راگەیاندنی دەزگای کەڤاڵ :لەدرێژەی چالاکییەکانی خۆیداو بە ئامانجی گرنگیدانی زیاتر بەبواری سینەماو تواناکانی گەنجان و لەمیانی کۆتارۆژی فێستیڤاڵی لاو بۆ کورتەفیلم دەزگای کەڤاڵ سێ دەرھێنەری بەشدارو سەرکەوتووی فێستیڤاڵەکەی خەڵاتکرد.
لەمیانی چالاکییەکانی فێستیڤاڵی لاو و لە کۆتارۆژی فێستیڤاڵەکەدا لەپاڵ خەڵاتکردنی سەرکەوتووانی فێستیڤاڵ دەزگای کەڤاڵ بۆ راگەیاندن و بەرھەمھێنانی ھونەری خەڵات و بڕوانامەی رێزلێنانی بەخشیە سێ کورتەفیلم کە بریتی بوون لە”کورتەفیلمی ئاوێنە- دەرھێنانی ھەوراز محەمەد، کورتەفیلمی ئەودیوی تاوان- دەرھێنانی سامی کاکە، فیلمی دیکۆمێنتی ریال و بەرشلۆنە- دەرھێنانی تۆفان ئەبوبەکر”.
لە لێدوانێکی تایبەتدا مەسعودی مەلا ھەمزە لێپرسراوی دەزگای کەڤاڵ لەبارەی ئەو خەڵاتکردنە گوتی”ئێمە لە دەزگای کەڤاڵ بەردەوام ھەوڵمانداوە ھاوکارو پاڵپشتی ھونەرمەندان و رۆشنبیران و راگەیاندکاران بین، لەو پێناوەشدا ھەموو ھەوڵ و تواناکانی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ گەیشتن بەو ئامانجەو فراوانکردنی چالاکییەکانمان”.
مەسعود گوتیشی”لەکۆتا رۆژی فێستیڤاڵی سینەمایی لاو بۆ کورتەفیلم کە لەلایەن سەنتەری لانەی ھونەری سازکرابوو بە پێویستمان زانی چەند خەڵاتێک بدەینە دەرھێنەرانی بەشداری فێستیڤاڵ و لەو روانگەیەشەوە جیاواز لە رای لیژنەی داوەران و بەبڕوای دەزگای کەڤاڵ خەڵات و بڕوانامەی رێزلێنانمان بەخشیە ھەریەک لە کورتەفیلمەکانی کورتەفیلمی ئاوێنە- دەرھێنانی ھەوراز محەمەد، کورتەفیلمی ئەودیوی تاوان- دەرھێنانی سامی کاکە، فیلمی دیکۆمێنتی ریال و بەرشلۆنە- دەرھێنانی تۆفان ئەبوبەکر”.