دڵشادی عومه‌ر كاكی یهكیَك له شاعیر كهمنووسهكانه و ماوه‌ی پتر له 28 ساڵه، دهنووسیَت و ماوه‌ی چه‌ند ساڵیَكیش دهبیَت چووه‌ته تاراوگه و هه‌رده‌م به بیَدهنگی له نیَوهندی فه‌رهه‌نگیی كورددا دهخویَنیَتهوه و دهنووسیَ، ئه‌مه‌ش تا ئاستیَك بووه‌ته به‌ربه‌ست له به‌رده‌م ناسرانیدا. له‌م دیمانه كورته‌دا، له باره‌ی كۆمهڵیَك پرس، كه وه‌ك پرسیار خراونه‌ته به‌رده‌میه‌وه و پیَوهندییان به فه‌نتازیا و كۆمهڵیَك رِهههندی تری ده‌قه‌وه هه‌یه، رِوانینهكانی خۆی خستوونه‌ته رِوو:
پرسیار: ئه‌وه بۆچی هه‌ر ژانریَك به شیَوهیهكی ئهقلاَنی تیَكهڵ به شیعر ببیَت، سهرنجكیَشتر دهبیَت؟ ئه‌و سیحره له كویَوه دیَت، كه دهرِژیَته نیَو شیعره‌وه؟ شیعر بیَجگه له جوانی و چیَژ، گه‌ره‌كه چیی دیكه‌یش له خۆیدا ههڵبگریَت، تا شویَنپیَیهك له سه‌ر خاكی زمان و هزر و خه‌یاڵمان به جیَ بهیَڵیَت؟
دڵشادی عومه‌ر كاكی: شاعیر هه‌ن، كه هه‌ر ژانریَك، هه‌ر رِهگهزیَك دهرِژیَننه نیَو ده‌ماره‌كانی شیعره‌وه، سه‌رنجی خویَنهران بۆ لای ده‌قه‌كانیان رِادهكیَشن و زه‌ینی فراوان ده‌كه‌ن. سهرنجرِاكیَشانهكه لهویَدایه كه چۆن به رِهگهزی (بابه‌ت) ئه‌فراندن دهكریَ له جه‌سته‌ی شیعردا، ده‌نا به تهنیَ نووسینه‌وه‌ی وشیاریی، ئه‌گه‌ر ژیری و كامڵكردنهوه و ماكـیاجكردنی ده‌قیك بیَت، نه‌ك هه‌ر ده‌ق سه‌رنجمان رِاناكیَشیَت، به‌ڵكو خویَنهر پهراویَز ده‌كات. شیعر ئه‌و بۆ شاییهیه، كه جیَگهی هه‌موو شتیَكی تیَدا دهبیَتهوه و وه‌ك تۆ دهڵیَی جگه له جوانی و چیژ، منیش دهڵیَم: چونكه شیعر هونه‌ره، هونه‌ری قسه‌كردنه، هونه‌ری زمانه، نووسینه‌وه و ویَناكردنی زمانه؛ كام زمان؟ ئه‌و زمانه‌ی دیـمه‌ن ده‌خاته نیَو زیهن و دیدی (نابینا‌كان)ه‌وه، زمانیَكه كه‌وتووه‌ته پشت زمانمانه‌وه، قووڵتر، دوورتر له جه‌سته، ئیدی ئه‌وه سیحری شیعره، وه‌ك كچهماسی له خهونهكانماندایه، ئه‌وه بۆنی عه‌تری شیعره له هیچ عهتریَكی دی ناچیَ و شویَن خۆیمان ده‌خات و نایبینین، وه‌ك كچۆڵه‌ی نیَو كۆلاَنان به‌دوی خۆیمان ده‌خات و له دوورِیانیَكدا لیَمان ون دهبیَت. ئه‌وه‌ی ماوه سه‌باره‌ت به شویَنپیكانی شیعر، مرۆڤ دهكاریَ بینی پیَوه بنیَ وه‌ك ئاو و توینویَتیی خۆی پی بشكیَنیَ، دهتوانیَ وه‌ك شه‌راب خۆی پی كه‌یل و مه‌ست بكات، نه‌ك له پشت شیعره‌وه، تۆش ده‌توانی له پشت ئه‌و په‌یڤانه‌وه سیگار بكیَشی.
