زۆر جار دەبیستم پزیشک یاخوود لە هەر بوارێکی دیکە ناردووە بۆ دەرەوەی وڵات، دوو رۆژ دەچنە خولەکان و پاشان بەجێی دەهێڵن و دەچن بۆ سەیران و گەڕان سوود وەرناگرن لە خولەکان!!
(دلشاد عومەر عوسمان) ناسراوە بە (دڵشاد عوسمان)، ئەو کەسایەتی دیاریی کوردە، لە وڵاتی نەمسا ماوەی (28) ساڵە لەم وڵاتە نیشتەجێیە، خاوەنی بروانامەی ماستەری لە بواری (شانۆ و راگەیاندن)، هەروەها خاوەنی بروانامەیەکی دیکەی ماستەرە لە بواری (سینەما) لە ساڵی (1995) توانیویەتی بەدەستی بهێنێت لە (ڤینا).
(دڵشاد عوسمان) وە رێکخەری کاروباری حکومەتی نەمسا بۆ ئەو فیستیڤاڵانەی ساڵانە بۆ گروپە مۆسیقییە جیهانییەکان ساز دەکرێت، بەر پرسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ئەو توانیویەتی چەند جارێک گروپە مۆسیقیەکانی کوردستان بانگهێشت بکات و لەوڵاتی بەشداریی ئەو فیستیڤاڵانە بکەن، لەمیانەی دیدارێکدا بۆ خوێنەرانی هەفتەنامەی “هونەریی هەولێر” (دڵشاد مستەفا) بۆ چەند ساتێک هاتە ئاخاوتن و تیشکی خستە سەر چەند باسێک دەربارەی چۆنیەتی رێکخستی فیستڤاڵەکان لە وڵاتی نەمسا.
سەرەتا (دڵشاد عوسمان) دەربارەی ناوەرۆکی ئەو فیستیڤاڵانە لە وڵاتی نەمسا کە ساڵانە ساز دەکرێت گوتی : “ساڵانە حکومەتی نەمسا لەە مانگی (7) فیستیڤاڵێک ساز دەکات، دیارە ئەم ساڵیش ئامادەکارییەکی دیکە هەیە بۆ فیستیڤاڵێکی لەو شێوەیە، ماوەی (4) ساڵە ئەو فیستیڤاڵە بۆتە نەریتێک پەیرەو دەکرێت، میلەتی کوردیش لە ساڵی یەکەمەوە بەشداریی کردووە، دیارە ئەو فیستیڤاڵە بۆ موزیکە زیاتر، بەتایبەتی موزیکی کلاسیک. گروپە کوردییەکان کە دێن و بەشداریی دەکەن دەتوانن موزیکی کوردیی بژەنن، جگە لەوانەش ئەوان مەرجی تایبەتی خۆیان هەیە، بۆ نموونە دەبێ موزیکێکی (مۆزات) بژەنن، هەروەها لێژنەیەک هەیە لەوێ گوێ لە موزیکی هەموو نەتەوە و گروپەکان دەگرێت و باشان پلەکانیان دیاریی دەکرێت، هەموو گروپێک بۆی هەیە (25) خولەک موزیکی خۆی بژەنێت، هەروەها دوو یان سێ کۆنسێرتیان بۆ رێکدەخرێت، بەشداریی کردنی گروپە مۆسیقەکان و هاتنی هونەرمەندانی کورد، ئەوە خۆی لەخۆیی دا بۆ میلەتی کورد و بۆ هونەریی کوردیی و کەللتوری میلەتەکەمان زۆر گرنگە، تەنانەت بۆ حکومەتی کوردیش و گرنگیەکی زۆری هەیە، ئەگەر بێت بەچاوێکی رێزەوە بایەخی پێ بدرێت، من بۆ داوەت کردن و رێکخستی هەموو کارەکانی گروپە زۆر ماندوو دەبم، بەڵام بەداخەوە زۆر جار کە دێنەوە بۆ کوردستان و لە میدیاکان و tv یەکاندا، کاتێک دەبینم یاخوود دەبیستم دیمانە لەگەڵ هونەرمەندە موزیکژەنەکان یاخوود گۆرانیبیژەکان ئەنجام دەدرێت، بە تەنیا سوپاسێکیش رێزی ئەو ماندوو بوونەی من ناگرن، ئاخر ئەگەر من هەوڵیان بۆ نەدەم قابیلە حکومەتی نەمسا لەکوێ ئەو گروپانە دەناسێت ؟!”.
