سەدیق سەعید ڕواندزی
لە ئێستادا، جۆرە خوێنەرێک لە نێوەندی ئەدەبی و ڕۆشنبیری کوردی دروست بووە، کە دەشێ بە خوێنەری ڕاگوزەر و سادە و بیرنەکەرەوە، ناوزەدی بکەین. ئەم جۆرە خوێنەرە، کە بەرھەمی شاشەی مۆبایل و تابڵێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فەیسبووکە، ھێندەی کۆنتاکی لەگەڵ بەریەککەوتن لە ئاستی بینیندا ھەیە، ھێندە خوێنەرێکی بە ڕامان و بیرکەرەوە و تێھزر نییە، چونکە سرووشتی ئەو جۆرە تۆڕانە وایە، کە بە خێرایی تێ دەپەڕن و بابەتی ئێستا بۆ چەند ساتێک دواتر، کۆن دەبێت و دەچێتە پەراوێزەوە. ئیدی بەلایەوە گرنگ نییە بچێتە قووڵایی نووسین و مانا، بەڵکو تەنھا ڕاگوزەرانە سەرنج دەدات. سەیر لەوە دایە، توێژی نووسەران و ڕۆشنبیرانیش، ھەمان تێڕوانین و بیرکردنەوەیان ھەیە و ئەوەندەی بابەتێکی فەیسبووک دەخوێننەوە و سەرنجیان ڕادەکێشێت، ئەوەندە کارەکتەری نێو دنیای کتێب و خوێندنەوەی جددی نین و گەلێک جار و بگرە دەیان جاریش، وا ڕێکەوتووە، پرسیارم لە بارەی وتارێکی گرنگ، کە لە ڕۆژنامەیەک، گۆڤارێک بڵاوبۆتەوە، لە نووسەر و وەرگێڕێک کردووە، کە ئاخۆ خوێندوویەتییەوە؟ لە وەڵامدا گوتویەتی:_( کە نەمبینیوە و ئاگادار نیم) بۆیە گۆڕینەوەی کتێب بە شاشە و فەیسووک، خوێنەری بیرکەرەوە بە ڕاگوزەر و سادە، گرفتێکی گەورەی دنیای ڕۆشنبیری ئێمەیە ،کە ھەرە دیارترین دەرھاوێشتەی، پاشەکشەی خوێنەری جددی و پەراوێزخستنی دەیان و سەدان کتێبی مەعریفی گرنگە لە نێوەندەکەدا، کە تێ دەپەڕن بە بێ ئەوەی خوێندنەوە و ھەڵسەنگاندیان بۆ بکرێت. لێرەوەش ئێمە بەر جۆرە خوێنەرێک دەکەوین، کە تاقەتی خوێندنەوەی بابەتی درێژ و قەسیدەی شیعری نییە، بۆیە پتر بابەتە کورت و ڕاگوزەرەکان، دەبنە جێگەی سەرنجی. لەو ڕوانگەیەوە، گەلێک جار، بەر دەستەواژەی درێژدادڕی لە نووسین دەکەوین و پاساویشمان ئەوەیە، کە خوێنەری ئێستا خوێنەری بابەتە کورت و پوختەکانە و دەیەوێت بە کەمترین وشە، زۆرترین واتا و مەبەست بزانێت. ھەڵبەتە، درێژدادڕی لە نووسین و بە تایبەتیش لە ڕۆماندا، بابەتێکی تازە نییە، من خۆم وەک خوێنەرێک، ساڵانێکە قسە لە سەر ئەو بابەتە دەکەم و دەیان وتار و ڕەخنەشم لەم ڕووەوە لە ڕۆمانی کوردی گرتووە، کە خوێنەر دەتوانێت بۆ زانیاریی زیاتر، بگەڕێتەوە سەر ئەرشیفی بەشی ئەدەبی ماڵپەڕی سەنگینی دەنگەکان. یەکێک لە ھونەرەکانی زمان، چڕکردنەوە و پوختکردنەوەی دەربڕینە، بەو مانایەی ئەوەی بە چەند دێڕێک دەوترێت، دەکرێ کورت بکرێتەوە بۆ چەند وشەیەک. بە داخەوە درێژدادڕی بۆتە یەکێک لە خاسییەتە ھونەرییە نا ئستاتیکییەکانی، بەشێکی زۆر لە دەقی چیڕۆکنووسان و ڕۆماننووسانی ئێمە، بەو مانایەی ئەوەی بە وشەیەک دەگوترێت، ئەوان دەیکەنە دێڕێک و ئەوەشی بە دێڕێک دەگوترێت، ئەوان دەیکەنە پەڕەگرافێک، کە سەرەنجام ئەو درێژدادڕییە لە زمان، چێژ و جوانی دەقەکە کاڵ دەکاتەوە. بەڵام ھەموو درێژدادڕیەک ناچێتە ئەو خانەوە، چونکە گەلێک جار دریژکردنەوە، بە ئامانجی نیشاندن و شڕۆڤەکردنی زیاترە، بۆیە دەبێت جیاوازی لەم ڕووەوە بکرێت بۆ نموونە:_
(دەیان کیلۆمەترو شارو گوندم بڕیوە) کە شار و گوندت بڕی، مانای وایە کیلۆمەترت بڕیوە، ئیدی یەکێکییان پێویست نییە، ئەمە درێژدادڕییە، بەڵام کاتێ دەگوترێت:_( دەیان شار و گوندم بڕیوە و لە ھەندێکیشیان دابەزیوم) ئەمە مانایەکی دیکە دەدات و ناچێتە خانەی کاوێژکردنەوەی وشە و پەڕەگراف. بۆیە ھەڵەیە، ھەموو درێژکردنەوەیەکی نووسین، بە درێژدادڕی بزانین
