نووسینی: سه‌عید بلغربی
گۆڕینی: یوسف عیزه‌دین
ئایت سه‌عید، یان کاتێک وێنه‌ی یاده‌وه‌رییه‌کان له‌سه‌ر زه‌مین تێک ده‌شکێن
هه‌موو سپێده‌یه‌ک گونده‌که‌مان بێ‌دار ده‌بێته‌وه‌و هه‌موو خه‌م و که‌سه‌ر و په‌ژاره‌کانی خۆیمان، به‌چه‌شن و شێوه‌ی شنه با و گوڵ، به‌خۆڕا پێده‌به‌خشێت.
تا ئێستا چه‌ند خه‌ڵکی نه‌یار و نامۆ، به‌ئێره‌دا گوزه‌ریان کردووه.. ئیدی گوڵی باخچه‌کان هه‌ڵوه‌رین و شنه‌بای به‌ره‌به‌یانیش ژهنگاويی بوو، گونده‌که‌شمان به‌هه‌موو به‌شه‌کانییه‌وه داڕما و وێران بوو.
چاوه‌ڕێی ئه‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌مان ده‌کرد، که‌نایه‌ت..ئه‌و گوێی نابوو به‌هێڵه ئاسنینه‌که‌دا و ده‌یگوت، هێشتاکه زۆری ماوه، بگاته جێ.
که‌مێک گونده‌که خامۆش ده‌بێته‌وه، خه‌ڵکه نه‌یار و نامۆکه ده‌که‌ونه جووڵه‌و هه‌موو ئه‌و گوڵه چاوپشیلانه له‌ژێر پێیاندا ده‌شێلن، کهبهددان به‌خۆدا گرتن و ئارامییه‌کی قووڵ چاندبوومان. هه‌رچه‌ند لهڕابردووهوه دوور بووم، به‌ڵام ئاگاداری گشت ساته‌کانیش بووم..بهقاچێکی بڕدراو و ته‌نها چاوێکه‌وه، ده‌مڕوانییه شته‌کان، به‌ڵام هه‌ستم به‌هیچ که‌موکوڕییه‌ک نه‌ده‌کردو خاوه‌ن وره‌یه‌کی به‌هێز بووم، به‌هێزتر له‌کاره‌ساته‌که!؟.
گوڵی باخچه‌کان سیس بوون، ئه‌م شوێنانه‌ش:( رعراسی ن زیخر، عراسی ن بوتیاریس، ئیغزار ن و ئیغبار)، پڕ بوون له‌نه‌هامه‌تی و پێنه‌ده‌چوو، هه‌رگیز ئاو به‌به‌رده‌میاندا شه‌پۆلی دابێت.
نامۆ و نه‌یاره‌کانیش به‌ئێره‌دا تێپه‌ڕین؟! پردیان دروست کرد، حه‌وزه ئاویان بۆ ئه‌سپ و به‌رازه‌کانیان هه‌ڵکه‌ند و گه‌وڕو و پشتیر وتهویلهیان بۆ دروست کردن… سه‌ربازه‌کانیان وه‌ک سه‌گی هار په‌لاماریان ده دا وته‌نها نابهدڵبوونی شێوه‌ی که‌سێک بۆ ئه‌وان به‌س بوو، که‌بیکوژن!؟
ته‌نها مێینه‌کان یه‌کسه‌ر نه‌ده‌کوژران و رۆژی کوژرانیان ده‌که‌وته پاش سه‌ماکردنی شه‌ویان، که‌ده‌بوو له‌سه‌ر ریتمی “بایل” و به‌سکی رووته‌وه سه‌ما بکه‌ن، ئیدی بسک و بازنی زیوو و جه‌سته‌یان، تێکه‌ڵ به‌ئازارێکی خه‌فه‌کراو و تکانی مێیایه‌تی تواوه، بۆ نێو جامه شه‌راب و ئاره‌قی ده‌ستی نه‌یاره‌کان، شوێنه‌که‌ی له‌و شه‌وه‌دا ده‌کرده، شوێنی ئاهه‌نگگێڕانی کونکردنی مێینه‌کان، دوای ئه‌وه‌ش ساته‌وه‌ختی مه‌رگیان نزیک ده‌بۆوه، به‌ڵام پاش ئه‌تککردنی شه‌ره‌فی گونده‌که‌مان؟!
