چاوپێکەوتن: توانا تەھا
لە وەڵامی چەند پرسیارێکی ھەفتەنامەی زاری کرمانجیدا نووسەرو چاودێری سیاسیی- دڵزار حەسەن، لەبارەی باروو دۆخی ئێستای عێراق و ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کە “ئەگەر بێت و خەڵکی کوردستان ھاوشانی شارەکانی دیکەی عێراق خۆپیشاندانیان بکردایە ئێستا چارەنووسی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەشێوەیەکی دیکە دەبوو”. ئەم چاودێرە سیاسییە ئەوەش دەڵێت “پەیامی سیاسیی جیاوازی ھەیە
لەگەڵ پەیامی شەقام، ئەگەر لەیەکەم ساتی بارگرژی نێوان ھەرێم و بەغدا خەڵک ھاتبایە سەرشەقامەکان و خۆپیشاندانی یەک ملیۆنیان بکردایە ئەرکی سەرۆکی ھەرێمیش سوکتر دەبوو، بەڵام ئێستا خەڵکی کوردستان ئەمەیان نەکردووە کە واپێویستە بیکات”.
* ئەگەر سەرەتا باس لەرەوشی عێراق و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکەیت، ئایا لەچ رەوشێکدان؟
– دیارە ئەم بارگرژییەی لەنێوان ھەرێم و بەغداد دروست بووە پەیوەندی بە کۆمەڵێک چەمکەوە ھەیە، کە یەکێک لەمانە مەسەلەی دەستورە، کە سەرکردایەتی سیاسیی ھەرێمی کوردستان، پێیوایە لەبەغدا لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە دەستوور پێشێڵدەکرێت، مەسەلەی دەستووریش راستەوخۆ دەمان بەستێتەوە بەپرسی نەتەوەیمانەوە، ھەروەھا دەمان بەستێتەوە بە پرسی ئابووری و نەوت و گازو بودجەو بوونی کورد لە بەغداد، ئەم پێشێلکردنەی دەستوور ھەموو ئەمانە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، دیارە بارگرژییەکە رۆژ بەرۆژ ئاڵۆزتر ببێ، گەیشتە ئەوەی کە مەسەلەی سەربازی و لەشکرکێشی و مەسەلەی دروستکردنی ئۆپەراسیۆنی دیجلەی لێبکەوێتەوە، ھەروەھا ھەرێمی کوردستانیش ھێزەکانی پێشمەرگەی رەوانەی ئەم شوێنانەکرد، ئەم کێشانەی باسمان کرد پەیوەستە بە کۆمەڵێک ھەل و مەرجی تایبەتەوە کە یەکێک لەوانە دەستوورە، دوای ئەمەش مەسەلەی دەست تێوەردانی ھەرێمی، رۆڵی خۆی دەبینێت لەوەی کە ئێران، تاچەند رۆڵی خۆی بینیوە لە ھاندانی لایەنێک لە لایەنەکانی عێراق، کە بارگرژییەکە زیاتر بڕوات یان بەرژەوەندی تورکیا لەوەدایە کە لایەنگری سوننە بکات و شیعەکان فەرامۆش بکا، ئەمانە کەباسمان کردن کۆمەڵێک گیروگرفتن بەستراونەتەوە بەیەکەوە، بەڵام ئەوەی کە پەیوەندی بەنێوان بەغداو ھەرێمەوە بێت، بەڕاستی لە حالی حازردا کێشەکان خەریکە ساردببێتەوە، بەڵام گفتوگۆی لەگەڵ یەکترو لێک تێگەیشتن و گەیشتن بە رێگە چارەو لێک نزیک بوونەوە لە نیوانیاندا وەک پێویست نییە، بەڵام ساردبوونەوەیەک ھەیە. بیگومان ئەو بارگرژییەی کە لەپێشتردا ھەبوو ئێستا کەمتر بووە، بەڵام چارەسەرەکان تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە، چونکە بێجگە لە ئێمەی کورد عەرەبی سونەش پێچەوانەی بڕیارەکانی مالیکی بیردەکەنەوە، دەبینین ئیستا ھەستاون و دژی بۆچوونەکانی نوری مالیکی خۆبیشاندان دەکەن و ھەڵوێستەکانیشیان دژی ئەون، یان لەچەند رۆژی رابردوو تەیاری سەدروو کوتلەی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نیشتیمانی عیراقی بۆتە شەڕیان. کەواتە بارگرژی و قەیرانەکان تەنیا پەیوەندی بە ھەرێمی کوردستان و بەغداوە نییە، بەڵکو لەھەموو عێراق ئەم بارگرژییە ھەیە.
