حەمەسوار عەزیز: ئەو سەرکەوتنە جەماوەرییەی درامای دۆنگ یی تۆماری کرد کارێکی ئاسایی و نۆرماڵ نەبوو کە درامایەک بتوانێت بەم شێوەیە زۆرینەی خەڵکی کوردستان بەدیار شاشەی کوردساتەوە کۆبکاتەوە ، ھەرچەندە ئەو درامایە پێش ساڵێک لە وڵاتی کۆریا نمایشکراوە و زۆرترین بینەری ھەبووە.
ئەوەی من مەبەستمە قسەی لەسەر بکەم ئەوەیە بۆچی درامایەکی کۆری کە باس لە مێژوو و کلتووری وڵاتێکی جیاواز لە خۆمان دەکات دەتوانێت بەم شێوەیە سەرنجی بینەری کورد رابکێشێت ،لە ھەمان کاتدا درامایەکی کوردی کە لەو ماوەیەد نمایش دەکرا ھیچ دەنگۆیەکی لێنەکەوێتەوەو بخزێتە پەراوێزەوە ، ھەردوو دراماکەش باسی مێژوو و کلتووری دەکرد ، دۆنگ یی مێژوو و کلتووری وڵاتێکی دووری وەک کۆریا ، “رۆژگارە تەریبەکان” مێژوو و کلتووری وڵاتەکەی خۆمان ، ئەی بۆ دۆنگ یی توانی ھەموومان بەدەوری خۆییدا کۆبکاتەوە و رۆژگارە تەریبەکانیش نەیتوانی لە سەدا دەی ئەو بینەرە کۆبکاتەوە کە بەدیار دۆنگ ییەوە شاگەشکە دەبوون ، ئەمە پرسێکی گرنگە و دەبێ ھەموومان بەجورئەت و مەوزووعییەوە قسەی لەسەر بکەین.
رەنگە یەک وەڵام کە بە خەیاڵی ئێمەدا بێت ئەوەیە کە ئەوان قۆناغێکی زۆرتریان لەم بوارە بەڕێکردووە و بە توانا و توانستی ماددی و مرۆیی و تەکنیکی زیاترەوە کارەکان دروستدەکەن ، ئەمەش بەشێکە لە حەقیقەت و ھەموو حەقیقەتەکەش نییە .
گەورەترین کێشە لە درامای کوردی کەمی توانستی ماددی و مرۆیی و تەکنیکی نییە ، وەک ئەوەی زۆرێک لە دەرھێنەرەکان ھەمیشە ئەو قەوانە دووبارە و سێ بارە دەکەنەوە ، گەورەترین کێشەی ئێمە نەبوونی خەیاڵ و بابەت و دیالۆگە لە دراماکانمان ، ھەمیشە کردارەکان لە دراما کوردییەکان ئەو کردارانەن کە بینەر زوو درک بە دەرەنجامەکەی دەکات و بەھێلێکی ئاسۆیی دەڕوات و ناتوانێت ھەڵبەز و دابەز بکات ، ھەمیشە کردار لە دراماکانی ئێمە ئەوەیە کە بینەر پێشبینی بۆ کردووە ، زۆرینەی جاریش ھەر ئەوە روودەدات ، کەواتە ئەو سیناریست و دەرھێنەرەی کە تەنھا دەتونێت وەک بینەر بیر بکاتەوە ، جگە لە بینەر کەسێکی تر نییە ، ئێمە زۆر پێویستمان بە کەسانێکە جیاواز لە ئێمە بیر بکەنەوە و خەیاڵی فراوانیان ھەبێت و ھەموو پێشبینییەکانی ئێمە ئاوەژوو بکەنەوە ، خەیاڵێکمان پێببەخشن کە لە ھزری ئێمە نەبوو بێت ، سینارێست و دەرھێنەر دەبێ ھەمیشە بینەر والێبکەن چاوەڕوانی رووداوی نادیار و لەناکاو بکات ، کە ئەو بە خەیاڵییدا نەھاتووە.
