مەسعودی مەلا ھەمزە: لەرۆژانی ٢٩/٤ تا ٦/٥/٢٠١٢ لە شاری دیاربەکرد فێستیڤاڵی شانۆی ئامەد بەڕێوەدەچێ و تێیدا شانۆکارانی سێ پارچەی کوردستان بەنمایشکردنی بەرھەمەکانیان بەشداردەبن.
بەگوێرەی راپۆرتی راگەیاندنی فێستیڤاڵی ئامەد ھاتووە کە لەرۆژانی ٢٩/٤ تا ٦/٥/٢٠١٢ لە شاری ئامەد فێستیڤاڵەکە بەڕێوەدەچێ و لە مەراسیمی دەستپێکدا وێڕای پێشکەشکردنی میوزیک و گۆرانی و ھەڵپەڕکێ وتاری ھەریەک لە “سەرۆکی شارەوانی ئاماد و لیژنەی ئامادەکاری فێستیڤاڵ و وتاری لیژنەی ھەڵسەنگاندنی تێکستی کوردی پێشکەش دەکرێ.
ھەر لەو راپۆرتەدا ھاتووە کە لەمەراسیمی دەستپێکدا دوو کتێبی موحسین عوسمان بڵاودەکرێتەوە و لەکۆی فێستیڤاڵیش ١٨ شانۆگەری لەھەرسێ پارچەی “باکوور، باشوور، رۆژھەڵاتی”ی کوردستان نمایش دەکرێ.
لەکۆتابەشی راپۆرتەکەدا ھاتووە ھەر لەمیانی چالاکییەکانی فێستیڤاڵدا دوو پانێل لەسەر شانۆی کوردی و تورکی بەڕێوەدەچێ، ھەروەک دوو وۆرک شۆپی شانۆییش سازدەکرێ و لە کۆتا رۆژدا راسپاردەو ئەنجامەکانی فێستیڤاڵ دەخوێنرێتەوە.