لەوسۆنگەیەوە، وەک خوێنەرێک دەمانەوێت، ھەڵوەستەیەک لە ئاست وتارێکی (گۆران سەباح) لە بارەی ڕۆمانی (داگیرکردنی تاریکی ) بەختیار عەلی بە ناوی (خەم لە داگیرکردنی تاریکی) دا بکەین، کە ماوەیەک لە مەوەبەر ، لە ماڵپەڕی دەنگەکاندا بڵاو بووەوە. بێگومان لە وەدا ھاو بۆچوونی ئەوم، کە بەختیار عەلی، یەکێکە لەو نووسەرانەی کە ھیچ بایەخێک بە زمان و ڕێنووس نادات و تەنانەت لە زۆربەی ڕۆمانەکانیشیدا، ڕێنووسی کوردی دەشێوێنێت. وشە ھەیە، دەبێ بە جیا بنووسرێت، ئەو بە لێکدراوی دەینووسێت، وشە ھەیە سادەیە، ئەو بە ناسادەی دەزانێت، ئەمەم گەلێک جار لە نووسینە ئەدەبیەکانی کەوتۆتە بەرچاو. دەریاس و لاشەکان، پڕە لەم ھەڵانە و کاتی خۆشی لەو بارەوە ڕەخنەمان لێگرت و وتارەکەشمان لە ھەمان ماڵپەڕ ماوە، وەلێ ڕەخنەگرتن لە بەختیار عەلی، چونکە وەک بڤەیەک لە نێوبەشێکی زۆر لە خوێنەرە ھەمووەکی و پۆپۆلستییەکانی دەبینرێت و ھەم خوێنەرانی و ھەم خۆشی ڕەخنەگرانی نووسینەکانی بە جاھل و نەخوێندەوار دەزانێت (ئەمە وێرای ئەوەی ھەر باوەڕی بە ڕەخنەی زمانەوانی نییە و لە کتێبی ئایدۆلۆژستیشدا، زۆر بە کەمی و بێ بەھایەوە دەڕوانێتە ئەو جۆرە لە ڕەخنە و ڕەخنەگرانی) ئیدی زۆر ئەم ڕەخنانەی بەڵاوە گرنگ نییە. بۆیەشە بەردەوام لە سەر ڕیتمی ھەمان ھەڵەکانەوە دەڕوات، لەوە دا ھاوبۆچوونی نووسەرم، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت، کە بۆچوونەکانی شرۆڤە نەکەین و ئەو ھەڵانەی دیاری نەکەین کە خۆی تێی کەوتووە لە کاتێکدا گوایا بۆ بەختیار عەلی، ڕاستکردونەتەوە. چونکە نووسین بە گشتی کە بڵاوکرایەوە، دەبێتە بەشێک لە دنیابینی و تێگەیشتنی خوێنەر. ئەم نووسینەی گۆران سەباح کە لە بارەی ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکییە، لە چەند بەشێک پێکھاتووە، ئێمەش وەک خوێنەرێک، تەنھا لە بارەی کۆمێنتەکانی ئەو دەربارەی ڕۆمانەکە، سەرنجەکانمان دەخەینە ڕوو.
زمان و ڕێزمان:_
نووسەر لە نووسینەکەیدا، چەند پەڕەگرافێکی لە ڕۆمانەکە ھێناوەتەوە و وەک نموونەی ناشارەزایی بەختیار عەلی، لە ڕووی ڕێزمانییەوە پیشانی دەدات. ئەوەی لێرەدا گرنگە باس بکرێت ئەوەیە، کە بە داخەوە نووسەر بە ئارەزووی خۆی، مۆنتاژی ئەو پەڕەگرافانەی کردووە و کورت و پوختی کردوونەتەوە، بە مەبەست بێ، یان لە بێ ئاگایەوە، ڕستە و دەربڕینەکانی قرتاندووە. کە ئەمەش ڕاستەوخۆ بۆتە ھۆی شێواندنی لایەنی زمانەوانی و مانایی ڕۆمانەکە. لە زمانی کوردیدا، سەدان وشە و ڕستە بە بێ گرێدانەوەیان بە پەڕەگرافەکانی پێشوو و دواتری خۆیان، یان مانا ناگەیەنن، یان مانا دەشێوێنن. بۆیە گرنگە نووسینی چەند پەڕەگرافێک، وەک یەکەیەکی بابەتی و زمانەوانی و ئۆرگانیکی، بە سەر یەکەوە تەماشا بکەین و بیانخوێنینەوە، نەک ئەوەی مەبەستمان بوو بینووسین. دروست وەک ئەوەی کە ھەندێک دەیانەوێت خوێندنەوەیەکی پێچەوانە بۆ ئەو ئایەتە پیرۆزە بکەن کە دەڵێت:_( نزیک نوێژ مەکەونە کە ئێوە مەستن) تەنھا بەشی یەکەمی ئایەتەکە وەردەگرن وبەشی دووەمی فەرامۆش دەکەن. لە نووسینەکەی (گۆران سەباح) یشدا، بەر تێگەیشتنێکی دیکەی جیاواز بۆ ڕۆمانەکە، لەوەی ڕۆماننووس نووسیویەتی دەکەوین. ئێمە بۆ ئەوەی بە وردی ئەمە بخەینە ڕوو، ئەو پەڕەگرافانە ئەو نووسیویەتی، دەیاننووسینەوە و دواتریش بەراوردی پەڕەگرافەکانی نێو ڕۆمانەکەی دەکەین، ئەو کات دەردەکەوێت کە ئەوەی ڕۆماننووس نووسیویەتی ڕاستە یاخود ھەڵە بۆ نموونە:_
* لا١٠ نووسیویەتی:_( عیسمەت ھەستی بە گۆڕان و ترس نەکرد) بەڵام لە ڕۆمانەکەدا وەھا نەنووسراوە، بەڵکو دەڵێت:_(ھەستی بە گۆڕانکارییەکی ناوەکی گەورە نەکرد) واتا وشەی ترسی تێدا نییە.