پرسیمان بۆچی زۆربەی داوەت نامەکان لە ماوەی ئەو (4) ساڵەی رابردوودا، تەنیا بۆ گروپی (ژێدار) بووە ؟ لەوەڵامدا (دڵشاد) گوتی : “راستە تا ئێستا (2) جار گروپی موزیکی (ژێدار) داوەت کراوە، بەڵام هۆکارەکەی ئەوە بووە هونەرمەندە موزیکژەنەکان، زیاتر ئامێری ژێدار دەژەنن و شارەزان، لە ئامێرە فودارەکان نەک هەر هونەرمەندی کورد بەڵکو لە هەموو عێراق موزیکژەنەکان زۆر شارەزانین بۆیە من پێم باشبوو زیاتر گروپی ژێدارم داوەت بکەم، بەڵام ئەم ساڵ هاتوومەتەوە بەنیازین گروپێکی باش و رێک بخەین و واخەریکم لەگەڵ چەند مامۆستایەک و چەند هونەرمەندێکی بە ئەزموون دەست نیشانی چەند هونەرمەندێکی بەتوانا بکەین بۆ ئەوەی لە فیستیڤاڵی ئەم ساڵدا، لەوڵاتی نەمسا ئەنجامێکی باش بەدەست بهێنین.
رێکخەری کاروباری حکومەتی نەمسا لە بەشێکی دیکەی ئەو دیمانەیەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بەنیازە نەک هەر لە بواری هونەریی بەڵکو لە بواری دیکەش بانگهێشتی خەڵکی کورد بکات و بۆ ئەوەی سوود وەربگرن لەو خولانەی ساز دەکرێت لە وڵاتی نەمسا، لەم بارەیەوە روونتر گوتی : “لەو گەڕانەوەیەمدا بەنیازم کار لە سەر ئەوە بکەم، خەلکانی دیکەش لە بواری (سەربازی، پزیشکی، کشتوکاڵ) داوەت بکەین و بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونی ئەو وڵاتە و خولەکانی وڵاتی نەمسا وەربگرن، بۆ ئەو مەبەستە من لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی کارم بۆ ئەو باتە کردووە، بەڵام پێوستە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پشتکگیری هەبێت، حکومەت داوا لەو شوێنانە بکات گروپی خۆیان کارمەندی خۆیان دەست نیشان بکەن بۆ ئەوەی ئێمەش کار ئاسانیان بۆ دەکەین بەهەموو شێوەیەک، بەڵام خاڵێکی گرنگ هەیە پێویستە ئاماژەی پێ بکەم، زۆر جار دەبیستم پزیشک یاخوود لە هەر بوارێکی دیکە ناردووە بۆ دەرەوەی وڵات، دوو رۆژ دەچنە خولەکان و پاشان بەجێی دەهێڵن و دەچن بۆ سەیران و گەڕان و سوود لەو خولانە وەرناگرن، لە کوردستانیش ئەو کەسانەیان ناردووە بۆ ئەوەی شتێک فێربن. خەڵکی کورد سوودیان لێ ببینێت، بۆیە داواکارم ئەو کەسانەی دیانێرن کەسی بەتوانا و شارەزابن و ئارەزوویان فێربوون بێت نەک گەڕان و سەردان، بۆیە لەمەو دوا من کۆنترۆڵی ئەو کارە دەکەم و ئەگەر هەر کەسێک هاتە وڵاتی نەمسا و بەشداریی خولەکانی نەکرد، من لەلای خۆمەوە ئاگاداریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەمەوە، کە ئەو کەسانە بەشدارییان نەکردووە بۆ ئەوەی ئاگاداربن، چونکە حکومەتی هەرێم