* وەکو دیارە ماوەی چەند ھەفتەیەکە خۆپیشاندان لەنێو خودی پێکھاتەکانی عێراق، دەستی پێکردووەو لایەنێکی سەرەکی عێراق کە سونین ھەستاونەتە سەر پێو دژی بۆچوونەکانی نوری مالیکین، ئایا ئەمە چۆن لێک دەدەیتەوەو پێت وایە ئەمە دەرفەتێکە لەبەردەم کورد؟
– یەکێک لە زمانە سەردەمیەکان بۆ نارەزایی دەربڕین خۆپیشاندانە، ئەم جۆرە خۆپیشاندانە جێگەی رێزگرتنە، چونکە ھەوڵێکی مەدەنیانەیەو خەریکە لە وڵاتانی رۆژھەڵات و جیھانی ئیسلامی و عەرەبی ھەتا ھەرێمی کوردستانیش دەبێتە مۆدێل. دیارە عەرەبە سونییەکان لەپشتی ئەم خۆپیشاندانانەن و ئێمەی کوردیش پشتیوانیان دەکەین و بەشێکیش لە شیعەکان لەپشتیەوەن، ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە دەیانەوێت مالیکی، کە ھەموومان دەزانین خەریکە بە کردەوەو ھەڵویستەکانی دەبێتە دیکتاتۆریکی بچووک لە عێراقدا، بۆیە فشارەکان ھەمووی لەسەر مالیکیە ئەم خۆپیشاندانەش پێم وایە ھیوایەکی دەبێت ئەگەر لە ھەموو شارەکانی عێراق خۆپیشاندان کراو دەوامی دامەزراوە حکومیەکان وەستا، ئەوکات راستەوخۆ سەرۆک وەزیران، دووچاری ھەڵوێست دەبێت، ئەوکاتەش فشارەکە زیاتر دەبێت، بۆیە مەسەلەی خۆپیشاندان مەسەلەیەکی زۆر گرنگە ئێستا دەستیان پێکردووە، وای بۆدەچم ئەگەر بەردەوام بێت لە ھەموو شارەکان بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، ئیدی سەرۆک وەزیران خۆی دەست لە کار دەکێشێتەوە. لەبەر ئەوە پەیامی سیاسیی جیاوازی ھەیە لەگەڵ پەیامی شەقام، بۆیە دەبێت ئێمە جارێکی دیکە کار لەسەر شەقام بکەین و کە خەڵک بێتە سەر شەقام، بۆنموونە ئەوەی سەرۆکی ھەرێم دژ بە مالیکی رایگەیاندووە، ئەگەر ئەو پەیامانە دواجار ورد بکرابوونایەو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان یەک ھەڵوێست لەگەڵ سەرۆکی ھەرێم ھاتبوونایە سەر شەقام، ئەو کاتە چارەنووسی مالیکی شتێکی دیکە دەبوو. چونکە ئەو کاتە دەنکی سەرۆکی ھەرێم دەبوو بە دەنگ و داخوازی تەواوی خەڵکی کوردستان.
* واتا ئەم خۆپیشاندانەی لە عێراق لە ئارادایە ئێستا لەبەرژەوەندی ھەرێم دایە بۆ گەیشتن بەچارەسەری دۆخەکە؟
– بەڵێ ئەمە لەبەرژەوەندی ئێمە دایە، بەڵام تا ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی پاڵپشتی خۆمان رانەگەیاندووە، حەق وایە ھەمان ھەڵوێستمان ھەبێت، چونکە ئەم خۆپیشاندانانە وەکو باسم کرد کاریگەری خۆی ھەیە، دەکرێت لە ھەرێمی کوردستانیش خۆپیشاندانی یەک ملیۆنی بکرێت، ئێمە دەبینین کاتێک لە وڵاتان خۆپیشاندانی یەک ملیۆنی دەکرێت پێشھاتە سیاسیەکان بە ئاڕاستەیەکی تردا دەڕۆن، ئێمە بۆ ئەوەی ئەرکی قورس لەسەر شانی سەرۆکی ھەرێمیش لاببەین من بەردەوام وام وتووە، ھەندێک شت ھەیە ناکرێت ئێمە بیگەڕێنینەوە سەر سەرۆکی ھەرێم یان سەرۆکی حکومەت یان سەرۆکی پەرلەمان، دەبێ خەڵک ئەم ئەرکە ببینێت کە لە ئەنجامدا ئەرکی خەڵکە، پەیامی سیاسیی سەرۆکی ھەرێم رەنگە رەوشی بارگرژییەکە زیاتر بکات و پەرچەکردارو لێدوان و ھەڵوێستی دژ بەیەکیشی لێ دروست دەبێ، بەڵام ئەگەر خۆپیشاندان بکرێت، بێگومان ھەڵوێستەکان جیاواز دەبێت و دەسکەوتی باشیشی دەبێت، لەبەر ئەوە گرنگە خۆپیشاندان لە ھەموو شارەکانی کوردستان و عێراقیش بکرێت، کە کارێکە لە ئێستا لە بەرژەوەندی ئێمەدایە.
