هاوڵاتى ئەڵمانیام و لە فەرەنسا کاردەکەم و ماڵم لە تورکیایە
ئەگەر باسى گۆرانى نیشتیمانى بکەم پێم دەڵێن تۆ گوندی
حەزدەکەم لە هەولێر زەویەکم هەبێت خانوویەکى بچووکى تێدا دروست بکەم، ئەوەى تر بۆ ئەسپ و مریشک و بەرخەکانم بێتبرازاى کازۆم و کچى کەمال خانم
لەسەر گۆرانى کۆماشێروان تورکیا هەوڵیدا بمکوژێ
باوکم پێی ناخۆشە بە جلى مۆدە بمبینێ، وەک شێتى لێدێت
زۆر حەزم لە حەیرانە بە تایبەت کە بەدەنگى عارەب عوسمان گوێم لێ دەبێت
لە تەلەفزیۆن خۆم فێرى نووسین و خوێندنەوە کرد
چاوپێکەوتنى: زانا دڵشاد دزەیى
فاتێ یەکێکە لە ئافرەتە گۆرانیبێژەکانى کوردستانى باکوور، ساڵى 1973 لە “ئیرمانسێ” سەر بە شارۆچکەى “وان” لەدایکبووە، لە 1994 بە گۆرانى “کۆماشێروان” دەستى بە گۆرانى وتن کردووە، ئێستا خاوەن 5 ئەلبوومى بڵاوکراوەیە، ناوبراو مانگى رابردوو بە مەبەستى بەشداریکردن لە ئاهەنگى کۆنگرەى 13 پارتى سەردانى کوردستانى کرد و دواى ئاهەنگەکە (سڤیل) ئەو چاوپێکەوتنەى لەگەڵ سازکرد.
زانا دڵشاد دزەیى: ساڵى چەند و چۆن چوویتە نێوکارى هونەرى و کێ هاوکارى کردى و رێگرییەکانى بەردەم کارى هونەریت چى بوون؟
فاتێ: تەمەنم زۆر بچووک بوو کاتێک گۆرانیم دەگوت، چونکە ئەوکاتە حیسابى ئەوەم نەدەکرد رۆژێک دێت ببمە گۆرانیبێژێکى بەناوبانگ، لە ماڵەوە “کازۆ”ى مامم تەمبورى لێدەدا و منیش گۆرانیم دەگوت، لەگەڵ ئەوەش لە کۆمەڵگەى کوردەوارى هەرکچێک بیەوێ لە بوارى هونەر کار بکات زەحمەتى دێتە رێگا، بەتایبەت بۆ من، لەناو خانەوادەکەم تاقە کچ بووم بە زمانى کوردى قسەم دەکرد و گۆرانیم دەگوت، بۆیە بۆ خانەوادەکەشمان ئەوە شتێکى زەحمەت بوو، زۆر کەس لە دژم وەستان، لەوانە خالەکانى خۆم، تاوەکو ئێستاش هەندێ کەس هەن دژى منن، بەڵام شانسى من ئەوە بوو خێزانەکەمان هەم هونەردۆست بوون، هەمیش هونەرمەند، چونکە من برازاى “کازۆ”ـم و کچى “کەمال خان”ـم، باب و مامەکانم هەم کارى هونەریان کردووە هەمیش گۆرانیبێژ بووینە، بۆیە من زەحمەتیەکى کەمم بینى، بەڵام منیش وەک باقى هونەرمەندانى دیکە شانسى ئەوەم نەبووە بەشێوەیەکى پرۆڤیشناڵ هونەر بخوێنم و کۆنسێرت ساز بکەم.
