرماشاندا بوو کە شوکروڵڵای بابان لە ڕێی دەنگی سیحراوی و ئەدای جوانی خۆوە توانی ناوبانگی ڕادیۆ کرماشان بە ھەموو لادا بڵاو بکاتەوە و لە ھەموو شوێنێکی کوردستانەوە ڕووناکبیر و خەڵکی ئاسایی ڕوویان لەو ڕادیۆ دەکرد و تامەزرۆ بوون لە نزیکەوە ئاشنا بەو سیما ئێسک سووک و ڕەزاشیرینە کوردییە بن. شوکروڵڵای بابان ھەر لە ڕادیۆ کرماشاندا بە پێشکەشکردنی بەرنامەی “کاروانی شێعر و مۆسیقا” ھەژانێکی خستە ناو ڕادیۆ و بە ھەزاران گوێگر بە تاسەوە چاوەڕوان بوون تا ساتی بڵاوبوونەوەی بەرنامەکەی شوکروڵڵا بابان بگات و بە گوێی دڵ ،گوێبیستی بن و چێژ لە بەرنامەکە و دەنگی دڵبزێنی خودی بێژەر ببەن. ھەر بەو ساڵانە و بۆ یەکەمین جار لە مێژووی ڕادیۆی کوردییدا چیرۆکی کوردی لە ڕادیۆوە بڵاو کرایەوە کە گورجێ لاگرێکی فرەی دەس خست.شوکروڵڵای بابان بۆ خۆ دەوری سەرەکی لە زۆر لەو چیرۆکانەدا دەبینی و ژمارەیەک لەو چیرۆکانەیش بۆ خۆی دەینووسین کە نموونەیش چیرۆکی “حەمە شوان”ە. واتە شوکروڵڵای بابان ھەم چیرۆکی دەنووسێ و ھەمیش دەوری ئەکتەر و دەورگێڕی لە چیرۆکەکاندا دەبینی. ئیتر ئەمجارە شوکروڵڵای بابان ناوبانگی ھەموو لایەکی کوردستانی گرتبووەوە و ھەزاران کەس ھەر بە عەشقی ئەو دەنگە تا ناخ کوردییە شەیدای وێژە و ئەدەب و زمانەکەیان بوون .گەر سەیرێکی کتێبی “ھێمن و من ” لە نووسینی س.چ (ھێرش) بکەیت و بە وردی کتێبەکە بخوێنیتەوە،ئەو ڕاستییەت لا ڕوون دەبێتەوە و تێدەگەیت سەدانی وەک کاکە “ھێرش” بە پاڵپشت و یارمەتی و عەشقی دەنگەکەی شوکروڵڵای بابان ڕوو دەکەنە فێربوون و خوێندنەوەی کتێب و بەرھەمی کوردی . نووسەر لەو کتێبەدا بە ئاشکرا دەنووسێ لە ڕێی بەرنامەکانی شوکروڵڵای بابانەوە بە تایبەت بەرنامەی “کاروانی شێعر و مۆسیقا” و دەنگی ھەرە زوڵاڵی ئەو بێژەرە کوردەوە کەوتۆتە سەر ڕێبازی کوردایەتی و نەک بە دڵێک بەڵکوو بە سەد دڵ شەیدای زمان و کولتوورەکەی بووە. کەم نین وێنەی ئەو نووسەرە ناوئاشنایەی ئێستای کورد (ھێرش)کە سەردەمی خۆی بە یارمەتی بەرنامەکانی شوکروڵڵای بابان ڕێبازی ژیانیان بینیوەتەوە. پێشتریش وترا کە شوکروڵڵای بابان ساڵەھای ساڵ لە ناوەندەکانی ڕاگەیاندن لە تاران، کرماشان و سنە و ئازەربایجانی ڕۆژاوا (ورمێ)خزمەتی بواری ڕاگەیاندنی کوردی کردووە . شوکروڵڵای بابان وەک نووسەر،بێژەر و وەرگێڕ بە درێژایی تەمەنی خۆی دڵسۆزانە خزمەتی نیشتمانەکەی کردووە و بەری ئەو ساڵانەیش جگە لە سەدان بەرنامەی ڕادیۆیی ،چەندین کتێبی بە بایەخە. بابان ،ساڵی ١٣٥٩ی ھەتاوی (١٩٨٠ی زایینی)خانەنشین دەبێت و ھەلێکی بۆ دەڕەخسێ خۆ بە نووسین و وەرگێڕانەوە زێتر خەریک و مژول بکات. شوکروڵڵای بابان خاوەنی چەندین کتێب و بەرھەمی ڕەنگینە کە لەو بەینەدا دەکرێ ئاماژە بکەینە ئەم چەند بەرھەمە: “سەلاحەدینی ئەییووبی؛پاڵەوانی کورد”،”گوڵزاری کوردستان” و قامووسی “فارسی –کوردی “کە ساڵی ١٣٦١ی ھەتاوی(١٩٨٢ی زایینی) بڵاوی کردەوە و بۆ ئەو سەردەمە خاوەنی نرخ و بایەخێکی زۆر بوو و توانی چەند ھەزار وشە لە دووتوێی قامووسەکەیدا خڕ بکاتەوە.