حەمەسوار عەزیز : بە بەشداری زیاتر لە (٦٠) شانۆکار لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی و کەرکوک و دھۆک، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لە رۆژانی ١٨_١٩_٢٠/١٢/٢٠١١ لە ھۆڵی بەڕێوەبەرایەتی شانۆی ھەولێر دیداری شانۆی کوردی ڕێکدەخات، لەم دیدارە بە شێوەی کۆنفراس قسەو لێکۆلینەوە لەسەر شەش تەوەری گرنگی بواری شانۆ دەکرێت، تەوەرەکانیش بریتین لە ( بایەخدان بە شانۆی منداڵ، کاراکردنی گروپ و تیپە ھونەرییەکان، شانۆی کوردی و پەیوەندی و کۆمەنیکەیشن، رۆڵ و پێگەی ژن لە شانۆ، رۆڵی سەندیکای ھونەرمەندان لە پاراستنی مافی شانۆکار، گرنگیدان بە پەروەردەو پێگەیاندن لە بواری خوێندنی زانستیی شانۆ).
شایانی باسە ژمارەیەک شانۆکار لە ھەر چوار شارەکەی کوردستان ئەو تەوەرانە بەڕێوەدەبەن و شانۆکارانیش بە گوێرەی ویستی خۆیان دەتوانن بەشداری لە یەکێک لەو تەوەرانە بکەن و لە کۆتاییشدا کۆمەڵێک پێشنیازو ڕاسپاردە پێشکەش بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەو بوارە دەکرێت و ھەوڵدەدرێت لە ڕێگەی لێژنەیەکی کاراو جیددی بەدواداچوون بۆ کار کردن بە بڕیارو ڕاسپاردەکان بکرێت.