زانا دڵشاد دزەیى: کاتێک بە فەرمى گۆرانیت گوت، لەلایەن وڵاتى تورکیا رەنگدانەوەى چۆن بوو؟
فاتێ: کاتێک گۆرانى “کۆماشێروان”م بڵاوکردەوە دەنگدانەوەیەکى گەورەى هەبوو، زەحمەتییەکان زیاتر لەوێوە دەستیپێکرد، چونکە لە تورکیا ئەگەر گۆرانى ئەڤینیشمان بگوتبا لەرووى سیاسیەوە لەسەرمان دەبووە ماڵ، سێدى یەکەم بە ناوى “رابە جۆتیار” دووەم کاسێتم بە ناوى “میلیتانۆ” بوو، کە بە هۆیەوە دادگایى کرام و خرامە ژێر چاودێریەوە، بەڵام شانسى گەورەم ئەو بوو نەیانکوشتم، چونکە ئەوکاتە زۆر کەسیان لەسەر ئەو شتانە دەکوشت، بەڵام ئێستا وابەپێکەنیەوە دەیگێڕمەوە، ئەوکاتیش هەر پێدەکەنیم، چونکە شتێکى خۆشبوو، لەبەرئەوەى مرۆڤ ئەگەر لەسەر ماف و نەتەوەی خۆى بشکوژرێت ئاساییە، بەڵام مەخابن ئەوکاتە زۆر کەسمان لەوێ لەدەستدا، جارێکیش لەناوچەى “ئەدرەمیتە” کە سەر بەشارى “وان”ـە شوێنێکى سەربازییە، لەوێ دەستگیریانکردم و ویستیان بمکوژن، لەبەرئەوەى ئەوکات هەر کەسێک بیانویستبا دەیانکوشت، دەیانگووت تیرۆرستە، بەڵام باشبوو کە گیرام خەڵک زانیان، بۆیە رزگارم بوو.
زانا دڵشاد دزەیى: لەناو گۆرانیبێژەکانى باشوور دەگوترێ “باوى گۆرانى نیشتیمانى نەماوە”، گۆرانى ئێستا هەمووى بووەتە دڵدارى و هەڵپەڕکێ؟
فاتێ: من لەگەڵ ئەو بۆچوونە نیم، ئەگەر نیشتیمان نەبێت خەڵکیش نابێت، خەڵک نەبێت وڵاتیش نابێت، وڵات نەبێت هونەریش نابێت، راستە لەباشوور هونەر پێشکەوتووە، بەڵام پێشکەوتنەکەش بێ بەرنامەیى پێوە دیارە، هەرچەندە هونەرمەندى باش هەڵکەوتووە، بەڵام هەندێ هونەرمەندى واش پەیدابووە ئەگەر لێیان بپرسى ناوت چییە نازانن وەڵامت بدەنەوە، بۆیە کەموکوڕیەکى زۆر دەبینم لەبوارى هونەردا، ئێمە زیاتر پێویستمان بە نیشتیمانپەروەرى هەیە، بۆچوونی من وایە، لەوانەشە کەسانێک پێیان وابێت گوندیم بۆیە وا بیردەکەمەوە!
زانا دڵشاد دزەیى: بۆچى تۆ کەسێکى گوندى؟
فاتێ: ئەگەر گوندیش بم خەڵکى گوندەکەى خۆم خۆشدەوێ، ئەگەر من خۆم لەسەر خەڵک گەورە بکەم و ئەوان بە بچووکى تەماشا بکەم، حەزناکەم ئەوابم، حەزدەکەم هەر گوندى بم.
زانا دڵشاد دزەیى: مادام گوندى بیت، دەبێت حەز لە بەخێوکردنى بەرخ و مریشک و مەروماڵاتیش بکەى؟
فاتێ: تۆ دەزانى خەونى من چییە؟ من حەزدەکەم زەوییەکم هەبێت و خانوویەکى بچووکى تێدا دروست بکەم و ئەوى دیکەش ئەسپ و بەرخ و مریشکم هەبێت، گوڵ و دار بچێنم، مرۆڤ کە شتێک دەچێنێت گوڵەکەى لەبن خاک دێتە دەرەوە، دەزانى چ زەوقەکى دەداتە مرۆڤ! من خەون بەوە دەبینم، حەزدەکەم لەو شوێنە چەم و ئاو و رووباریشى تێدا بێت، ئەگەر خودا بیکاتە قسمەت دێمە کوردستان و ئەو بیرۆکەیەم جێبەجێ دەکەم، بەتایبەت کوڕەکەم زۆر حەزى لێرەیە.