پرسیار: شیعر كه نامانگهیهنیَ به هیچ یهقینیَك، هۆكار چییه ئیَمه ئه‌وه‌نده خۆمانی پیَوه قاڵ ده‌كه‌ین؟ هاوكاتیش ئه‌و سه‌رچاوه‌یه له كویَوهیه كه شیعر تیَیدا ههڵدهقوڵیَت؟
دڵشادی عومه‌ر كاكی: ژیانیش نامانگهیهنیَ به هیچ یهقینیَك، كه‌چی نه‌ك خۆمانی پیَوه قاڵ ده‌كه‌ین، به‌ڵكوو هه‌موو ته‌مه‌ن بهرِیَكردنی ئیَمه، بۆ خۆبهقوربانیكردنی ژیانه. بۆ نا، دهشیَ گهمهكردنمان له‌گه‌ڵ شیعر بیَهوودهییی كه‌متر بیَ له ژیان. شیعر درۆیه‌كه جوانتر له ژیان، سه‌رچاوه و زادگه‌ی ههڵقولاَنی شیعر، سه‌رمایه سـاده و ساكار و بیَ تهكلیفهكهی مرۆڤـه. مرۆڤ بۆ هه‌موو هونهریَك پیَویستی به ئامراز و ئامیَریَك هه‌یه بۆ ژه‌نینی ئاوازیَك پیَویستی به قامیشه، بۆ ویَنهیهك به‌رگ و رِهنگی دهویَ، بۆ نمایشیَك دهبیَ سهرِهرِای وتن، جه‌سته‌ی بجوڵیَنیَ، كه‌چی شیعر پرِه له ویَنه، به بیَ به‌رگ و رِهنگ، پرِه له ئاواز، به بیَ تار و شمشاڵ له ژووره‌كه‌ی خۆتدا نمایشت پیَدهكات و ده‌تخاته سه‌ما، ئه‌وه شیعره تۆیت و ئه‌وه تۆیت بوویته سه‌رچاوه‌ی شیعر.
پرسیار: بۆچی كاتیَك شیعری كوردی كهمیَك له سۆز دوور دهكهویَتهوه و په‌نا بۆ هزر ده‌با، یان لهویَدا نیشتهجیَ دهبیَت، خویَنهری كه‌م دهبیَت؟ چما ئه‌وه ته‌نها شیعره جوانه‌كانن ده‌سته‌مۆ نابن؟
دڵشادی عومه‌ر كاكی: من وتم هه‌ركه‌سه به قه‌د توینیَتیی خۆی بین به شیعره‌وه دهنیَ. كه‌س نییه سۆزی مردبیَ، كه‌چی هه‌ن هه‌روه‌ك ئه‌و باڵندانهوان ئه‌گه‌ر سۆزیان لیَ ببرِی، ده‌مرن. ژیان خۆی وه‌هایه، دابه‌شبونی هه‌ر هزر و بیر و ئهندیَشهیهكیش وه‌هایه. ئه‌گه‌ر هه‌موو باڵنده‌یه‌ك ههنجیرخۆر بوایه، هه‌نجیر به داره‌وه نه‌ده‌ما. تۆ ته‌ماشا، له سهردهمانیَكدا (نالی) ئه‌وه‌نده عاشقانه شیعری وتووه، ئه‌گه‌رچی له‌و سات و سه‌رده‌مه‌دا دهشیَ (رِادیۆ)ش نهبووبیَ، كه‌چی شاعیریَكی وه‌ك (نالی)، یان وه‌ك (مه‌حوی)، یانیش وه‌ك (قانع)، پاشانیش (گۆران)، به‌و هه‌موو ناز و مه‌كری شیعره‌وه، به‌و هه‌موو جوانی و هزره‌وه، هه‌بوون و كه‌میش دهخویَنرانهوه، ئهمیَستاكهش سه‌دان خویَندنكاری زانكۆكان، نه من و نه تۆ و نه قانع و نه گۆرانیش ناناسن، كه‌چی لای من و تۆ و سه‌دانی دی هیَشتا سه‌رسامی تاكه دیَریَكی (گوران)ی شاعیرین كه دهڵیَ: (هه‌ی گویَ زه‌لیلی چاوم و به‌ر تۆ پهنابهم، دهنگیَ له یاری دووره‌وه چی بكه‌م له زیل و به‌م).
پرسیار: بۆچی دهبیَت شیعر هه‌ڵگری هیچ رِهههندیَكی دیاریكراو نهبیَت، تا له‌و رِیَگهیهوه بهرهورِووی برِۆین و به نیَو قوولاَیی و شویَنه لاتهریكهكانی شۆرِ ببینه‌وه و پتر له وه‌همه‌كانی نزیك بكه‌وینه‌وه؟
دڵشادی عومه‌ر كاكی: شیعر ئه‌و هونه‌ره سرك و لاسارهیه، كه وه‌ك عه‌تر دوای ده‌كه‌وین و نایبینین، بۆنی باوه‌شمان دهداتیَ و هه‌موو ده‌رگه‌كان به رِووماندا داده‌خات، سه‌رمه‌ستی ته‌نانه‌ت نیگه‌رانیی و كۆست و دڵته‌نگـی و غهمگینهیهكانیشمان ده‌كات، ئیدی ئه‌وه شیعره به هه‌موو لاسارییهكی خۆیه‌وه، وه‌ك سهراب رِهدووی خۆیمان ده‌خات، ئه‌گه‌ر به به‌رائه‌تی منداڵیَكیشهوه شویَنپیَی هه‌ڵگری، له خهرهندیَكهوه ههڵتدهدا، ئاخر دهشیَ هه‌ر بۆ تامی فرِین بۆ خهرهندیَكیش، خۆ به‌رده‌یته‌وه.
