دیــــــدار نانەکەلی
ھاوشێوەی ھونەرمەند و کەسایەتیە بەناوبانگەکانی دونیا. لێرە لە کوردستانیش زۆرن ئەو ھونەرمەند و سیاسی و رۆشنبیرانەی کە ئاوێتە و ئاوێزانی وەرزشن و ھەواداری تا سەرئیستقانی ئەو بوارەن..
وەرزش وەکو بواری دانەبڕاو لە ھونەر و ئەدەب و سیاسەت و تەنانەت بازرگانی توانیوویەتی دیووی دووەمی زۆرینەی کەسایەتیە ناسراوەکان بێت بۆ فەرھنایی دەروون و مانەوەی جەستەیەکی تەندروست.
زۆرجاریش لە بنەرەتدا وەرزش خۆی بۆتە بنەما بۆ خولقاندنی ھونەرێکی پاک و دروست. ئەوەتا زۆرینەی زۆری ھونەرمەندانی ھۆلیۆد لە پاڵەوانەکانی لەشجوانی و یاریزانە لێھاتووەکانی نێو وەرزشن.
لە دیووێکی تریشدا ھەمانە سەرۆکی ووڵاتان یاریزانی ئاست بەرزی یاریەکی وەرزشین.بەجۆرێک کە وەرزش توانیوویەتی وەکو بواری مانەوە و جوانی خۆی بخزێنێتە دڵ و دەروونی ھەموو بوارەکانی دیکەی ژیان، تا ئەو ئەندازەیەی ھەناسەی پاکی و راستگۆیی تێدا مابێت. سیاسەت و ھونەر و ئەدەب و بوارەکانی دیکەی کۆمەلایەتی لە کوردستان بەدەر نیە لە و گڕوتین و خرۆشانەی لە وەرزشدا بوونی ھەیە.
ھەم ئاوێتە بە وەرزشن ھەم ھەواداری بەردەوامی چاڵاکیەکانن.
ھونەرمەندانی کوردستان لە دەرخستنی تیپ و یانە ھەڵبژێردراوەکانیان بە ویستی خۆیان بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون..ئەویش ھەردوو یانە زلھێزەکانی ئیسپانیان، ریال مەدرید(شاھانە) و بەرشلۆنەی (کەتەلۆنی)، کە لە رووبەرووبونەوەیان کلاسیکۆی جیھان دروست دەبێت.
ئەویش بەھۆی چاودێری وورد و بەردەوامیان بۆ یاریەکانی ئەو دوو یانە، لە میانەی یاریەکانیان لە خولی ئیسپانی و خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا. وەکو دەزانرێت رکابەری و ململانێیەکی مێژوویی و توند لەنێو ئەو دوو یانەدا بوونی ھەیە و تین و گەرمی سانتیاگۆ و نوکامپ گەیشتۆتە نێو کوچە و شەقامەکانی کوردستان و تەنانەت نێو دڵ و دەروونی ھونەرمەندەکانیش. زۆر جاریش بۆ ئەوەی ھەواداری یانە رکابەرەکەیان لێیان زوویر نەبن زۆرن ئەو
ھونەرمەندانەی پێیان ئەستەمە یانە ھەڵبژێردراوەکەیان ئاشکرا بکەن. دوای ئەوەی نھێنی ویستی یانە ھەڵبژێردراوەکەی بەشێک
لە ھونەرمەندانمان زانی دەتوانین بەو شێوەیە پۆلینیان بکەین..
ھونەرمەندان زەکەریـــا عەبدوڵڵا و ھەڤاڵ ئیبراھیم و ھەردی سەڵاح لە بەرەیەکن و ماھیر حەسەن و ئەیام ئەکرەم و فەرھاد پیرباڵ لە بەرەی دیکەن.. بۆیە ئاشکرا بەدەردەکەوێت کە شەڕی کلاسیکۆ کەوتۆتە نێوان ھونەرمەندان..
ھونەرمەندی دەنگخۆش زەکەریا عەبدوڵڵا کە ماوەیەکە بەھۆی دواکەتنی بەرھەمەکانی لە ھەوادارانی دوورکەوتۆتەوە، دوایین بەرھەمی ئەلبومێک بوو بەناوی لاپەڕەی سپی بەڵام دوای ئەوە بێ ھەواڵ و دوور لە خواستی ھەوادارانی بێ دەنگ و بێ سۆراغە، یەکێکە لە ھەوادارە سەرسەختەکانی یانەی ریال مەدرید ی ئیسپانی..
ھاو شان لەگەڵی ھونەمەند ھەڤاڵ ئیبراھیم سپی پۆشەکانی خۆشدەوێت و ھاندەری ریال و ھەڵبژاردەی ئەڵمانیایە. ھەردی سەڵاحیش ھەر لەو گروپەدایە و بە دۆرانی یانەی شاھانە خەم و خەفەتی زۆر دەخوات..لەکاتی یاریەکانیش بۆ ئەوەی گڕوتینی زیاتری ھەبێت تی شیرتی ریال لەبەر دەکات و نزایان بۆ دەکات.
لە بەرامبەردا ھونەرمەندی شانۆ و دراما ماھیر حەسەن ھەواداری تاسەرئیستقانی یانەی بەرشلۆنەیە و پێی وایە میسی بەھێزترین کەسایەتی جیھانە.بەھەمان شێوەش
ھونەرمەند ئەیام ئەکرەمی ناسراو بە (شەمۆ) ھەمان بۆچوونی ھاوڵە شانۆکارەکەی ھەیە و پێی وایە ھەواداری وەرزشی لەگەڵ بەرشە بەدوورە لە خەم و خەفەت.
بۆ ئەوەی پارسەنگەکەش لاسەنگ نەبێت رۆشنبیر و ھونەرمەند و کەسایەتی ناسراو دکتۆر فەرھاد پیرباڵ ھاتە ریزیانەوە.بەڵام زۆر پشت ئەستوورتر لە ھاوەڵانی،تەنانەت رقیشی لە ریالیەکانە.