کازیوە ساڵح : ئیسماعیل بێشکچی ئەڵێ: “بۆ ئەوەی کورد ببێ بە خاوەنی خۆی، پێوسیتە دوو کاری گرنگ ئەنجام بدات، یەک، خاڵە لاوازەکانی ڕابردوی خۆی بزانێ و هەڵیان بسەنگێنێت. دوو، یەکێتی نەتەوەییان هەبێ و کاری بۆ بکەن ” کورد ئیسماعیل بێشکچی بانگهێشت کرد ،ڕێزی گرت و سوپاسیکرد بۆ ئەو بۆچوونە جوانە ، هەڵەکانی ڕابردووشی گەورەتر وزەقترکرد و هەرچی یەکیەتێکی نەتەوەیش کە مایبوو تێکی شکاند.
بۆ کۆمەڵگەیەکی سروشتی واتە ئالۆدەی ترس و دەردەکانی پاش کۆڵۆنیالیزم وپاش جینۆساید نەبێت و لە کاتی ئارامی و بێ شەریشدا تەنها کاتێک هەست بە ئاسایش ئەکەن، کە کۆمڵگەکەیان بەرەوە پێشەوە بڕوات. کاتێک کۆمەڵگە چەق دەبەستێت مرۆڤی هۆشیار ئەزانێت بەرەو لە ناوچوونی ئاسایش دەڕۆن، وە کاتێک کۆمەڵگە لە بری بۆ پێشەوە چوون بۆ دوا ئەگەڕێتەوە، مانای ئەوەیە کێشەی سیاسی وکۆمەڵایەتی لە مەسەلەی ئاسایش دەرچووە و بەرەوە هەڵدێر و لە ناوچوون ئەچێت. بۆ کۆمەڵگەیەکی ناسروشتی وەکو کۆمەڵگەی کوردی، ئاسان نیە بەرەوپێشچوونی کۆمڵگە ببینێت چوونکە جێگەی بایەخ نیە بە گشتی وتەنها ئەبێت بە غەمی چینێک نەک کۆمەل. بەڵکو چاوی لە ئاکار وگوتاری دەسەڵاتدارەکانە. ئەمەش بۆ کۆمەڵگەیەک خاوەنی سیاسەتمەداری زانایە و لە پێوەری زانستی سیاسی تێبگات وەکو خەڵاتی دوو جەمسەرە. لە لایەک، هەموارکردنی پرۆسەی سیاسی بۆیان ئاسانترە هەتا ئەو کۆمەڵگەیانەی پرۆسەی سیاسیان بەستراوە بە لۆژیکی مەعریفی، کۆمەڵگەی هۆشیار و پێشکەوتنی کۆمەڵگەوە. لە لایەکی دی، یەکخستن ویەکیەتی نیشتمانیان ئاسانترە. چوونکە لەو جۆرە کۆمەڵگەیانەدا دەسەڵاتی سیاسی زاڵە بە سەر دەسەڵاتی ئاینی، زانستی، فەرهەنگی و تەلکنەلۆژیدا. بەڵام لە سایەی سیستمی تۆتالیتاریدا، هەمیشە دەسەڵاتی سیاسی ودەسەڵاتی ئاینی بۆ یەک بەرژەوەندی و بە هەماهەنگی کار ئەکەن.ئەو ئامانجانەی دەسەڵاتی سیاسی گریمانەی پەرچەکرداری لێ ئەکات لە ڕێگەی دەسەڵاتی ئاینیەوە دەستە بەر ئەکرێن. واتە بەشیکە لە ئامرازەکانی ئێدۆلۆجی دەوڵەتی، یەکێک لەو دوو دەزگا دەوڵەتیەی کە فەیلەسوفی فەرەنسی لویس ئاڵتەسەر ناوی دەنێت دەزگای دەوڵەتی ‘قەمعی’ بنبڕکار و دەزگای دەوڵەتی ئێدۆلۆجی. .
