حەمەڕەشید هەرەس: ساڵی ١٩٦٢ بوو، حەمەی حاجی ئەحمەد(مولازم محەمەد) ی رەوانشاد، وتی بابرۆین بۆ لای ئەو برادەرە حەز ئەکەم بێیت لەگەڵم، وتم فەرموو، ئەو کاتە قوتابی پۆلی دووی ناوەندی بووین، بردمی بۆ کۆڵانەکەی مزگەوتی سەید نووری نەقیب، لەوێ لە تەنیشت ماڵی کاک جەمال رەفعەتی باباجان کە کەسی خۆمە، لە دەرگای ماڵێکی دا کاک دڵشاد هاتە دەرەوە و پاش سڵاو کردن کاکە حەمە بە یەکتری ناساندین، بێگومان پێشتر کاک دڵشادم بینی بوو بەڵام یەکترمان نەدەناسی، پاش ئەو بەیەکگەیشتنە بووین بە ناسیاو و لە خۆشەویستی هەردووکمانەوە بۆ کاکە حەمە، ئێمەش لە یەکتری نزیک بووینەوە، پاش ئەوەی ماڵیان گواستەوە بۆ گەڕەکی سەرکارێز لەوێش بوو بە هاوڕیی عەبدولی حەمەجوانی هاوڕێی مناڵێم ئەوەندەی تر لە یەکتر نزیک بووینەوە،
چارەنووس وای کرد بە هۆی کێشەیەکی ناخۆشەوە و تێکهەڵکژان لەگەڵ کەسانێکی گەڕەکەکەیان، وایان بە باشتر زانی بگوێزنەوە بۆ گەڕەکی ئێمە(عەقاری)، ئیتر بەتەواوی لە یەکتر نزیک بووینەوە و هەمیشە بەیەکەوە بووین، ئەو کاتە برادەرێکی هەبوو (رەزاقە شەڵ) وەک سێبەری کاک دڵشاد وا بوو، ئەویش خەریکی نووسین بوو، بەڵام ئەو هیچی نەکرد بە هیچ، ئەو کاتە کاک دڵشاد وەک شاعیرێکی شایستە لە گۆڤار و رۆژنامەکان شیعری بڵاو ئەکردەوە و پەخشانی جوانی ئەنووسی، بەندەش بەهۆی شێخ ئەنوەری شاعیرەوە کە لە دائیرەی بەرید لای باوکم کارمەند بوو، هەروەها مارف ناسراو ئەویش لەو دەوروبەرە کاسبی ئەکرد بە هۆی ئەوانەوە منیش خووم دایە نووسینی شیعر، لەوەوە زیاتر لەگەڵ کاک دڵشاد ئاوێتەی یەکتر بووین و، رۆژانە لە گازینۆی گۆڵزار نزیک بازاڕی عەسری بووین ئیتر باسی ئەو کاتە بریتی بوو لە شۆڕش و شیعر و دڵداری و سەرگەرمیمان بە یاری و پیاسە و گەڕانەوە، ئەو کاتە لەو گازینۆیە ئەم کەسانە لە نزیکەوە پێکڕا کۆئەبووینەوە، ئەوەی بیرم بێت جگە لە بەندە و کاک دڵشاد، عەبدولی حەمە جوان، عەلی توانا، رەوف حەسەن، عومەر دڵخۆش، بەهزادی قالە نێری، کەمال دڵشاد، سەرکۆی ئەحمەد شەوقی، سیامەند عیزەتی رەوانشاد، مەحمووی حەمە بۆری رەوانشاد، کاکە تۆفیقی حەڵواچی و کاک رەفیقی برای، ئەوی بیرم بێت ئەمانە بووین، جار جار عەبدوڵا پەشێویش لە هەولێرەوە سەری لێ ئەداین، ئەمە باسی ناوەڕاستی شەستەکان ئەکەم. ئیتر کاکە دڵشاد هەر ئەو کاتانە نامیلکەیەکی شێعری لە چاپدا بە ناوی( فرمێسک و زەردەخەنە) جوانترین هۆنراوەی لە دوو توێی گرتبوو، ئەو کاتە ئەوە زۆر مەزنیی بوو بۆ گەنجێکی وەک کاک دڵشاد کە هێشتا تەمەنی نەگەیشتبووە بیست ساڵ، ئەو پڕکێشییە بێ وێنەیە بکات، بە ڕاستی ئەو کاتانە کەس لەو داهێنەر تر نەبوو، چونکە بەو کۆمەڵە هۆنراوەیە ئەتوانم بڵێم دەستپێشخەرییەکی بوێرانەی کرد، شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی هەڵگیرسان، وشەگەلێکی بەکار هێنا ئەوکاتانە کەس ئەوەی پێ قووت نەدەچوو ، لەهەمووی شکۆدار تر ئەوە بوو شاعیرانی ئەو کاتە و نزیک لە تەمەنەکەی ئەو، لە هۆنراوەکانیانا مۆرکی شاعیرانی وەک ئەدۆنیس و سەمیح ئەلقاسم و نزار قەبانی و مەحموود دەروێش و محەمەد ماغووتی بە ئاشکرا پێوە دیار بوو، کەچی ئەم بە ئەفراندنی قوتابخانەیەکی تایبەت بەخۆی، بە تەواوی تایبەتمەندیی خۆی پاراست.
