سەدیق سەعید ڕواندزی
بەرلەوەی باسی ڕوانگە، وەک بزووتنەوەیەکی شیعری نوێ ودەرکەوتەیەکی نوێ لە مێژووی ئەدەبی کوردی و شیعری کوردی لە قۆناغی ھەفتاکان بکەین، سەرەتا دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ئەو زەمینە کولتووریی و سیاسیەی کە ڕوانگەی تیادا دروست بوو، چونکە ھەموو بزووتنەوە و مانفێستێکی ئەدەبی، دەرەنجامی کۆمەڵە فاکتێکی خودی و بابەتین و دەرچوونە لەو واقیعە باوەی بوونی ھەبووە. ئاشکرایە، ڕوانگە لە ژێر کاریگەریەتی بزووتنەوەی شیعری عەرەبی و ئەو گۆڤارانەی ئەو کات دەردەچوون و لە پەیوەندی بەو کەشە ئازادەی لە دوای ڕێککەوتننامەی ئازاراوە ھاتە ئاراوە دروست بوو. چەند شاعیر و چیڕۆکنووسێک لە سەرەتای ھەفتاکاندا، بە مەبستی گڕو تیندانێکی نوێ بە ئەدەب و شیعری کوردی و ھەنگاونان بەرە و نوێخوازی، بەیاننامەی ڕوانگەیان ڕاگەیاند و دواتر گۆڤارێکیشیان بەو ناوەوە دەرکرد. بێگومان ڕوانگە، کە کەسانێک بە ھێڵکەیەکی پیسی ھەڵنەھاتوو ناوی دەبەن، ڕەنگە نەیتوانیبێت گۆڕانێکی ڕیشەیی لە بونیادی شیعری کوردی لە ڕووی فۆڕم و ناوەڕۆک و زمان و جیھانبینییەوە بێنێتە ئاراوە، بەو مانایەی ھاوشێوەبوونێک لە شیعرەکانی گرووپی ڕوانگە و قۆناغی پێشووتر و دواتری ڕوانگەش، لە ڕووی زمان و جیھانبینییەوە ھەیە، بەڵام خواستی ڕوانگەیەکان، گەورەتر بوو لەوەی ھەر تەنھا لە نوێخوازی شیعری کورت بکرێتەوە، بەڵکو ئەوا بڕوایان بە جۆرە یاخیبوونێکی دیکە و گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی و کولتووریی و ئایینی گەورە ھەبوو، کە کاریان لەسەر دوورکەوتنەوە لە ئەقڵیەتی باو، بڕوا ھاێنان بە مافەکانی ژن و ڕیفۆڕمکردنی کۆمەڵگە و ئازادییە کەسییەکان و نەمانی ئەو ڕەھەندە ڕۆمانسی و ڕیالیزمییە دەکردەوە، کە وەک مۆدێک لە شیعری ئەو کات بوونی ھەبوو، بە ئاراستەی یاخیبوون و کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووتر. بۆیەشە لە دوای ڕاگەیاندنی ڕوانگە، مەلاو سیمبولە ئایینییەکان کەوتنە دژایەتی ئەو گرووپە و وەک شاعیری نەمر شێرکۆبێکەس لە نووسینەکانیدا باسی دەکات، ئەگەر فرەنسۆ ھەریری فریایان نەکەوتبایە، ئەوا دوور نەبوو بە مەرگی خۆیان تەواو بێت. ئەمە مانای وایە، لێکدانەوەیەکی دیکە لە دەرەوەی شیعر و ئەدەبیات بۆ ڕوانگە و دامەزرێنەرانی کراوە. وەک شێرکۆ بێکەش لە پێشەکی کتێبی ھەر سێ ژمارەی ڕوانگە کە دەزگای سەردەم چاپی کردووە دەڵێت:_( ڕوانگە تەنھا لە ژێر کاریگەریەتی نوێکردنەوەی شیعری عەرەبی و گۆڤارەکانی ئەوسا سەریھەڵنەدا، بەڵکو کۆمەڵێک گۆڕانکاری دیکەی وەک شۆڕشی قوتابییان لە فەرەنسا و شۆڕشەکانی ئەمەریکای لاتین و ئەو کرانەوە و پێشکەوتنەی