دیمانە و فۆتۆ: زانا دڵشاد دزەیی
ئەگەر بەردەوام بم ئەڵمانیا بە کوردستان دەگۆڕمەوە
دڵبەر جزیری، کچە باڵابەرزێکی دەنگخۆشە و خاوەن دوو کلیپی بڵاوکراوەیە، لەسەر داوەتی ڤین تیڤی بۆ یەکەمجارە ھاتۆتە باشووری کوردستان و ئێستا لە ھەولێرە، ساڵی ١٩٩١ لە وڵاتی ئەڵمانیا لەدایکبووە، خوێندنی ئامادەیی تەواوکردووە، ئەمساڵ کۆلێژ دەخوێنی، دایکی زۆری پێخۆشە کچەکەی لە کوردستان ببێتە گۆرانیبێژێکی بەناوبانگ و سەرکەوتوو، ئێستا دڵبەر لەگەڵ ڤین تیڤی گرێبەستی سێ ساڵی کارکردنی ئیمزا کردووە، لەو چاوپێکەوتنەی لەگەڵ (سڤیل) رایگەیاند “ئەگەر ڤین تیڤی نەبوایە نەمدەتوانی وا بەزوویی کوردستانم نەدەبینی، زۆر سوپاسیان دەکەم کە ھاوکاریکردنی منیان قبوڵ کرد بوونە پاڵشتی من، زۆر دڵخۆشم، چونکە دامناوە ئەگەر لەسەر کاری ھونەری بەردەوام بووم ئەوکات بە یەکجاری لە کوردستان دەمێنمەوە”.
ئێستا دڵبەر جزیری وەک کچە گۆرانیبێژێکی تازە ناسراوە، لەسەرەتای چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ (سڤیل) کە لە ماڵی ھونەرمەند “دەشنێ” میوان بوو، گوتی “دەمێک بوو ئارەزووی ئەوەم ھەبوو کاری ھونەری بکەم و گۆرانی بڵێم، ئەوەبوو لە ساڵی ٢٠١٠ ئەلبوومێک و دوو کلیپم بڵاوکردەوە، ئێستاش ھاتوومەتە باشووری کوردستان ڤین تیڤی دوو کلیپیان بۆ کردووم کە ھێشتا بڵاونەکراونەتەوە، ھەروەھا ئەلبوومێکیشم بۆ بەرھەم دێنن، گرێبەستی سێ ساڵم لەگەڵ ڤین کردووە، ئەوەندە سوپاسی ڤین تیڤی دەکەم کە زۆر دڵخۆشیان کردم، چونکە کوردستانیشم لەسەر داخوازی ڤین تیڤی بینی”.
دڵبەر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد لەناو خێزانەکەیان جگە لە خۆی کەسی دیکەیان ھونەرمەند نییە، “بەڵام دایکم زۆر پێی خۆشە لەناو ھونەری کوردی کار دەکەم، ئەو لەمن زیاتر پێی خۆشترە لەسەر گۆرانی گوتن بە کوردی بەردەوام بم و سەرکەوتن بەدەستبێنم، چونکە من لەسەرەتاوە دەمتوانی گۆرانی غەیری کوردی بڵێم، بەڵام کە بیرم کردەوە گوتم نا، دەبێ بە گۆرانی کوردی دەست پێی بکەم، دەزانم ئەگەر بە کوردی گۆرانی بڵێم شیرینتر دەبم”. دڵبەر خۆی دەنگخۆشی خۆی ھەست پێکردووە و دەڵێ سەرەتا کەس نەیگوت دەنگتخۆشە، “بەڵام کە گۆرانیم گوت و گوێیان لە دەنگم بوو، ئینجا ھەمووان گوتیان دەنگت زۆر خۆشە و دەتوانی ببیتە گۆرانیبێژێکی دەنگخۆش، دوای ئەوە دەستم بە گۆرانی گوتن کرد و کلیپم بڵاوکردەوە”. دڵبەر دایناوە لەسەر چەند ستایلێک گۆرانی بڵێ، چونکە ئەو دەڵێ دەبێ ھەموو جیھان بزانن نەتەوەی کوردیش ھەیە و بە ھەموو ستایلەکان گۆرانی دەڵێن و لەگەڵ پێشکەوتنەکانی دنیادان، بەڵام دڵبەر خۆی زیاتر حەز بە ستایلی پۆپ دەکات، دەڵێ “ستایلی گۆرانییەکانم دەبێ مۆدێرن بێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە کەلتوورەکەم لانەدات و کەلتووری موزیکی کوردی بێت”. ھەروەھا وتیشی “ئەوکاتەی یەکەم کلیپم بڵاوبوویەوە کارەکەی من زۆر نوێگەری بوو، خەڵم وای ھەستدەکرد کلیپەکەم گۆرانییەکی ئینگلیزییە، کلیپی دووەمیشم لە ئەوروپا کرد گوتنەکەی کوردییە دیسان ستایلەکەی ئینگلیزیی بوو خەڵک وایزانی گۆرانییەکە ئینگلیزییە”.
