لالۆ ڕەنجدەر : من وەک سروودبێژێکى نەتەوەکەم، چۆن شێلگیرانە و بەردەوام دژى ئەو دەنگە ناسازانە وەستاومەتەوە کە بێباکانە سووکایەتى بەبەها پیرۆزەکانى گەلى کوردستان دەکەن، اواش بەتوندى ڕەخنە لە دەسەڵاتى سیاسیی کورد دەگرم بە هەردوو حیزبە باڵادەستەکەوە کە ئێستا حکوومەتیان پێکهێناوە، کەچی خەمساردانە و شەرمنانە مامەڵە لە گەڵ دوژمنەکانى سیمبۆڵە نەتەوەییەکانى گەلى کورد و نیشمانەکەى دەکەن،
بەڵى دەسەڵاتى کورد لە هەرێمى کوردستان هەڵوێستەکانى کاردانەوەیەکى ڕژد نییە بەرامبەر بەو کەسانەى کە چاونەترسانە بێڕێزی بەبەها پیرۆزەکانى نەتەوەیى و نیشتمانى گەلەکەمان دەکەن، بەڵگەش بۆ ئەم ڕایەى من ئەوەیە سێ ساڵ لەمەوبەر چەند کەسانێک بە مەبەستى لابردنى سروودى ئەى ڕەقیب و دانانى سروودێکى تر لە جێگاى، ئێمە خۆبەخشانە کەمپینێکى ناڕەزاییمان لە دژیدا دامەزراند بە ناوى دەستەى بە یاسایى کردنى سروودى ئەى ڕەقیب) بۆ ئەو مەبەستە چەندین بەیانامەمان دەرکرد و نامەمان بۆ جەنابى سەرۆکى هەریم نارد و بەهەزاران واژۆى ناڕەزاییمان کۆ کردەوە، کە ئێستاش بەیاننامە و واژۆکانى ئەو هەزاران هاووڵاتى و ڕۆشنبیرانەى گەلەکەمان ماون و گەواهیى مێژوویى ئەم ڕاستییە دەدەن، بۆ ئەم مەبەستە جەنابى سەرۆکى هەرێم لێى هاتە وەڵام و گوتى کەس بۆى نییە دەسکارى سروودى ئەى ڕەقیب بکات و دەبێ لە پەرلەمان ئەم سروودە بکرێ بە یاسا) ئێمە وەک دەستەى بەیاساییکردنى سروودى ئەى ڕەقیب، لیژنەیەکمان هەبوو لە دەستەکەماندا بەناوى لیژنەى (یاسایی) کە بریتى بوون لە چەندین پارێزەر و دادوەر، لیژنەى یاسایى دەستەکەمان بەئەرکى دڵسۆزانەى خۆیان، پرۆژە یاسایەکى تێر و تەسەلیان بۆ بەیاساییکردنى سروودى ئەى ڕەقیب لە پەرلەمانى کوردستان نووسى و شاندێک لە دەستەکەمان خێرا پرۆژە یاساکەمان برد بۆ پەرلەمان و لە گەڵ بەڕێز شیروان حەیدەرى کۆ بووینەوە، ئەوەبوو پرۆژە یاساکەى لێ وەرگرتین و دڵنیاى کردینەوە کە پرۆژەکەمان لەگەڵ پرۆژە یاساکەى پەرلەمان سەبارەت بە بەیاساییکردنى سروودى ئەى ڕەقیب تاوتوێ بکرێن، بەڕێزیان پێى ڕاگەیاندین کە بەدڵنیاییەوە سروودەکە بە یاسایى دەکرێ، بەڵام بەداخەوە دواى ئەو هەوڵە زۆرەى دەستەکەمان و هەڵویستە نەتەوەیى و نیشتمانییەکەى جەنابى سەرۆکى هەرێم،پەرلەمان بێدەنگیى لێ کرد و دەسەڵاتى کوردیش بەهەردوو حیزبەکەوە لە گوڵ کاڵتریان بەوانە نەگوت کە بێباکانە سووکایەتییان بەسروودى ئەى ڕەقب کردووە، بۆیە سەبارەت بە مامۆستا عەلى باپیر و هەموو ئەوانەى بەردەوام سووکایەتى بەبەها پیرۆزەکانى گەلەکەمان دەکەن، دڵنیایان دەکەینەوە کە ئەمجارەش و دەیان جارى تریش هێرش بکرێتە سەر هەرچى پیرۆزییەکانى کورد هەیە، لە گوڵ کاڵتریان پێ ناگوترێ.. دەى خێراکەن هەتا زووە وەک مامۆستا عەلى باپیر چۆن گورج و گۆڵانە و پەیگیرانە بۆ سروودى (مەوتنى)ی عیراق هەڵدەستێتە سەر پێیان، ئێوەش دەست وبردکەن،هەتا گەنجەکانمان لە نێو زەبرى ناعەدالەتیدا دووچارى دەیان نەخۆشیى خەمۆکى هاتوون، خێراکەن ناوى کورد و کوردستانش بگۆڕن .. کێ بە کێیە؟ وەرن هەرچى کرۆکى عڕووبەى کولتوورى شۆڤێنستانەى عەرەبى و نەریتى ڕەگەزپەرستانەى تورکچێتى عوسمانى و کەمالیزم و فارسچێتى هەیە، بەناوى ئاینى پیرۆزى ئیسلامەوە بەسەر کوردى بەدبەختى موسوڵمانیدا بسەپێنن و بەرژەوەندییە حزبییە سیاسییەکانى بەناو (ئیسلام)ى !! خۆتانى پێ بەهێز بکەن و جەماوەرى سادە و ساکارى ئەم هەرێمەى کوردستانى پێ فریو بدەن، دەسەڵاتى کوردى لەبەر سەرقاڵییان بەپرۆژە زۆر گرنگ و مەزنەکانەوە !! ناپەرژێنە سەر ئەم کارە بچووک ولاوەکییانەوە، بۆیە ئێوە قەت دەرفەتى لەمە چاکترتان بۆ هەڵناکەوێ، کێ هەیە زاتى ئەوەى هەبێ پێتان بڵێ پشتى چاوتان برۆیە، تا دەتوانن سروودى ئەى ڕەقیب و ئاڵاى کوردستان و زمانى کوردى و کولتوورەکانى کورد و جەژنى نەورۆزمان لێ حەرام بکەن، چونکە ئەوانە گەورەترین مەترسى لەسەر ئێوەى سیاسەتمەدارى بەناو موسڵمان دروست دەکەن، ئێمەش با هەر لە گوپى خۆمان بدەین و لە گوێى گادا بێ دەنگ و بێخەم بنووین، چونکە پێدەچێ ڕاوەستان لەڕووی زۆرداریی داگیرکەران و کاولکردنى گوندەکان و وێرانکردنی مزگەوتەکان و سووتاندنی پەرتووکە ئاینییەکان بەلای مامۆستا مەلا عەلییەوە دوور بن لە ئاین و ئیمان، بۆیە بەو ڕژدییە دژایەتیی ئەو سروودە نەتەوەییە دەکات و لە هەڵنەستانی بۆی سووکایەتیی پێدەکات، کە لە ڕاستیدا دژایەتیکردنی ئەی ڕەقیب خۆی لە خۆیدا نەبوونی ئیمان و هەستی نەتەوەیی دەگەیەنێت.