زانا دڵشاد دزەیى: ساڵى چەند شووتکرد و چەند منداڵت هەیە؟
فاتێ: خۆى بەپێى دابونەریتى کوردەوارى من ببوومە کچى ماڵەوە “قەیرە کچ”، چونکە ئەوکاتە لەلاى ئێمە کچ کە گەیشتە 15 ساڵى دەبوایە شوو بکات، ئەگەر لەو تەمەنە رەتى بکردبایە لە ماڵى بابى دەمایەوە، منیش ساڵى 1994 لە تەمەنى 21 ساڵى شوومکرد، بەڵام لەبەر بارودۆخى سیاسیى ئەوکاتەش بەتایبەت هى من، نەمانتوانى ئاهەنگى زەماوەندەکە بکەین، ئێستا کچ و کوڕێکم هەیە، ئەوانیش کە لە نەخۆشخانەى تورکیا لەدایکبوون، نەمتوانى لەسەر ناوى خۆم تۆماریان بکەم، چونکە ئەگەر بیانگرتبام بە خۆم و بە منداڵەوە دەیانبردم بۆ بەندیخانە.
زانا دڵشاد دزەیى: زۆرجار تەلەفۆنت بۆ دەکەم جارێک دەڵێى لە ئەڵمانیام و جارێک دەڵێى لە تورکیا و جارێک دەڵێى لە فەرەسام، من تێتناگەم تۆ ماڵت لە کوێیە؟
فاتێ: دواى پێکەنین… من هاوڵاتى ئەڵمانیام، لە فەرەنسا کار دەکەم و ماڵیشم لە تورکیایە.
زانا دڵشاد دزەیى: بۆچى تائێستا لە کوردستان کۆنسێرتت ساز نەکردووە؟
فاتێ: من یەکەم ژن بووم هاتمەوە کوردستان باشوور و کۆنسێرتم سازکرد، بەڵام ئەوەش دەبێت دەرفەتت بۆ بڕەخسێ، چونکە هونەرمەند ناتوانێ بە تەنیا کۆنتسێرت بکات، من هەست بەو کەموکوڕییە دەکەم لە خۆم و لە هونەرمەندەکانى دیکەش، بۆیە جگە لە من هونەرمەندى دیکەش حەزدەکەن لە کوردستان کۆنسێرت بکەن، بەڵام دەبێ لایەنێک هەبێت ئامادەسازى بۆ بکات.
زانا دڵشاد دزەیى: ئەى بۆچى هونەرمەندە عەرەب و فارسەکان دێن کۆنسێرت دەکەن و کوردەکان ناتوانن ئەوە بکەن؟
فاتێ: لەکوردەوارى قسەیەک هەیە دەڵێن “ئەو گیایەى کە لە حەوشە شین دەبێت تاڵە، ئەوەى دەرەوە شیرنە”، بۆیە لەناو کوردانیش ئەو شتە هەیە، شتێک لە دەستى خۆیەتى قیمەتى نازانێ، ئەوەشى کە دەستى ناگاتێ قیمەتى ئەو دەزانێ، حەزناکەم ناوبێنم و پێویستیش ناکات، هونەرمەندى تورک هاتووە بۆ کوردستان و دەڵێ ئەگەر ئاڵاى تورکیا لە پشتم نەبێت گۆرانى ناڵێم، دەشڵێ من تورک کوڕى تورکم، حەزناکەم ئەو قسەش بکەم، بەڵام لە زۆربەى وڵاتانى ئاسیا ئەوەى کە دوژمنى میللەتى خۆى بێت ئەو شیرنترە! مەخابن بۆ ئەو قسەیەشم، بەڵام راستیەکە ئاوایە.
زانا دڵشاد دزەیى: قەت بیرت لەوە کردۆتەوە حەیران بڵێى؟
فاتێ: زۆر حەز لە حیرانە دەکەم، بەتایبەت کاتێک بە دەنگى عارەب عوسمان گوێم لێ دەبێت، بەراستى هونەرمەندێکە زۆر کەیفم پێ دێت و رێزى تایبەتى لاى من هەیە، چەند جارێکیش بیرم لەوە کردۆتەوە حەیران بڵێم، بەڵام کاتێک حەیران بڵێم کە بتوانم زاڵ بم بەسەر ئاواز و وشەکانى، زۆرجاریش حەیران دەڵێم بە تایبەت لە ماڵەوە کەس گوێى لێ نەبێت.