* چەند رۆژێک لەمەوبەر لە پارێزگای ئەنبار خۆپیشاندەران داوای سەرۆکی ھەرێمیان دەکرد بۆ نێو خۆپیشاندانەکان، ئایا ئەمە چۆن لێک دەدەیتەوە؟
– پێویست ناکات سەرۆکی ھەرێم بچێتە نێو خۆپیشاندانەکانی ئەنبار، دەکرێت لە ھەرێمی کوردستان، خۆپیشاندان بکرێت، ئێستا ئێمە بازنەی کارکردنمان جیاوازە، راستە لەبازنەیەکی گشتی سیاسی و دەستووریدا ئیمە بە عێراق دەبەستێتەوە، بەڵام لەئەنجامدا داخوازییەکانی ئێمە لەگەڵ داخوازییەکانی خەڵکی ئەنبار جیاوازن، مەسەلەی لابردنی مالیکی ھەردووکمان یەک داخوازیمان ھەیە، بەڵام ئەجێندای سوننە جیاوازە لەگەڵ ئەجێندای کورد، مەبەست و داخوازی ئێمە لەگەڵ داخوزای رەوتی سەدر و عەلاوی و ھتد….. زۆر جیاوازە، ئێمە نابێت ئەوانە لەیاد بکەین، مەسەلەی ماددەی ١٤٠ مەسەلەی دەستوور، کێشە نەتەوەییەکانمان لەگەڵ بەغداد مەسەلەی بودجەو نەوت، ئەمانە کۆمەڵێک کێشەن رەنگە لەحاڵەتێکدا ھەموو عەرەبەکان و لایەنە جیاوازەکانی عێراق، لەم مەسەلەیە دژمان بن، بۆیە ناکرێت ئێمە لەگەڵ ئەوان ھوتافەکە لێبدەین، بەڵام بۆ مەسەلەی لابردنی مالیکی خستنی مالیکی دەکرێت یەک دەنگبین، لەبەر ئەوە زەروور نییە سەرۆکی ھەرێم بچێتە نێو خۆپیشاندانەکانی ئەنبارەوە، بەڵکو زەرورە لە ھەرێمی کوردستان خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری بکرێت.
* واتە بەڕێزتان داوا دەکەن لە ھەرێمی کوردستان، بۆ پاڵپشتی لە لێدوانەکانی سەرۆکی ھەرێم خۆپیشاندانی سەرتاسەری ئەنجامبدرێت؟
– تا ئێستا خەڵکی کوردستان نەی توانیوە ئەرکی سەرۆکی ھەرێم کەمبکاتەوە، ئەگەر ئێمە لەسەرەتای لێدوانەکانی سەرۆکی ھەرێم دژ بە مالیکی یەک خۆپیشاندانی یەک ملیۆنیمان بکردایە ھەڵوێستێکی کرداریمان دەربڕیبایە، نەک بە پێچەوانەوە ھەموو رۆژێک لە میدیاکانەوە لێدوانی دژ بەیەکیان بدایە، سەرۆکی ھەرێم و سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەڵکو پێچەوانەوە دەکرا ئێمە ئەم ئەرکە سووکتربکەین رۆڵی شەقام پتەوتربکەین، بۆیە ئێستا داوادەکەم لەبەیانی را خۆپیشاندانی یەک ملیۆنی بکرێت، ئەمە ئەمە ھەم پشتقایمیە بۆ مەسەلەی داخوازییەکانمان ھەم ھێزێکە بۆ نیشاندانی شەقام و خەڵکە کە جیاوازترە لە لێدوانێکی سیاسیی، رەنگە ئێستا توانجمان لێبدەن بڵێن تا ئێستا روون نەبۆتەوە کە ھەموو ھەرێمی کوردستان دژ بەمالیکیە، ئەو مافانەی کە داوا دەکرێن ماف و داخوازی خەڵکە، ئەمە دەبێت بیسەڵمێنین بەوەی کە ھەموو خەڵکی کوردستان برژێتە سەر شەقامەکان و پاڵپشتی خۆی بۆ سەرۆکی ھەرێم دەربڕێت. لەھەموو دنیادا وابوو خۆپیشاندانی گەورە توانیویەتی گۆڕانکاری زۆر گەورە دروست بکات، دەستکەوتی مەزن بۆ خەڵک بەدی بھێنێت، لەبەر ئەوەی دەکرێت لە کوردستان خۆپیشاندانێکی یەک ملیۆنی بەڕێوەبچێت و دەنگدانەوەی گەورەی دەبێت لەوەی ناوەندێکی سیاسیی لێدوانێک دەدات رەنگە نەگاتە ئەو ئاستەی کە ھەموو خەڵک دەڕژێتە سەر شەقامەکان و داوای مافی خۆیان دەکەن.
