1 لە کۆنسێرتی ئەمجارەمدا tvیەکان کەمتەرخەم بوون..!!
2 ئەگەر بمتوانیبایە کۆمەڵێک ژەنیار لە کوردستان ببردایە، رەنگە بۆ من کارەکە ئاسانتر و تێگەیشتنەکان ئاسانتر و خێراتر دەبوو…!!
3 رووبەروبونەوەى راستەخۆى هونەرمەند بە جەماوەرەکەیەوە، لە رێگاى کۆنسێرتەکانى بە شێوەیەکى زیندووکارێکى پێویستە…!!!
4 دەسەڵاتیشمان هەر وا فێرى ئەو جۆرە ئاهەنگانە کردووە، کە لە بەزمى هەڵپەڕکێ زیاتر هیچ چێژێکى هونەریى و جوانى تر نابینین، باشە بڵێى هونەریی هەموو دونیا تەنها هەڵپەڕکێ و ئاهەنگ بێت..؟!!
هونەرمەندی گۆرانیبێژ (دیاری قەرەداغی) لەومانگی (9)ـی ئەم ساڵدا بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆنسێرت لە وڵاتی ئەڵمانیا، گەشتێکی ئەنجامدا، (دیاری) هونەرمەند بۆ دووەم جارە ئەو گەشتە هونەرییە ئەنجام دەدات، بۆ رەوەندی کورد لە وڵاتانی ئەوروپا کۆنسێرت ئەنجام دەدات، لە میانەی دیدارێکی تایبەتدا بۆ خوێنەرانی (هەولێری هونەری) لە میانەی ئاڕاستەکردنی چەند پرسیارێکدا، تیشک دەخاتە سەر ناوەرۆکی ئەو گەشتانەیی و هەروەها چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ناوەرۆکی ئامادەکاری کۆنسێرتەکانی، لە میانەی ئەو دیدارەدا (قەرەداغی) هونەرمەند هەروەها تیشک سەر چۆنیەتی زەحمەتی کاری ئامادەکاری بۆ کۆنسێرت و توانای هونەرمەند لە سەر شانۆ و روو بەروونەوەی لەگەڵ جەماوەر و جیاوازییەکانی سازدانی کۆنسێرت لە ناوە و دەروەی کوردستان :..
– سەرەتا لە سەر ئەنجامدانی کۆنسێرتەکانی ئەوروپا دەست پێدەکەم، بۆ دووەم ساڵە لەسەر یەک گەشتی ئەوروپا ئەنجام دەدەن، بۆ مەبەستی سازدانی کۆنسێرت، ئەو کۆنسێراتانە لە سەر داواکاری یا بەهاوکاری چ دەزگایەک یاخوود کۆمپاینایەک بەڕێوەچوون…؟
دیاری: ئەمساڵ بۆ جارى دووەمە دەچمەوە ئەوروپا و کۆنسێرت دەکەم، پار ساڵ دوو کۆنسێرتم لە هەردوو وڵاتى (دانیمارک و سوید) ئەنجامدا، کۆنسێرتەکەى کۆبنهاگن بە ئۆرگانیزەى کەناڵى کورد تیڤى بوو، سوپاسى کاک (دارا )و کاک (رێبوار) دەکەم بۆ هاوکارییان، هەروەها کۆنسێرتەکەى ستۆکهۆڵم لەلایەن براى ئازیزم کاک (کوردۆ) لە ستران میوزیک بەرێوەچوو، ئەمساڵیش لە مانگى نۆدا لە ئەڵمانیاو بەتایبەت لە شارى نورنبێرگ بە سەرپەرشتى ناوەندى کلتورى کورد لە نورنبێرگ کۆنسێرتم پێشکەش کرد، دیارە ئەمانە سەرجەم لەسەر داواى خۆم بوون، پاش هاتنە دەرەوە و گەیشتنم بۆ ئەو وڵاتانە واتە هیچیان لە پێشتردا پەیوەندییان پێوە نەکردووم، ئەرکى ڤیزا وەرگرتن لە ئەستۆى ئەوان نەبووە، دەمەوێت ئەوەش روون بکەمەوە، کە پار ساڵ بەمەبەستى بەشدارییم لە شاندێکى وەزراتى رۆشنبیرى لە بەرلین و پێشانگاى فرانکفۆرت بۆ 10 رۆژ بوو، بەڵام من لەرێگاى کەسانى خۆمەوە توانیم ڤیزاکەم بۆ ماوەى 2 مانگ درێژ بکەمەوەو لەسەر حسابى خۆم مامەوەو کۆنسێرتەکەم ساز کرد، ئەمساڵیش بۆ ئەنجامدانى ئەم کۆنسێرتە سەرجەم خەرجى و هاتووچۆم کەوتە ئەستۆى خۆم و تەنانەت ڤیزاکەشم لەلایەن هاوڕێیەکى خۆمەوە بۆم دابینکرا.
