کوردمیلۆدی ـ ٢٤ ئایار / دەرباز یونس، خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەری ماڵپەڕی هونەری (کوردمیلۆدی) رایدەگەیەنێت کە خەرچی ماڵپەڕەکە لە توانای ئەو چۆتە دەرەوەو تا ماوەیەکی دیاریکراو ئەگەر هاوکاری نەکرێت ماڵپەڕەکە دادەخات.
دەرباز یونس خاوەنی ماڵپەڕی (کوردمیلۆدی) دەڵێت “خەرچی ماڵپەڕی (کوردمیلۆدی) لە ئێستادا لە توانای من چۆتە دەرەوەو ناتوانم بە تەنیا لە بەڕێوەبردنی بەردەوام بم، تا ئێستا قوربانی زۆرم داوە بۆ بەردەوام بوونی ئەو ماڵپەڕەو لە سەرەتای دروست بوونیەوە تا ئێستا کە زیاتر لە ٢ ساڵ تەمەنیەتی هیچ هاوکارییەک نەکراوم لە لایەن هیچ کەس و لایەنێک”.
زیاتر دەڵێت “فەیسبووکی (کوردمیلۆدی) لە ماوەی کەمتر لە ٢ ساڵ خاوەنی نێزیکەی ٥٠ هەزار لایکە، ئەمە لە کاتێکدا ئەو ئاژانس و ماڵپەڕ و میدیایانەی بودجەیەکی زەبەلاح لە حکومەت و لایەنەکانی تر وەردەگرن ئەو رێژە بەرچاو خەڵکەیان لا کۆ نەبۆتەوە”.
ئەمەش دەخاتە روو “لە ئێستادا ژمارەی سەردانی (کوردمیلۆدی) لە رێژەیەکی زۆر بەرزدایە، ئەگەر گرنگی پێ بدرێت هەفتانە سەردانی لە ١٠٠ هەزار کەس تێپەڕ دەکات، ئەگەر هاوکاریش نەکرێم ئەوا ناچار دەبم ماڵپەڕەکە دابخەم و خەریکی ژیانی خۆم بم، چونکە زۆر قوربانیم لە پێناو ئەو ماڵپەڕە داوەو لە زۆر شوێن و لایەن داوام لێکراوە کاریان بۆ بکەم بەڵام بەهۆی ئەو ماڵپەڕەوە نەمتوانیووە”.
دەرباز ئەوەش ناشارێتەوە، کە داوای پێشکێش بە بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی هاوکاری بکات بەڵام تا ئێستا وەڵامی نەبووە، ئەگەر لە ماوەیەکی دیاریکراودا وەڵامی ئەرێنی نەبێت ناچار دەبم ماڵپەڕەکە دابخەم”.
کوردمیلۆدی ماڵپەڕێکی هونەری سەربەخۆییەوە ماوەی زیاتر لە ٢ ساڵە بەبێ هاوکاری هیچ کەس و لایەنێک کار دەکات، لە ئێستادا ژمارەی لایکەکانی لە فەیسبووک ٤٨ هەزار لایکە، ئەمەش پێشەنگی یەکەمی سەرجەم ماڵپەڕە ئەلیکتڕۆنییەکان و بەشێکی زۆری ئاژانس و دەزگا راگەیاندنە کوردییەکانە.
(کوردمیلۆدی)
راگەیاندنی (کوردمیلۆدی).
٢٤ ی ئایاری ٢٠١٢.