دیدار نانەکەلی: دیموکراسیەت ووشەیەکی گشتگر و تەواو ئاوێتەی بوار و چاڵاکیەکانی ژیانە. بە جۆرێک ناتوانرێت دیموکراسیەت بۆ بوارێک و مەسەلەیەک بە ڕەوا بزانی بۆ لایەکی دیکە بە گوناە و تاوان, وەکو پێناسەش,
زاراوەیەکی لاتینی ھاوچەرخە بە واتای حوکمی گەل بۆ نیشتیمان و لە ھەر ووڵاتێک جۆرێک گوزارشت و لێکدانەوەی بۆ کراوە. ووڵات ھەیە دیموکراسیەتی پوخت کردۆتەوە لە مومارەسەکردنی سەرەتاترین ھۆکاری بەردەوام بوونی ژیان. ووڵاتی واش ھەن تاریکی سانسۆر و دیکتاتۆریەت دایپۆشیون و بانگەشەی دیموکراسیەتیش دەکەن.ئەو دۆخە مەعنەویە, سومبول و ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی بەرخودان و شۆڕش و ئازادی و ڕزگاری گەلانە.وەلێ بەپێی لێکدانەوە و ڕووە ڕاستەقینەکەی.ئەو ئازادیەی کە ھەرمڕۆڤێک لەسەر ڕووی زەمین داوای دەکات و خەونی پێوەدەبینێت, زۆر بەدەگمەن و ئەستەم لە کونج و کەلەبەری ئەو جیھانە بوونی ھەیە .ھاوشێوەی ڕزگاری ھەر ووڵاتێکیش دیموکراسیەت بە گەلێک نابەخشرێت , ئەوە ئەرکی تاکەکانی کۆمەڵگایە بەدەستی بێنن.دەشتوانرێت وەکو نەوت و سەرمایە و ئازادی و ئارامی ووڵاتێک بەبوونی دەسەڵات و بیرکرنەوەیەکی نادروستی سیاسی زەوت بکرێ و خەڵکی لێ بێ بەش بکرێت.وەلێ ئەو کۆمەڵگایەی لەگەڵ دیموکراسیەت ھەڵدەکات, ئەوان خۆیان دەسەڵاتی سیاسی و کارگێری و یاسادانان دروست دەکەن و خۆیان سەرپشکی داھێنان و ئەفراندن و گەشەسەندنی ڕاستەقینەی ووڵاتەکەیانن. لە ووڵاتێک دیموکراسیەت تێدا بوونی ھەبێت سیاسەت و کارگێڕی و دارایی لەوپەڕی گەشەسەندن دایە. چونکە دیموکراسیەتی ڕاستەقینە وەک چۆن تاکێک ئازاد دەکات لە بیرکردنەوە و جولانەوە ئاواش ژیان و ئارامی بۆ فەراھەم دەکات. سنوردارکردنی ئەو بوارە خۆی لەخۆیدا نیشانەی پاکی و دروستی دۆخی دیموکراسیەتە. ئازادی و دیموکراسیەتی تاکێک کاتێک دەخوڵقێ و دێتە جێ کە ئاسایش و ئارامی ھاونیشتمانیەکانی نەبەزێنێ و وەک چۆن بۆخۆی ژیانی دەوێ بۆ ئەوانیش بەھەمان شێوە.ژینگەی سیاسی و بەڕێوەبردن دەتوانن دیموکراسیەتی ووڵاتێک بێننە وجود. ئەوەی دەسەڵاتێکی سیاسی بانگەشە بۆ فەراھەم بوونی ئەو دیموکراسیەتە بکات زۆر نادروست و ھەڵەیە. چونکە ھیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت دیموکراسیەت پەیڕەو بکات و بیکاتە بەرنامە مەگەر ھۆشیاری و بیری داھێنەرانەی تاکی کۆمەڵگا, کە یەکێکە لە بنەما سەرەکیەکانی دیموکراسی ئەو کارە بکات . لەو ووڵاتانەش کە خودان ئاڵا و دەوڵەت نین ئەوە کارەکە زەحمەت تر دەکات. ئەگەر بشمانەوێ بە شێوەیەکی تۆماتیکی سیستەمی دیموکراسی بخزێتە ووڵات و تێکەڵ بە سیاسەت و حوکمڕِانی بێت دەبێت یاسا لە لوتکەدابێت و ھەمووان لە پێش قانون دا ملکەچ و یەک ئاست و بێ دەسەڵات بین, لە ووڵاتێک سیسەمێکی مۆدێرنی دیموکراسی نایەتە وجود ئەگەر حوکمی بەڕێوەبردن لەسەر بنەمای تایفەگەری و عەشایەری و بنەماڵە و خۆپەرستی بنیات نرابێ.لە ووڵاتێک دیموکراسی بە ئاسانی دروست نابێ ئەگەر چەندین ساڵ لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆری و سانسۆر و تاک لایەنەی بیرکردنەوە,
ژیان گوزەرابێت. بەرقەرارکردنی ئەو سیستەمە بۆ ووڵاتە پێشکەوتووەکانی بواری پیشەسازی و سیاسەت و حەکمڕانی و ئازادیخوازەکانی نمونەی ووڵاتانی ئەوروپا ئاسانترە وەک لە ووڵاتێکی دواکەوتووی بێ بەرھەم و بەکاربەری نمونەی ووڵاتانی ناوچەکەمان .نمونەی دیموکراسیەتی ھاوچەرخیش ئازادی ڕادەربڕین و بیرکرنەوە و ئازادی بواری ڕۆژنامەگەریە.کە دیموکراسیەتیش ووجودی ھەبوو خۆی ئەو قورساییە بۆ خۆی دروست دەکات و ناھێڵێت جارێکی دیکە سیستەمێک ناشرینتر لە لایەن تاکەکانی کۆمەڵگاوە قەبووڵ بکرێت و لەو بارودۆخەشدا سیاسەتی کوتک و زۆرەملێ ی وەک چۆن ناتوانێت وەھا نیشانی خەڵک بدات کە سیستەمی دیموکراسیەت ووڵات بەڕێوەدەبات ئەگەر لە ڕاستی دا وەنەبێت. ئەوھاش ناتوانێت ئەگەر بشیەوێت وەک خۆیان دەڵێن دیموکراسیەت بچەسپێنێت. لە کۆتایدا دەمەوێ بڵێم لەو کاتە دەزانرێ وولاتێک بۆنی دیموکراسیەتی لێوە نایەت , کاتێک سیاسەتی پلان و بەرنامە دارێژی بۆ ئایندەی ئەو ووڵاتە بوونی نەبوو.نە پیشەسازی و نە ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری لەبەرچاوی خەڵک ڕۆشن بوو.. لە کۆتایشدا لەشوێنی گەل دەسەڵات لە داواکردن و بانگەشەی سیستەمی دیموکراسی دابوو.
دیدار نانەکەلی:
dedar_nanakaly@yahoo.com