– ئەو کۆنسێرتەی پارساڵ لە دوو وڵات بەڕێوەچوون و لە رێگەی دەستگا راگەیاندنەکانەوە ئەوەی زانراوە خەڵکێکی زۆر ئامادە بوون، ئامادەبوون و گەورەیی ئەو کۆنسێرتانە قازانجی ماددی لێکەوتەوە بۆ هونەرمەند (دیاری قەرەداغی)..؟؟
دیاری: هیچ جۆرە قازانجێکى ماددییم نەکردووە لەو کۆنسێرتانەم، بە شایەتى ئەوانەى کە ئۆرگانەى کارەکانیان کردووە، چونکە سەرجەم ئەو داهاتەم خەرجکردۆتەوە بۆ دابینکردنى هۆڵى شیاو و گرانبەها و کارى رووناکى و ئەندازەى دەنگى پێشکەوتوو، هەروەها پێدانى مافى مۆسیقییەکان، کە ژمارەیان زۆر بوون و مافى مادى ئەوان وەک بەشداریی ئاهەنگ نابێت حسابیان بۆ بکرێت، چونکە ئەوان چەند رۆژ و هەفتەیەک لە کاتى خۆیان بەخشى بە من بۆ پرۆڤە کردن و لە چەند وڵاتێکیشەوە هاتبوون، ئەمانە هەمووى خەرجى گەورەى ویست.
– تۆ لە کوردستان و لە ئەورپا کۆنسێرتت ئەنجامداوە، جەماوەری ئامادە بووی کامیان باشتر و جوانتر ئامادەی کۆنسێرت دەبن، کە زۆر جار جەماوەر دەبێت فاکتەرێک بۆ تێکچوونی کۆنسێرتی هونەرمەندان…؟
دیاری: وەک ژمارە ئەوا بێگومان لە کوردستان زیاد ترە، بەڵام وەک جوانى و کەشى کۆنسێرتەکە ئەوا لە هەموویان رازیم هەمووى کە دێنە ئەو کۆنسێرتانەم زۆر جوان و تایبەتن.
– ئەو کۆنسێرتەی ئەم ساڵ لە وڵاتی ئەڵمانیا ئەنجامت دا چۆنی هەڵدەسنێگێنیت، چ جیاوازییەکی هەبوو لەگەڵ کۆنسێرتەکانی دیکە..؟
وەڵام: بەراستى شانازى بەوەوە دەکەم کە لە باشترین هۆڵى ئەو شارە، واتە لە (نۆرنبێرگ) کۆنسێرتم سازکرد، کە ئەمەش بۆ خۆى جورئەت و شانازیی بەخشینە، وەک کارى هونەرییش زۆر بەرز بوو لە هەموو ئاستەکانەوە، ئەوەی جێگای سەرنج بوو لەلام، راگەیاندنی کوردی بە تایبەتی tvیەکان کەمتەرخەم بوون، بەڵام سەرجەم سایتە ئەلیکترۆنیەکان و رۆژنامەکان و گۆڤارە کوردییەکان زۆر جوان و گەورانە کارییان بۆ ریکلام و بەدوا داچونى ئەم کۆنسێرتە کرد، سوپاسیان دەکەم، کارەکانیان بەرز و گەورە دەنەخشێنم، هەڵسەنگاندن و بڕیارى باشء خراپى ئەم کۆنسێرتەش ئەوا باشترە ئامادەبووان قسەو بۆچۆنیان هەبێت چونکە لە دوواجاردا کارێکى هونەرییە بۆ ئەوان.