* بۆچوونێک ھەیە لەسەر ئەوەی کە پەیوەندیەکانی نێوان ھەرێم و تورکیا وای کردووە لایەنە سیاسیەکانی عێراق، دڵگران بکات کە پەیوەندییەکانی بەھێزن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەکاتێکدا عێراق وەکو ھەرێم پەیوەندی بەھێزی لەگەڵ تورکیا نییە، بۆ ئەمە چیدەڵێیت؟
– من پێم وایە گەورەترین سوود کە سەرکردایەتی سیاسیی کورد بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستانی کردبێت، لەم ماوەیەدا ئەم پەیوەندییە ئابوورییە بووە کە لەگەڵ تورکیا ھەی بووە، ئێمە دەبێت ئەوە لەیاد نەکەین مەسەلەی ئابووری مەسەلەیەکی زۆر گرنگە، بنەما گرنگەکانی ژێرخانی ئابووری بۆ دەوڵەت یەکێکە لە ئامانجە جەوھەرییەکانی خۆ پێگەیاندن و لەسەر پێ وەستان، ئەم دەرفەتە بووە کە کورد توانیویەتی زۆر عاقڵانە مامەڵەی لەگەڵ بکات، ھەرچەندە قسەمان ھەیە لەسەر جۆری گرێبەستەکان و کۆمەڵێک پرسی دیکە، بەڵام لەرووی فەزا گشتیەکەیەوە ئێمە قازانجێکی زۆر گەورەمان کردووە، بۆیە سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەم دەروازە گەورەیەو پەیوەندییە فراوانانەی ھەرێمی کوردستان و ئەنکەرە زۆر نیگەرانە، بەوەی کە ھەرێمی کوردستان ئابوورییەکی سەربەخۆی دەبێت و ژێرخانی ئابووری سەر بەخۆی دەبێ، ئەوا راستەوخۆ نزیک دەبێتەوە لە دەوڵەت لەمەسەلەی خۆ بەڕێوەبردن، ئەمانە کۆمەڵێک کێشەبوونە لە رووی ئیدارییەوە ھەرێمی کوردستان لە رابردوودا لێی بێ بەش ببوو، لەبەر ئەوە مالیکی و ئەوانەی وەک ئەو بیردەکەنەوە، کاتێک دەبینن پەیوەندیەکی ئابووری بە ھیزو سەربەخۆ لە ھەرێمی کوردستان ھەیە. دونیایەک کۆمپانیا لەم ھەرێمەی ئێمە کار دەکا، پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە خۆشە، کە ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە، بۆیە نیگەرانن بەم پێشکەوتنە. لەگەڵ ئەوەشدا ھەڵوێست و کردەوەکانی تورکیا لەبەرامبەر ھەرێمی کوردستان زۆر حەکیمانەو عاقڵانە بووە. راستە ئەوان حیساب بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەکەن، بەڵام ئێمەش بارتەقای ئەوان بەرژەوەندیمان لەم نێوانە دەستەبەر دەبێت.
