مەسعودی مەلا ھەمزە : ھونەرمەند (دڵزار ڕزگار) پێی ڕاگەیاندین “لەم ڕۆژانەی داھاتوو یەکەم کاری ھونەری خۆم بە ناوی (بڵێن بە یارم) بە شێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاودەکەمەوە. شایانەی باسکردنە ئەم گۆرانیە تێکستی فۆلکلۆرە و ئاوازی ھونەرمەند (گۆران ساڵح)ە، (نیھاد سابیر) کاری میوزیکی بۆ ئەنجام داوە و (ڕێناس کورداخ) لە ستۆدیۆ سینیۆ کاری دەنگی بۆ ئەنجام داوە. ئەم گۆرانیەی لە وڵاتی ئیتاڵیا کلیپ کراوە و دەرھێنەری بەناوبانگ ئەندریا لانگواسکۆ کاری دەرھێنانی بۆ کردووە و ئیۆگینی ڕیپیپی کاری وێنەگرتنی بۆ کردووە.
لێرەدا بە پێویستم دەزانم زۆر سوپاسی برای ئازیزم (سامی سەباح) بکەم کەوا بەڕێوبەری بەرھەمەکمە و زۆر یارمەتی داوم لە بەرھەم ھێنانی ئەم گۆرانیە.
ھیوادارم ئەم بەرھەمە بە دڵی ئێوەی ئازیز و خۆشەویست بێت، لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستیم بۆ ھەموو لایەک”.
شایانی باسکردنە (دڵزار ڕزگار) خاوەنی ڕێکخراوی (ئێمە کوردین) لە ئیتاڵیا، کە تاکە ڕێکخراوە لە ئیتاڵیا کاردەکا بۆ زیاتر ناساندنی کلتور و فەرھەنگی کورد بە خەڵکی ئیتاڵی. دڵزار کەسێکی زۆر شارەزایە لە بواری گۆرانی وتن بە زمانی ئیتاڵی، بەم بۆنەیەشەوە چەند کۆمپانیایەکی ئیتاڵی ئامادەی خۆیان پیشانداوە بۆ دروستکردنی ئەلبوم بە زمانی ئیتاڵی بۆ دڵزار. بەڵام دڵزار وەک وەفایەک بۆ خاکەکەی خۆی بە گۆرانیەکی کوردی دەستی بە کاری ھونەری کردووە، وا بڕیارە دوای ئەم بەرھەمە گۆرانی بە زمانی ئیتاڵی بڵێت.