وشیار ئەحمەد ئەسوەد : لە نووسینی ژمارەی پێشتریدا (کارزان گلی) باسی ڕەخنەی هونەریی کردووە، لە باسەکەیدا ئەو نووسینانەش دەخاتە چوارچێوەی ڕەخنەوە کە (دیاری قەرەداغی) و هەندێک لە نووسەرانی دیکەی بوارەکە بڵاویان دەکەنەوە..
بێگومان من نووسینەکەی وەک بابەتێکی بەپێز دەوخوێنمەوە، بەڵام ئەو تەرزە نووسینانەی ئەو ئاماژەیان پێ دەکات، هیچ یەکێکیان ناچنە چوارچێوەی ڕەخنەی هونەرییەوە، بەتایبەتیش نووسینەکانی (دیاری) کە پتر خۆیان لە بۆچوونەکان لەبارەی هونەری موزیک و گۆرانیی کوردی و زانیاریی هونەری لەبوارەکەی خۆیدا ئۆقرە دەگرن، واتە دەخوازێ جیاکردنەوە لە نێوان بۆچوون و ڕەخنەی هونەریی مەعریفی و زانستی بکەین کە مەرج نییە هەر ئاماژەدانێک بەخاڵی نەرێنی بچێتە بۆتەی ڕەخنەوە، لەبەر ئەوەی بەتایبەتی لە بواری موزیک و گۆرانیی کوردیدا ئێمە ڕەخنەگرمان دەگمەنن، ئەمە ئەگەر نەڵێین ئەسڵەن لێی تەریکین.. کەواتە بۆ ئەم دەمەی موزیکی کوردی کە زۆرترین مقۆمقۆی هەڵگرتووە، وێڕای ئەوەی تەنیا ڕەخنە ڕژدەکان خزمەتمان دەکەن و دەتوانن هاوشانی پێشکەوتنەکان هەنگاو بنێن، بەڵام ئێمە لەم بوارەدا هەرچەندی بڵێی هەژارین.. زۆر جار وەک ڕەخنەگری بوارەکە ئاماژە بەناوی منیش دراوە، بەرانبەر بەوە جەختم کردووەتەوە منیش ئەوەندەی بەپێی ئەو هەندەک شارەزاییەی خۆم لە بوارەکە هەڵسەنگاندن بۆ کارەکان دەکەم، نووسینەکان کەمتر دەکەونە چوارچێوەی ڕەخنەوە، بۆیە ناوهێنانی ڕەخنە بۆ هەر نووسینێک ئاماژە بەخاڵی نەرێنی بدات، یاخۆ لە ڕێنوێنییەکان خۆی ببینێتەوە، شتێک نییە جیا لە خۆ بەهەڵەبردن.
وێڕای هەموو ئەوانەی لەبارەی ڕەخنە و ڕەخنە هونەرییەکانەوە خستمنە بەر ئاماژەوە، من یەکێکم لەوانەی تەواوی نووسینەکانی هونەرمەند (دیاری قەرەداغی) دەخوێنمەوە، بێگومان خوێندنەوەشیان نیشانەی بایەخپێدانیانە، لانیکەم لەبەر ئەوەی دەگمەنن ئەوانەی شارەزاییان لە بوارەکە هەیە و هاوکات لەبارەیەوە دەنووسنەوە کە (دیاری) یەک لەوانە، هەروەها ئەو هونەرمەند و نووسەرە بێئەوەی کەشوفش بکا و سینە دەرپەڕێنێ، ئەوەی لە ئەزموونی ئەوەندە ساڵی کارکردنی لە بوارە هونەرییەکەی خۆی و خوێندنەوەی بۆ ڕەوتەکە لە ئەقڵی خۆیدا خەزنی کردووە، دێت و بەدیوە جوانەکەی لە وردە ڕەخنەکانیدا پێشانمانی دەدات، بۆیە ئەگەر (دیاری) هیچی نەکردبێ، لانیکەم لە دەرگەکانی ڕەخنە دەدات و بۆ داهاتوویەکی دوورتر کاریان لەسەر دەکات کە ئەمەیش یەک لە پێویستییەکانی ئەم دۆخەی موزیک و گۆرانیی کوردییە کە تێی کەوتووە، بۆیە بەدیدی من (دیاری قەرەداغی) یەک لە نووسەرە ڕژدەکانی بواری هونەری موزیک و گۆرانییە کە ئەمەش مایەی گەشبینییە، چونکە ئێمە دەتوانین لە ڕەخنەی شێوەکاریدا کەسایەتییەکی وەک (تاریق کارێزی) بەنموونە وەربگرین، یان لە شانۆدا (نیهاد جامی) و (کامەران سوبحان) و کەسانی دیکەیش وەربگرین، بەڵام لە بواری موزیک و گۆرانیدا ئاماژەدان بەهەر ناوێک وەک ڕەخنەگر گوناهبارمان دەکات.
یەک لە کێشەکانی نووسەران یان ڕۆژنامەنووسانی ئێمە، ئەوانەی لە بوارە هونەرییەکەدا کار دەکەن، زۆرترین ژمارەیان شارەزاییان لە هیچ یەکێک لە بوارەکانی هونەر نییە و کەچی لەبارەیەوە دەدوێن و بۆچوون دەردەبڕن، بێگومان ئەمە بووەتە دیاردەیەکی زەق و لە میدیای کوردیدا چەندان نموونەمان لە بەردەستن، دڵنیایشم هۆکارەکەی بۆ ئاسان خوێندنەوەی لایەنە هونەرییەکە بەزۆربەی بوارەکانەوە دەگەڕێتەوە، بەتایبەتیش بواری موزیک و گۆرانی، لە کاتێکدا بۆ نووسینی ڕەخنە لەو بوارە هونەرییەدا دەیان کەند و لەندت دەکەونە پێش، ئەمە وایکردووە کۆمەڵێک ناو وەک پسپۆڕی ئەو لایەنە بخوێنرێنەوە کە پسپۆڕ نین، کەچی ڕەنگە پتر بۆ کەسانی ناشارەزای بوارەکە بۆچوونەکانیشیان وەک ڕەخنەی ڕژد وەربگیرێن کە ئەمەیان کێشە ڕژدەکەی نووسینە لەو بوارەدا.. بۆیە کە (کارزان گلی) نووسینەکەی لەبارەی (دیاری قەرەداغی) بڵاو کردەوە گوایە ئەو هونەرمەندە بڕیاری داوە نووسینەکانی لەو ڕۆژنامەیەدا ڕابگرێ، هەستم بەجۆرێک لە نیگەرانی کرد.
لێرەوە هیوادارام (دیاری) ئەم کورتە نووسینەی من وەک پەیامێکی هاوڕێیانە بخوێنێتەوە، دەبێ ئەو هونەرمەندە بزانێ کە جوانییەکانی ئەو ئەوەندەی کەوتوونەتە بەر سۆزی دەنگ و شارەزاییەکەی لە گۆرانی و هاوکات کارە ئەفرێنەرەکانی، لەوەش پتر خۆی بەنووسینەکانی لە بوارەکەدا جوانتر کردووەتەوە، کەواتە هونەری موزیک و گۆرانیی کوردی چەندە پێویستیی بەهونەرمەندێکی گۆرانیبێژی وەک (دیاری قەرەداغی)یە، ئەوەندەش پێویستیی بەنووسەرێکی وەک ئەوە، باشتر دەبێ (دیاری) ئەوەندەی بایەخی دەکەوێتە سەر گۆرانیگوتن، لە نووسینەکانی دانەبڕێ و بۆچوونەکانیمان لێ بزر نەکات کە دڵنیام خوێنەوارێکی زۆر هەن گوێی لێ دەگرن و دەیخوێننەوە.
ئەوانەی تا ئێستا (دیاری قەرەداغی) نووسیونی، دیارییەکن و پێشکێشی کردووین، سەیرە بەو تەرزە نووسینانەی ڕاهێناین و ئێستایش بیەوێ دەست بەخۆیەوە بگرێ و چیتر دیاریمان بۆ نەنێرێ، ئێمە بەدەستکراوەیی ئەومان ناسیوەتەوە، ناکرێ ئێستا دەستەکانی گرمۆڵە بکا و دایانبخات، ئەگەر نا، ناچارمان دەکات وەک نووسەرێکی چاوچنۆک لێی بڕوانین کە هیوادارین چاوچنۆک نەبێت و زانیارییەکانیشی لە ئێمە تەریک نەکات.