زانا دڵشاد دزەیى: لە پەنجا ساڵى رابردوو زۆربەى ئافرەتە گۆرانیبێژەکانى کورد لە بەشى باکوور بوون، وەک “عەیشەشان و گوڵبەهار و مەریەم خان و نەسرین شێروان” بەڵام هەست ناکەى ئێستا ژنە گۆرانیبێژى کورد زیاتر لە بەشى رۆژهەڵات و باشوور هەڵدەکەون؟
فاتێ: من واى نابینم، ئێستاش وادەزانم کە ژنە گۆرانیبێژى بەناودەنگ هەر لە بەشى باکوورن، وەک “ئاینوور و شەهریبانا کوردى و جانێ و رۆژین..” ئێستا هەر ئەوانەن ئەو رۆڵە دەگێڕن، باوەڕناکەم ژنە گۆرانیبێژى پارچەکانى دیکە لە بوارى گۆرانى گوتن لەوانە زیاتریان تێپەڕکردبێ.
زانا دڵشاد دزەیى: ج جیاوازییەک لە نێوانى سەردەمى ئەوان و سەردەمى ئێستا دەبینى؟
فاتێ: هیوادارم کەس بەهەڵە تێم نەگات، ئەوان بە وەفا و دڵسۆزییەکى بەبێ بەرانبەر گۆرانیان دەگوت، بەڵام ئەوانەى ئێستا گۆرانى دەڵێن هەمووى بۆ بەرژەوەندى تایبەتییە، پێشتر وەفا بوو، ئێستا سوود و قازانجە.
زانا دڵشاد دزەیى: زۆر لەگۆرانیبێژەکان کارى بازرگانى دەکەن، تۆ بیرت لەوە نەکردۆتەوە؟
فاتێ: هەندێ شت هەیە، بەس حەز ناکەم باسى بکەم.
زانا دڵشاد دزەیى: لە زۆربەى کلیپەکانت جلى کوردى لەبەردەکەى، لە ماڵەوەش جلى کوردى لەبەردەکەى؟
فاتێ: من حەزم لە جلى کوردى هەیە، بەڵام لەماڵەوە لەبەرى ناکەم، بادرۆى نەکەم، لە زۆربەى بەرنامەکانیشم لە کەناڵى kurd1 جلى کوردى کوردیم لەبەر نییە، بەرنامەکەم لەو کەناڵە بەشێوازێکە کە ناتوانى جلى کوردى لەبەربکەى، چونکە دەچینە دەرەوە و زۆر شوێن دەگەڕێین، لەئەوروپاش تۆ ناتوانى بە جلى کوردى بچیتە هەموو شوێنێک، بۆیە بەرنامەکە سادەیە و دەبێ جلى سادەت لەبەردابێت. کاتێک کە جلى کوردى لەبەرناکەم باوکم زۆرى پێى ناخۆشە و وەک شێتى لێدێت، هەرجارێک بە جلى مۆدە دەمبینى، رەزیلم دەکات.
زانا دڵشاد دزەیى: چەند خوشک و بران؟
فاتێ: وابزانم 8 خوشک و براین، لەناو کچ و کوڕەکان من لە هەموویان گەورەترم.
زانا دڵشاد دزەیى: تاقۆناخى چەندت خوێندووە؟
فاتێ: من قەت نەمخوێندووە، چونکە ئەوکاتە لەناو ئێمە شەرم بوو کچ بچێتە قوتابخانە بخوێنێ، بەڵام بە خۆم خۆم فێرى نووسین و خوێندنەوە کرد، سەرەتا لە تەلەفزیۆن خۆم فێرى پیتى لاتینى کرد، ئینجا تورکى و کوردیش فێربووم، ئێستاش زمانى تورکى و کوردى و نیو ئەڵمانى دەزانم.