رۆژی ١٦-٢-٢٠١٢ لەرێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر ھەردوو گەنجی رۆژنامەنووس زانا دڵشاد دزەیی و باوان رزگار بۆ یەکەمجار گەشتێکیان بەنێو دنیای ھونەریی عەرەبی ئەنجامدا و لەگەڵ چەندین ھونەرمەندی ناوداری لوبنان چاوپێکەوتنیان ئەنجامداوە.
لەوبارەیەوە رۆژنامەنووس زانا دزەیی گوتی “مەبەستی سەردانی ئێمە بۆلای ھونەرمەندانی لوبنانی دروستکردنی پەیوەندییە لەنێوان ھونەرمەندانی کوردستان و لوبنان و ناساندنی ھونەری کوردی بەھونەریی عەرەبی، ھەروەھا دروستکردنی پەیوەندییەک لەنێوان راگەیاندنکارانی ھونەری کوردی و لوبنانی، جگەلەوەش لەلایەن دەزگای راگەیاندنی ھونەریی (کوردفۆکس) خەڵاتی رێزلێنانمان بەچەندین ھونەرمەندی ناوداری لوبنانی بەخشی، وەک دومینیک حورانی، نیکۆل سابا، کارول سەماحە، ئەنوەر نور، مادلین مەتەر، مەی حەریری، ئەیمەن زبیب، دینا حایاک، میریام فارس، سیرین عەبدولنور، می مەعلوف سەعد، ھەروەھا دیزاینەر جۆرج کعدی و فۆتۆگرافەری ھونەرمەندان لوبنانی وسیم الرحال و نمایشی جلوبەرگ نالیا فزڵ و دەرھێنەر فادی حەداد”. ھەروەھا زانا دزەیی گوتیشی “ئێمە زۆر سوپاسی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ناوەندی راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێز مەحمود محەمەد دەکەین، کە بەھاوکاری ئەو توانیمان بۆ یەکەمجار ئەو گەشتە بکەین”.
باوان رزگار سەرپەرشتیاری دەزگای کوردفۆکس گوتی “ئەم رێزلێنانەی کە بەھونەرمەندەکانمان بەخشی وەک سوپاسێکە کە زۆر خوشحاڵبوون دوو گەنجی کورد لەبواری رۆشنبیری و ھونەریی دا سەردانیان دەکەن”. باوان رزگار ئاماژەیان بەوەشدا دوای ھاتنەوەمان بەڤیدیۆ و وێنە گەشتەکەمان پێشکەشی میدیای کوردی دەکەین، خوشحاڵ دەبین میدیاکان وەک پێویست گرنگی پێبدەن، کە ئەمە دەبێتە یەکەم ھەنگاو ھونەرمەندانی ناوداری لوبنان تایبەت بەمیدیای کوردی دەدوێن، ھەروەھا بەنیازین چەندین پڕۆژە لەبواری ھونەری لەنێوان ھونەرمەندانی لوبنان و کوردستان ئەنجام بدەین.