* لا ١٢ نووسیویەتی:_( کاتێ بەڕێوەبەر دێتە لای دەڵێ ئەو ترسەی نەمابوو) بەڵام لە ڕۆمانەکەدا وەھا نووسراوە:_(عیسمەت ئێستا ئەو ترسەی دەم و بەیانی نەمابوو) چەند جیاوازی ھەیە لەگەڵ ئەوەی نووسەر نووسیویەتی.
* لا ١٩ نووسیویەتی:_( عیسمەت ترسی دوێنێی نەمابوو) ئایا ئەم سێ پەڕەگرافە، ھیچ پەیوەندییەکییان بە یەکترییەوە ھەیە؟ ترسی دوێنێ، دەبێتە ترسی ئێستا؟ بە پێچەوانەوەش؟ بۆیە ھیچ ھەڵەیەک لەو دەربڕینانە نییە.
* لا ١٩ نووسیویەتی:_(کابرایەک بەیانی لە خەو ھەستێت و زمانی خۆی بیر بچێتەوە ، چۆن دەستی دەچێتە تراشینی ڕدێن و بەرچایی) نووسەر، ڕەخنەی تووند لە بەختیار دەگرێت کە چۆن نووسیویەتی ( لە خۆشتن ھاتەدەرە) وا بزانم، مافی ئێمەشە وەک خوێنەرێک لەو بپرسین بە ڕاست (دەست دەچێتە ڕدێن تراشین؟) بەڵام با لەوە گەڕێین، بزانین ڕۆماننووس چی نووسیوە:_(دەمێک وەک مەخڵوقێکی تەواو بێ سەر و زمان ھەڵسا لەخەو) سەرنج لە جیاوازیی واتایی لە ھەردوو دەربڕینەکە بدەن. ئەوەی گۆران نووسیویەتی، عیسمەت دوای ئەوەی بە ئاگا دێت زمانی خۆی بیر دەچێتەوە، واتا کرداری بیرچوونەوەکە پاش بە ئاگاھاتنە کەیە، بەڵام ئەوەی ڕۆماننووس دەلالەتی ئەوە ئەگەیەنێت کە عیسمەت بەر لە بە ئاگاھاتنی لە خەو، ھەست دەکات مەخڵوقێکی بێ سەرو زمانە، کە لێرەدا کردارەکە پێش بە ئاگاھاتنەکەیە.
* لا ٢٥ نووسیویەتی:_( لە سەرەتای بەشەکە مێژووی نووسیوە، کە چی دواتر دەڵێ بەیانییەک، بەختیار عەلی بیری چۆتەوە پێشتر چی نووسیوە) دیارە لای نووسەر، زەمەن تەنھا دەم و ساتێکی دیاریکراوی ھەیە، با بزانین لە ڕۆمانەکەدا چی نووسراوە:_( ٢٧ ی تەممووز، دوو ھەفتە بوو عیسمەت ئۆکتای گەیشتبووە ئەنکەرە، بەیانییەک لە سەر دەنگی ژاوەژاوەی سەربازە تورکەکان بە ئاگاھات) ئایا دوو ھەفتە و بەیانی، ھیچ پەیوەندییەکییان بە یەکترییەوە ھەیە؟ مەگەر بەیانییەک، مانای بەیانییەکی ڕۆژێک لە ڕۆژەکانی ئەو دوو ھەفتەیە ناگەیەنێت؟ دواتریش، دوو ھەفتەیەک بە مانای پێش بەرواری بیست و ھەفتی تەممووز دێت، نەک ھەمان ڕۆژ و ھەمان بەیانی وەک ئەوەی نووسەر تێی گەیشتووە.
* نووسەر نووسیویەتی:_(عیسمەت ئۆکتای، دەمێک بە ناوی عیسمەت و دەمێکیش بە ناوی ئۆکتای ناوی دەبات، خۆ لە گۆترە و
خۆڕایی نییە بۆ سەر لە خوێنەر دەشێوینی) ئەمە ھیچ ھەڵەیەکی تێدا نییە، چونکە لە زمانی تورکیدا، ناوھێنانی باوک ڕێسایەکی زمانی باوە بۆ نموونە:_ ئەحمەد داود ئۆغلۆیە، کەچی دەگوترێت (داود ئۆغلۆ) ، یاخود (ڕەجەب تەیب ئەردۆگانە) کەچی دەگوترێت:_( ئەردۆگان)، یاخود (سەلاحەددین دەمیرتاش) ە، بەڵام (دەمیرتاش) بە تەنھا دەگوترێت.