ئەمە ئەو نەھێنییەیە کە لە دۆنگ ییدا ھەبوو لە رۆژکارە تەریبەکان نەمان بینی ، نەوەکو ھەر لەو درامایە بەڵکو لە زۆرێک لە دراما کوردییەکان نابینرێت ، مەگەر تەنھا درامای “گەردەلول” نەبێت تا ڕاددەیەک لەو گریمانەیە بەدەر بووە و ھەمیشە سپرایزی تازەی پێ بووە.
من نازانم تا ئێستا کام درامای کوردی بەو شێوەیەی درامای دۆنگ یی توانیویەتی بینەر ھەناسەسوار بکات و ھەستبکات کە بەدیار دراماکەوە دڵی خێراتر لێدەدات ، ھەستبکات لە چاوەڕوانی ئەوەی کە روودەدات خەریکە دەبوورێتەوە و لە ھۆش خۆی دەچی ، ئەمانە بوون وایان کرد کە ھەموومان ھۆگرو شەیدای درامای دۆنگ یی و گەوھەری کۆشک و جەنگیز خان و بازرگان ببین ، ئایا ئەمە پەیوەستە بە تەکنیک یا توانای داھێنانی کەسەکان ، ئایا تەکنیک ئەو چیرۆک و سیناریۆیەی دروستکردووە یا کەسانێک کە توانای خەیاڵ و داھێنانیان ھەیە.
یەکێک لە جوانیەکانی تری درامای دۆنگ یی گرنگیدان بوو بە لۆکەیشن ، ھیچ لۆکەیشنێک لەو درامایە بە سەرپێی بەڕێنەکراوە و ھەوڵدراوە ھەموو لۆکەیشنەکان چاوی بینەر تێر بکات و ئیحساسی کات و شوێن و زەمەن بە بینەر ببەخشن ، گرتەیەک لەو درامایە نادۆزیتەوە بێ ئەوەی ھەموو کاریگەرییە دەنگی و رەنگییەکان بە شێوەیەکی رێک و پێک کاری لەسەر نەکرابێت ، ھەر لە دیکۆر و جل و بەرگ و ماکیاژ و روناکی و ئیکسسوار و کاریگەرییە دەنگییەکان…تاد، کەچی لە درامایەکی وەک ئەوەی “رۆژگارە تەریبەکان” زۆرجار بینەر ناچار دەبوو بەچەندین شێوە کۆنتڕۆلی تیڤییەکەی ئەوسەر و ئەم سەر بکات چونکە وایدەزانی ئەو وێنەیەی ئەو دەیبینێت بە ھۆی تەلەفزیۆنەکەی خۆیەتی و گرفتەکە لە تەلەڤزیۆنەکەیە ، ناحەقی نەبوو ھیچ مەنتیقێک ئەوە قەبووڵ ناکات دەرھێنەر دیمەنێک نیشانبدات کە تەنھا و تەنھا تاریکی بێت ، ئەگەر ئەمەیان جارێک بە مەبەست بکرێت ، ناکرێت دەیان جار بەم شێوە بێزارکەرە دووبارە بکرێتەوە ، ئەمە درامایە ئیتر شەو مانای ئەوە نییە تۆ ھەموو روناکییەکان سەرنگوون بکەیت تا بۆ بینەری بسەلمێنی ئەوە شەوە، تەنانەت من دڵنیام لە فیڵمە ترسناکەکانیش تاریکی بەو شێوەیە بەکارنەھاتووە کە لە رۆژگارە تەریبەکان بەکار دەھات ، تەنانەت ھەندێ دیمەن لە رۆژدا ڕوویان دەدا کەچی ھەر تاریک بوون وەک چەند لۆکەیشنێکی نێو چایخانەکە.
لە ئەڵقەکانی پەنجاکانەوە وامانزانی ئیتر دراماکە دەبێ تەواو بێت ، کەچی دەرھێنەر خێرا ھێلێکی تازە و چەند کەسایەتییەکی تازەی خستە نێو دراماکە بۆ ئەوەی ئاکار و سیمایەکی تر بە ملمڵانێی نێو دراماکە ببەخشێت ، ئەمەش کێشەیەکی بنەڕەتییە لە درامای کوردی کە زۆرجار ناتوانێت چارەسەری درامی بۆ کارەکتەرە کۆنەکانی بدۆزێتەوە زەمینە بۆ کارەکتەر و کرداری تازە خۆش بکات ، بۆ ئەوەی نوێبوونەوە بە دراماکەی ببەخشێت و ڕیتم لە خاو بوونەوە و بپارێزێت، بەداخەوە زۆرجار بۆ درێژکردنەوەی چەند ئەڵقەیەکی تری دراماکە ریتم دەبێتە یەکەم قوربانی و دراماکە بەرەو ھەڵدێر دەبات.
من تێناگەم ئەگەر درامایەک خۆی بیست ئەڵقە بێت وەک “رۆژگارە تەریبەکان” بۆچی پێویستی بەوەیە کە نیوەی ئەڵقەکانی بۆ پێناسەکردنی کارەکتەرەکان و کات و شوێن دیاری بکات ، لێرەدا دەبێ بپرسین ئایا بایەخی ئەڵقەی یەکەم و دووەم لە درامایەک وەک بایەخی ئەڵقەی کۆتایی نییە؟ ئەگەر دراما نەتوانێت لە ئەڵقەی یەکەمەوە سەرنجی بینەر رابکێشێت و چەندین ئەڵقە ھەر خەریکی ئەوە بێت ڕووماڵی کارەکتەر و لۆکەیشن و کات و شوێن و زەمەن بکات ، بەدڵنییاییەوە ھەر زوو بینەر لێی بێزار دەبێت و بەدوای جێگرەوەییدا دەگەڕێت.
تەکنیکێکی تر کە لە درامای دۆنگ یی زۆر بەزەقی کاری لەسەر کرابوو، تەکنیکی فلاش باک ، بەڵام فلاشباک تەنھا بۆ ئەو گرتانە نییە کە پێشتر بینەر بینیوویەتی ، بەڵکو فلاش باک بۆ ئەو سپرایزەی کە بینەر چاوەڕێی نەکردووە و پەی پێنەبردووە ، ئەمە وادەکات کە بینەر پەیوەست بێت بە شاشەوە ، چونکە دەزانێ ئەوەی ڕوودەدات ئەوە نییە کە ئەو پێشبینی کردووە، بەڵکو سینارێست و دەرھێنەر زۆرتریان پێیە کە دەتوانن وا لێبکەن بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانی دەسبکەوێت ، ئەو پرسیارانەی کە ھەرگیز بە تەنھا وەڵامێک ناوەستن کە بە ھزری بینەردا ھاتووە.
بە بۆنەی پرسیاریش ھەقە بپرسین کامەنەن ئەو پرسیارانەی کە زۆرێک لە دراما کوردییەکان ورووژاندویانە ، تا بینەر وا لێبکەن بەدوای چارەو دەرەنجام بگەڕێت ، کامانەن ئەو پرسانەی کە وایانکردووە بینەر پەلە بکات زووتر ئەڵقەی دواتر ببینێ و وەڵامی دەسکەوێت.