لە کۆمەڵگەی پاش جینۆسایددا کاتێک کولتووری جینۆساید بەرهەم دێتەو، ئەو ساتەیە سروشتی مرۆڤ لە خوڕسکی ڕاستەقینەکەی خۆی چووەتە دەرەوە و بووە بە مرۆڤێکی دەزگایی واوەتر خۆی ئەبێت بە دەزگایەکی داپلۆسێنەر. ئەمە لە سەرجەم کۆمەڵگانەی ئەزموونی جینۆسایدی وداگیرکاریان هەیە ، بەڵام جارەسەرنەکردن، تەشەنەکردنی هێمایە بۆ ئەوەی سیستمی نوێ جیاوازێکی سیاسی ، کولتووری وکۆمەڵایتەی نوێێ دیاری نیەو باری دەرووونی کۆمەڵگەی پشتگوێ خستووە. ئاسایشی نەتەوەیی کۆمەڵگەی قوربانی یەکەم بە بنبڕکردنی ئەو جۆرە کولتتورە بەرقەرار ئەبێت ، بنبڕکردنیشی واتە جاریەکی دی بە پیچەوانەوە گەڕانەوە و جاریەکی دی چوونەوە بەو بازنانەی دروستکراوە لە نێو چینەکانی کۆمەڵدا و سڕینەوەی ژنگەکان وپڕکردنەوەی کەلێنەکان. ئەمەش ئەرکی سەرجەم حزبە بەشداربووەکانی حکومەتی بنکەفراوان و دام ودەزگا فەرمیەکانە بوو کە ڕاستەوخۆ دوای ڕاپەرین ئەو هەوڵە وەگەر بخرایە، لە دۆخ و مافی کەمینە ئاینیەکانی ناو کوردەوە لە خۆ ڕوبەڕووکردنەوەی پرسیاری و بەرپرسیاریەتی. .
بابەتەکانی پێشتر سەلماندیان کە ئێزیدیەکان پێش – و پاش جینۆسایدی داعش لە ناوکوردیشدا ڕووبەڕووی جینۆسایدی زارەکی و هێمایی و کولتووری بوونەتەوە، لە کاتێکدا چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لە ناو کورددا ئاسانتر و ساکارترە لە کۆمڵگانەی دی کە ڕووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە. دەیان ڕێگە بنبڕی ئەو کێشەیە دەکەن، گرنگترینیان بەشداری ڕاستەخۆی سەرکردە حزبیەکانە. کورد لە بەر ئەوەی لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە داروخاوە هەمیشە پێویستی بە فریاد ڕەسە. فریاد ڕەسی کوردیش سەرکردە ترادیسۆنیەکانە ، واتە سەرکردەی حزب و عەشیرەت و دەزگا ئاینەیکان ، هەرگیز ڕۆشنبیر و دەزگا پەروەردەیەکان ناتوانێت پێشەوایی عەقڵی کورد بکات ، چوونکە عەقڵیکی کۆیلانەیە و عەقڵی کۆیلەش پێویستی بە فریادرەس و فەرماندەرە. ئەمەشە کاری نەهێشتنی دیاردەی بەرهەم هێنانەوەی کولتوری داگیرکارئاسان ئەکات.ساکاریەک، بۆ جاری چەندمین ئەڵێمەوە ، بەر لە جینۆسایدی ئێزیدیەکان ، گەر یەکێک لە سەرکردە حزبی و دەسەلاتدارەکانی کوردستان ، واتە کاک مەسعود ، مام جەلال یان کاک نەوشیروان سەردانی ئێزیدیەکانی بکردبایە و بە ئاشکرا خواردنی ئەوانیان بخواردایە، بیانگوتایە ئێزیدی تەنها ئێمە نین بەڵکو ڕەسەنایەتی ئێمەن، نەک تەنها پێشمەرگەکانیان پێیان نەئەوتن “ئێمە خواردنەکەتان ئەخوێن بەڵام خۆمان ئامادەی ئەکەین ،چوونکە بە دەستی ئێوە حەرامە” بەڵکو هەموو ماڵێکی ئیزیدی داعشێکی لە بەردەمدا بوایە نەیانئەتوانی جینۆسایدیان بکەن. لەوەش زیاتر پەرتەوازیە کۆمەڵایەتیە دروستکراوەکانی حزبیشی کۆ ئەکردەوە. هەرگیز نە میدیاکانیان و نە ئەوانەش لە میدیاکانەوە پشتگیریان لە ئاکاری داعش کرد دژ بە ئێزیدی ڕووی نەئەدا.