* نووسیویەتی:_( لە بەشی ٣٠، ئەفسەری چاودێر بە تاریق دەڵێت کە کوردەکان ئیش ناکەن، کەچی دواتر دەڵێت کارەکە بە باشی دەکەن) بە داخەوە نووسەر، مۆنتاژی بۆ نووسینەکەی بەختیار عەلی کردووە، ئەم دوو دەربڕینە کە لەو بەشەدا ھاتوون، زۆر جیاوازن لە یەکتری، با بزانین لە ڕۆمانەکەدا چی نووسراوە:_(تاریق ئاکانسۆ بە ئەفسەری چاودێری گوتبوو، تەرجومانێکی تورکی بۆ بھێنێت تا بتوانێت لەگەڵ ھەندێک لە گیراوەکان قسە بکات ئەفسەرەکە گووتی گەورەم، کێشەی ئێمە لەم ناوچەیە ئەوەیە، ھیچ تورکێکمان نییە ئەم زمانە بزانێت، خەڵکی ناوچەکەش بە خۆشحاڵییەوە ئەم کارە ناکەن، ھەر کات تەرجومانێک دەگرین، پاش ماوەیەک بە ناوی ئیش و کارەوە ھەڵدێت و ون دەبێت، زۆربەیان کاری تەرجومانی بۆ تورک، بە کارێکی قێزەوەن و ناشرین دەزانن، پێیان باشە سەری خۆیان ھەڵبگرن و مەملەکەتەکە جێبھێڵن، لەوەی ببن بە تەرجومانی ئێمە.) بێگومان لێرەدا کارەکە ( تەرجومان) کردنە و دیارە کە نایکەن، بەڵام بابزانین کارەکەی تر کە زۆرباش دەیکەن چییە؟ ڕۆماننووس نووسیویەتی:_( بەڵام گەورەم کارەکە بە باشی دەکەن، کوردەکان کاتێ دەبنە خزمەتکار ھەموو شتێک بۆ گەورە کانییان دەکەن) مەبەست لێرەدا چییە؟ دیارە دوای ئەوەی دەبنە خزمەتکار، ئەو کات بە باشی کارەکە دەکەن. ڕۆماننووس لێرەدا، مەبەست و مەغزایەکی دیکەی ھەیە، کارەکە ئەو کاتە بە باشی دەکەن و ڕادەپەڕێنن، کە بوونە خزمەتکار، دیارە ڕۆماننووس دیدگای تورکە شۆفێنیی و کەمالییەکانی بۆ کوردەکان، لەو وێنە پڕ شۆفێنی و ناسیۆناڵییە بەرجەستە کردووە.
* نووسیویەتی:_(ڕۆماننووس لە یەک کاتدا خەستەخانە و نەخۆشخانە و بیمارستانی نووسیوە) ھەر کامێکییان بێت ئاسایە، چونکە ھەرسێ وشەکە یەک مانایان ھەیە، تەنھا بۆ زمانی ستاندەرو یەکگرتوو، جۆرێک لە پەرشی دروست دەکات.
* لا ٧٧ نووسیویەتی:_( ڕۆماننووس باسی تیر باران دەکات) لەم لاپەڕەیەدا، بە ھیچ شێوەیەک نە وشەی (تیر) نە وشەی ( کەوان) بوونییان نییە. ھیوادارم خوێنەران سەرنجی بدەن.
* لا ١٠٣ نووسیویەتی:_( دیالۆگی وەزیرەکانە، کەچی لە لا ١٠٥ دیسانەوە ئەو قسانە دەجویتەوە) بە ھیچ شێوەیەک لەلاپەڕە (١٠٥) دا، دیالۆگی وەزیرەکان بوونی نییە. تکا لە خوێنەران دەکەم بگەڕێنەوە سەر ئەو لاپەڕەیەی ڕۆمانەکە، بۆ ئەوەی بزانن وایە کە نووسەر دەیڵێت؟ چونکە ئەم لاپەڕەیە، تەنھا چوار دێڕ نووسینە، ئیدی نازانم باسی کام دیالۆگ دەکات!
* لا ١٤٣ نووسیویەتی:_( تەوقەی کورت و تەوقەی دۆستانە ھەڵەیە، دیارە تەوقەی درێژ و دوژمنانەش ھەیە) گرفتی نووسەر لەوەدایە، بە پێوانەی ئەندازەیی و پێوانەییەوە لە تەوقەی کورت و درێژ گەیشتووە .تەوقەی کورت، بە مانای ئەوە دێت، ماوەی مانەوەی ھەردوو دەستەکە لە نێو یەکتری کەمە، تەوقەی دریژیش، مانای درێژی زەمەنی مانەوەی ھەردوو دەستەکەیە لە نێو یەکتری، ئەمە مانای تەوقەی درێژ و کورت، سەبارەت بە تەوقەی دۆستانە و دوژمنانەش، مەرج نییە ئەو کەسەی تەوقەی لەگەڵدا دەکەین دۆستمان بێت، سات وایە لە ناخەوە ڕقمان لێیەتی، بەڵام دەشیدوێنین و دەستی تەوقەکەشی بۆ درێژ دەکەین ئەمە یەکجار زۆرە لە کۆمەڵگەی کوردی.
*نووسیویەتی:_( چەند وشەیەکی ھەولێری بە کاربردووە، بەڵام زۆربەیان ھەڵەن وەک:_( لە مێژە) دیارە مەبەستی نووسەر ئەوەیە، کە لە نێوان (لە) و(مێژە) دا سپێیس ھەیە بەڵام ئەم وشەیە بە یەکەوە دەخوێندرێتەوە، واتا (لە) بەشێکە لە وشەکە نەک ئامرازی پەیوەندی بێت و لەوانەیە نووسەر لە ڕووی ڕێزمانییەوە وا لێکی دابێتەوە. وشەی (مێژە) بە تەنیا ھیچ مانایەکی نییە، بەڵکو بە یەکەوە ماناکە دەدەن، کە واتا ھەر چۆنێک بنووسرێت، دەبێ بە یەکەوە بخوێندرێتەوە بۆ نموونە:_
لە مێژە
لە مێژە
لە مێژە
لە مێژە
لە مێژە
لە مێژە
تەنھا لە ڕووی ڕێسای نووسینەوە ھەڵەیە، دەنا لە ڕووی واتاوە، وشەکە ھەمان واتا و مانا دەبەخشێت و بە یەکەوەش دەخوێنرێتەوە.
