(محەمەد ئیسماعیل، 2016)
دوایی بڵاو بوونەوی چەند گرتە ڤیدیۆییەکی دکتۆر فەرهاد لە بەرامبەر دادگای هەولێر لە لەتۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا خەڵکێکی زۆر هەرکەسەو بەشێوازێك باسیان لێوە دەکرد، هەندێکیان ڕەخنەی زۆر توند و ووشەی نەشیاویان لەسەری نوسیبوون، هەندێك لە هاوڕیانیش پێیان وایە کەسێکی زۆر ڕۆشنبیرە فەلسەفەیەکی تایبەتی خۆی هەیە! کەسێکی ئازادە هێشتا ئاستی کۆمەڵگای کوردی و هونەرمەند و سیاسیەکانیش زۆریان ماوە بگەنە ئاستی تێگەیشتنی. ئەم دوو ڕا جیاوازانەش تازە نیە ماوەی چەند ساڵانێکە زۆر جار بەرچاومان دەکەوێت، دەیخوێنین و دەبیستین.
د. فەرهاد یەکێکە لەو ڕۆشنبیرو شاعیرە دیارانەی کوردستان، گومانم لەوەدا نییە کاری باش و داهێنانی نەکردبێت چ لە بواری شیعر، کاری وەرگێری زمانی فەڕەنسی، شارەزاییەکی زۆر باش لە مێژووی ئەدەب و هونەردا، بەتابەتی ئەو قۆناغانەی کە لە فەرەنسا خەریکی خوێندن بوو هەتا دوای گەڕانەوەشی بۆ کوردستان لە ساڵی ١٩٩٤.
هەر لەو سەردەمەدا بوو لە کاتی شەڕی ناوخۆی کوردستان ساڵی ١٩٩٥، منیش یەکێك بووم لە گرووپی ٤٩ کەسەکەی گوایا ویسمان خۆمان بسوتێنین، لە کۆبونەوەیەکماندا گووتمان چی بکەین کاریگەردەبین بۆ ڕاگرتنی شەر؟! ئیتر هەرکەسێك ڕایەکی تایبەتی خۆی هەبوو، لەڕاستیدا مەسەلەی ئەم خۆسوتاندنە بیرۆکەی دکتۆر فەرهاد بوو، گوتی خۆمان بسوتێنین هەرهەمووان دەنگمان بەرز کرد و گوتمان سوتاندنی چی بابە، گوتی یەک دەقە! خۆ بەڕاستی خۆمان ناسوتێنین! ئێمەش درۆیەك لەگەڵ سیاسیەکان دەکەین با بزانین تا چ رادەیەك ژیانمان بەلایانەوە گرنگی هەیە، گوتی هەر ئەوان درۆمان لەگەل بکەن.! با ئێمەش درۆیەکیان لەگەڵ بکەین.
ئیتر بە کۆی دەنگی گشتی ڕازی بووین بەو نمایشەی کە بۆ ئێمەی دایڕشت، هەرچەندە چەند کەسانێك چوونە دەرەوە رازی نەبوون بەم بیرۆکەیەوە، من و چەند ھاوڕێیەک پێمان باش بوو بە چاڵاکی هونەری وەک پرۆتێستێک هەوڵی ڕاگرتنی شەر بدەین، ئیدی بەو شەرتەوە بەشداریمان کرد، بە کۆی دەنگی ھەر ھەموومان گوتمان ئێمە چاوەڕێی بەرقیەی کاك مەسعود و مام جەلال دەبین ئەگەر ڕازیبوون بە داواکاریەکانمان ئەوە هەردەچینە بەردەم جەماوەر موژدەی خۆشیان پێ دەدەین، ئەگەر داواکاریەکانمان لە هەر کام حیزبەکانەوە نەهێننە جێ ئەوە ئێمەش بە چاڵاکیە هونەریەکانمان ئیدانەیان دەکەین.
گرنگ! بەرقیەی هەردوو سەرۆك حیزبی یەکێتی و پارتی بە بێ قەید و شەرت گەیشتە دەستمان ڕازی بوون بە ڕاگرتنی شەڕ، مام جەلال ڕۆژێك پێشتر بەڵام کاك مەسعود بە یەک سەعات بەر لە ڕێپێوانەکەمان. زۆر بەباشی دێتە یادم هەر هەموومان دڵخۆش بووین بە بەرقیەکانی هەردوو سەرکردە، بریاری خۆمان دا گوتمان ئێمە هەردەچینە بەردەم پارێزگا لەبەر ئەوەی جەماوەرێکی زۆر ئامادە بوونە پێویستە موژدەی ڕاگیرانی شەری براکوژی بەگەینینە جەماوەر. چوین، لەبەر نەبوونی کارەبا کارنەکردنی مایك و سەماعە دەنگمان نەدەگەیشتە گوێ جەماوەر، زۆر هاوارمان کرد و گوتمان ئەی خەڵکینە ئیدی شەر نەما، بەڵام کەس گوێی لەدەنگمان نەدەبوو لەبەر زۆری جەماوەر وکەس بەکەس نەبوو خەڵكانێك هەبوون ئاگرکوژێنەرەوەیان لەگەڵ خۆیان هێنابوو وایان دەزانی بەفعلی خۆمان دەسوتێنین، خەڵکانێکی زۆر فرمێسکیان بۆ ئێمە دەڕشت بە هەموو دەنگیانەوە هاواریان دەکرد خۆتان مەسوتێنن هەرایەکی وابوو من بەش بە حاڵی خۆم بەژیانی خۆم شتی وام نەبینیبوو، خەڵکانێکیش ئامادە ببوون بەمەبەستی ئەوەی بمانبینن کە چۆن گڕ دەگرین ودەسوتێین.
دکتۆرفەرھاد پڕ بەقوڕگی ھاواری دەکرد دەیگوت ئەی خەڵکینا ئیدی شەڕ نەما! لەتاو نەگەیشتنی دەنگی، خۆی ھاوێشتە سەر دەستی جەماوەر، ماوەی پێنج، شەش خولەک لە سەردەستی جەماوەر مابوو تا گەیشتە سەر ستەیج
ئیتر هەر لەوکاتە ( perception)ی واتا بیرکردنەوەی دکتۆر فەرهاد لەسەر خودی خۆی گۆڕا!، بۆ؟
وا هەستی کرد بەو بیرۆکەیەو توانی کاریگەربێتە سەر ڕای ٤٨ هونەرمەند، ڕۆشنبیر و نووسەرانی کورد، وای زانی بە توانا ڕۆشنبیریەکەی خۆی دەتوانێت بیرکردنەوە و هزری گەنج بگۆڕێت، کە بینی بەردەم پارێزگای هەولێر بە سەدان هەزار لە جەماوەر کۆببونەوە هیچ کاتێك بەم زۆریە جەماوەر کۆنەببوون بۆ هیچ چالاکیەکی نیشتیمانی، وا دیاربوو هەستی کرد لەو ڕۆژەوە توانی خۆی ئیسپات بکا وەك نوسەرێک و ڕووناك بیرێکی بەوەفا بۆ میللەتی کورد، وایزانی دەتوانێت بریاری سیاسیەکان بگۆڕێت لەبەر ئەوەی بەفعلی بەرقیەی شەڕ ڕاگرتیان گەیشتە دەستمان، بەڵام بەداخەوە کە خاوەن وەعدەکەی خۆیان نەبوون هەردوو سەرکردە شەڕیان ڕانەگرت، هەر بەردەوام بوو.
ئیتر بە کورتی پێتان بڵێم ئەو ڕۆژە رەشەبوو دکتۆر فەرهادی گەیاندە ئەو ڕۆژەی ئێستامان لە ناوەڕاستی شەقام خۆی رووت دەکا هاواردەکا جنێودەدا ناڕەزایی خۆی دەردەبڕێت لەبەر کەمتەرخەمیەکانی بەرپرسانی ووڵات.
داوەتی بەرنامە تەلەفزیۆنیەکان دەکرێ بەکەیفی خۆی جنێو و قسەی نەشیاو دەکات هیچ حیسابێك بۆ منداڵ, ژن هەرزەکاران و کۆمەڵگا ناکات! هەمووبەها مرۆییەکانی مەدەنی و ڕۆشنبیری ڕەتی ئەم جۆرە قسە و ووشەی نەشیاوانە دەکەن.
من لەگەڵ ئەوەدانیم کە زۆر لە هاوڕێیان ڕادەبەدەر بە زیرەکی دەزانن بە بێ تووێژینەوە و خوێندنەوەیەکی ئەکادێمی لەخۆیانەوە لەبەر ڕەفتارە نامۆکانی بە فەیلەسووفی دەزانن، کە ناشزانن فەلسەفە چیە! پێم وابێت پێویست بەو ھەموو بەرزنرخاندنە ناکات. هەموو شت لەبەر چاو دیارە ماوەیەکی درێژە باری دەروونی نەخۆشە، دەبوایە لەلایەن ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانەوە زووتر هەست بە ناجێگیری دەروونیان بکردایە.
بەڕاستی زۆر بەزەییم پێدێ ئەم جۆرە گرتە ڤیدیۆیانەی دەبینم لە یوتوب و ماڵپەڕەکاندا، پێم باشە ڕۆژنامەنووسان ومیدیاکاران هیچ نەچنەلای چاوپێکەوتنی لەگەڵ نەکەن، ئەو گرتە ڤیدیویانە لە رەزاڵەت زیاتر هیچی تر نیە.
من پێم خۆشنییە منداڵ و گەنجانمان پێی پێبکەنن یان کاریگەربن بە هەڵسووکەوتە ناماقوڵەکانی بەکوێرانە لاسایی بکەن وابزانن ئەوە جۆرێکە لە زیرەکی وەک (فەلسەفەی فەرهادیزم) وەری بگرن.
هیوادارم کەسوکاری دووری بکەن لەمیدیا، بۆماوەیەکی درێژ لەژێر چاودێری دکتۆری دەروونیدا معالەجە بکرێت،، هیوای چابوونەوەی بۆ دەخوازم لە ئایندەدا بە ڕاست و درووستی بیبینم چیژ لە نوسینەکانی وەربگرم.
لەگەڵ ڕێزو سڵاوم بۆی چاوی ماچ دەکەم.