* بەرای بەڕێزتان ئەم دۆخەی ئێستا ھاتۆتە ئاراوە مەسەلەی ھاتنی سوپای دیجلەو ناردنی ھێزی پێشمەرگە، ئایا ئەگەر ھاتوو کێشەکانیش چارەسەر کران واباشە ھێزی پێشمەرگە بکشێتەوە یاخود بمێنێتەوە؟
– ھێزی پێشمەرگە ھەڵوێستێکی باشی نواند، چونکە دواجار ئەم قۆناغەشمان تێپەڕاند کە ھەندێک لایەن پێیان وابوو ھێزی پێشمەرگە ھێزێکی میلشیایە، دەبێت سەرکردایەتی کوردستان و خەڵکی کوردستان ئەم راستیە بزانێت، کە وەزارەتی پێشمەرگەو حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەلماندیان بۆ ئەو خەڵکەی چ لەناوخۆ و چ لەدەرەوە پێیان وابووە ھێزی پێشمەرگە ھێزێکی میلشیایە ئەو شوناسەیان گۆڕی، جارێکی دیکە شوناسی پێشمەرگەمان داوە بە پێشمەرگە، ئەمە لەلایەک مەسەلەی چوونی پێشمەرگەش زۆر باش بوو، مەسەلەی ھاتنەوەش پەیوەندی بەمانەوەی دۆخەکەوە ھەیە، رەنگە نەتوانین ئێستا قسەی لەسەر بکەین، بەڵام تا مەترسی مالیکی و ھێزی دیجلە مابێت، دەکرێت ھێزی پێشمەرگە لە ئامادەباشی دابێت، چونکە ئەمە وڵاتی قەزاو قەدەرە، وڵاتێکە میلشیایی زۆر تێدایە تەیاری ناحەز بە کوردی زۆرتێدایە دەبێت ھێزی پێشمەرگەو سەرکردایەتی سیاسیی و وەزارەتی پێشمەرگەو ناوخۆ و خەڵک وریابن لەھەر ھەوڵێکی تێکدەرانەو ناحەزانە دژ بەگەلی کورد.
* ئایا پێتان وایە بارودۆخی عێراق بەو ئاستە گەیشتبێت، کە لایەنەکان ھەرێمی سەر بەخۆیان ھەبێت، بۆنموونە کورد ھەرێمی سەربەخۆی ھەبێت و سوننەو شیعەش ھەرێمی سەربەخۆیان ھەبێ؟ بەرای بەرێزتان ئەمە نزیکە؟
– من لەسەر ئەوە پێشتر بۆچوونم ھەبووە چۆن بایدنیش ھەمان بۆچوونی ھەبووە، ئەو وڵاتانەی کە کێشەی تایفی و مەزھەبیان ھەیە لەپێشتریشدا حکومەتێکی ستەمکارو دیکتاتۆر حوکمی کردوون، ھەروەھا نەتەوەکانیش بەزۆر لێکێندراوە بەیەک، ئەمانە دواجار دەبێت جیاواز بنەوەو وەک ئەسلی خۆیانیان لیبێتەوە، بەڵام بە سیستەمێکی جیاوازتر لەوەی پێشووتر، مەسەلەی سێ پارچەیی عێراق یان چوار پارچەیی عێراق، ئیستا کاری بۆ دەکرێت، ئەمریکا کاری بۆ دەکا. بێدەنگی ئەمریکا لەو قۆناغدا بەئاشکرا ئەوەی لیدەخوێندرێتەوە کە دابەش بوونی بەلاوە پەسەند بێت. ئەگەر ئێمە تەماشا بکەین لەو قەیرانانەی لەم یەک دووساڵەی دوایدا دروست بوون لە ئەمریکا بێدەنگتر نەبووە، لە عێراق کەمترین لێدوانی داوە، کەمترین تەداخولاتی کردووە ئەمە پەیوەندی بەوەوە ھەیە دەیەوێ ئەم کێشانە بەسروشتی گەشە بکەن بۆ خاتری ئەوەی بە سروشتی خۆی واقیعی لیک ترازان لە عێراق دروست بێت، بۆ ئەوەی بە رەزامەندی ھەموو لایەک لەیەکتر جیاببنەوە، نەک ئەمریکا پڕۆژەیەک فەرزبکا بەسەر عێراق و بیکا بەسێ پارچە، دەیەوێ واقیعێک دروست ببێت لە عێراق، واتا ناوچەی سوننە، ناوچەی شیعە، ناوچەی کوردەکان، بۆ ئەوەی ھەرسێ لایەن لەرێگەی پەرلەمان و دانیشتن گفتوگۆو لێک تێگەیشتن و بەرژەوەندی ھاوبەش و رەزامەندی ھەموو لایەک عێراق جیا بکەنەوە، تا ئێستا سیاسەتی نێودەوڵەتی ھەم ئەمریکا ھەم ئیسرائیل، ھەم بەریتانیا، ھەم وڵاتانی عەرەبی بە تایبەتی تەرەفی سوننەو تەرەفی شیعە، سەرکردایەتی سیاسی ھەرێمی کوردستانیش ھەموویان لەسەر ئەم ئامانجە دەرۆن و دەیانەوێت ئەم جیاوازییە بەسروشتی پێبگا، بۆیە سێ پارچە بوونی عێراق، واقیعیکە و زۆر نزیکە، چونکە زۆری بڕیوەو کەمی ماوە ئەمە واقیعەتێکە دەبێت رووبدات.