هونەرمەندى گەنج تۆفان ئەبوبەکر کۆتایی هێنا بە کارى وێنەگرتنى کورتە فیلمى “دەنگى رووناکى”، کە بۆ دووەمین فێستیڤاڵی داربەڕووى زێڕین و لەسەر بودجەى بەڕێوەبەرایەتى سینەماى هەولێر بەرهەمى هێناوە.
لەمبارەیەوە تۆفان ئەبوبەکر سیناریست و دەرهێنەرى کارەکە گوتى: کورتەفیلمى (دەنگى رووناکى) کە باس لە حاڵەتێکى ئینسانى ژیانى نابیناکان دەکات، کە چۆن ئەوانیش توانا و بەهرەیان هەیە، تەنها ئەوەیە کە چاویان نابینێ، ئەگینا هیچ جیاوازییەکیان نییە لەژیاندا، ناوەرۆکى فیلمەکەش باس نابینایەک دەکا کە لە رێگاى دەنگەوە عاشقی کچێکى بێژەر دەبێ کە ئەو کچە شیعر دەخوێنێتەوە و دەنگى زۆر ناسکە، هەموو هەوڵ و تواناى کوڕە نابیناکە بۆ ئەوەیە بگاتە کچەکە و لە کۆتاییدا پێی دەگا، بەڵام دەبینێ کچەکە شووى کردووە و دواى 30 ساڵ لە تەمەنى، کوڕە نابیناکە هەر بە دەنگى ئەو کچە دەژی.
دەربارەى ستافی کورتە فیلمەکەش سیناریست و دەرهێنەرى کارەکە گوتى:”ئەو کورتە فیلمە لە سیناریۆ و دەرهێنان و وێنەگرتنى خۆمە و حیسام جەلال و شەیدا جاف و رێکەوت سەلام و مەحمود گلى و فەرهاد یاسین تەها وەکو ئەکتەر لە کورتە فیلمەکە بەشدارن و ئەرسەلان ئەبوبەکریش وەکو رووناکى و ئەیوب لهۆنیش وەکو دەنگ بەشدارى کردووە، رەنجبەر سەباح نێروەیی کارى مۆنتاژی کردووە.
شیاوى گوتنە ئەو کورتە فیلمە یەکەم ئەزموونى تۆفان ئەبوبەکرەو بەر لەوەش تۆفان لە چەندین کارى فیلمسازیدا وەکو وێنەگر و تەکنیک کارى کردووە.
مەسعودى مەلا هەمزە