دڵشاد دزەیی: ھونەرمەند دڵنیا قەرەداغی ئەو ھەواڵە رەتدەکاتەوە، کە گوایە کێشەی لەگەڵ دکتۆر رەوەند عوسمان ھەیە.
ھونەرمەند دڵنیا قەرەداغی لە لێدوانێکدا بە (ھەولێر)ـی راگەیاند، ئەو ھەواڵە دوورە لەڕاستییەوە کە باس لەوە دەکات دڵنیا قەرەداغی و دکتۆر رەوەند عوسمان پسپۆری جوانکاری کێشەیان ھەیە و ئێستا کێشەکەیان چووەتە دادگا، دڵنیا قەرەداغی گوتی “کاتێک ئەو ھەواڵە بڵاوکراوەتەوە من بەسەفەرێک لە تورکیا بووم، بەناوی منەوە قسە کراوە، کە ھەواڵەکە زۆر دوورە لەڕاستییەوە، چونکە من و دکتۆر رەوەند ھیچ کێشەیەکمان لەنێواندا نییە، رێزم بۆی ھەیە، وەک برایەکی گەورە وایە بۆ من”. دڵنیا قەرەداغی وێرای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لە بڵاوبوونەوەی ھەواڵەکە، گوتیشی “لێرەوە رایدەگەیێنم جارێکی دیکە ھەر کەسێک بەناوی من لەراگەیاندنەکان شت بڵاوبکاتەوە لە بارەی من و دکتۆر رەوەند ئەوا دەیدەم بە دادگا، ھیوادارم ئەو جۆرە کارانە دووبارە نەبێتەوە و رۆژنامەنووسان خۆیان بپارێزن لەشتێک کە دووربێت لەراستییەوە”.