جزیری ئاماژە بەوەشدا ئەو دەیەوێت لەرێگەی گۆرانییەکانیەوە کلیپی مۆدێرن و بابەتی دڵداری و کۆمەڵاتیەتی نیشان بدات، بینەر ژیانی رۆژانەی خۆی لەناو ببینێتەوە و ھەست بکات ئەو کلیپە بۆ ئەو کراوە، بەڵام دڵبەر ئەوەی ئاشکرا کرد کە تائێستا دڵداری نەکردووە و بڕواش ناکات تا دوو یان سێ ساڵی دیکە شوو بکات، وەک خۆی دەڵێ “تا سێ ساڵی تر ناتوانم شوو بکەم، شووکردنیش قسمەت و نسیبە، زۆر کچی گۆرانیبێژ ھەن دەڵێن شوو ناکەین لەبەرئەوەی ئشی ھونەری دەکەین، بەڵام بەبڕوای وانییە، زۆر ژنە ھونەرمەندیشم بینیووە شوویان کردووە و منداڵیان ھەیە و لەکارەکانی خۆیان سەرکەوتووش بووینە و ئێستاش بەردەوامن، بەڵام من جارێ منداڵم و لەکاری ھونەریش سەرەتام و پێویستم بەوەیە بناغەیەکی باش و پتەو بۆ کارەکانی داھاتووم دابنێم”.
دڵبەر، باس لەو چەند ھەفتەی یەکەمی خۆی دەکات لەکوردستان، دەڵێ “تا بەچاوی خۆم نەمبینی نەمزانی کوردستان وڵاتێکی ئەوەندە جوان و دڵگیرە، وڵاتێکی سەربەخۆی پێشکەوتووە”. بەڵام دڵبەر بەوە دڵگران بووە گەنجەکانی کوردستان بەشێکی زۆریان جگەرەکێش و بێھێزن و خویان بە سەیارە گرتووە، “پێم سەیر بوو ئەو گەنجانەی کە من بینیوم زۆربەیان جگەرەکێش بوون، کە زیاتر ورد بووم بینیم نا ھەر ئەوانە نین بەڵکو بەشێکی زۆر زۆری گەنجەکان جگەرەکێشن، بەراستی کە ئەوەم بەچاوی خۆم بینی زۆر دڵگران بووم، جگە لەوەش ھەر یەکێک سەیارەیەکی ھەیە و بۆ شوێنێکی زۆر نزیک بە سەیارەکەی نەبێت ناڕوات بۆ شوێنەکە، تەنانەت پیاسەکردنیان بە سەیارەیە، ھیوادارم گەنجەکان واز لە جگەرەکێشان بێنن و خۆیان لە رووداوی ئۆتۆمبێل دووربخەنەوە و وریا بن”.