زانا دڵشاد دزەیی: خانمە ھونەرمەند دڵنیا قەرەداغی بڕیارە لە بەرنامەی the voiceـی کەناڵی mbc بەشداری بکات، کە لەدوای مانگی رەمەزاندا قۆناغی یەکەمی دەست پێدەکات.
بەپێی زانیارییەکانی (سڤیل) تائێستا چەندین کورد ناوی خۆیان نوسیووە بۆ بەشداریکردن لەبەرنامەی the voice کە ھەفتەی رابردوو نوێنەری کەناڵی mbc لەھەولێر فۆرمی بە بەشداربووەکان پڕکردەوە، کە چەند کچ و کوڕێکی کوردی باشووری کوردستان ناوی خۆیان تۆمارکردووە.
یەکێک لەبەشداربووەکانی بەرنامەی the voice ھونەرمەند دڵنیا قەرەداغییە، کە تاوەکو ئامادەکردنی ئەم ھەواڵە نیازی بەشداریکردنی ھەیە و فۆرمی زانیاری پڕکردۆتەوە.
جێی ئاماژەیە ساڵی پار دڵنیا قەرەداغی ناوی بۆ بەشداریکردن لەبەرنامەی the voice تۆمارکرد و قبوڵیش کرا، بەڵام بەھۆی نەخۆشکەوتن و مانەوەی لەتورکیا نەیتوانی بەشداری بکات.
لەم بەرنامەیەدا ژمارەیەکی زۆر لەگەنجانی وڵاتانی عەرەبی بەشداری دەکەن، ھەر گروپێک لەو گەنجانە لەلایەن ھونەرمەندێکەوە پڕۆڤە و راھێنانیان پێدەکرێ و دەکەونە پێشبڕکێی یەکتر. ساڵی پار کوڕێکی مەغریبی بەناوی مراد بوریکی یەکەمی بەرنامەکە بوو.