لەیەکەم رۆژی بڵاوبوونەوەی ئەلبوومە نوێکەی دەشنێ، کە ڤین پرۆدێکشن ئەرەکی چاپ و بڵاوبوونەوەکەی گرتەئەستۆ، تەنیا لە پارێزگای ھەولێر نزیکەی چوار ھەزار دانەی لێ فرۆشراوە.
دوێنێ سێیەم ئەلبوومی دەشنێ بەناوی (فریشتەی میھرەبان) لەسەرتاسەری کوردستان بڵاوکرایەوە، کە لە ١٥ گۆرانی پێکھاتووە، ھونەرمەند زۆربەی ستایلەکانی تێدا بەکارھێناوە و گۆڕانکارییەکی زۆری لەگەڵ دوو ئەلبوومەکەی پێشووی کردووە، وەک یەکەمین ھونەرمەندی کورد ستایلی ئەرەمبی بەکارھێناوە.
ئەردەوان عەبدوڵڵا، یەکێکە لەو گەنجانەی، کە زۆر حەز بە گۆرانییەکانی دەشنێ دەکات و ھاتبووە بازاڕ ئەلبوومە نوێکە بکڕێ، گوتی “ھەموو گۆرانیەکانی دەشنێم لاخۆش بووە، چونکە ستایلی گۆرانیەکانی ئەو لەھی کەس ناچێ، دوێنێ لە ریکلامەکەی کەناڵی ڤین گوێم لە گۆرانییە نوێکانی دەشنێ بوو، ئێستا ھاتوومەتە ئەسواق ئەلبوومەکە بکڕم”. ئەو گەنجە کە تەمەنی ٢٢ ساڵە، ئەوەشی گوت “لە ریکلامەکە گوێم لێ بووە، گۆرانیەکانی ئەمجارەی دەشنێ زۆر خۆشە، پێم خۆشە دەشنێ ھەمووان کلیپ بکات، چونکە دەشنێ لە کلیپەکانیدا ھێندەی تر جوانی دەداتە گۆرانییەکانی”.
بەھۆی بەکارھێنانی ستایلە رۆژئاواییەکان و رەقسکردن لە کلیپەکانیدا، ئێستا دەشنێ یەکێکە لە بەناوبانگترین ناوەکانی کوردستان، کە لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە نازناوی “شاکرای کوردی” پێبەخشراوە، کە لەسەرەتای دەرکەوتنییەوە ھەم لە پێشکەشکاری ھەمیش لە گۆرانی گوتن روپەڕی رۆژنامەکانی کوردی داگیرکردووە، تەنانەت لە میدیای عەرەبیش باس لە کارە ھونەرییەکانی کراوە و بە گرنگیەوە لێدوانەکانیان بڵاوکردۆتەوە، وەک یەکەمین ھونەرمەندی کورد لە کەناڵی عەرەبی رۆتانا کلیپی پەخشکرا.
تەمەن تەھا، ٢٧ ساڵ، دانیشتووی شاری ھەولێرە، لەبارەی دەشنێ دەڵێت “بریا ھەموو ھونەرمەندەکانی دیکەمان وەک دەشنێ بوێر بووایەن، ھەموو کاتێک جگە لە ھیوای سەرکەوتن و بەردەوامی، ھیچ وشەیەکی ترم بۆی نەبووە”.
دەشنێ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ گۆڤاری (سڤیل) ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، ئەزموونی پێشکەشکاری دووبارە دەکاتەوە و بەمنزیکانە وەک پێشکەشکار دەردەکەوێتەوە، بەڵام ئامادە نەبوو ناوی کەناڵەکە ئاشکرا بکات، ئەوەشی گوتووە “ئێستا بەتەواوەتی ئامادەم بێمەوە سەر شاشە و شتی تازەم پێیە، لە گەنج و کۆمەڵگاکەم تێدەکەم، واخەریکم لە کەناڵێک دەست بە بەرنامە پێشکەشکرن دەکەمەوە، کە چوار مانگە ئامادەکاری بۆ دەکەم و لەمانگی ھەشت یاخود نۆ پەخش دەکرێ، کە بەرنامەیەکی راستەوخۆ و تۆمارکراو دەبێت”.
ھێشوو، بەھار