خاڵی دووەم ئاشکرایە میدیای هەر سێ پارتە دەسەلاتدارەکەی کوردستان دەرگای پرۆگرامەکانیان کردەوە بە ڕووی ئەو داعشە کوردیانەی شانەی داعشیان لە نێو کوردا دروستکردووە. هەرلە سەرەتاوە رێگەدان بەو جۆرە پرۆگرامە مەزەندەی هیچی لێ ناکرێت ڕازیبوون بەو جینۆسایدە نەبێت، کە پەرچەکردار و یاساغکردنی فەرمی ئەو جۆرە جینۆسایدە زارەکیانە دژی ئێزیدیەکان رانەگەیەنرا و هەتا ئێستاش بەردەوامە لە میدیای کوردیدا حەتمەیەت بەو مەسەلەیە ئەدات.
ڕوانگەی سیهەم ناکۆکی نێوان پێشمەرگەو هێزە حزبیەکان و تاوانبارکردنی لایەنێک بە دەست بوون و جێ هێشتنی شەنگالدا بۆ داعشە.ئەم تاوانبارکردنە گەیندراوە بە میدیای دنیا و بێگانە باسیکردوە.بەڵام تەنها زارەکی هێشەتنەوەی ئەو تۆمەتبارکردنە بە بێ دۆمێنتکردن لە لایەن تاوانبارکەرانەوە ، یان ڕەتکردنەوەی بە دۆکۆمێنتەوە ، یاخود لانی کەم لێپرسینەوەی توند لە تەک ئەو کەسانەی تاوانبار ئەکرێن خاڵێکی دیە ڕۆژێگاری داهاتوو وەکو مێژووەکەی سوارەی حەمیدی دەکرێت خاڵێکی ڕەش زوو زوو لە نێو چەوانی کورد دەدرێتەوە.تەنهاش بە هۆی هەستی نابەرپرسیارەتی، چوونکە هەردوو قسەکەر و تاوانباکراو لە سەر ئەو مەسەلەیە جگە لە قسە هەتا ئێستا هیچی دیکەیان بەرهەم نەهێناوە و ئەمەش ئەمڕۆ بە زیانی یەک ڕێزی ئێزیدیەکان خۆیان و کورد گەڕاوەتەوە و لە داهاتوودا زیانی هەموو کورد، چوون ئەم کێشەیە تا ئێستا بە هەڵواسروای ماوەتەوە و بە شێوەی پێویستە چارەسەر نەکراوە.
کورد بەر لە کولتوور و جەستەی، مێژووی جینۆسایدکراوە. باشترین دادوەرترین مێژوو نووسەکانی جیهان مێژووی کوردیان نەبردوەتە پێش مێژووی میدەکان، زۆربەش بە ئێرانی ، هەندێک بە عەرەب و هەندێکیش بە قەرەجی هندستان ناوزەدیکردووە. نووسەری هۆڵەندی مارتن ڤان برۆنئەنسن، کە زۆرترین ڕێزی لە لایەن کوردەوە لێگیراوە و کە بانگهێشت کرابوو بۆ باشوور، بە بێ ئەوە خوێندنەوەی جدی بۆ بابەتەکانی بکرێت، جگە لە خەڵاتکردن و خزمەت ، خەریک بوو لە شوشە دەگیرا بۆ ئەوەی گەرد نەگرێت،یەکێکە لەو کەسانەی ئەڵێت کورد بەر ئمپراتۆریەتی مادەکان بوونی نەبووە. کورد کە لە بنەمادا ڕیبازی ئاینی ئێزیدی هەبووە و مێژووی تەنها ئەو بەشەش کە ئێزیدیە بە ڕوونی دیارە و دەسنیشان ئەکرێت بە هۆی بۆماوەکانی ئاسوری وکلدانیەکانەوە. ئێزیدی ئەگەر وەکو هندیەکان مانگا پەرەست یان بزن پەرەست و شەیتان پەرەستیش بوایە کورد ئەگەر دڵسۆزی مێژووی خۆی بێت کە واتای مانەوەی ئەکات لە هەموو چین وتوێژەکان زیاتر بایەخی بە مانەوە و پاراستن و لێکۆڵینەوەی مێژووی ئیزیدی و ئاسایشی ئێزیدی ئەدا.
هەر یەک لەو خاڵانەی باسمانکردووە بەشێکن لە ئاسایشی نەتەوەیی، کاتێک بە نیازین خەونی گەورە بونیاد بنێن بە بێ ڕەچاوکردنی هەموو خاڵە گەورە وبچووکەکانی ئاسایشی نەتەوەیی وەکو ئەوەیە لە بەر لێزمەدا لە بری چەتر لەپی دەستمان هەڵدابێت و بشڵێین تەڕ نەبووین.