چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی
سڤیل: بڕیاربوو لەناوەڕاستی مانگی چوار، ئەلبوومی سێیەمت بەناوی “فریشتەی میھرەبان” لەلایەن ڤین پرۆداکشتن بڵاوبکەیتەوە، بەڵام تائێستا بڵاونەکراوەتەوە، تەنانەت ریکلامیشی بۆ ناکری؟
دەشنێ: لەبەرئەوەی ڤین تیڤی ١٤ ئەلبوومی ھونەرمەندان بەیەکەوە بەمەبەستی چاپکردن بۆ تورکیای ناردووە، لەبەرئەوە خەلەلێک دروست بووە لەلایەن ئەو کۆمپانیایەی کە چاپی دەکات، بۆیە ئەو ئەلبوومانەی کە لە چاپکردن تەواو ببوون تەنیا پێنج ئەلبووم بوون، پێیان راگەیاندووم لە ھەفتەی داھاتوو ئەلبوومەکەم چاپ دەکرێ و لەو رۆژانە دەست دەکەن بەریکلامکردن، بەڵنیان پێدام سێ کلیپم بۆ بکەن، منیش ئەو خەمەم نەما بچم دوای سپۆنسەر بکەوم بۆ کلیپ، مانگی رابردوو کلیپێکم بەناوی “دڵم زیز بووە”، کرد زۆر بەدڵم بوو، بەمزووانە کلیپی دووەمم بۆ دەکەن، دواتریش کلیپێکی دیکەم بۆ دەکەن.
سڤیل: لەھەر ئەلبوومێکت گۆرانییەکت لەلایەن دەرھێنەری عەرەب “فادی حەداد” کلیپ کردووە، بۆ ئەم ئەلبوومەت بەنیازی لەگەڵ ئەودا کلیپێک بکەیتەوە؟
دەشنێ: ئەگەر پشتگیری ھەبێت دەیکەم، لەبەرئەوەی لەگەڵ ڤین تیڤی گرێبەستم کردووە جارێ بەپێویستم نەزانیووە، با ئەو سێ کلیپە بکەم.
سڤیل:: لە ئاخیر کلیپی خۆت رازی؟
دەشنێ: زۆر زۆریش، لەبەرئەوەی بۆ یەکەمجار من بەشێوەیەکی دیکە دەرکەوتم، بە بانتۆری کابۆ و جلی کوردی و ھەڵپەڕکێ، بە پێنج سەعات وێنەگرتنی تەواو بوو، زۆرم پێم جوان بوو، چونکە سروشتی بوو، دەشنێ چۆن بە ئاسایی لەسەر شەقام دەڕوات لە کلیپەکەش ھەر وابوو، خەڵکێکی زۆر دەستخۆشیان لێکردم، بەتایبەت دەیانگوت ئەو جلە کوردیانەت زۆر جوان بوو.
سڤیل: ئەلبوومی یەکەم و دووەمت بەناوی “ھێلاھۆپ” و “شیکە واوا”. بوون، دوو ناون کە ئێستاش زۆر خەڵک نازانن واتا چی، بەڵام ئەلبوومی سێیەمت بەناوی “فریشتەی میھرەبان” کردووە، زۆر بەپێچەوانەی دوو ناوەکەی ترن، مەبەستت چییە لە ھەڵبژاردنی “فریشتەی میھرەبان”؟
دەشنێ: ئەو ناوە دەگەڕێتەوەی بۆ ئەو دژایەتی کە بەرامبەر بەمن کرا لەھەموو رووێکەوە، ئەو ھەموو کۆکردنەوەی زانیاری کە وەرمگرت لەرووی فیلم و کتێب خوێندنەوە و ھەتا ھەواڵەکان، گەیشتم بەو بڕوایەی ئەگەر بتەوێ باشتر ببی دەبێت تۆ خۆشەویستی نیشان بدەی، خوای گەورە بەخۆشەویستی ئێمەی دروستکردووە، بیرم کردەوە چی جوانتر و خۆشەویسترە لەفریشەی میھرەبان.