* لا ٤٥ نووسیویەتی:_(ویستی بیر بکاتەوە ھەڵەیە، بۆ زمانی کوردی ڕەزیل دەکەی) گۆران سەباح کە دەنووسێت ھەڵەیە، پێمان ناڵێت ھەڵەکەی لە کوێیە؟ چونکە گومانی لەو بۆچوونەی خۆی ھەیە. مەگەر مرۆڤ ھەزاران جار ناڵێت:_( ویستم بیرێک لە کارەکەم بکەمەوە، بیرێک لە ڕۆیشتنم بکەمەوە، ویستم بیرێکی لێ بکەمەوە)
ویستی: ی_ لێرەدا، جێناوی لکاوە بۆ بکەری ڕستەکە دەگەڕێتەوە، واتا ئەو ویستی بیر بکاتەوە، تەنانەت خودی ڕستەکەش ڕستەیەکی تەواوە، چونکە مانایەکی تەواو دەدات و تیایدا کەسێک بە کرداری بیرکردنەوە ھەڵدەستێت، بەڵام ھێشتا ڕووینەداوە. دواتر ڕۆماننووس نووسیویەتی:_( ویستی بیر لە ئۆیزاری ژنی بکاتەوە) ئایا ئەوەی ڕۆماننووس نووسیویەتی، وەک ئەوەیە کە نووسەر دەیڵێت؟
* لا ٤٨ نووسیویەتی:_( ھیچ مەخلوقێک ناژین، ھەڵەیە، دەبێ ھیچ مەخڵوقێک ناژیت بێت، ڕۆماننووس وشەی تاک و کۆ لە یەکتری جیا ناکاتەوە) بێگومان لە بارەی مەخلوق و زۆر وشەی تریش، دەکرێ لە یەک کاتدا تاک بن و کۆش بن. بۆ نموونە:_ وشەکانی (گەل_ کۆمەڵگە_دەزگا) لە ڕواڵەتدا تاکن، چونکە ھیچ نیشانەیەکی (ان) نییە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا ئاماژەن بۆ کۆ. ئەگەرچی نیشانەی نەناسراوی (ێک)، ئاماژە بۆ تاکایەتیش دەگەیەنێت، بەڵام لە زمانی کوردیدا، گەلێک وشە ھەن لە دەرەوەی ئەو پێوەرەن. بۆ نموونە:_(خەڵکێک، تیپێک، ڕۆژێک) ئەمانە لە ڕواڵەتدا تاکن و ھەمان نیشانەی نەناسراویان ھەیە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا کۆن. وشەی مەخڵوقێک، دەکرێ بە مانای کۆش لێک بدرێتەوە، ئەگەرچی وشەکە پەیوەندی بە تاک و کۆوە لەو ڕستەیەدا نییە. مەخڵوق ھەموو زیندەوەرێک دەگرێتەوە و دەتوانین بەشێک لەو مەخڵوقە وەرگرین، بەڵام با بزانین ڕۆماننووس چی نووسیوە و گۆران کردوویەتییە چی؟ لە ڕۆمانەکەدا ھاتووە:_( ھیچ مەخلوقێک لە سەر زەوی، وەک پزیشکەکان ھێندە لە دۆخی ئاساییدا ناژین لا٤٨) ئایا (ناژین) بۆ (مەخلوق) دەگەڕێتەوە یان (پزیشکەکان؟) زۆر بە ڕوونی لە ڕستەکەدا ئەوە دیارە کە پزیشکەکان کۆیە و ناژینیش کۆیە. (ین) جێناوی لکاوە، بۆ کەسی یەکەمی کۆ دەگەڕێتەوە، واتا پزیشکەکان ناژین نەک مەخڵوق. دواتریش، ناژین کاری ڕانەبردووە، نەک کرداری تاک و کۆ وەک ئەوەی نووسەر نووسیویەتی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دەکرێ بە (ناژین) و(ناژیت) بنووسرێت. وەک وتمان ھەندێک وشە ھەن، لە ڕوالەتدا تاکن، بەڵام لە ناوەڕۆکدا کۆن.
* لا ٥٥ نووسیویەتی:_ بەختیار عەلی دوانزە ڕۆمانی نووسیوە، کەچی قسەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە یەکتری جیا ناکاتەوە وەک:_( لە ھەموو جێگەیەک دەیگوت ئەو بە تەنھا ھیچی پێ ناکرێت، پێویستیم بە مامۆستای تورک ھەیە، پێویستیم بە سەربازی تورک ھەیە، پێویستیم بە قامچی ژەندرمەی تورک ھەیە، پێویستیم بە پزیشکی تورک ھەیە، زمانی ئەوانەم بۆ ببڕێت بە تورکی قسە ناکەن، ئەمانە کەی قسەی ناڕاستەوخۆن؟) نازانم نووسەر دەربڕینی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لە کوێ ھێناوە و داویەتییە پاڵ ڕۆماننووس؟ چونکە لەو پەڕەگرافەدا، نە ڕۆماننووس باسی ناڕاستەوخۆیی دەکات، نە دیالۆگی کارەکتەرەکانیش پێویستی بە دواندنی ناڕاستەوخۆ ھەیە. دیالۆگەکە ئەوەیە کە ئێمە نووسیومانەتەوە و دەکرێ خوێنەران بۆ پشت ڕاستکردنەوەی بۆچوونەکانی من، بگەڕێنەوە سەر ئەو لاپەڕەیە، لەلایەکی دیکەوە، ئایا ھیچ مەبەست و نیازێکی ناڕاستەوخۆیی لەو گوتنەدا نییە؟ پێویستیم بە ھەموو شتێکی تورک ھەیە مانای چییە؟ مانای وا نییە ڕۆماننووس ناڕاستەوخۆ باس لە شۆفێنییەتی تورک و بە تورکیکردنی ھەموو شتێک دەکات؟ مانای وا نییە ڕۆماننووس ناڕاستەوخۆ پێمان دەڵێت ، ئەگەر تورک نەبیت، ھەڵگری گەورەترین و پیرۆزترین شوناسیش بیت، دواجار تۆ ھیچ نیت؟ ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوە نییە کە ڕۆماننووس بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستە وخۆ قسە دەکات، بەڵکو ئەوە گرنگە کە بە تورکیکردنێک لە تورکییا ھەموو کایەکانی ژیانی گرتۆتەوە، بە ڕادەیەک ئەگەر تۆ تورک نەبیت، ئیدی بوونەوەرێکی بێ نرخ، بێ ماف، بوودەڵە و بێ ھەموو ئەرزشێکیت. دەبوو نووسەر، بە وردی ئەو چەند دێڕەی بخوێندبووایەوە، ئەوکات بۆی دەردەکەوت کە مەبەستی بەختیار عەلی لەو چەند دێڕە چییە.
