توانا تەھا- سلێمانی: لەوەڵامی چەند پرسیارێکی ھەفتەنامەی زاری کرمانجیدا، دکتۆر سالار باسیر، سەبارەت بە پەیوەندی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات لە ئێستا دا ئەوە دەخاتە روو کە “بانگەشەی عەدالەت و دیموکراسی بە قسە نابێت. ئۆپۆزیسیۆن بوونیش بەرامبەر بە دەسەڵات، بارودۆخەکێکی خراپی ھێناوەتە پێش، مەبەستم تەنیا لە ئۆپۆزیسیۆنی نێو حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی نێو پەرلەمان نییە، بەڵکو جەماوەریش کە بڕوای بە سیستەمە سیاسیەکە نەماوە”. ئاماژە بەوەشدەکات “ئۆپۆزیسیۆنی نێو پەرلەمان کاریگەرترە وەک لە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی پەرلەمان”.
دکتۆر سالار باسیر- نووسەر. خوێندنی ناوەندی و ئامادەیی لە کوردستان تەواو کردووەو لە ساڵی ١٩٧٦ چۆتە ئەڵمانیا تا وەرگرتنی بڕوانامەی دکتۆرا. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بواری زانستی سیاسی و راگەیاندن لە زانکۆی ماربورگ وەرگرتووە. بڕوانامەی دکتۆرای لەبواری زانستی سیاسی لە زانکۆی ڤوپەرتال وەرگرتووە. تێزی دکتۆراکەی بریتیە لە”سیستەمی سیاسی بەعس لە عێراق”. نووسەر خاوەنی ژمارەیەکی بەرچاو لەنووسین و وەرگێران و لێکۆلینەوەیە بە ھەردوو زمانی کوردی و ئەڵمانی. دکتۆر سالار، خاوەنی چەند گەشتێکی مەیدانی لێکۆلینەوەیە وەک لەسەر تراژیدیای ئەنفال، گەشتێکی لێکۆلینەوە بۆ ئەمریکای لاتین. ئیستە بەپلەی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر مامۆستای زانکۆی سلێمانیە.
* ئەگەر سەرەتا لەوە دەست پێبکەین، لەدوای دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆن، جۆرێک لە ھاتنە نێو جەماوەرو کرانەوەی حزبە فەرمانڕەواکان بینرا، بەڵام ئەوە نەبوو کە لێی چاوەڕوان دەکرا، بەڕای بەرێزتان ئەمە چ فۆڕمێکی وەرگرت؟
– لە پرسیارەکەت گرنگی بوونی ئۆپۆزیسیۆن دەبینرێ، ئەم دەرکەوتنەی ئۆپۆزیسیۆن وایکرد دەسەڵات ترسی لێبنیشێت و باس لە چاکسازی و کرانەوە بکات، بەڵام ئەم دەسەڵاتە لە راستیدا نە توانای کرانەوەی ھەیەو نە دەشتوانێت چاکسازی بکات، چونکە سروشتی سیستەمە سیاسیەکەو حزبە سیاسیەکەی دەسەڵات رێگا بەوە نادات، ئەم سیستەمی سیاسیە فەرمانڕەوایەی ئێستەی ھەرێم بریتیە لە سیستەمێکی ئۆتۆکراسی کە بنەما شەرعیەکەی وەلای تەقلیدیە بۆ حزب و سەرۆک، سیستەمێکی تەقلیدی و دەسەڵاتی بنەماڵە کە لەسەر بنەمای ئەقل و مەنتیق دانەمەزراوە، ھەربۆیە نەیتوانیوەو نەشیویستووە ببێتە سیستەمێکی دامەزراوەیی. جوداکردنەوە لە نێوان شتە شەخسیەکان و گشتیەکان نییە، بەرژەوەندییە حزبی و بنەماڵەییەکان لەسەرو بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانەوەیەو تەنیا لەم دیدەوە سیاسەت و کۆمەڵ دەبینن، ھەربۆیە دووبارە دەنووسم ئەم جۆرە دەسەڵاتە بەم سروشتەیەوە توانای رێفۆرم و خۆ گۆڕینی نییە، چونکە ھەموو گۆڕینێکی لەم جۆرە دەبێتە لەناوبردنی دەسەڵاتەکەی.