ئیدی پاش ئه‌وه‌ی “ئایت سه‌عید”، بۆ گیان به‌ختکردووه‌کان گریا..له‌و ساتانه‌دا ژووانێکمان هه‌بوو له‌گه‌ڵ لاپه‌ڕه‌کانی مێژوو، له‌وێدا خۆمان نابۆوه بۆ بینینی تێپه‌ڕبوونی مێژوویه‌کی رووت و قووتی قورس بوو، به‌ژه‌نگ و سه‌دا، ده‌مانویست ئه‌و ده‌مه‌ی که له‌قوڕنه‌ی گونده‌که‌ماندا، پرسه بۆ خه‌مه‌کانمان ده‌گێڕین و سه‌ره‌خۆشی له‌یه‌کدی ده‌که‌ین، ئه‌و به‌لاماندا گوزه‌ر بکات” کاتێک ئێمه ده‌ست بۆ هه‌وداکانی رۆژه زیندانکراوه‌کانی، مابه‌ینی ماسکه گه‌نیوه‌کان ده‌به‌ین.
” ئایت سه‌عید” هه‌نسک ده‌دا و دواتر وه‌همێک له‌به‌رچاومدا به‌رجه‌سته ده‌کات و داواکاره و به‌ته‌مایه رایمووسم، به‌ڵام من هاوارێکم پێشکه‌ش کرد، وه‌ک هه‌وره گرمه له‌ناخیدا ده‌نگی دایه‌وه.. له‌سه‌ر ده‌نگ و ریتمی سه‌دایه‌کی هێور و له‌قووڵایی هه‌ڵدێر و نشێوه جوانه درێژبۆوهکهی، سه‌ر خاکی “تامازغا”، وه ئاگا هاته‌وه.
چ شانۆگه‌رییه‌که‌و چ شۆڕش کۆتایی هات.
به‌گریانه‌وه لێم نزیک بۆوه‌و گوتی، وا رێکه‌وتین که که‌رامه‌ت بۆ مێژوو بگه‌ڕێنینه‌وه، که‌واته با رابردووی تێکه‌ڵ به‌بۆنی خۆڵ و خه‌م و که‌سه‌ر و بارودیان به‌سه‌ردا ببه‌خشینه‌وه.
“ئایت سه‌عید” ئه‌و ئه‌شکه‌نجه دراوه‌یه، که‌ئه‌وان به‌ده‌سته پیسه‌کانیان، له‌نێو هه‌ناوی چیاکانیدا بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند بوونی خۆیان ده‌گه‌ڕان، به‌ڵام ئه‌و راسا و به‌گژیاندا چۆوه‌و بووه دوا مۆڵگه‌یه‌ک کهنهیارهکان، توانیان پیسی بکه‌ن.
کۆتایی به‌شه‌ره جه‌نگه‌کان هات و ئه‌وه‌ی مایه‌وه، بریتی بوو له زام و قه‌ڵه‌م و ئه‌وه‌ی نووسیان.
سه‌رنج:”ئایت سه‌عید”: یه‌کێکه له‌گونده‌کانی مه‌غریب.
– – –
شارێکی سوێر
به‌تووڕه‌ییه‌وه ئه‌و ده‌مه‌ی زه‌مین له‌ژێر پێیه‌کانیدا بێڕه‌نگ بوو، ده‌ستی کرد به موغازه‌له‌کردنی شینایی ئاسمان.
” چی ده‌بوو ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌م شیناییه، ده‌ریایه‌کی ژێر ده‌سته‌ی خۆم بایه”.
ئه‌مه‌ی له‌خۆی پرسی، له‌کاتێکدا هیواخواز بوو، که‌خۆی فڕێبداته نێو ئه‌و ده‌ریایه‌و به‌شوێن شارێکی سوێری، بێده‌نگ و پاکژدا بگه‌ڕێت، شارێکی پاکبۆوه له‌پیسایی هه‌موو ئه‌وانه‌ی که‌تێیدا نیشته‌جێ بوون، شارێک که‌ڕابردوو له‌نێو ئازاره‌کانیدا جێی هێشت و فڕێی دایه نێو قووڵایی ده‌ریاوه.