* لا ١٧٥ نووسیویەتی:_(عەلی ئیحسان لە سەر لێواری تەختە خەوەکەی دادەنیشت ھەڵەیە، چونکە ڕابردووی بەردەوامە دەبێ بە ڕابردووی سادە بێت، واتا عەلی ئیحسان لە سەر لێواری تەختە خەوەکەی دانیشت) دادەنیشت، ڕابردووی بەردەوامی ڕاگەیاندنە و ھیچ ھەڵەیەکی تێدا نییە. ئەگەر بە پێی ئەو دەربڕینە بێت کە گۆران نووسیویەتی، ئەوا مانای وایە عەلی ئیحسان بۆ یەکەم جار لەوێ دانیشت، کە مەبەستی ڕۆماننووس ئەمە نییە، ھاوکات لە ڕۆمانەکەدا ھاتووە:_(ھەموو شتێک دەکەین بۆ ئەوەی خۆیان خۆیان بکوژن، ئەوان بۆ ئێمە خەڵکی زیادن، دەزانیت خەڵکی زیاد مانای چی؟عیسمەت چاوانی پڕ دەبوو لە ترسێکی گەورە، مەبەستت چییە مەبەستت چییە کابرای تەرجومان؟ عەلی ئیحسان لە سەر لێواری تەختە خەوەکەی عیسمەت دادەنیشت، عیسمەت ئۆکتای من ناوم عەلی ئیحسان ئاکانسۆیە، ناوەکەم لە بەربکە وا بزانم جارێکی دیکەش پێم وتی) دادەنیشت، ھیچ ھەڵەکی زمانەوانی و ڕێزمانی تێدا نییە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بگێڕەوەی ڕووداوەکان، عەلی ئیحسانی دیوە کە ھەمیشە لەسەر تەختە خەوەکەی عیسمەت دادەنیشت.
* لا ٢٠٣ نووسیویەتی:_( کوردەکە بە تاریق دەڵێ تەنیا کرێکارە و شتێکی کەم تورکی دەزانێت، پاشان دەڵێت لە سامسۆن فێر بووە و زۆرباش دەزانێت) لە ڕاستیدا، ڕۆماننووس ئەوەی نەنووسیوە، با بزانین لە ھەمان لاپەڕەی ڕۆمانەکە چۆن نووسراوە:_(ناوت چییە؟ مەھدی، دەتوانی باش کاری تەرجومان بکەیت؟ من کرێکارم تەنیا شتێکی کەم تورکی دەزانم، ئەویش بە خۆشی خۆم فێر نەبووم، ناچاری و نان پەیداکردن فێری کردووم، بە زۆر کراوم بە تەرجومان) دوای ئەوەی ئەم گفتۆگۆیە تەواو دەبێت، لە پرسیارێکی دیکەدا، تاریق ئاکانسۆ بە مەھدی دەڵێت:_( ئەی ئێستا چۆن دێتە گوێت؟) مەھدی: ( ئێستا نا دەمێک لە سامسۆن فێری زمانەکە بووم و توانیم لەگەڵ خەڵکی ئەوێدا قسە بکەم) بە ھیچ شێوەیەک ( زۆرباشەی) تێدا نییە واتا جیاوازە لەوەی گۆران نووسیویەتی.
* لا ٢١١ نووسیویەتی:_(باکلان و عەلی ئیحسان سەر و بیرەیەک داوادەکەن) بەڵام لە ڕۆمانەکەدا نووسراوە:_( سەر و بیرەیان داوا کرد) واتا (بیرەیان) داوا کردووە نەک (بیرەیەک) سەر، لێرەدا ئاماژەیە بۆ سەری کەسەکان نەک ژمارەی بیرەکان.