لە کۆتایی شەستەکان لە سەر ئاستی دنیا ھاتە ئاراوە، ڕۆڵیانە ھەبوو لەوەی ڕوانگە دروست بێت) ئەمانە ھەموویان بە سەریەکەوە، زەمینەیان بۆ ڕاگەیاندنی ڕوانگە و بزووتنەوەیەکی ئەدەبی لەو شێوەیە ڕەخساند. لەو ڕوانگەیەوە گەر سەرنج لە بەیاننامەی ڕوانگەش بدەین و ئایکۆنەکانی شیبکەینەوە، دەزانین کە ڕوانگە ھەر تەنھا بزووتنەوەیەکی شیعری چەند نووسەرێک نەبوو، بەڵکو پڕۆژەیەکی ڕۆشنبیریی وکولتووریش بوو، کە ئامانجی ڕیفۆڕمکردنی ئەدەبیات و ئەقڵی باوی کۆمەڵگە و دەرچوون لەو فۆڕمە شیعرییە بووە، کە لەوسەردەمدا وەک ڕوخسارێکی شیعری دیاری قۆناغەکە، لە ئەزموونی شیعری شاعیراندا ڕەنگی دابووەوە .لەو بەیاننامەیەدا ھاتووە:_(قوتابخانەی ئێمە، قوتابخانەی نەتەوە و ژیانە، قوتابخانەی ڕانەوەستانە لە بزووتن و پێشکەوتن، قوتابخانەی ھەڵچوون و یاخیبوونە لە ڕووی ھەر کۆت و زنجیرێکدا، کە بیەوێت بەرلە تەقینی کانی ئاواتی لە بن نەھاتووی ئەدەبیمان بگرێت نە گرتنی وێنەی فۆتۆگرافی و نە فرمێسک ڕشتنی ڕۆمانتیکییەکانە *) ئەگەرچی بزووتنەوەی ڕوانگە نەیتوانی ئەو دروشمانە، تەرجەمەی واقیع بکات و تا ڕادەیەکی زۆر و ڕیشەیی، گۆڕانکاری لە ئەدەبیاتی کوردی و شیعری کوردی بە تایبەتی بێنێتە ئاراوە، بەڵام ئەو خەون و خۆزگانە خۆی لە خۆیدا دەلالەتە لەوەی کە دامەزرێنەرانی ڕوانگە مەبەستیان بوو شێوازێکی دیکە و فۆڕمێکی دیکە لە ئەزموونی شیعری کوردی بێننە ئاراوە، کە لەدەرەوەی ئەو وێنە ڕۆمانتیکی و ڕیالیزمیە بێت، کە لە فۆڕمی شیعری ئەو کاتدا بوونی ھەبوو، بەڵام بە ھۆکاری تێکچوونی بارودۆخی کوردستان و ھاوکات ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپە و بانگەوازەکەیان لەلایەن گەلێک لە نەیارانی ڕوانگە، سەرەنجام کۆتای ھات و بووە بەشێک لە مێژووی ئەدەبیاتی کوردی و قۆناغێکی زێڕین و درەوشاوە لە مێژووی شیعری کوردیدا. (ئەوان دەیانویست شاعیری کورد لەو قاوغە کلاسیکیە بێتە دەرێ کە دوور پەرێز لە سووچێکەوە دابنیشێت و حەزوو ئارەزووی خۆی بھۆنێتەوە، بەڵکو لە پاڵ شیعر نووسین، وەزیفەی کارگێڕی و شۆڕشگێڕیی و جەنگاوەریشە**) بەمەش گرووپی ڕوانگە، شیعر لە دەرەوەی ئەو فۆڕمە شیعرییە دەبینێت، کە ھەرتەنھا ڕەھەندێکی ڕۆمانسی و فۆتۆگرافی سادەی ھەبێت، بەڵکو شاعیر دەبێ یاخیبوو، ڕۆشنگەر و جەنگاوەرێک بێت، لە دژی نەریت و ئەقڵیەتی دواکەوتوو، ھەموو ئەو کۆت و بەندانە تێکبشکێنێت، کە دژ بە ئازادییەکانی مرۆڤن. بێگومان لە ڕووی مێژوویی و دیکۆمێنتارییەوە، ئەوە ساغبۆتەوە کە دامەزرێنەرانی ڕوانگە ھەریەک لە( جەلالی میرزا کەریم، شێرکۆ بێکەس، کاکە مەم بۆتانی، حوسێن عارف و جەمال شارباژێر) ین. ھەموو مێژووی