شوکروڵڵای بابان ھەروەھا چەندین کتێبی تری ئامادەی چاپە کە لەو بەینەدا دەکرێ ئیشارەت بدەینە : کتێبی چوار بەرگیی “جوگرافیای کوردستان” ، “ناو و نیشانەکان” و “دیوانی شێعرەکانی” .ئەوەی ڕاستیی بێت شوکروڵڵای بابان دەنگێکی ھەرە ئاشنای ناو کوردان لە حەفتا و ھەشتاکانی زایینی دێتە ئەژمار کە لە ساتەوەخت و سەردەمی خۆیدا بوو بە ھۆکارێکی ھەرە کارا بۆ لاکردنەوە و ئاوڕدانەوەی سەدان گەنج و لاوی کورد لە فەرھەنگ و کولتووری کوردی و لە ڕاستیدا ھەژان و تەکانێکی خستە ناو ھەمووان و چەشنێک ڕابوون و بێداربوونەوەی بە کۆمەڵگە بەخشی کە نابێ ئەم خزمەتە شایانە لە بیر بکرێ. نازانم ھۆکار چبووە کە ڕاگەیاندنی کوردی ئەوەندە لای لەم کەسایەتییە نەکردۆتەوە و نەیتوانیوە سەتی یەکی خەبات و دڵسۆزی ئەو مرۆ بۆ بەرەی ئێستا بگوێزێتەوە و بەرامبەر بە تەمەنێک کار و چالاکی و خەباتی شوکروڵڵای بابان نەوەی ئێستا ئاگادار بکاتەوە! تەنیا بە ساڵی ٢٠٠٤ بوو کە بۆ یەکەمجار شوکروڵڵای بابان سەری ھەرێمی کوردستانی دا و بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی بۆ کرا کە ئەمەیش بۆ خۆ جێی دەستخۆشی و سوپاسە و کەلێنێک لەو پەیوەندییەدا پڕ دەکاتەوە و سەنگێک بە ئەرشیڤی ڕاگەیاندنی کوردی دەبەخشێ کە بە سەت داخ و کەسەرەوە بە ھەزاران بەرنامەی بە پیت و ڕەنگین و زەنگینی کوردی تۆمار و بڵاو بۆتەوە کەچی ئەرشیڤی ئیزگە و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی ڕژێمەکانی سەردەستی کوردستان لەو بوارەدا زۆر لاوازە و ھەر بەرپرس و لایەن و ڕژێمێک ھاتووە و ئەوەی ئەرشیڤی کوردی بووە ،ھەمووی لە ناو بردووە.نموونەیش ئەرشیڤە ھەرە دەوڵەمەندەکەی ڕادیۆ کوردیی کرماشان و تارانە کە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران ،لە لایەن کەسانی تا ناخ دوژمنی کوردەوە لە بەین براوە.بە داخەوە شوکروڵڵای بابان لە دوا ساڵانی تەمەنیدا تووشی نەخۆشی فەرامۆشی (ئاڵزایمەر) ھاتووە و ئیتر ئەو دەنگە پەرجۆئاسایە تەنیا ھەر چاوی لە جوانییەکانی دونیای دەور و بەر بووە و بەس.سەرەنجام شوکروڵڵای بابان درەنگانی شەوی ھەینی لەسەر شەممە،٢٧ی گەڵاڕێزانی ٢٧١٢، ١٦ی نۆڤمبەری ٢١٠١٢ ،کۆچی دوایی کرد و ڕۆژی یەک شەممە لە بەشی ھونەرمەندانی گۆڕستانی “بەھەشتی زارا ” کە دەکەوێتە باشووری شاری تاران ،ئەسپەردەی خاک کرا .شوکروڵڵای بابان ٨ منداڵی ھەیە(٦ کوڕ و ٢ کچ).خۆزی نزیکان،تۆزێک ئەرشیڤەکەی باوک و باپیر و …. بپشکنن و لەو دەروون و ناخەکوردییەوە ھەوڵی گەڕانەوە سەرخۆ و خوێندنەوەی چەند پەڕتووک و کتێبێکی کوردی بە خۆ بدەن و بزانن کە تەنیا ” نامرن ئەوانە وا لە دڵی میللەتا ئەژین”*.
* کۆپلەیەک لە شێعری “نەورۆز”ی پیرەمێردی نەمر(١٩٥٠-١٨٦٧)
تاران
٢٩ی گەڵاڕێزانی ٢٧١٢