* لا ٢٢٧ نووسیویەتی :_ گێڕانەوە بە زەمەنی ڕابردووە، لە ھیکڕا دەبێتە ڕانەبردوو، وەک:_ ( ژمارەی قوربانیانی دەستی گورگە بۆرەکان لەم ساڵانەدا ھەزاران کەسە، سەد ھەزار ئەندامی مەشق دیدەیان ھەیە) نووسەر لە کۆی پەڕەگرافەکە، تەنھا ئەو چەند وشەی نووسیوەتەوە، خۆزگە کۆی پەڕەگرافەکانی پێشووی ئەم چەند پەڕەگرافەشی دەنووسییەوە ، تاکو خوێنەر بەرچاو ڕوونی زیاتر بێت. ئەگەر بە پێی ئەو نموونەیە بێت کە ئەو ھێناویەتییەوە و بڕوای وایە زەمەن لێرەدا ڕابردووە، بەڵام بەختیار کردوویەتییە ڕانەبردوو، ئەوا ئەوەی ڕۆماننووس ڕاستەو ئەوەی نووسەر دەیڵێت ھەڵەیە. با بزانین ڕۆماننووس چی نووسیوە:_( سوپا ھیچ لادانێکی گەورە، لە بنەماکانی کەمالیزم قبول ناکات، گەر ئەم نەخۆشانە ئازادیش بکرێن و ھەر کوردی قسە بکەن، یەک یەکە گورگە بۆرەکان لێرەو لەوێ ڕاویان دەکەن و دەیانکوژن، ژمارەی قوربانیانی دەستی گورگە بۆرەکان لەم ساڵانەی دواییدا، ھەزاران ھەزار کەسە، سەد ھەزار ئەندامی مەشق دیدەیان ھەیە) ھیچ بنەمایەکی زمان نییە، باس لەوە بکات، نابێ دەمەکانی ڕابردوو/ ڕانەبردوو، بە یەکەوە بەکار بێن. ئەمە دەگەڕێتەوە سەر ڕەوتی گێڕانەوە و گونجاندنی زەمەن و شوێن و ئاستی گێڕانەوەی ڕووداوەکان. ئەوی ڕۆماننووس نووسیویەتی، ھیچ ھەڵەیەکی ڕێزمانی تێدا نییە، بە پێچەوانەوە، زۆر جوان گوزارشت لە بارودۆخی کوردەکان بە دەستی تورکە فاشییەکان لە ڕابردوو ئێستاشدا دەکات.
ھەزاران کەسە
(ە) کاری ناتەواوە بۆ دەمی ڕانەبردووی ئێستا.
مەشق دیدەیان ھەیە
(ھەیە) کاری ناتەواوی تێنەپەڕی ڕانەبردووە.
وێرای ئەمەش لەم پەڕەگرافەدا، چەندین ڕستەی سەربەخۆ، کە مانای تەواو دەبەخشن، ھەن. واتا پەڕەگرافەکە لە چەندین ڕستە پێکھاتووە، کە دەکرێ بە سەربەخۆ بخوێنرێنەوە.
* لا٢٣٢ نووسیویەتی:_( مەتینییان ھێنایە بەردەمی تاریق، تاریق چووە لای مەتین، کاکە کەنگێ نووسینی ڕۆمان وابووە) بەڵام با بزانین ڕۆماننووس ئەوەی نووسیوە ؟ لە ڕۆمانەکەدا ھاتووە:_( کاتێک مەتینییان ھێنایە بەردەمی تاریق ئەکانسۆ، دەیویست دەم و دەست لەوێدا تیر بارانی بکات) تا ئێرە دیارە، پاشان درێژەی دەداتێ و دەنووسێت:_( لە نزیک ئێوارە تاریق دەچێتە لای مەتین) ئایا دەمەکان ھەمەن دەمن لە ڕۆمانەکەدا؟ واتا ئەو کاتەی تاریق دەچێتە لای مەتین، ئێوارە بووە نەک ھەمان کات.
* نووسیەتی:_ لە لاپەڕە ٣٠٧، ڕابردووی بەردەوام بە ھەڵە بەکار براوە ( نارسین لە سەر دەستی لە ماوەی ساڵێکدا، زمانێکی ڕەوانی کوردی قسەیدەکرد، دەبێ ڕابردووی سادە بێت کوردییەکی ڕەوان فێربوو) با بزانین لە ڕۆمانەکەدا، چی و چۆن نووسراوە:_(نارسین لە سەر دەستی مامۆستایان چەتین و ئینان بۆراندا، بە کۆمەکی بەردەوامی جەوھەر سیزار و خێزانەکەی، لە ماوەی ساڵێکدا، زمانێکی ڕەوانی کوردی قسەیدەکرد) سەرنج بدەن، لە نێوان ئەوەی ڕۆماننووس نووسیویەتی و ئەوەی نووسەری وتارەکە کورتی کردۆتەوە، چ جیاوازییەک ھەیە! لەو پەڕەگرافەدا، دەمەکانی کار ھیچ ھەڵەیەکییان تێدا نییە. بە کۆمەکی جەوھەر سیزار، بە مانای ئەوە دێت کە زمانەکەیان فێرکردووە، تا دواجار توانیویەتی قسەی پێ بکات. واتا لە یەک کاتدا ھەم کرداری فێربوون، ھەمیش کرداری قسەکردن لەو چەند دێڕەدا دەبینرێت. نووسەر تەنھا لە ڕووی ڕێزمانییەوە ڕستەکەی خوێندۆتەوە، لە ڕووی واتاییەوە نا. ئایا (قسەکردن) و(فێربوون) ھەمان مانایان ھەیە؟ گریمان تورکێک کوردییەکی زۆر ڕەوان دەزانێت، کە چووە تورکییا بە کوردی قسە دەکات؟ فێربوونی زمانی کوردی لێرەدا چ بەھایەکی ھەیە؟ لەلایەکی دیکەوە، کوردییەکی ڕەوان قسەی دەکرد، زۆر جیاوازە لەگەڵ فێربوون کە کردارێکی سەرەتاییە. بۆ نموونە:_( فێربووە_ باش فێر بووە_ زۆرباش فێربووە) ھەرسێکییان فێربوونن، بەڵام یەک دنیا جیاوازییان ھەیە.