– ئەو گروپە موزیکیەی هاوکارت بوون لە کۆنسێرتەکانی پارساڵ و ئەم ساڵیشدا، لەسەر هەڵبژاردنی خودی خۆت بوون، تاچەند لە ئاستی حەزی تۆ بوون لە چۆنیەتی ئەدای کاری موزیکیان…؟
دیاری: “بەڵى هەموویان لەسەر داواى خۆم بوون و کارەکەیان زۆر جوان بوو، بەڵام من ئەگەر بمتوانیبایە کۆمەڵێک ژەنیارم لە کوردستانەوە ببردایە، رەنگە بۆ من کارەکە ئاسانتر و تێگەیشتنەکان ئاسانتر و خێراتر دەبوو، بەڵام خۆتان دەزانن کەئەمە خەیاڵە بۆ بەشێک لە هونەرمەندانى کورد، بەداخەوە پشتکگیرى لەم وڵاتەى ئێمە دوو جۆرە یان هەر نییە یان بۆ بەشێک وەک خۆڵ رژاوە کە ئەمەش بێهۆدەیى و ساردبوونەوەى لاى زۆرێک لە هونەرمەندان دروستکردووە، بەگشتى ئەمانەى کە ئەنجامم داوە هەمووى هەوڵەو ناشبێت لەهەموو شتێک رازی بین، چونکە شت زۆر ماوە بکرێت گەر ئاسانکارى هەبێت”.
– ئامادەی هونەرمەند لەسەر شانۆ و گوتنی گۆرانی لە کۆنسێرتێکدا، بێگومان کارێکی ئاسان نییە، تۆوەک هونەرمەندێک ئەو ئامادەیی بوونە چۆن شرۆڤە دەکەیت..؟؟
دیاری : “رووبەروبونەوەى راستەخۆى هونەرمەند بە جەماوەرەکەیەوە، لە رێگاى کۆنسێرتەکانى بە شێوەیەکى زیندووکارێکى پێویستە، بۆیە دەبێت هونەرمەندى گۆرانیبێژ و مۆسیقى ئەوەندە تواناو جورئەت و لەخۆبردەیى تێدا بێت، کە هەمیشە ئەوە بزانێت رۆژێک بە شێوەیەکى راستەوخۆ دێتە بەرامبەر جەماوەرەکەى، بۆیە هەمیشە پێویستە تواناکانى لەرێگاى پرۆڤەو راهێنانەوە زیاد بکات و سەردەمیانە لەگەڵ رەوشى هونەریى نوێدا خۆى بگونجێ”.
– پێت وانییە زۆر هونەرمەند لە بەر ئەو گرفتانە و نەبوونی ئەو توانا هونەرییە و هەروەها قابیلەتی دەنگ و ئەدای گۆرانی گوتن، ناتوانن خۆیان لە قەرەی ئەنجامدانی کۆنسێرت بدەن…؟
دیاری: “ئەمە بەشێکە لە راستى و بەشێکى تریش هۆکەى ئەو نەبوونى کلتورەییە، کە ناشمانەوێت دەستکارى بکەین و هەوڵبدەین بۆ گۆڕینى، هەروەها دەسەڵاتیشمان هەر فێرى ئەو جۆرە ئاهەنگانە کردووە، کە لە بەزمى هەڵپەڕکێ زیاتر هیچ چێژێکى هونەریى و جوانى تر نابینین، باشە تۆ بڵێى هونەرى هەموو دونیا تەنها هەڵپەڕکێ و ئاهەنگ بێت..؟!!
بۆیە پێویستە ئیتر ئەو تەلیسمە بشکێت و خەڵک فێرى ئەوە بکەین، چەند کاتژمێرێک گوێ لە کارى هونەریی بگرن و ئەوانیش وەک سەرجەم گەلانى دنیا فێر بن، بێنە ناو هۆڵە جوان و گرنگەکانى دونیا، کەواتە پێویستە بۆ دروستبوونى ئەم بارەو خوڵقاندنى ئەو کەشە هونەرمەند پێشەنگ و سەرکەش بێت”.
