دایك بە كۆرپەكەی خۆی دەگاتەوە
لە كارێكی تازەی سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری كەلتوریيدا
دیاربەكر (ئامەدی دێرین) لە شاری رانیەدا ملوانكەی ئازادییەكان دەهۆنێتەوە
بەمەبەستی پەیوەندی كەلتوریو فەرهەنگی نێوان شاری رانیەی دەروازەی راپەرین و شاری دیاربەكر ( ئامەدی دێرین), ئێوارەی رۆژی یەكشەممە 11-6-2012 شاندێكی 27 كەسی شاری ئامەد كە راوێژكار و نوێنەری فەرمی سەرۆكی شارەوانی ئامەدو, چەندان بەرپرسی رۆشنبیری و هونەری و تیپی شانۆی ئەو شارەی لە خۆگرتبوو, گەیشتە شاری رانیە و لایەن ستافێكی سەنتەری رایەڵەوە لە دەروازەی شارەوە بە گەرمییەوە پێشوازی كران.
دواتر لە رۆژی دووشممە رێكەوتی 12-6-2012 لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆگرامی كاردا, شاندەكەی دیابەكر (ئامەد) لە بەردەم شارەوانی رانیە لەلایەن سەرۆكی شارەوانی رانیەو بەشێكی دیار لە هونەرمەندانو رۆژنامەنوسانو رێكخراوەكانی ناوچەكەوە بە گەرمییەوە پێشوازی كران, دواتر لە هۆڵی شارەوانی رانیە چەند وتەیەك لە لایەن ( بەختیار ئەحمەد) سەرۆكی شارەوانی رانیەو (محرەم جەبێ)بەرپرسی كاورباری رۆشنبیری و شاری ئامەد و (ئەشرەف گولەر) راوێژكار و نوێنەری ( عوسمان بایدەمیر) خوێندرایەوە, پاشان دیالۆگێگی هاوبەش لە نێوان هونەرمەندانی دەڤەری راپەرین و هونەرمەندانی شاری رانیە لە لایەك و, لە لایەكی تریش كۆبونەوەیەكی فەرمی لە لایەن قائیقمانی قەزای رانیەو سەرۆكی شارەوانی رانیەو سەنتەری رایەڵ و ئەندامانی سەرۆكایەتی شارەوانی ئامەد) ئەنجامدرا, كە تێیدا چەند داخوازی و داواكارییەكی هاوبەش لە نێوانیان گۆردرایەوە, كە وا بریارە لە ئایندەیەكی نزیكدا بۆ گەشەپێدانی ئەو پەیوەندییە كەلتورییە بخرێنە بواری جێ بەجێكردنەوە.
لە دوای نیوەرۆی هەمان رۆژ لە و بە ئامادەبوونی رێژەیەكی زۆر لە جەماوەی دەڤەری راپەرین و لە باخچەی ناوەندی رێكخراوە دیموكراتیەكانی رانیە, پێشانگایەكی فۆتۆگراف كە 45 تابلۆی لە خۆ گرتبوو كرایەوە, ئەمەو لە دەستپێكدا شریتی پێشانگاكە لە لایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەرین و قائمقامی قەزای رانیەوە پچرێنرا, پاشان میوانان بینەری تابلۆكانی ێشانگاكە بوون كە گوزارشتی لە ناساندنی شاری ئامەد و دەرخستنی مێژوو و كەلتوری شارەكە دەكرد.
لە كاتژمێر 5 ئێوارە لە هۆڵی پینجی ئازار بە ئامادەبوونی رێژەیەكی زۆر گەنجان و هونەرمەندانو نوێنەری رێكخراوەكان و بەرپرسانی ناوچەكە مەراسمێكی شایستە بۆ رێزگرتن لە میوانەكانی شاری ئامەد بەرێوەچوو, لەو مەراسیمەدا سەرەتا لە لایەن (عبدالحمید عبداللە) سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەرین وتەیەك خوێندرایەوە, كە تێیدا بە گرنگیەوە باسی لە ئاڵوگۆی كەلتوری لەهەزارەی سێیەمدا كردو كارو چالاكیەكانی (سەنتەری رایەڵ)ی لەو بوارەدا بەرز نرخاند, هەروەها هەموو پشتیوانی و هاوكارییەكی خۆی بۆ پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هەردوو شاری رانیەو ئامەد دەربڕی و هیوای خواست ئەو پەیوەندیە بەردەوام بێت و ئاستی ئاڵوگۆرە هونەری و رۆشنبیرییەكانی هەردوو شار فراوان بكرێت. پاشان (خالید قادر) بەرپرسی سەنتەری رایەڵ وتەیەكی خوێندەوە, تێیدا وێرای باسكردن لە كارو چالاكیەكانی سەنتەری رایەڵ لە رابردوودا, مژدەی چەند چالاكیەكی تری لە ئایندەی كارەكانیان خستە روو, هەروەها سوپاسی چەند دامەزراوەیەكی شارەكەو ستافی خۆبەخشی (سەنتەری رایەڵ)ی كرد و كە بەو پەری دڵسۆزیەوە كاریان بۆ سەرخستی چالاكیەك كرد. پاشان (ئەشرەف گولەر) نوێنەرو راوێژكاری ( عوسمان بایدەمیر) سەرۆكی شارەوانی ئامەد, سوپاسی ئیدارەی ناوچەكەو خەڵكی تێكۆشەری رانیەو سەنتەری رایەڵ ی كرد بۆ ئەو پێشوازیە گەرمەی كە لێیان كردوون , هەروەها باسی لە گرنگی ئەو جۆرە چالاكیانە كردو هیوای خواست لە خزمەتی زیاتر لێك نزیكردنەوەی زمانی كوردی و گەشەپێدانی هەستی نەتەوەیی دابێت, ئامادەی خۆشیانی دەربڕی بۆ گەشەپێدانی ئەو پەیوەندییە.
پاشان تیپی شانۆی ئامەد شانۆگەری ( غوڵامی دوو گەورە ) بە ئاستێكی بەرز و تەكنیكی هونەری باڵا و نمایشێكی پر لە هونەر و داهێنان نمایشكرد كە جێگای سەرسامی و خۆشحاڵی بینەرانی بوو. لە پرۆگرامی كۆتاییدا چەندان خەڵاتی تایبەت لە لایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەرین و قائیمقامی قەزای رانیەو سەرۆكی شارەوانی رانیە و سەنتەری رایەڵ و چەندین دامەزاوەو رێكخراوی تری شارەكەوە پێشكەشی یەكە بە یەكەی شاندەكە كراو بە چەپلە رێزانو باوەشی پر لە خۆشەویستی كۆتایی بە چالاكیەكان هات. مەراسیمەكە لە لایەن ( هیدی چنارنەیی و هێمن حسن) بەرێوە برا و سەرجەم ماوەی دوو كاتژمێرو نیووی خایاند.
جێگای ئاماژەیە ئەو پەیوندییە ئەنجامی سەردانێكی پێشتری شاندێكی سەنتەری رایەڵە كە لە كۆتاییەكانی ساڵی رابردوو بۆ مەبەستی ئاڵوگۆری كەلتوری سەردانی وڵاتی توركیا بە گشتی و شاری ئامەدی بە تایبەتی كردبوو.