* لە کوردستان، حزبەکان مێژوویەکی تاڵ و ناخۆشیان لەگەڵ یەک ھەیە، ئێستاش لێرەو لەوێ یەکتر تۆمەتبار دەکەن، ئایا ئەمە رەنگدانەوە بەسەر کۆمەڵگە جێناھێڵێت؟
– بێگومان ئەم دیاردەیە رەنگدانەوەی خۆی جێھیشتووە، بەڵام ئیستە دوای ساڵانیکی زۆر کۆمەڵگەی کوردی لەو راستیە تێگەیشتووە کە ململانێکانی نێوان ئەو حزبانە، بەتایبەت حزبە فەرمانرەواکان ھی کاتی شاخ و شەڕی نێوخۆش لەسەر بنەمای فکرو ئایدیۆلۆژیا دروست نەبووە، بەڵکو شەڕی بەرژەوەندی کەس و بنەماڵەیەو وڵات و خەڵکی وڵاتەکەش باجەکەی داوە. ئەم دیارەدەیە وەک دەبینین بەسەر ئەم جۆرە حزب و دەسەڵاتەوە خراب شکاوەتەوە، خەڵکی لە راستیەکان تێگەیشتوون، ھەق وایە ھەموو ئەوانەی تۆمەتبارن بە پیادەکردنی ئەم سیاسەتی دوژمن بە مرۆڤە دادگایی بکرێن، بە ھەزاران مرۆڤ لەم پێناوەدا بە کوشتدراوە، بە سەدان بێ سەروشوێن کراوە. کەچی دەبینین ئەوانەی شەری نێوخۆ بە شەھید دانانرێن کەواتە ئەوانە بە پیاو و میلیشیای بنەماڵەکان داندراون.
* دوای ئەوەی حزب ھاتەوە نێو شارو دەستی بە خەباتی مەدەنی کرد، ھەمان کارەکتەرەکان دەوری سەرکیان بینیوەو زۆر جاریش ئەوە دەوترێت کە نەیان توانی لەئاست بەڵێنەکانیان بن کە لەشاخ بەخەڵکی کوردستانیان دابوو؟
– بەشێکی وەڵامی ئەم پرسیارە لە وەڵامی یەکەم پرسیارتانەوە دەدۆزرێتەوە، کاتی خۆی گەل بەھۆی بوونی دڕەندەیەکی وەک بەعس راستی کۆمەڵێک لایەنی چەوتی ئەمانەی نەتوانیوە وەک پێویست لەشاخ ببینێت، ئەوە تەنیا ئەلتەرناتیڤ بووە بۆ ئەو قۆناغە، لەکاتی شۆڕشی شاخدا دەکرێ بە ئارەزووی خۆت پەیمان بدەیت و باجی لەسەر نییە، بەڵام کاتێک ھاتنەوە نێو شارەکان و روبەڕووی ژیانی ئیداری و دەوڵەتی بوونەوە نەیانتوانی ئەو پەیمانانەی دابوویان بە گەلەکەیان جێبەجێی بکەن، تەنانەت چارەکێکی ئەوەشیان نەکرد. گەل لێرەدا روبەڕووی سیستەمێکی گەندەڵ و بنەماڵەو بەرژەوەند پەرست بۆتەوە کە بەتوندی رووبەڕووی ھەر ناڕەزاییەک دەبێتەوە کە ئەم بەھەڕەشە بۆ سەر دەسەڵاتەکی بیبێنێت، کەواتە ئێستەش ھەر بە ئەقڵی شاخ کار دەکرێت و بیر دەکرێتەوە. ھەمان ئەو دەم و چاوانە دەبینرێن، شەرعیەتەکەشیان تەنیا لە شۆڕشەوە وەردەگرن، ئێستە نەوەیەک ھەیە نە ئەمان و نە بەعس ئەناسیت.
* چی وایکرد ئۆپۆزیسیۆن دروستبێت؟ لەکاتێکدا حزبەکان بانگەشەی عەداڵەت و دیموکراسی دەکەن؟
– بانگەشەی عەداڵەت و دیموکراسی بە قسە نابێت، ئۆپۆزیسیۆن بوونیش بەرامبەر بە دەسەڵات، بارودۆخەکە خراپەکە ھێناویەتە پێش، مەبەستم تەنیا لە ئۆپۆزیسیۆنی نێو حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی نێو پەرلەمان نییە، ئەو جەماوەرەش کە بڕوای بە سیستەمە سیاسیەکە نەماوە، بەڵام ئۆپۆزیسیۆنی نێو پەرلەمان بێگومان کاریگەرترە وەک لە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی پەرلەمان، بەڵام ئەگەر ئەم ئۆپۆزیسیۆنەی ئێستە لەئاست بارودۆخەکە نەبێت دوور نییە لەو ھەموو رێکخراوانەی کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوەکانی گروپی فشار و رۆشنبیران و…تاد، ئۆپۆزیسیۆنی تری رێکخراو دروست ببێت، کۆمەڵێکی زۆری تر لە حزب ھەن، بەڵام ئەمانە نزیکەی ھەموویان حزبی سێبەرن، ئەو حزبانەش لەنێو ئەو حکومەتەی نێوی نراوە بە حکومەتی بنەکەفراوان و گوایە بەشدارپێکراون تییدا بێئەوەی کاریگەرییان لەسەر دەسەڵات ھەبێت.