پرسیار: چی له‌و واقیعه تاڵه بكه‌ین كه خه‌یاڵ و فه‌نتازیا ناتوانن بیگۆرِن؟
دڵشادی عومه‌ر كاكی: (سوكرات) له نیوان ئه‌و واقیعه تاڵه و مردن‌دا، مه‌رگی هه‌ڵبژارد. مهینۆشیَك دهتوانیَ به پیَكیَ شه‌رابی ئاڵ، واقیع ژیَره و ژوور بكات. پاڵه‌وانه‌كه‌ی (گابریل گارسیا ماركیز) به نوسینه‌وه‌ی نامه‌ی عاشــقانه بازی به‌سه‌ر (تاعون)دا دا و نه‌مرد، به خۆشه‌ویستی له سه‌رده‌می كۆلیَراوه پهرِییهوه. تۆ له پشت پهیڤهكانهوه سیگار دهكیَشی و من به‌م شه‌وه چركه‌ی په‌نجه‌كانم نركه‌ی وهلاَمهكانی تۆ دهنووسیَتهوه، ئه‌مانه هه‌موو فه‌نتازیان، فه‌نتازیاش به پیَچهوانهی ته‌وژمی ئاوه‌وه سه‌وڵی خۆی لیَ ده‌دا.
پرسیار: بۆچی شیعری زۆربه‌ی شاعیرانی كورد ته‌واو واقیعییه، كه له واقیعیش دابرِا، كۆی پیَكهاتهكهی دهبیَته فه‌نتازیی. واتا: هۆكار چییه كه نووسه‌رانی كورد ناتوانن دهقیَكی فه‌نتازیی قووڵ به‌رهه‌م بهیَنن؟
دڵشادی عومه‌ر كاكی: ئیَمه به قه‌د خۆمان، به قه‌د كولتوور و زمانی خۆمان، هیَندهی رِۆشنبیریی گه‌له‌كه‌مان، له نیَو واقیع و له رِهههندهكانی فه‌نتازیاوه دوورونزیك به قه‌د ئه‌و رِووبارانه مه‌له ده‌كه‌ین. به قه‌د وهلاَم پرسیار ده‌كه‌ین، بیریشت نهچیَ با جاریَكی دی نه‌كه‌وینه‌وه نیَو واقیعـه تاڵه‌كه؛ كوا ئیَمه په‌رده‌كانی شه‌رم و شكۆمان لاداوه؟ كوا و كه‌ی ده‌توانین له جه‌سته‌ی له گهچگیراوی خۆمان ده‌رچین، كچه‌كانمان نا، كوا كورِهكانمان دهویَرن باسی (سیكس) بكه‌ن؟ ئه‌دی هه‌ر دهبیَ به شه‌رمه‌وه وه‌ك (وه‌لی دیَوانه) شیعر بنووسین… ئه‌وه‌تا (قوبادی جه‌لیزاده) دهیهویَ شیعریَ بنوسیَ، كه هه‌م رِهنگ و هه‌م تام و هه‌م بۆنی ههبیَ، نه‌ك خواجهكانی تاریكی، به‌ڵكوو مرۆی نیَو واقیعه‌كه سه‌رزه‌نشتی ده‌كه‌ن، ئه‌وه فه‌نتازیایه. من ده‌بینم گه‌له‌كه‌مان كۆمهڵهخویَندهوار و ته‌نانه‌ت (نوخبه)یش، كه‌م و زۆر شه‌رم ده‌كه‌ن، كه‌چی (نالی) به‌ر له میَژوویهكی دیَرین، به دیَره شیعریَك كه‌یل و سه‌رمه‌ست و موچرِك، باس له ماچ ده‌كات.
پرسیار: ئایا كورد شاعیر و رِۆماننووس و چیرۆكنووسی وه‌های هه‌ن، كه توانیبیان به‌رپرسیارانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ فه‌نتازیادا بكه‌ن؟
دڵشادی عومه‌ر كاكی: من نامهویَ ناوی شاعیر و چیرۆكنووسی كورد رِیزكهم، بهلاَم جۆریَك له بیَ دادیی هه‌یه، بۆ باسكردن و ناساندنی نوسه‌رانی كورد، به گشتی ئه‌وانه‌ی له به‌رهه‌مه‌كانیاندا فه‌نتازیایان كردووه، هۆی یه‌كه‌می ئه‌مه ده‌به‌مه‌وه بۆ هه‌ژاریی (رِهخنه). هه‌ر ره‌خنه دهتوانیَ برِیار بدات، ئه‌ی ئه‌وه نییه وتوویَژی من و تۆ جۆریَكه له ره‌خنه.
پرسیار: خویَنهریَكی ئاسایی چۆن دهتوانیَت ده‌قی فه‌نتازی و ده‌قی واقیعیی رِووت له یه‌كتری جیا بكاته‌وه؟ ئه‌ی نووسه‌ران؟
دڵشادی عومه‌ر كاكی: هه‌موو خویَنهریَك به قه‌د خۆی، به قه‌د هه‌سته‌كانی خۆی، دوور و نزیك دهكهویَتهوه له تیَگهیشتن. نووسه‌ری چاك و به‌هره‌مه‌ند دهتوانیَ شتیَك بخاته به‌رده‌م خویَنهر، كه سه‌راسیمای بكات، ههندیَ له نووسه‌رانیش به قه‌د خویَنهریَكی ئاسایی رِۆشنبیر نین. شاعیرمان هه‌یه زۆر ناوی رِۆشتووه، زۆر قه‌باره‌ی گه‌وره كراوه له به‌رده‌م خویَنهراندا، كه‌چی به قه‌د خویَنهریَكی ساده رِۆشنبیر نییه و وه‌ك گۆزهگهریَك چۆن گۆزه‌یه‌كی جوان نه‌خش ده‌كات، وه‌ها شیعر دهنوسیَ، به قه‌د میرزایهك، یان ته‌نانه‌ت موختاریَكیش رِۆشنبیر نییه.
پرسیار: فه‌نتازیا له واقیعه‌وه سه‌رچاوه دهگریَت، بهلاَم كاتیَك سه‌رنج له نووسینه ئه‌ده‌بییه كوردییه‌كان ده‌ده‌ین، ده‌بینین ته‌نیا واقیع، یان خه‌یاڵ ئاماده‌ییی هه‌یه. بۆچی نووسه‌رانی كورد ناتوانن به وردی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌ر رِهههندیَكی ده‌قدا بكه‌ن؟
دڵشادی عومه‌ر كاكی: من ته‌نیا ئه‌وه‌نده دهڵیَم، دوور له پیاهه‌ڵدان و سازشكردن، كه من و تۆ ته‌نیا له رِیَگای (ئهنتهرنیَتهوه) یه‌كدی ده‌ناسین، پیَشتریش به بیَ ناسینی تۆ به‌نده سه‌رسامیی خۆی دهربرِیوه بۆ كاره فهنتازیهكانت له به‌رهه‌مه شیعریهكانت و هیوادارم تۆ و چه‌ندانی تری وه‌ك تۆ، بتوانن وه‌ها مامه‌ڵه بكه‌ن. ئیَمه نه‌وه‌یه‌ك بووین كاتیَ شیعرمان ده‌نووسی، نه‌وه‌ی به‌ر له خۆمان هیچ نازیَكیان نهدهكیَشاین، من بۆ خۆم بیَ وه‌فا نیم، مامۆستای گه‌وره‌ی چیرۆكنووس (حسه‌ین عارف) له نووسیَنیَكیدا نازی شیعریَكی منی كیَشاوه، ئه‌م قسانه‌م بۆیه كردن، تا بڵیَم ئیَوه ده‌توانن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رِهههندیَكی ده‌قدا بكه‌ن، كه‌سانی دیكه‌ش بهرِیَوهن.
پرسیار: بۆچی زۆربه‌ی نووسه‌رانی كورد پیَیان وایه كاتیَ كه ته‌نیا و گۆشه‌گیر ده‌بن، خه‌یاڵیان فراوانتر دهبیَت، ته‌نانه‌ت زۆریَكیان ئه‌گه‌ر له نیَو ته‌نیایی و بیَدهنگییهكی گه‌وره‌دا نهبیَت، توانا و حه‌وسه‌ڵه‌ی خویَندنهوهشیان نییه؟
دڵشادی عومه‌ر كاكی: ته‌نیا نوسه‌رانی كورد نا، به‌ڵكوو ئه‌و خه‌ڵوه‌ته‌ی تۆ باسی ده‌كه‌ی، غه‌می هه‌موو نووسه‌رانی دنیایه. دنیا، چ بۆ نووسین و چ بۆ خویَندنهوه، خهراباتیَكی گه‌وره‌یه. مرۆ بیَدهنگیی دهویَ، تۆ دهڵیَی گۆشه‌گیری، واته گۆشه‌ی بیَدهنگی، كه ئیتر دیواره‌كان به‌رده‌ممان ده‌گرن، لهویَ ده‌نگ دروست دهبیَ، لهویَ كه ئیدی له گۆشه‌كاندا ئه‌وق ده‌بین و دیَینه ده‌نگ.