جگە لە هۆنراوە کاکە دڵشاد پەخشاننووسێکی بە توانا بوو. لە چێرۆکی کورت و رۆمان و شانۆنامەشدا هەر باڵادەست بوو، بەرهەمی نەمری بۆ کورد بەجێ هێشت بۆ نموونە شانۆیی بووکەخان شاکارێکە نەوە دوای نەوەی ئەم کوردە شانازی پێوە بکات.
کاکە دڵشاد جگە لە ئەدەب بە هەموو جۆگەکانییەوە، هونەرمەندێکی لێهاتووش بوو، ئۆکۆردیۆنێکی جوانی ئەژەن، دەنگێکی بە سۆزیشی هەبوو، لە شێوەکاریشدا هەر لێهاتوو بوو چەند تابلۆیەکی ناسکی لە دیواری ژوورەکەیدا نەخشاندبوو، کاک دڵشاد لێهاتوانە هەڵپەڕکێی ئەکرد و لە هونەری سەما کردنیشدا سەمایەکی پڕ بەهرەی ئەکرد.
لە سەروو هەموو ئەمانەشەوە، لە کاتی پرۆڤەکردنی شانۆییەکانما جوانترین ئامۆژگاری ئەدا بە بەندە ، ئەوە بوو بە هەوێنی ئەوەی بڵێم: دڵەگیان خۆ تۆ لەبارەی جەستەو جووڵە کردنەوە، زۆر لێهاتوانە پیادەی ئەکەی ئەی بۆ هونەری نواندن تاقی ناکەیتەوە، وتی خۆ کاتی خۆی لە ئۆپەرێتی گوڵی خوێناوی گۆراندا رۆڵی سەرەکیم بینیوە. ئیستا بیرم نەماوە ئایا چیم لە بارەی ئەو بەرهەمەوە لێ پرسیوە و ئەویش چ وەڵامێکی هەبووە، گرنگ ئەوە بوو ئەو کاتە قایل نەبوو بەوەی لە شانۆدا کار بکات، شەوێکیان لە یانەی مامۆستایان بۆ کارکردن لە شانۆ دا لێم دووبارە کردەوە ئەوەبوو وتی: من نامەوێت بێم لە تیپێکدا لە هیچەوە دەست پێ بکەم. وتم: خۆ ئێستا منیش لە هیچ تیپێکدا نیم بەڵام ئەتوانین لە هەر لایەک ئیش بکەین، وتی: من ئەمەوێت لە جێگایەک ئیش بکەم بوارم بدەن وەک خاوەن ئەزموونێك بچمە پێشەوە، تۆ ئەوەت پێ ئەکرێت، چەند ساڵێکە لەسەر شانۆیت بەڵام بواری من نادەن. سەیرم کرد قسەکانی راستن، وتم: جا کەوایە با خۆمان هەوڵ بدەین تیپێکی نوێ پێک بهێنین، ئەزانم چەند برادەرێکی تریش بۆ ئەم هەنگاوە لەگەڵمانن. بە کورتی بەندە و کاک دڵشاد و رەوف حەسەن و ئەحمەد سالار، دوای ئەوەش ئازادی حەمە بچکۆل و تەها باراوی برادەرانی تر پاش گێرمە و کێشەیەکی زۆر، توانیمان تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردی دابمەزرێنین، یەکەم بەرهەممان چیرۆکی لانەوازان بوو، کاک دڵشاد زۆر لێهاتوانە رۆڵی قوتبەدینی بەرجەستە کردوو، پاش ئەوەش لە شانۆیی پردی وڵاتدا، جوانترین رۆڵی تیا بینی جگە لە نووسینی چەندەها چیرۆکی شانۆیی سەرکەوتوو، بووکەخان، چاوی ڤێتنام، پەروانە، چەند ئۆپەرێتێکی ئاست بەرزی تر، ئێستا بیرم ناکەونەوە. چیرۆکی پەروانە ساڵی ١٩٧٩ کە بەندە و شەماڵی عەبەڕەش رۆڵی سەرەکیمان تیا بینی ئەو کاتە، خەریک بوو هەر هەموومان بکرێین بە قەنارەی بەعسدا، یەکێکە لەو بەرهەمانەم کە مایەی شانازیمن.