سڤیل: ئێستا تۆ لە دەستنیشانکردنی ناوی ئەلبووم، جیاوازییەکی زۆرت نیشانداوە، ھەتا لەوێنەکان ئەمجارە فریشتەی خۆت نیشانداوە و جیاوازە لەوێنەکانی ترت، ئەی جیاوازی ئەلبوومە بڵاونەکراوەکەت چییە لەرووی ناوەڕۆک و لایەنە ھونەرییەکانییەوە؟
دەشنێ: جیاوازییەکە ئەوەیە بۆ یەکەمجار لە ٥٠%ی مۆسیقاکەم لەلایەن ھونەرمەندێکی تورک کراوە، کە ستایلی ئەرەمبی بەکارھێناوە، ھەزاران کەس بەمنیان گوت دەشنێ شێوەی روخسار و دانس و ئەداکردنی دەنگی تۆ ئەرەمبییە، بۆچی مۆسیقای ئەرەمبی بەکارناھێنی، بۆ یەکەمجار ئەو جیاوازییەم کردووە، لەو بڕوایەم خەڵکەکە گوێی لێ بگرن دەڵێن راستە ئەوە دەشنێیە.
سڤیل: بەشێکی ئەو رەخنانەی بەردەوام لە تۆ گیراوە، لە سادەیی تێکستەکانت بووە، بۆ ئەو رەخنەیە چیت کردووە؟
دەشنێ: لەرووی تێکستەوە گۆڕانکاریمان کردووە، بەڵام ئەوانەی لەئەلبوومی یەکەم و دووەم تێکستیان بۆ نووسیووم دووبارە تێکستیان تێدایە، چونکە نزیکەی حەوت گۆرانی پێش دوو ساڵ نووسرابوونەوە، بەڵام کاک حەمەسەعید حەسەن بێ ئەندازە تێکستێکی زۆر جوانی نووسیووە بۆ دایک و باوکم، کە ھەر تەنیا گوێگرتن لە تێکستەکە گریانت بۆ دێت، ھەروەھا بەرھەم عەلی تێکستێکی بۆم نووسیووە زۆر جیاوازترە لەتێکستەکانی ترم، تێکستەکان سادەیی و مۆدێرنزمی تێدایە، بەڵام زۆر بەدڵمە و لەو بڕوایەدام خەڵک رەخنە لەو تێکستانە ناگرن.
سڤیل: بۆچی وا درەنگ گۆرانت بۆ دایک و باوکت گوت؟
دەشنێ: وەک گوتم چەند گۆرانییەکم دوو ساڵ لەمەوپێش ئامادەکرابوون، بەڵام کە فریا نەکەوتم ناچار ھەڵمگرتن بۆ ئەلبوومێکی دیکە، ئەو گۆرانییە زۆر بەپێویستم زانی بڵاوبێتەوە، لەو وەختەدا ھەست بەبوونی دایک و باوکم دەکەم کە چەند گرنگن لە دروستبوونی ھونەری مندا، ئینجا من لەو گۆرانییە پێیان دەڵێم ئەگەر ئێوە دەستم بەردەن ئەوا مۆمێکی گوژاوەم، بەڵام ئەگەر دەستم بگرن گوڵێکی گەشاوەم، بە دایک و باوکم دەڵێم تکاتان لێ دەکەم سەبرتان ھەبێ لەو بوختان و خەڵکە حەسوود و خەڵکی ناحەق و میدیای ناحەق، خوا گەورەیە و رۆژێک راستییەکان ئاشکرا دەبن من کێم.
سڤیل: بەپێی زانیاری ئێمە، لە کەناڵێکی دیکە دەست بەپێشکەشکاری دەکەیتەوە، ئەو تاچەند راستە و بەرنامەکە چۆن دەبێت؟
دەشنێ: ئێستا بەتەواوەتی ئامادەم بێمەوە سەر شاشە و شتی تازەم پێیە، لە گەنج و کۆمەڵگاکەم تێدەکەم، بەڵێ زانیارییەکەتان راستە واخەریکم لە کەناڵێک دەست بە بەرنامە پێشکەشکرن دەکەمەوە، کە چوار مانگە ئامادەکاری بۆ دەکەم و لەمانگی ھەشت یاخود نۆ پەخش دەکرێ، کە بەرنامەیەکی راستەوخۆ و تۆمارکراو دەبێت.
