ھونەرمەند دڵنیا قەرەداغی لە لێدوانێکدا بۆ (سڤیل)، ئەوەی ئاشکرا کرد، نۆ مانگە لەگەڵ ھاوسەرەکەی ئاری حەمەسەعید جیابۆتەوە.
دڵنیا قەرەداخی، کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٢ شووی بە ئاری حەمەسەعید کرد و خاوەن کوڕێکی تەمەن حەوت ساڵن، بەناوی “ئاریۆس”. بەڵام دڵنیا قەرەداخی بۆ (سڤیل) ئەوەی ئاشکرا کرد، کە ئێستا لەگەڵ ھاوسەرەکەی جیابۆتەوە و گوتی “لەڕێگەی دادگاوە نۆ مانگە من و ئاری جیابووینەتەوە، ئیستا من لەگەڵ ماڵی باوکم دەژیم”. لەبارەی ھۆکاری جیابوونەوەکەش دڵنیا قەرەداخی گوتی “ئێمە ھیچ ناخۆشییەک لە نێوانمان نەبووە، ھەروەھا لەرووی خۆشەویستیەوە ھیچ گرفتێکمان نەبوو، بەڵام لێک تێنەگەیشتن ھەبوو، وامان بە باشزانی جیابینەوە”. دڵنیا ئاماژەی بەوەشدا، کە کوڕەکەی “ئاریۆس” ئێستا لای خۆیەتی، ئەوەشی گوت “ئێستا من و ئاری ھەر برادەرین”.