دراما بیانییەکان، یان دۆبلاژ کراوە تورکییەکان، بوونەتە پرسوباسی زۆرینەی کەناڵ و هۆیەکانی مێدیایی، ئەوەیش هێمایە بۆ ئەوەی ئەو هەموو دراما بیانییانە، کاریگەری نێگەتیڤی بەسەر بینەری کوردەوە هەیە، ئاخر خۆ مەرج نییە پڕبینەریی درامایەکی بێگانە، مایەی سوودگەیاندن بێت بە ڕەوتی هونەریی کوردی.
ئەوەی جێگەی سەرنجلێدانە، زۆر جار ئەوە دەبیستین، یان لە دیمانەی زۆرینەی هونەروانانی ئەکتەری بواری دراما، هێما بۆ ئەوە دەکرێت کە هاوکاری و دەستگیرۆیی ناکرێن بۆ ئەوەی دراما، یان فیلمێک وە بەر بهێنن، هەرچەندە وەزارەتی ڕۆشنبیری بە تایبەتی لە کابینەی پێشوودا بودجەی جیاجیای بۆ هەندێک دەرهێنەر ئامادە کرد، بۆ ئەوەی بڕێک دراما بهێننە بوون. بەڵام ئەفسووس بەشێکی زۆری ئەو درامایانە (وێڕای ڕێزم بۆ هەندێکیان) نەک نەیتوانی چاوی بینەری کورد لە ئاشنابوون بە دراما تێر بکات، بەڵکوو کەس ناوەکەیشی نەزانی، بۆ ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان بڵێت ئەو درامایە لەو کات و ساتەدا وە بەرهەم هات و درامایەکی قەشەنگ بوو!
ئەرێ پێم ناڵێن چ کەسێک هەیە لە ئێستادا نەزانێ درامای (ژاڵە) هەبووە و لە هزریدا وەک یادەوەرییەک کاڵ بووبێتەوە؟ کێ هەیە لە نەوەی تازە و بەساڵاچووەکانیش، ئێستاش حەز نەکات جارێکی دیکە دابنیشێت و سەیری هەریەک لە دراماکانی (پیسکەی تەڕپیر، عەلییە فەندی، تاپۆ حەقی چییە، هەبوو نەبوو، جەنابی موفەتیش، وەستا عەلی، کۆلارە، کەونە دەرگا) ووو ئەوانی تر نەکات، ئەوانە زیاتر لە (25) ساڵ لەمەو پێش هاتووەنەتە بەرهەم، وەلێ هەر زیندوون و هەناسە دەدەن.
بەندە ناڵێت دەرهێنەری باش و کارامەمان نییە، بەڵکوو ئێستایش هەندێک دەرهێنەر و ئەکتەری زۆر بەتوانا کە پێشتر کاریان لە چەندین درامادا کردووە. لە ماڵەوە سڕکراون، یان بە پۆستێکی کارگێڕییەوە وابەستە بوون، دەکرێ دەرفەتی کاریان بۆ بڕەخسێت و کاری درامیی زۆر باش دروست بکەن
نەک لە بری درامای کوردی، لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرهەمی خۆماڵی لە وڵاتانی دەوروبەر هەر لە فلیمی پۆڵەندی، بەریتانی، ئەمریکایی و تورکی و فارسی … هتد
وەک (ماست و پەنیر و مریشکی بەستراو هەنگوینی بیانی، پیتزا و لەحم بلعجین و وووو) کۆمەڵێک خواردن و خواردنەوەی جۆراوجۆر، ئەو درامایانەیشمان بۆ بێنن و سوپەرمارکێتی تەلەڤزیۆنەکانی لێ پڕ بکەن.
سەیرە ….!! لەم ڕۆژانە بەسەردانێک لە شاری سلێمانی بووم، لە ماڵی خزمێکی باوکم دانیشتبووین، چەند کوێخا و ڕیشسپی و پیاوماقووڵ و قسەزان دانیشتبوون، باسی ماستی مەڕیان ئەکرد. هەر یەکە و بە جۆرێک پێناسەی بۆ دەکرد، لە ناکاو یەکێک لەو پیاو ماقوڵانە، وتی: کاکە گیان کەی ئێران و تورکیا تێر بوون و لەو ماستە بێزار بوون، دەیخەنە سەتڵ و بۆمان دەنێرن، جاران چاوەڕێمان ئەکرد وڵات باران و بەفری زۆر بێت بۆ ئەوەی ئاژەڵ و بەربوومی کشتوکاڵیمان و داهاتمان ڕوو لە زیادبوون بێت، بەڵام ئێستا وای لێهاتووە هەر لە تەماتە و خەیار و سێو و پرتەقاڵ و جاری وا هەیە سڵق و کەرەوز و هەموو جۆرە سەوزەیەک لە وڵاتانی دەوروبەرەوە بۆمان بێن، ئەگەر هەفتەیەک بۆ مان نەیەت، بە ئاسماندا بچێت یەک کیلۆ میوە دەست ناکەوێت، گەر بۆ دەرمانیش بێت.
لەگەڵ هاتنی ئەو شەپۆلە کەلوپەلە بیانییانە، دیارە لە دنیای بازرگانیدا هەندێک بابەت و کەلوپەلی بیانییش پێویستن، بەڵام خۆ ناکرێ ئێمە هەر پاڵی لێ بدەینەوە و دەم بکەینەوە تا بێتە بەر دەممان، بە تایبەتی ئەو بابەتانەی کە دەکرێ بە هزر و دەست و بازووی خۆمان چێی بکەین.
ئەو دراما و فیلمە بیانییانە ئەگەر پێمان وابێت کارێکی باش و پڕ داهێنانە، ببوورن ئەو کارە تەنیا لە خزمەتی هونەری ئەو وڵاتانەیە کە بەرهەمیان هێناوە، ئاخر ئەوان نازانن کولتوور و دابونەریتیان لەگەڵ دابونەریتی ئێمە بانێکە و سێ هەوا.
برادەرێک باسی ئەڵقەیەکی بۆ کردم، کە خۆی لە ناو کارێکی دۆبلاژ کردنی یەکێک لەو درامایانە بووە و پێش چەند مانگێک ئامادە کراوە، وتی: زیاتر لە (000 45) چل و پێنج هەزار دۆلار تەنیا لە دۆبلاژکردنەکەی خەرج کراوە، سەیرە !! درامایەک لەوڵاتێکی دیکە و بە کۆمەڵێک ئەکتەری بیانی و ڕێکلامکردن بۆ چەند ئەکتەرێکی ئەو وڵاتە و هیچی تر، کەچی پێشکەشی بینەری کورد دەکرێت و هیچی دیکە، بەڵام زنجیرە درامایەکی وەک (نامەکانی ئەشرەف) کە ماوەی چەند ڕۆژێک ڕێکلامی ئەو درامایە دەبینین، کە لە نێو جەرگەی ئەو وڵاتە و لە چەقی ئێش و ئازاری ئەو خەڵکە هاتووەتە بەرهەم، کە زیاتر لە (60) ئەکتەر بەشداریی تێدا کردووە و (25) ئەڵقە لە خۆی دەگرێت، ئێنجا پارەی تەواوی بەرهەم هێنانەکەی ناگاتە ئەو پارەی کە بۆ دۆبلاژکردنی ئەو درامایەی کە چوار دەفتەر ونیوی تێدا خەرج کراوە.
ئەوەیە دەڵێن تا ماڵ پێویستی بە ڕایەخێک هەبێت، مزگەوت پێی حەرامە
. !!
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا