یەكێك لەو دوو گوناهە گەورەیەی لە سەردەمی دوای ئازادی كوردستان ئەنجام دراون و بوون بە مایەی زەرەرو زیانێكی گەورە بۆ باری رۆشنبییریی و هونەری گەلەكەمان بە گشتی و شاری هەولێر بەتایبەتی و نیگەران بوونی زۆر لە رۆشنبییران و هونەرمەندانی كورد ، تیكدانی كۆشكی هونەر و تەفرو تونا كردنی دەزگای ئاراس بوو … كە هەردوكیان نەك هەر تەنها سیمایێكی شارستانی پێشكەوتووی ئەو شارە بوون و بەخششێكی گەورە بوون بۆ نووسەرو ئەدیب و رۆژنامە نووس و هونەرمەندانی كورد ، بەڵكو ببوون بە فاكتەرێكی گەورە بۆ پێشخستنی باری كولتووریو هونەری كوردی بە تێكرٍایي
كۆشكی هونەر كە جاران كۆشكێك بوو بە ئامانجی ئەوە دروست كرابوو كە ببێتە هەوارێكی هونەریی بۆ بە یەك گەیشتنی هونەرمەندانی كوردو نیشاندانی چالاكیییەكانیان ، لە پڕێكا و بە بڕیارێكی سەرپێیی كۆشكی هونەر نەماو بارەگاكەی بوو بە بارەگای تەلەفزیۆنی نەورۆز.. دواتر تەلەفزیۆنی نەورۆزیش وەك زۆر دەزگای دیكەی وەزارەتی رۆشنبیری كە تەفرو تونا كران و روخێندران و تێك دران ئەویش نەماو ئەو بارەگا جوانەی كۆشكی هونەر كرایە یانەو ئیستا شەوان مەشروباتی رۆحی لێ دەخورێتەوە ، وەك ئەوەی ئەو یانەیەو خواردنەوەی مەشروباتەكە لە كۆشكی هونەرو چالاكییە هونەرییەكانی زەرورتر بێت !
ئەو كات كە كە كۆشكی هونەر لە هەولێر تێك دەدرا و تابلۆی بەر دەرگاكەیان دادەبەزاند ، ئەو كات شریتی كردنەوەی كۆشكی هونەری شاری سلێمانی دەپچڕاو ئاهەنگی كردنەوەیان بۆ دەگێڕا ! من ئەو كات لە نێوان ئەو هاوكێشەی روخاندن و كردنەوەیەدا سەرم سوڕمابوو نەمدەزانی , ئەگەر ئێمە وەك گەلێك پێویستیمان بە كۆشكی هونەر نیەو دەرگاكەی دادەخەین ، ئەی بۆچی تازە لە شارەكانی دیكەی كوردستاندا دەرگاكانی كۆشكی هونەر دەكەینەوە ؟ لە هەمبەر ئەو پرسیارەدا هیچ وەڵامێكم دەستگیر نەدەبوو كە بمگەیەنێتە ئەو بڕوایە كە روخاندنی كۆشكێكی وا شارستانی و هونەریی هیچ قازانجێكی تێدا بێت ، بە غەیرە هەتك كردنی پلەو پایەی هونەرمەندان نەبێت كە كۆشكێكییان پێ رەوا نەبیینن ، ئەو راستیەشم كاتێ بۆ یەكلا بۆوە كە بینیم كۆشكەكە كرایە مەشروب خانە .
هیێشتا برینی تەفرو تونا كردنی ئەو كۆشكە ساڕێژ نەببوو كاتێ بڕیاری روخانی دەزگای ئاراسیش دەرچوو ، ئاراس بە خۆی و بەو خزمەتە گەورەیەی لە تەمەنی كورتی خۆیدا پێشكەش بە رۆشنبیریی كوردی كردو بەو هەموو بەخششەی بۆ كتێبخانەی كوردی و قەڵەم بە دەستانی كورد هەیبوو ، بەو هەموو هەوڵانەی دای بۆ زیندوو كردنەوەی كولتوورو مێژووی رۆشنبیریی كوردی و بۆ دەست گرتنی رۆشنبیرانی كورد ، ئاراس بەو هەموو بەرهەمە بە پێزانەی ، بە خۆی و چاپخانە نوێكەیی و ئەرشیفە دەوڵەمەندەكەی ، تابلۆكەی دابەزیێندراو كارمەندەكانی پەرتو بڵاوەیان پێ كرا ، ئاراس نەما .. چاپكردنی كتێب وەستێندرا ، چاپخانەكەی بێدەنگ كرا ، ئاراس وەك كەلاوەیەك مایەوە ، كە یاقوشی تێدا بخوێنێ ..
كێ هەیە ئەو راستییە نەزانێ كە دەزگای ئاراس هەر تەنها دەزگایێك نەبوو كە كورد لە ناوەوەو دەرەوەی كوردستان شانازی پێوە بكات و ركابەری چاپەمەنی لە گەڵ گەورەترین دەزگاكانی چاپ و بڵاو كردنەوەی جیهانیی پێ بكرێت و لە پیشانگا نێو دەوڵەتیەكاندا كورد وەك گەلێكی هوشیارو رۆشنبیرو خاوەن كولتوورو شارستانیەت نیشان بدات ، ئاراس هەر ئەوەندە نەبوو بە هەزاران كتێبی تۆز لە سەر هەڵنیشتووی نووسرانی كوردی لە سەر دەلاقەكان دابەزاندو وای كرد ئەو كتێبە تۆز لێ هەڵنیشتووانە تیشك ببینن و لە تەفرو تونا بوون و پشتگوێ خستنەوە رزگاریان بكات ، بەڵكو ئاراس مەنفەزێك بوو بۆ پاراستنی گەورەترین سامانی نەتەوەیی ، كە ئەویش سامانی كولتووری كوردی بوو
بۆیە روخاندنی ئاراس بە ماناكەی تر كەمتەرخەمی نواندن و لاواز كردنی رۆشنبیریی كوردییە ،كە نەدەكرا رۆشنبیرانی كورد بێ هەڵویست بن بەرامبەری و دەستەپاچە بوەستن بەرامبەر بە لە دەست دانی .. بۆ ئەو رۆشنبیرانەی جاران خشڵو زێڕی ژنەكانیان دەفرۆشت بۆ چاكردنی كتێب و دەزگای ئاراس چ دەستنووسێكییان نەما چاپی نەكات .. ناپرسن ئەرێ چ هۆكارێك لە پاڵ ئەوە دایە كە كورد دەرفەتی لە چاپدانی رۆژانە كتێبێك و ساڵانە زێتر لە پێنج سەد كتێبی لە دەست بچێت ؟ ئایا روخاندنی ئەو دەزگایە گوناهێك نیە كە لە گوناهی روخاندنی مزگەوتێك و كەنیسایەك بچێت ؟
حەیدەر عەبدولرەحمان