سڤیل: لە کلیپی کوردستان نزیکەی پێنج جۆرە جلی کوردیت لەبەر کردووە، ھەر ھەموویان ھی خۆتن یان وەرگرتبوون؟
دەشنێ: جلە سپییەکە و زەردەکە و مۆرەکە خۆم لەگەڵ لۆکە و دایکی لۆکە چووین لەبازاڕ یەک ھەفتە خەریکبووین، ئەوەندە بەوەسواس بووین، ئینجا دوو جلەکەی تریش خانمێکی زۆر بەرێز بەدیاری پێشکەشی کردم، دەمەوێ سوپاسی خەڵک بکەم کە بێ ئەندازە بۆ ئەو کلیپە دەستخۆشیان لێکردم، من ئەو گۆرانییەم زۆر خۆشدەوێ لەبەرئەوەی توانی جەماوەرێکی ترم بۆ پەیدا بکات.
سڤیل: بۆچی سەیارەت نییە، لە سایەقی دەترسی یان چی؟
دەشنێ: باش ئەو قسەیە بنووسە من ئەگەر فێری سایەقیش بم لەژیانمدا لەکوردستان سەیارە لێناخورم، لەبەرئەوەی سەقەترین سایەقی دنیا کوردە، چونکە ھەموو رۆژێک ئەگەر بەسودفەش بێت رووداوێکی ئۆتۆمبێل دەبینم، جا ئەگەر بەوردی سەیر بکەی رۆژانە چەندەھا رووداو لەکوردستان روودەدات، نیوەی کوردستان ھەمووی کەمئەندامە، ئەوە ھەمووی زەرەرە بۆ حکومەت و کۆمەڵگا کە ناتوانین وەک مرۆڤێک بەرھەمان ھەبێ، زۆرجار دەمەوێ تێبگەم دەبێ ئەوە خەتای کێ بێت، ئەوە پێویستی بە لیژنەیەکی بێ ئەندازە گەورە ھەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە.
سڤیل: دوای بەدەستھێنانی ناوبانگی، دەمەوی پرسیاری ئەوەت لێ بکەم ناوبانگی خۆشە؟
دەشنێ: نەخێر ناوبانگی زۆر ناخۆشە، یەکەمجار پێتخۆشە کە ناوبانگ بێنی، بەڵام دوای چەند ساڵێک زۆر ناخۆشە، خۆزگە بمتوانیبا ئەو ئیشەم بکەم بەبێ ئەوەی خەڵک منی بناسیبایە.
سڤیل: دەگوترێ کێشەک کەوتۆت نێوان تۆ و ئاوازدانەرەکەت ھەڵکەوت زاھیر، کە ئێستا لەگەڵ یەک دابراون، ئەوە تاچەند راستە؟
دەشنێ: وانییە، لەبەرئەوەی من چوار مانگە مەشغولی بەرنامەکەم و خۆشم ئامادە و پێشکەشی دەکەم، بۆیە دەرفەتی ئەوە نەبووە رۆژانە بەردەوام لەگەڵ مامۆستا ھەڵکەوت دانیشتن بکەین، ھەروەھا من ئەلبوومەکەم تەواو بووە، پێویست ناکات خەریکی ئاوازی دیکە بین، چونکە ئەو شەش مانگەی کە دێت تەنیا بۆ پێشکەشکاری دابینم کردووە، دوای ئەوە بڕیاردەدەم ئایا دەست دەکەمەوە بە ئەلبوومێکی تر یاخود بەرەو کۆرسی فیلم وەرگرم، لەبەرئەوەی ھەست دەکەم تەمەنەکەم دەچێ بۆ سەرەوە دەمەوێت شتی تر تاقی بکەمەوە.