* ئێستە لە کوردستان ئۆپۆزیسیۆن دەسەڵات بە خواردنی مافی ھاوڵاتیان تۆمەتبار دەکات و دەسەڵاتیش ئۆپۆزیسیۆن بە تۆمەتی وروژاندنی شەقام، بەرێزتان چی دەڵێن بۆ ئەمە؟
– ئۆپۆزیسیۆن کە بزوتنەوەی گۆڕان، پشکی سەرەکی بەردەکەوێت لە تۆمەتەکانیدا بەرامبەر بە دەسەڵات راستی زۆری تێدا بەدەی دەکرێن، یەکێک لەو راستیانە گرفتەکانی بودجەیە، من ئەوە بە ئاسایی دەبینم کە ئۆپۆزیسیۆن سەنگەر لەدەسەڵات بگرێ و کۆنتڕۆل و چاودیری بکات و بیەوێ لە ھەڵبژاردنی ئاینەدەدا زۆرترین دەنگ بەدەست بھێنێت بۆ ئەوەی بگاتە دەسەڵات، ئەمە سروشتی سیاسی ئۆپۆزسیۆنە، بەڵام دەسەڵاتی کوردی ئەوەندە بۆشایی داوەتە دەست ئۆپۆزیسیۆن کە دەبینین ئەمیش وەک کارتێکی سیاسی بۆ خۆی بەکاری دەھێنێت، سەبارەت بە وروژاندنی شەقام پرسیارەکە لەوەدایە دەسەڵات دەیەوێ بەم تۆمەتە بەرامبەر بە ئۆپۆزیسیۆن چی بەدەست بھێنێت؟ ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن بتوانێت شەقام بورووژێنێت بۆ ناڕەزایی بەرامبەر بە گەندەڵی ئەوا من ئەوە بەشتیکی باش دەبینم، بەڵام لێرەدا ھەندێک رەخنە روبەڕووی ئۆپۆزیسیۆنەکانی نێو پەرلەمان بوونەتەوە، کە وەک پێویست بەم ئەرک و رۆڵە گرنگە ھەڵنەستاوە، بۆ نموونە لەکاتی گردبونەوەو خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوبات ئۆیۆزسیۆن بەتایبەت گۆڕان کە چاوەڕوانی زۆرتری لێدەکەم تەنیا لە رووی میدیاوە پشتگیری ئەم بزوتنەوەیەی کرد، ئەوە راست نییە، لەگەڵتام و لە گەڵیشتدا نیم، پشتت دەگرم و ناشیگرم، بەقاچێک لەنێو بزوتنەوەکەم و بە قاچێک لەدەرەوەم، دیارە ھەموو حزب و ئۆپۆزیسیۆنێک خاوەن تاکتیک و ستراتیجی خۆیەتی، بەڵام دەشکرێ روبەڕووی باجەکەشی بێتەوە، ئۆپۆزیسیۆن دەبێت وەک ئۆپۆزیسیۆن مامەڵە بکات و گرنگترین کارتی راستەقینەی ئەم ئۆپۆزسیۆنانە شەقامە، ئێستەش دەپرسم ئۆپۆزیسیۆن چی دەوێت، بە ریفۆرم کردن دەیەوێ سیستەمە سیاسیەکە چاک بکات، یان گۆڕینی سیستەمەکەی دەوێ، یان ئەمیش بەرامبەر بە دەستکەوتی گەورە دەیەوێ بچێتە نێو حکومەتەکەوە؟
* لەکاتی ھەر تەنگەژەیەکدا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا حزبەکان و ئۆپۆزسیۆن یەکگرنین و یەک ھەڵوێستیان نییە، بۆ فشار خستنە سەر لایەنی بەرامبەر؟ ئایا چی وادەکا ئەم دۆخە دروست بێت؟
– روو ئەدات لەکاتی قەیرانی گەورەدا ئەگەر ئاسایشی نەتەوەیی بکەوێتە مەترسیەوە وەک قەیرانی ئابووری گەورە یان ھێرشی دەرەکی بۆ سەر وڵات لەم کاتەداو لەپێناوی بەرژەوەندی گشتی و ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەکرێ ھاوپەیمانیەکی بەرفراوان لەنێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆندا دروست ببێت بۆ رزگارکردنی وڵات لەو قەیرانە نەتەوەیی و نیشتیمانیە، گرتنەوەی ئاوی ئەلوەن، تۆپبارانەکانی تورکیاو ئێران بۆ ناو خاکی ھەرێمی کوردستان و ھاتنە ژورەوەی ئەو سوپا بێگانانە کە ئاسایی دەچێتە بواری ئاسایشی نەتەوەییەوە یان کێشەی ناوچە دابرێنڕاوەکان، ئەمانە ھەمووی پێویستی بەھەماھەنگی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن ھەیە ھەرچەندە لە بنەڕەتدا ئەرکی سەرەکی دەسەڵات خۆیەتی، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت جیاوازی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات دیار بێت، دەبوایە لەبری دروستکردنی ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم، کە دەزگایەکی ھەواڵگری و حزبیە ئەنجومەنێکی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی دروستکرایەو لەسەر ئەم ئاستە مامەڵە بکرایەو رەزامەندی ئۆپۆزیسیۆنیشی لەگەڵدا بووایە.
* ئەم سیستەمەی ئێستە کە لەسایەی حزبەکانەوە دروستبووە. ئایا توانای گواستنەوەی قۆناغە مۆدرینەکانی ھەیە؟
-حزب ئۆرگانێکی گرنگە بۆ بەمۆدێرن کردن یان پاش خستنی سیستەمی سیاسی، ھەربۆیە لەم بوارەدا گرنگی بە رۆڵی حزب و رێکخراوی سیاسی پێویستە، بەتایبەت گرنگیدان بەئایدیۆلۆژیای ئەو حزبە، بە مۆدێرن کردن پێویستی بە ھۆشیاری کۆمەڵایەتی ھەیە کەیارمەتی کۆمەڵ ئەدات بۆ بەدەست ھێنانی ئامانجەکانی بەمۆدێرن کردن، بە مۆدێرن کردن بریتیە لەگواستنەوەی کۆمەڵگە لەقۆناغی تەقلیدیەوە بۆ قۆناغێکی مۆدێرن وەک ئەوەی لەئەوروپای سەدەی حەڤدەھەم و ھەژدەھەم روویدا لە بوارەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و فکری، ئەم جۆرە کۆمەڵگەیە لەژێر کاریگەرێتی سێکۆلاریزم و عەلمانیەت گەشە دەکات، کۆمەڵگە بەبێ دەسەڵاتی سیاسی رێکخراو مەحاڵە، بۆیە پێویستی بەدەسەڵاتێکی سیاسی، بە سیستەمێکی سیاسی رێکخراو ھەیە تاوەکو بنەماکانی ژیان و گوزەران رێک بخات، دەزگاکانی دەوڵەت کە سیستەمە سیاسیەکە پێکدەھێنن وەک پەرلەمان و حکومەت و دادوەری رۆڵی گرنگ دەبینن تێیداو ھەروەھا لەیەکتر جودا کردنەوەی ئەم دەزگایانە لە یەکتر وەک یەکێک لە پرەنسیپەکانی دیموکراسی، لێرەدا حزبی سیاسیش گرنگ و پێویستە بۆ سیستەمی سیاسی کەبریتیە لە شێوازێک بۆ بەیەکەوە گرێدان و بەستنەوەی گشت پەیوەندیە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریەکانی نێو کۆمەڵگە، ریفۆرم کردنی سیستەمی سیاسی بەر لەھەر شتێک پێویستی بە ریفۆرم کردنی حزب ھەیە، چونکە حزب رۆڵی گرنگ ئەبینێت بۆ بە مۆدێرن کردنی سیستەمی سیاسی، بەڵام ئەم سیستەمی سیاسیەی ھەریمی کوردستان وەک سیستەمیکی تەقلیدی و بنەماڵە توانای گواستەنەوەی ئەو قۆناغەی نییە بۆ سیستەمێکی مۆدیرن، رێفورم و بە مۆدرین کردن بەواتای تیاچوونی سیستەمەکەی خۆی دێت.
* ئایا سیستەمی دەسەڵات و حیزب دەکری بە زۆر بسەپێندری؟
– پەیڕەوکردنی ھەر شێوەیەک لەسیستەمی دەسەڵات و حزب لەدەوڵەتدا شتێک نییە بەزۆر بسەپێندرێ، یان ھەتا سەر بڕبکات و نەگۆڕ نەبێت. ئەگەر سیستەمە سیاسیە پەیڕەوکراوەکە لەگەڵ واقعی سایکۆلۆجی وفکری و کۆمەڵایەتی گەڵدا ناتەبا بوو ئەوا ئەو سیستەمە سیاسیە ئەگەر بۆ ماوەیەکی زەمەنیش فەرمانرەوایی بکات بەڵام وەکو ئەنجام ھەر ھەرەس دێنێت و ئامانجی دەوڵەت ناپێکێ کە لەراستیدا پێویستە بۆ خۆش گوزەرانی و سەقامگیرکردنی رەوشە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریەکان دروست بووبێت، رووخانی حزبی بەعس و نازی ئەڵمانیاو ھەروەھا رووخانی یان بەرەو رووخان بردنی ھەندێک لە حزب و رژێمە عەرەبیەکانی ئەم دواییە بەڵگەی ئەم بۆچونەیە.