پارە لەو خەڵک خەرج دەکات، بۆ ئەوەی ئەو خەڵکانە فێربن و سوودیان هەبێت بۆ وڵاتی خۆیان، گوناهە ئەو پارەیەی لەو کەسانە خەرج دەکات پارەی میلەتە پێویستە حکومەتی هەرێم ئاگاداربێت، بەداخەوە زۆربەی ناردنی ئەو کەسانە لەسەر بنەمایی برادەرایەتی و خزمایەتیە زۆر جار، بەڵام من پێم ناخۆش نیە با ئەو کارە بکەین، بەڵام نەک تەنها بۆ گەڕان و سەیران بێت بابێن فێری شتێک بن، تەنانەت حکومەتی (نەماسا)ـش جاری وا هەیە گلەیی دەکات دەڵێت خەڵکی کورد زۆربەیان بۆ فێر بوون نایەن بەڵکو زۆربەیان بۆ گەشت و سەیران دێن، تەنانە دکتۆرێک لە بواری سەربازی بۆی گێڕامەوە گوتی چەند پزیشکێک هاتوون یەک دوو رۆژ لێرە بوون پاشان وون بوون زۆر بەدوایان گەڕایان بەڵام یەک دوو رۆژ پێش تەواو بوونی خولەکە هاتنەوە و ئیتر سواری تەیارە دەبن و دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان”.
(دلشاد عوسمان) دەربارەی داوت نەکردنی گروپە شانۆییەکان و تا ئێستا زۆربەی جار گروپە موزیکیەکان داوەت کراوە، لەم بارەیەوە گوتی : “من زۆر بە هونەرمەندە شانۆکارەکانم گوتووە، دەقێکی باش شانۆگەرییەکی جوان بێت بەتایبەتی ئەگەر ئەو دەقانە باس لە نەهامەتیەکانی کورد و بارو دۆخی عێرق بکات و ئامادەی بکەن، بۆمنی بنرێن پێشم راگەیاندوون بەڵام وەڵامیان نەبووە، ئەگەر نا ئێمە ئامادەیی خۆمان نیشان داوە بۆ داوەت کردنیان ، بەڵام پێم وایە ئەوان خۆیان کەمتەرخەم بوون، ئەگینا فیستیڤاڵی شانۆیی زۆر باش هەیە لە (نەمسا)”.
دەربارەی هەندێک هونەرمەندی موزیکژەن لە کاتی سەردانی کردینان بۆ وڵاتی (نەماسا) نەهاتوونەتەوە بۆ کوردستان، (دڵشاد مستەفا) گوتی : “پێوستە هەر کەسێک کە دێتە دەرەوەی وڵات کەفالەیتان لێوەربگرن، بە شێوەیەکی یاسایی حکومەتی هەرێم رەوانەی دەرەوەیان بکات، بەداخەوە چەند هونەرمەندێک کە هاتن بۆ (نەمسا) نەگەڕانەوە بۆ کوردستان و روویان لە وڵاتانی ئەوروپا کرد، یەکێک لەو هونەرمەندانەی کە نەهاتەوە (موکریان) بوو، کە ئێستاکەش لە گەڵ من پەیوەندی هەیە، پێم گوتووە بگەڕێوە بەڵام ئەو پێم دەڵێ لەکوردستان فەرمانی گرتنم بۆ دەرکراوە، بەڵام کە هامەوە بۆ کوردستان ئەم جارە پرسیارم کردووە، سەیر دەکەم شتی نەبووە و فەرمانی گرتنی بۆ دەرنەکراوە، هەرچەند من ئەگەر بیکەمە شێوەیەکی یاسایی ئەتوانم بیهێنمەوە بۆ کوردستان، بۆیە هیوادارم ئەوانەی دێنە هەندەران بگەڕێنەوە بۆ کوردستان و بیر لەوە نەکەنەوە لەو رێگەیەوە بێنە دەرەوەی وڵات”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا
Abdulgafar1981@yahoo.com