هەرچی لە بابەت کاکە دڵشادەوە بڵێم هێشتا هیچم نەووتووە و رۆژگار و شەوگارێکی دوور و درێژی گەرەکە، بە تێر وپڕی کاکە دڵشاد بە خوێنەری ئازیز بناسێنم. هەموو ژیانمان لە توێی ساڵانێکی دژوار لە لایەک و پڕبەرهەم لە لایەکی ترەوە، پڕپڕن لە بەسەرهاتی سەیر و نوکتە و پێکەنین، ئەو کاتە ئێمە کۆمەڵە کەسێکی سەرکێش و سەرەڕۆ بووین لە پێناوی ئامانجەکانمانا سڵمان لە هیچ بەربەستێک نەدەکردەوە، هەموو ئەرکەکانمان وەک ئارەزوویەکی خۆبەخشانە ئەنجام ئەدا، جا ئیتر هونەر بوایە، یان ئەدەب، یان کوردایەتی و تێکۆشان، هەمیشە عەوداڵی ئەوە بووین راستی بدۆزینەوە و نیشانی کۆمەڵانی نەتەوەکەمانی بدەین.
حەزم ئەکرد زۆر لەسەر ئەم دەرفەتە پیرۆزە بنووسم، بێگومان لە داهاتوودا زیاتر رەوتی ژیانی ئەم هاوڕێ پایەدارەم ئەخەمە پێش چاوی خوێنەران، ئێستا بەم بەسەرهاتە نوکتە ئامێزە کۆتایی بەم دەرفەتە جوانە ئەهێنم.
ساڵی ١٩٧٢ بوو کاتی دەرفەتە چوارساڵییەکەی بەیانی ١١ەی ئازار، بڕیارمان دا هەردووکمان بچێن بۆ بەغا بۆ ئەوەی مۆڵەتی تۆمارکردنی بەرهەمێک وەرگرینەوە، بە مەرجێک هەردووکمان بە رانکوچۆغە و بەجامانە و فەقیانەوە لەوێ بسووڕێینەوە، ئیتر بەو شێوەیە بەرەو بەغا کەوتینە رێ، بۆ رۆژی دواتر چووین بۆ دەزگای سینەما و شانۆ کە نزیک کۆشکی جەمهوری بوو، کارەکەمان لەوێ تەواو کردو هاتینە دەرەوە، ئەمانویست تەکسییەک بگرین بمانباتەوە ئوتێلەکەمان، لە پڕ قافڵەیەک ئۆتۆمبێلی کۆشکی جەمهوری بەلاماندا تێپەڕ بوون یەکێکیان سڵاوی لێکردین، منیش دەستم بەرزکردەوە وەڵامی سڵاوەکەم دایەوە، ئەو کەسەی سڵاوەکەی کرد ئەحمەد حەسەن بەکری سەرۆک کۆمار بوو، دڵشاد پاش کەمێک وتی: ئەوە ئەحە بوو سڵاوی کرد؟ وتم ئا. وتی من وەڵامم نەدایەوە کەری وا. وتم: چاکت کرد منیش لە شڵەژاویا وەڵامم دایەوە، ئیتر کردمان بە گاڵتە و پێکەنین. زۆری پێ نەچوو، لە پڕ ئۆتۆمبیلێک ژمارەی کۆشکی کۆماریی لەسەر بوو لە بەردەممانا وەستا دوو کەسی تیا بوو، یەکێکیان بە عەرەبی وتی: گەورەکانم فەرموون، منیش وتم: فەرموو کاک دڵشاد سواربە، دڵشاد بە سەرسووڕمانەوە سوار بوو. هەر ئەو یەکەیان پرسیاری کرد: ئەمرکەن بۆ کوێتان بگەیەنین؟ منیش وتم: بۆ سەری شۆریجە لەسەر جادەی جەمهوری. وتی بەسەر چاو. ئیتر من و کاک دشاد تا ئەو شوێنە نقەمان لە خۆمان بڕیبوو. کە گەیشتینە ئەوی دابەزین و من وتم: سوپاس برا. وتیان: هیچ فەرمانێکی ترتان هەیە؟ منیش وتم: نەخیر خواتان لە گەڵ و ئەوان رۆشتن. دڵە وتی: ئەرێ ئەوە چی بوو؟ منیش وتم: ئەوە کاک ئەحمەد کە ئێمەی دی، وای زانی میوانی کۆشکی جمهوری بووین، ئیتر کە گەیشتۆتە ئیستیعلاماتەکە، وتوویەتی: بۆ هێشتووتانە ئەو دوو سەرۆک جاشە بە پێ بڕۆنەوە، خێرا ئەو ئۆتۆمبیلەی بۆ ناردین و پارەی تەکسییەکەمان بۆ گەڕایەوە، ئیتر بە پێکەنینەوە گەڕاینەوە بۆ ئوتێلەکە. ئاخ دڵە گیان، هەموو کۆڕوکۆمەڵێکمان بە ئێوەوە شیرین بوو.