دیدار نانەکەلى
چەند حەزدەکەم لە ناخى دڵ
ساباتێکت لە گلێنەم بۆ هەڵبدەم.
برژانگەکانم ئامێزیان بۆ دیدەنى تۆ واڵابێت و
بۆ هەمیشە پەنام بیت و بە ئاوێتەبوونت هەڵبکەم.
چەند حەزدەکەم…
گەردونێکت لەنێو چاوم بۆ دروست کەم
ببیتە بینایى بۆ زیباترین زەمەنى مانەوەم
تۆ نازانى……
چەندە تێنووى دیتنى تۆم
چاوەکانم چەند تامەزرۆن . چەندە ماندوون ئەو ساتانەى خەمەکانى تۆ ئەخۆم.
وەرە بۆ مانەوەم سەیرت بکەم..
لە پێدەشتى بینایم دا هێلانەیەکت بۆ چێ دەکەم
چونکە گوڵم زۆر دەترسم..
ڕۆژێ دابێ تۆ لەتەکم بیت و چاوەکانم تۆ نەبینێ
ئەو دونیایە بێ ئامانە
زۆر دەترسم بێ ویژدانى ئەو ڕۆژگارە بینای چاوەکانم
لە ڕەگ و ڕیشەوە دەربێنێ .
زۆر دەترسم..
هەرچى ڕەنگە لە سەوز و سوور
هەچى ڕێگایە لە نزیک و دوور
هەرچى کەژى ساڵم هەیە
هەرچى لە دونیایە لە وجوود دایە..لاى من ڕەش بنوێنێ و
ئەو چاوەڕوانیەم دۆزەخێکم بۆ بخوڵقێنێ تاهەتایە…