بەڕاستی گەورەترین کێشە لە درامای کوردی کێشەی ماددی و تەکنیکی نییە، بە قەد ئەوەی کێشەی ئێمە کێشەی خەیاڵ و داھێنان و ئەفراندنە ، کێشەی ئێمە ئەوەیە ناتوانین کۆمەڵە رووداوێک بەیەکەوە دەسکەنە بکەین و بەقەد ئەو چڵانەی ئێکسپایەر دەبن چڵی تازە بەڕەنگ و بۆی تازە بخەینە شوێنییەوە ، کێشەی ئێمەی ئەوەیە سینارێستەکانمان ناتوانن دیاڵۆگی بەرھەمدار دروستبکەن و زمانی دراما جیابکەنەوە لە زمانی سەر شەقام ، ئەوەش بەو مانایە نییە کە زمانی شەقام لە دراما کاری پێناکرێت ، بەقەد ئەوەی پێویستە ھەموو زمانەکان لەنێو زمانێکی سیحر ئامێزی دراما بتوێتەوە کە توانای ھەیە بینەر کەمەندکێش بکات ، کێشەی ئێمە ئەوەیە تا ئێستا دەرھێنەر ناتوانێت لە رێگەی ئەو ھەموو ھۆکارەی کە لەبەر دەستیەتی چاوی بینەر تێر بکات ، ھەمیشە وێنەکان بە ناتەواوی بە بینەر دەگەن ، ھەمیشە درێژدادڕی بێزارکەر و بێسوود لە دیاڵۆگ ھەیە، ھەمیشە گرتەی زیاد و بینراوی زیاد بەشێکی زۆری دراماکە پێکدەھێنن ، ھەمیشە تایتڵی سەرەتا و کۆتایی ئەوەندە درێژە نیوەی ئەو کاتە دەبات کە گوایە ماوەی ئەڵقەکەیە ، بڕوا بکەن درامام بینیووە ماوەی سی دەقیقە بووە ، دوانزە دەقیقەی تایتڵ بووە ، نازانم تاکەی ئەو تەقلیدەی کۆنەی ھەشتاکانی درامای میسری و عەرەبی و عێراقی کاری پێدەکرێت کە دەبێت لە سەرەتا و کۆتایی دراما گۆرانییەکی دوورو درێژ ھەبێت ، ئێستا سەردەمی کاری خێراو (سێت کام) ە ، بینەر نە تاقەتی تایتلی درێژو بێزارکەری ھەیە، نە تاقەتی ئەوەی ھەیە کە دیمەنێک ببینێت بە ریتمێکی بێزارکەر ماوەکەی بگاتە (٥ تا ٨) دەقیقە.
بێگومان ئەوانە مانای ئەوە نییە کە دراما کۆرییەکان بێ کەموکوڕی بن ، بڕواتان ھەبێت تەنانەت لە درامای دۆنگ یی ھەڵەی ڕاکواری وای تیایە کە رەنگە لە درامایەکی کوردی ئاست نزمیش نەبێت ، بەڵام تۆ کە سەیری ھەموو لایەنە جوانییەکانی ئەو درامایە دەکەیت ، لات ئاسایی دەبێت کە لێرەو لەوێ کەموکوڕی لەو جۆرەی تێبکەوێت.
لە کۆتاییدا دەسخۆشی لە کۆمپانیای خاوێ فیڵم ئەو ستافەی جوانەی دۆبڵاژکردنی ئەو بەرھەمانە دەکەم کە بەڕاستی سەلماندییان ئەگەر کورد نەتوانێت درامای باشیش دروستبکات ، ئەوە زۆر بە شایستەیی دەتوانێت لە بواری تردا داھێنان بکات ، ئەگەر درامای دۆنگ یی خۆی درامایەکی جوان و سەرنج راکێش بێت ، ئەوە بێگومان ئەو دۆبلاژە جوانە و پێرفێکتەی ئێوە جوانی زیاتری بە دراماکە بەخشیووە و بەتایبەتیش ھەڵبژاردنی جۆری دەنگەکان بۆ کارەکتەرەکان ، ھیواداریشم تا ئەو ڕادەیەی دەکرێت دەنگەکان بۆ یەک کارەکتەر زیاتر بەکار نەیەت و ئەگەر کارەکتەرێک بچووکیش بێت ، ئەکتەرێکی تایبەتی بۆ دابین بکەن ، ئەمەش مایەی ئەوەیە میسداقییەتی زیاتر بە کارەکەکان ببەخشێت و جوانتری بکات.