– کۆنسێرت ساز کردن لە ئەوروپا یاخوود لە ناوەوەی وڵات کامیان باشتر و ئاسان تر بەڕێوەدەچت، بەرای تۆ…؟؟
دیاری: “لە هەردووکیاندا باش و پێویستن، بەڵام هەر جێگاو گرفت و قورسایى خۆى هەیە بۆ نموونە کەرەستە ماددییەکان لە ئەوروپادا ئاسانن لەرووى ئامێر و باشى هۆڵەکان و تادوایى، بەڵام کۆکردنەوە هونەرمەندە مۆسیقییەکان زۆر قورسە، هەموویان کارو ژیانى خۆیان هەیە کە ناکرێت تۆ وەک پێویست سوود لە کات و توانایان ببینیت. بە پێچەوانە تا رادەیەک لە کوردستان ئەم بارە کەمترە”.
– کۆنسێرتی دیکەی هونەرییت لە بەرنامەدا هەیە، بەتایبەتی بۆ دەرەوەی کوردستان….؟
دیاری: “ئەمە کەوتۆتە سەر داواى ئەو جێگایانەى کە بیانەوێت ئێمە کۆنسێر تیان بۆ بکەین ، چونکە زۆر قورس و گرانە هونەرمەند خۆى بە تەنها هەڵبسێت بە کردنى هەموو شتەکان، رەنگە بۆ ئایندە لە بەریتانیادا کارێک بکەم کە بتوانم دڵى رەوندى کوردى خۆش بکەین”.
– دوای ئەوەی لە ساڵی (2008) کۆنسێرتێکی خێر خوازیت لە شاری سلێمانی ساز کرد، بڕیاڕ بوو لە شاری هەولێریش بە هەمان شێوە کۆنسێرت سازی بکەیت، بەڵام ئەنجام نەدرا بۆچی..؟
دیاری: “چونکە ئەو جێگایەى کە ویستى لەگەڵ من کارەکە بکات، مەسەلەکەیان پشت گوێ خست و نەیانکرد”.
– ئەگەر بێمە سەر چەند لایەنێکی دیکە لە کارە هونەرییەکانت، لە ساڵی (2007)ـوە بەرهەمی تازەت بڵاو نەکردۆتەوە، بۆچی…؟
دیاری: “زۆر زەحمەتە لە هەموو روویەکەوە، پاشان ئەو ماوەیە پێویستە بۆ ئەوەى هونەرمەند بیر لە داهێنانى تر بکاتەوە، پەلەکردن لە کارى هونەریدا پەشیمانى لە دواوەیە، پاشانیش ئەم مەسەلەیە پەیوەندیدارە بە بارى ئابورى و داهاتى کڕین و فرۆشى بەرهەمەکانەوە کە پێموایە هەموومان پێوەى دەناڵێنین”.
– بەو پێیەی تۆ وەک هونەرمەندێکی خاوەن رۆشنبیرییەکی فروانی، زۆربەی کاتیش لە رێگەی گۆشە نووسینەکانی رۆژنامە و گۆڤارەکان شیکار و راو بۆچوونی جوان دەنووسی، ئایا رەوشی گۆرانی کوردی لە سەردەمی ساڵەکانی هەشتاکان و نەوەدەکان و لە دوای ساڵی (2000)ـوە، تا دەگاتە ئێستا چۆن هەڵدەسنگێنی..؟ و کام قۆناغ لەوانە بە قۆناغی زێرینی گۆرانی و موزیکی کوردی هەژمار دەکەیت بەرای خۆت..؟
دیاری: وەک خۆت وتت من ئەمانەم هەمووى لە رێگەى زنجیرە وتارەکانمەوە بڵاوکردۆتەوەو بەردەوامیشم ، بۆیە بۆ ئەم وەڵامە پێمباشە خوێنەرى کوردء بە تایبەت ئەوەى گرنگى دەدات بەم باسەوە ئاوڕێک لەو نوسینانە بداتەوە، کە من هەموویم لە سێ کتێبى خۆمدا کۆکردۆتەوە و دووانم لەو کتێبانە ئێستا بڵابوونەتەوەو بەم زووانەش کتێبى سێهەمم بڵاو دەبێتەوە، بە ئومێدم توانیبێتم کەمێک راو سەرنجى خۆم بە هونەری گۆرانى و میوزیکى کوردى بەخشیبێت”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا