دەچمەوە بەرنامەی من جیاوازم
چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی : دکتۆرە بەلقیس گلەیی لەبەڕێوەبەرایەتی شانۆ دەکات دوو ساڵە وەڵامی دکتۆرە نادەنەوە شانۆگەرییە کۆمیدییەکەی نمایش بکات، ھەروەھا دەڵێ کۆمپانیایەک لەھەولێر بەناوی کلیپ دوو ھەزار دۆلاری منی بردووە کلیپەکەشم ناداتەوە “جگە لەوەش ئاوازدانەرێک بۆ حەوت گۆرانی پارەیەکی زۆری لێوەرگرتووم، ساڵێکە نە گۆرانییەکانم دەداتێ، نە پارەکەم بۆ دەگەڕێنێتەوە”.
دکتۆرە بەلقیس لەو چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ (سڤیل) دەڵێت “ئێوە پێم بڵێن من چی بکەم”.دکتۆرە بەلقیس لەھەردوو بواری شانۆ و گۆرانی کاری کردووە، جگە لەگۆرانییەکانی، خاوەنی ٣١ کتێبە و دەڵێ ئەمساڵ کتێبێکی نوێ چاپ دەکەم، ئەو لەبارنامەی من جیاوازم ناوبانگی زیاتری دەکرد، بەڵام سێ ساڵە لەبەرنامەکە کشاوەتەوە، دکتۆرە دەڵێت “ئەگەر بۆ بەرنامەی من جیاوازم بانگم بکەنەوە دەچم، حەزم لەئیشی تەلەفزیۆنە، چونکە من شانۆم خوێندووە دەزانم چۆن سەرنجی بینەر رادەکێشم، لەھەر تەلەفۆزیۆنێکی دیکەش بانگم بگەن دەچم، بەڵام بەو مەرجەی بزانم بەرنامەکە چۆنە”. ئەو دانبەوەدا دەنێت بەھۆی دوورکەوتۆتەوە لەشاشە ناوبانگی لەناو خەڵک کەم بۆتەوە، بۆیە دەچێتەوە تەلەفزیۆن، گوتیشی “لەگەڵ ئەوەشدا بەبێ ئیش دانەنیشتووم، پەنجەکانم شکا ئەوەندەی کتێب بنووسم، ٣١ کتێبی شانۆیم ھەیە بەزمانی عەرەبی و ئەمساڵ کتێبێکی دیکەشم چاپ دەکرێ ھەر بەزمانی عەرەبی، چونکە نووسی کوردیم تەواو نییە”.
دکتۆرە بەلقیس، کە ئێستا مامۆستای کۆلیژی ھونەرە جوانەکانە لەشاری ھەولێر، ئاماژەی بەوەشدا دوو ساڵە دەقێکی شانۆی کۆمیدی پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتی شانۆ کردووە، بۆئەوەی لەشاری ھەولێر نمایشی بکات، دەڵێ خۆم دەقەکەم نووسیوومە و خۆشم دەرھێنانی بۆ دەکەم، چەند ئەکتەرێک رۆڵیان ھەیە و خۆم رۆڵی سەرەکی دەبینم، لەبارەی دەقەکە شانۆییەکە دەڵێت “بۆیە کۆمیدیم ھەڵبژاردووە دەمەوێت خەڵک کە تەماشای دکتۆرە بەلقیس دەکات دڵیان خۆش بێت و پێبکەنن، بەسە ناکۆکی و تۆس و ناخۆشی، ھیچ شتێک لەکارێکی ھونەری کۆمیدیی خۆشتر نییە”. دکتۆر بەلقیس دەشڵێت “بەڵام من دوو ساڵە چاوەڕێم بەرێوەبەرایەتی شانۆ وەڵامیان نەدایمەوە دەست بەکارەکە بکەم، زۆر لەوە نیگەرانم ساڵێ چەندەھا شانۆی باش و خراپ پێشکەش دەکرێ، کەچی وەڵامم نادەنەوە منیش ھی خۆم پێشکەش بکەم، دەبوایە زیاتر ھاوکاری من بکرێ”. دکتۆرە ئاماژە بەوە دەدات ئەگەر شانۆکەی نمایش بکرێ دڵنیایە زۆرترین بینەر دێت.
“کۆمپانیایەک گوتیان کلیپت بۆ دەکەین، زیاتر لە دوو ھەزار دۆلاریان لێوەگرتم، لەدەرەوەی ھەولێر وێنەی کلیپەکەمان گرت، بەڵام ئەوە بۆ دوو ساڵ دەچێت کلیپ نییە و وەڵامی تەلەفۆنیشم نادەنەوە، بارەگاکەیان لەھەولێرە، وەڵامم ناردووە ئەگەر ھەر وەڵامیان نەبوو لەدادگا داوای یاسایان لەسەر تۆمار دەکەم”. ئەوە قسەی دکتۆرە بەلقیسە، زۆری پێیناخۆشە پەنا بۆ دادگا ببات، بەڵام لەناچاری ئەوە دەکات، چونکە دکتۆرە بەلقیس دەڵێت “بۆیە توورە بوویمە سێ ساڵ ئاوازدانەرێک رێککەوتم ھەندێ ئاواز و شیعرم بۆ ئامادە بکات، پارەیەکی زۆری لێوەرگرتووم، دواتر سێدییەکی بۆ ناردم ھاوڕِێیەکی خۆم گوێی لە گۆرانییەکان بوو، ئاگاداری کردمەوە گۆرانییەکان زۆر سادە و ناخۆشن تۆماریان نەکەم، تائێستا ھەوڵدەدەم پارەکەم ناداتەوە، داوام کردووە سێدییەکەم بداتێ خۆم گۆرانییەکان چاک دەکەم، ئەویشم ناداتێ”. دکتۆرە بەلقیس لەوکاتەی قسەی بۆ (سڤیل) دەکرد کەمێک وەستا و گوتی “باشە ئێوە پێم بڵێن من چی بکەم، من ھی ئەوەم فێڵم لێ بکرێ، من تەمەنێکم لەناو ھونەری کوردی بەڕێکرد”.
ئێستا ئەو لەگەڵ کوڕەکەی دەژی و لەبەرامبەر ماڵەکەی باخچەیەک ھەیە و دەڵێ “فێری تەنیایی بوویمە، کاتێک بێتاقەت دەبم، دەچمە باخچەکە لەوێ دەگریێم، چونکە مرۆڤ ئەگەر گریا پاک دەبێتەوە”.