ده‌یویست بژی، هه‌ر له”ته‌نجه‌وه” تا “کوبره” ی تاقیکرده‌وه( هه‌روه‌ک چۆن ته‌له‌فزیۆنی مه‌غریبی کاتێک ده‌یه‌وێت ، هه‌موو مه‌غریب له‌و دوو شاره‌دا کۆبکاته‌وه و گچکه‌ی بکاته‌وه، ئاوا ئاماژه‌ی پێده‌دا).. به‌ڵام هه‌موو ئه‌و شارانه‌ی که‌ڕووی تێکردبوون، لهنههامهتیدا هاوشێوه و لێکچوو بوون.. تارماییه‌کانی رۆژ و فه‌زا به‌تاڵه‌کانی شه‌ویان ده‌یانترساندیت، ئه‌و شوێنانه هیچ جووڵه‌و نووزه‌یه‌کی تێدا نه‌بوو، کوچه‌کانی وێران و شه‌قام و ڕێگه‌کانی چۆڵ، هه‌ر به یاده‌وه‌ریی شته دووره‌په‌رێز خراوه‌کان ده‌چوو.
لهقوڕنهیهکدا نووسینێکی به‌رچاو که‌وت کهبهتهباشیرێکی سپی نووسرابوو، میزکردن لێره‌دا قه‌ده‌غه‌یه له‌گه‌ڵ سوپاسمان، له‌گۆشه‌یه‌کی تردا نووسرابوو، هه‌ڵڕشتنی خۆڵ و خاشاک لێره‌دا قه‌ده‌غه‌یه له‌گه‌ڵ سوپاسمان، له‌شوێنێکی تردا نووسرابوو، دانیشتن لێره‌دا قه‌ده‌غه‌یه له‌گه‌ڵ سوپاسمان.. ئیدی به‌و پێیه‌ی که‌بۆ هه‌ر شوێنێک ده‌چوو قه‌ده‌غه‌بوونێکی ده‌هاته پێش چاو، خه‌ریک ده‌بوو بگاته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که‌هه‌موو شتێک له‌م وڵاته‌دا هه‌ر له‌میز کردنه‌وه تا دانیشتن قه‌ده‌غه‌یه!؟
به‌ره‌و پێش هه‌نگاوی ناو، نووسینێکی که‌وته پێش چاو، ئاماژه‌ی به‌فرۆشتنی هه‌موو جۆره خواردنه‌وه کحولییه‌کان ده‌کرد و بهتیرێکیش شوێنجێگه‌ی باڕه‌که ده‌سنیشانکرابوو.
به‌نیازی خواردنه‌وه‌ی قوومێک ئاو، تا تینووێتی خۆی پێ بشکێنێت، چووه نێو یه‌کێک له‌چایخانه کۆنه میللییه‌کان، هه‌ر وه‌ک به‌ناوه‌که‌یدا دیار بوو..به‌ڵام ته‌ماشای کرد، له‌چه‌ند کورسیی و مێزێکی په‌رش و بڵاو، هیچی تری تێدا نییه، سه‌رباری بۆنی پێڵاوی ئه‌و لانه‌وازانه‌ی که شه‌وی رابردوویان له‌وێدا به‌سه‌ر بردبوو.
ئه‌و ده‌م، به‌بڕواو سووربوونه‌وه، به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌ک بۆ گه‌یشتنه شارێکی پاکژی له‌بیر چۆوه‌ی ژێر قووڵایی ده‌ریایه‌ک، چووه ده‌رێ…
کاتێکیش به ته‌وێڵی خۆڵاوییه‌وه بێ‌دار بۆوه، به‌تووڕه‌بوونه‌وه که‌وته نه‌فره‌تکردن له‌هه‌موو ئه‌و شاعیر و نووسه‌رانه‌ی که‌به‌درۆ به‌جوانی شاره‌کانیاندا هه‌ڵده‌ده‌ن.
سه‌رنج:
سه‌عید بلغربی: نووسه‌رێکی ئه‌مازیغییه و له‌شاری ئیغر بیوان له‌باکووری مه‌غریب له‌دایک بووه‌و ئه‌ندامی زۆرێک له کۆمه‌ڵه و سه‌ندیکا رۆشنبیرییه‌کانی گه‌لێک شوینی دنیایه، وه‌ک “بزووتنه‌وه‌ی شاعیرانی جیهان” لهشیلی و شایانی باسه نووسه‌ر له‌ئیسپانیا ده‌ژی و هه‌ندێکیش له‌به‌رهه‌مه چاپکراوه‌کانی بهئهمازیغیی:
1-ئیسواز بی‌و ییجن – کۆمه‌ڵه چیرۆک- مه‌غریب 2006
2- ئیسفید جس- کۆمه‌ڵه چیرۆک- مه‌غریب-2008
3- Munja tane cruft n izaer fan – رۆمان- مه‌غریب- 2009.
ژێده‌ر: ماڵپه‌ری تایبه‌تی نووسه‌ر.