نووسراو و سەرزارەکی ئێمە، ئەوانە بە پێشڕەوانی ڕوانگە دا ئەنێت و لە بەیاننامەی ڕوانگەشدا ناویان ھاتووە ***. بۆیە ئەمە بۆتە مێژووێکی نەگۆڕ و دیار لە مێژووی قۆناغەکانی شیعری کوردیدا. کە چی دوای پەنجا ساڵ لەو مێژووە، تازە (عەبدوڵا عەباس) لە وتارێکیدا کە لە گۆڤاری (وانەر) بڵاوکراوەتەوە، دێت و دەیەوێت گومان لەو مێژووە بکات و مێژووێک لە سەر پشتی ئەو نووسەرە دیارانە بۆ خۆی دروست بکات. وەک ئەوەی بیەوێت مێژووێکی نوێ بنووسێتەوە. وتارەکەی ناوبراو، وێرای ئەوەی ھیچ بەڵگە و ئەرگۆمێنتێکی بڕواھێنەری تێدا نییە، ھاوکات گومانکردنیشە لە دامەزرێنەرانی ڕوانگە و خۆ بە پاڵەوان نیشاندانی گرووپەکەیە. ھەتا ئێستا، بەلایەنی کەمەوە لەو ھەموو کتێب و وتارە بێ شومارانەی من لە بارەی ڕوانگە خوێندوومنەتەوە، لە ھیچ شوێنێک باسی ئەو بەڕێزە وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕوانگە ناکرێت. عەبدوڵا عەباس، کە نەوەی دوای ڕاپەڕین نایناسن و خۆشی ھەتا ئەم ساڵانەی دوایی لە بەغدا ! ھەر لە ڕۆنامەی ھاوکاری بووە، ئاگاداری مێژووی ئەدەبیاتی کوردی دوای ڕاپەڕین نییە، کە چۆن نووسراوەتەوە و کێن و کامانەن دامەزرێنەرانی ڕوانگە، کە ناویان وەک شاعیر و چیڕۆکنووس دێت و بزووتنەوەی ڕوانگەیان ڕاگەیاندووە. مێژووی ڕوانگە و دامەزرێنەرانی، دیار و ساغکراوەیە کە کێن، ئیدی خۆ بە پاڵەوانکردن و دەستگرتن بە مێژووی ئەوانیتر لە پێناو دروستکردنی مێژووێک بۆ خۆت، ناتوانێت بڕوا پێھێنەر و لۆژیکی بێت، بە تایبەتیش ئەگەر ئەو ھەوڵدانە لە ڕووی مێژووییەوە بێ بەڵگە و ئەرگۆمێنت بێت و پشت ڕاستکراوە نەبیت. نازانم دوای پەنجا ساڵ، بۆچی ئەم بەڕێزە تازە دێت دەیەوێت ئەو مێژووە بشێوێنیت؟ کە ھیچ کام لە نەمران ( شێرکۆ بێکەس، جەلالی میرزا کەریم، کاکە مەم بۆتانی) لە ژیاندا نەماون، کە دڵنیام ئەگەر ئەوان بمابان، قسەیەکی تر و ھەڵوێستێکی تریان دەبوو. بە داخەوە لەم ساڵانەی دواییدا، ھەوڵدان بۆ خۆ بە پاڵەوانکردن و سڕینەوەی مێژووی ئەوانیتر چ لە ڕووی سیاسی، چ لە ڕووی ئەدەبی بێت، بۆتە نەریتێکی خراپ لە نێو ئێمەدا، بەو مانەیەی باسی کەسێک دەکرێت کە خۆی لە ژیان نەماوە، تا دەرفەتی وەڵام و بەرگری لە خۆی ھەبێت. بەمەش ئێمە لە بەردەم گوتنێک داین، کە مافی خۆمانە گومانی لێ بکەین و بە ناڕاستی بزانین. نووسەر لەو وتارەیدا، ھیچ ئەرگۆمێنتێکی نووسراو ناخاتە ڕوو، کە پشتڕاستی ئەوە بکاتەوە کە ئەویش ڕۆڵی ھەبووە لە دامەزراندنی ڕوانگە. تەنێ پشت بە گێڕانەوەی زارەکی و یادەوەری دەبەستێت، ئەمانەش کۆمەکی مێژووی نووسراو ناکەن و نەک ھەر پشتیان پێ نابەسترێت، بەڵکو زۆر لە خەڵکی بە ھەڵبەستراویشی دەزانن. عەبدوڵا عەباس لە نووسینەکەیدا، باس لەوە دەکات کە جەلال، نەھاتۆتە ژێرباڵی پێشنیارێکی ئەو، کە وتوویەتی بەیاننامەیەک ڕابگەیەنن، کەواتا پرسیار ئەوەیە، بۆچی پێشنیارەکەی ئەوی ڕەت کردۆتەوە، بەڵام ئامادەبووە لەگەڵً شێرکۆ و کاکە مەم بۆتانی واژۆی بەیاننامەکە بکات و ڕایبگەیەنێت؟ ئەمە مانای وایە ھەر لە بنەڕەتەوە شتێک نەبووە بە ناوی نوێکردنەوە و بەیاننامەی شیعری و ڕوانگە، تا ئەو کاتەی ئەو گرووپە ڕوانگە ڕا دەگەیێنن و خۆیان وەک دامەزرێنەرانی ڕوانگە دەناسێنن. لە کۆتاییدا دەڵێم دوای ئەو ھەموو ساڵە لە ڕوانگە و مردنی بەشێکی زۆری دامەزرێنەرانی، ئەو مێژووە بە گێڕانەوەیەکی زارەکی نە نوێ دەکرێتەوە نە دەسرێتەوەش، مێژوو ئەوەیە کە ڕوویداوە نەک ئەوەی کە ئێمە دەمانەوێت، کەسانێک ھەن مێژوو دروستی کردوون، کەسانێکی دیکەش دەیانەوێت مێژووێک بۆ خۆیان دروست بکەن، نووسینەکەی عەبدوڵا عەباس لە جۆری دووەمە، چونکە ھیچ لۆژیکێک لەوە دانییە دوای پەنجا ساڵ زیاتریش، تازە بێیت لە بارەی مێژووی قۆناغێکی ئەدەبی ئێمەوە بنووسیت و گومان بکەیت، کە بۆتە مێژووێکی نووسراو، ئەرگۆمێنتکراو و چەسپاو لە مێژووی ئەدەبیاتی کوردیدا. تازە ئەو نووسەرە پێی خۆش بێت یان نا، کەس بە دامەزرێنەری ڕوانگەی نازانێت، بۆیە باشتر وایە دەست بە مێژووی ئەوانیتر نەگرێت! بێگومان حیکایەتی بارەبەر و گوێدرێژەکەش کۆمەکی ناکەن، وەک ئەوەی ئەو لە نووسینەکەیدا بۆ لێدان لە ڕوانگەیەکان ھۆنیویەتییەوە کە نازانم چۆن بوێری ئەوەی ھەبووە، ئەم باسە بێ مانایە تێکەڵ بە نووسینەکەی بکات.
* پەراوێز: ھەرسێ ژمارەی گۆڤاری ڕوانگە، کتێبی چاپکراوی دەزگای سەردەم زنجیرەی ٥٧٢ سالی ٢٠١١.
* ئەم بابەتە لە ژمارە (١٣٧) ی پاشکۆی ھزر و ھونەری ڕۆژنامەی خەبات، ڕۆژی ٢٤/٨/٢٠٢٣ بڵاوکراوەتەوە.
ڕوونکردنەوەیەک:_ ئەم وتارەی ئێمە، وەک وەڵامێک بوو بۆ وتارێکی عەبدوڵا عەباس، کە لە ژمارە ھەشتی گۆڤاری سەنگینی (وانەر) بڵاویکردۆتەوە.نووسەر لەو وتارەیدا دوای پەنجا ساڵ تازە دێت دەیەوێت لە ڕێگەی ھەڵگێڕانەوەی مێژوو، خۆی بکاتە پاڵەوانی دروستبوونی ڕوانگە. دوای ئەم وەڵامەی ئێمە، نووسەر بەکتێبێکی بچووک بەناوی ( ڕوانگە ناوی زل و دێی وێران) وەڵامی ئەو نووسینەی منی داوەتەوە. بێگومان من کتێبەکەی مامۆستام بینیوە، لە بەر سەرقاڵبوونمان بە کتێبێک لە بارەی پەشێوی شاعیرەوە، دەرفەتی ئەوە نییە وەڵامی ئەو کتێبەی بدەینەوە، بەڵام لە ئاییندەدا، وەڵامی کتێبەکەی بە کتێبێک دەدەینەوە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کە ئایا ئەو کتێبەی نووسەر، بەڵگەیە بۆ ئەوەی لە دامەزرێنەرانی ڕوانگەیە یا نا؟
Discussion about this post