سۆران کەریم : دەشتی کەلھوڕی، گۆرانیبێژێکی لاوەوەو لە یەکەم دەرکەوتنیدا بەگۆڕء تینێکی جیا لە گۆرانیبێژە لاوەکانی تر دەرکەوت، کەلھوڕی کاتێک لە گەڵ گەورە ھونەرمەندی کورد ناسری رەزازی لە کۆنسێرتێکدا دەردەکەوێت کە چەندین مۆزیکژەنی بیانی لە پشتەوەی راوەستابوون، ئەوەی بۆ خۆی مسۆگەر کرد کە دوارۆژێکی رۆشن لە دنیای مۆزیکی کوردی چاوەڕێی دەکات.
کەلھوڕی باس لەوە دەکات کە ھەمیشە چاوەڕێی ھەلێکی لەو شێوەیە بووە بۆی بڕەخسێت، بە بێدەنگی کەلار و گەرمیان بەرەو ھەندەران بەجێدەھێڵێتء بە دەنگێکی پڕسۆزەوە دەرکەوتء لە ماوەیەکی کەمدا جاوەرێکی زۆری بۆ دەنگی خۆی راکێشا، دەشتی بە گۆرانیی (ئەمشەو) ناوبانگی زیاتری دەرکردء گۆرانیی (دلبەرا من)یشی بە شێوەزاری کرمانجی وتووە لەگەڵ چەند بەرھەمێکی تر، بەنیازیشە لە نەورۆزی ئەمساڵ سەردانی کوردستان بکاتء کلیپەکانی تۆمار بکات، لەبارەی خۆشەویستیشەوە دەڵێت:”خۆشەویستیم کردووە بە سومبل بۆ ھەموو لایەنێکی ژیان، وڵات بێت یان مرۆڤ، یان دایک بێت یان ….”.
دەشتی کەلھوڕی، لەم دیدارەی “خەندان”دا لە وەڵامی پرسیارێکدا کە لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە گەڵ ھونەرمەندی گەورە ناسیر رەزازی بینرا، پرسیاری ئەوەمان لێکرد کە ئایا چۆن توانیت بەو شێوەیە دەربکەوێتء بۆ بۆچی پێشتر بێدەنگ بوویت، وتی:”من دەمێکە خۆمم ئامادەکردبوو و چاوەڕێی ھەلێکی ئاوەھابووم بۆم بڕەخسێت، چونکە حەزم ئەکرد کارێک بکەم شایەنی ھونەری کوردی بێت و دەنگء ئاوازی کوردییەکان بە شێوازێکی ئەکادیمی و سەنگین بە رۆژئاوا بناسێنم”
ئەوەشمان پرسی کە تا چەند لە میدیا و کەناڵەکان رازیت، ئایا وەک پێویست گرنگی بە گۆرانییەکانت دەدرێت یان ھەستدەکەیت لە گۆرانیبێژە گەنجەکاندا تەنھا گرنگی بە کچان دەدرێت، کەلھوڕی وتی:”ھەموو کەسێک مافی ئەوەی ھەیە کە گۆرانی بڵێت، بەڵام ئەبێت دەزگا راگەیاندنەکان ماف بە خۆیان نەدەن ھەموو بەرھەمێک بڵاوبکەنەوەو پێمباشە ھونەرمەندە بە تواناو بە ئەزموونەکان بڕیار لەسەر کارەکانی من بدەن و رەخنەگرانی ھونەری، نەک خۆم”.
پاشان پرسیمان، دەتەوێت لە گۆرانی چرَیندا ستایلی تایبەت بە خۆتت ھەبێت، یان لەسەر رێچکەی گۆرانیبێژێک ھەنگاوەکانی داھاتووت بنێت، ئەگەر وایە لەسەر رێچکەی کێ؟
دەشتی کەلھوڕی وتی:”من لە سیدی (با بەس بێت) کە لە ساڵی ٢٠١٠ بڵاومکردەوە زۆربەی ئاوازەکانی خۆم دامنابوون و ئەزانم ئەوە یەکەم ھەنگاوە کە نامەوێت لاسایی کەس بکەمەوە.
لە ھەڵسەنگاندنیشیدا بۆ ھونەری گۆرانی وتن، کە ئایا لە بوونی ئەو ژمارە زۆرەی گۆرانیبێژان موزیکی کوردی پێشکەوتووە، یان پێچەوانەکەی، کەلھوۆڕی پێیوایە ئەزموونێکی باشەء سوودبەخشە بۆ ھونەری کوردی، بەڵام نابێت ھەموو بەرەھەمێک بڵاوبکرێتەوەء پێویستە فلتەر ھەبێت.
بۆ ئەوەی خوێنەر بزانێت بەرھەمی نوێی دەشتی کەلھوڕی چییەء کەی بڵاو دەکرێتەوە، ئاوازء تێکستەکانی بەرھەمی کێن، وتی:”من لە نەورۆزی ئەمساڵ سەردانی وڵات ئەکەم بە راستی زۆر بیری شارە جوانەکەم کەلار ئەکەم و بە نیازم چەند کارێکی ڤیدیۆ کلیپ ئەنجام بدەم”
ھەرچەندە نەیتوانی ئەوە دووپاتبکاتەوە کە کلیپە نوێیەکانی لە کوێء بە چی شێوازێک تۆماری دەکات، بەڵام وتی:”تا ئێستا لوکەیشنەکان دیاری نەکراون، بەڵام ھیوادارم بتوانین چەند لوکەیشنێک لە گەرمیان ھەڵبژێرین بە تایبەت شارە جوانەکەم (کەلار) ، بەڵام تائێستا لەوبارە تەئکید نیم”.
بۆ ئەوەی بزانین گۆرانییەکانی پێشوو و ھەروەھا بەرھەمە نوێیەکانی دەشتی کەلھوڕی بۆ کێ دەوترێن، ئایا کەسێکی دیاریکراو لە ھەیە؟ دەشتی کەلھوڕی وتی:”من خۆشەویستیم کردووە بە سومبل بۆ ھەموو لایەنێکی ژیان، وڵات بێت یان مرۆڤ، یان دایک بێت یان ….”
دواجار پرسیمان، ئایا ئەکرێت بزانین نازاناوەکەت کێ بۆی داناویت، وە خەڵکی کام شاری کوردستانیتء ئێستا لە کوێ دەژیت ؟
ئەو ھونەرمەندە وتی:”من عاشقی مەقامی دەشت بووم، بۆیە ناوی خۆمم نا (دەشتی)، ھەروەھا (کەلھوڕ)یش ئەوە لەبەر ئەوەیە کە من لە عەشیرەتی کەڵھوڕم، چونکە من بە رەچەڵەک خەڵکی شاری خانەقینم، بەڵام دوای ئاوارەبوونمان لەو شارە بۆ ماوەیەکی کەم لە کەرکوک ژیاوین، من لە کەرکوک لە دایک بووم، پاشان لە کەلار نیشتەجێبووین، بەراستی من ھەموو تەمەنی منداڵیم ھەتا دەرچوونی ئامادەی لە کەلار ژیاوم و لە گەڵ ھەموو خۆشی و ناخۆشییەکی ئەو شارە بەشداربوومو ئێستا لە ئەڵمانیام.