(دەکرد) ڕابردووی بەردەوامی ڕاگەیاندنە، چونکە پێشگری (دە) ی لە پێشە، ئەگەر بمانەوێت بیکەینە ڕابردووی (نزیک) نەک سادە، ئەوا دەبێتە (کرد) بۆیە ئەم ڕستەیەش لە ڕووی دەمەکانی کارەوە، ھیچ ھەڵەیەکی تێدا نییە . قسەی دەکرد، ئاماژەیە بۆ زەمەنێک کە ڕەنگە لە ئێستا و داھاتووش قسە بکات، بە پێچەوانەی فێربوو کە کارێکی ڕابردووە. واتا ئارسین وێرای ئەوەی کە بە کوردییەکی ڕەوان قسەیدەکرد، ھاوکات بەردەوامیش بووە لە کرداری فێربوونی زمان واتا ھێشتا کۆتایی بە کرداری فێربوون نەھاتووە بۆیە قسەیدەکرد لە ڕووی رێزمانییەوە ھیچ ھەڵەیەکی تێدا نییە.
* لا ٣١٤ نووسیویەتی:_(جەوھەر ھەناسەیەکی قووڵی ھەڵکێشابوو ھەڵەیە چونکە بە ڕابردووی دوورە، دەبێ بە ڕابردووی سادە بێت، (جەوھەر ھەناسەیەکی ھەڵکێشا) بابزانین ڕۆماننووس چی نووسیوە:_(گریگۆریۆس، سەیری دەم و چاوی جەوھەری کردوو دای بە شانیدا، جەوھەر ژیان و ئیڕادەیەک لە تۆ دەبینم، دەمێکە لە کورداندا نابینم، لێرە لە ئەستەنبۆڵ دەم و چاوی ھەر کوردێک دەبینم، بە جۆرێک تێکشکاو و بارگرانن، تێ ناگەم چۆن ئەو میللەتە ھەموو یەک جار و دەستە جەمعی لە غەمدا نامرن! پێ ناچێت دەوڵەتی تورک وازتان لێ بھێنێت، ئەرمەنەکان گەر بە ناویش بێت وڵاتێکی خۆیان ھەیە، ئێوە ئەوەشتان نییە جەوھەر ھەناسەیەکی قووڵی ھەڵکێشابوو، بە غەمەوە پێکێکی ھەڵدابوو، بەڵام بە پێکەنینەوە گوتبووی) وەک ئاماژەمان پێ کردووە، نووسەر چونکە لە کۆی چەند دێڕێک، تەنھا چەند ڕستەیەکی کورتکردۆتەوە، ئیدی بۆتە ھۆی ئەوەی تێکەڵییەک لە ڕووی ڕێزمانییەوە دروست ببێت. بە بڕوای نووسەر، (ھەڵکێشابوو) ڕابردووی دوورە و ھەڵەیە، دەبوو بە ڕابردووی سادە بێت ( جەوھەر ھەناسەیەکی ھەڵکێشا) لێرەدا، دەبێ بە وردی دیقەت لە تەکنیکی گێڕانەوە بدەین، ئەوکات دەزانین کام دەمی کارەکە ڕاستە. لەو پەڕەگرافەدا، ئێمە لە بەردەم دوو زەمەنی گێڕانەوەین، کە یەکێکییان دوورە و ئەویتریش نزیکە، دەکرێ لێرەدا ڕوونتری بکەینەوە، کاتێ گریگۆریۆس دیالۆگ لەگەڵ جەوھەر دەکات و دەست دەخاتە سەر شانی، کارەکە ڕابردووی نزیکە، بەڵام کاتێ ڕۆماننووس کە بگێڕەوەی ڕووداوەکانە، ئەو باسەی نێوان گریگۆریۆس و جەوھەر بە زەمەنی ئێستا دەگێڕێتەوە، بە زەمانی ئەو کات ئاماژە بە ھەناسە ھەڵکێشانی جەوھەر دەدات ھەڵکێشابوو، ڕابردووی دووری ڕاگەیاندنە و لە ڕووی زمانەوانییەوە ھیچ ھەڵەیەکی تێدا نییە.
*نووسیویەتی:_( کاتە سەرەکییەکان، ساڵی ١٩٤٦ و ١٩٤٥ ، کەچی ڕۆماننووس ھیچ شتێکی باسنەکردووە و پیشان نەداوە کە گوزارشت لەو سەردەمە مێژووییانە بکات) بەڵام سەرنج بدەن، ھەر ڕۆماننووس خۆی لە وەسفی ئەو ساڵانەدا چی نووسیوە:_
(دەبێ دەوڵەت پەلە بکات لە لە ناوبردنی مێشوولە و مەلاریا) ئەمە مانای وانییە، کە ئەو سەردەمە نەخۆشی مەلاریا باوبووە؟
(دایمە کلێتەیەکی وەک کلێتەی غازی مستەفا کەمال لە سەربوو)
(ئەکادیمیای نەوەی یەکەمی جمھوریەت)
(ماشێنەکە مۆدێلی سیەکان بوو لا ٥٠)
( زۆرینەی خەڵکی گوندەکان، بە دەگمەن ئوتومبێلیان بینیبوو لا ٥٠)
(لە گرامافۆنەکەوە گوێی لە قەوانی گۆرانییە تورکییەکان دەگرت لا٥٧) ئایا قەوان و گرامافۆن، ئاماژە نین بۆ زەمنێکی کۆن و مێژوویی؟
(جەنابی والی گوتی دەبێ لە ژێر چادردا خەڵک کۆبکەینەوە لا ٦٩) ئەمە مانای وانییە کە ھێشتا ھۆڵی گەورە و شوێنی کۆبوونەوە بوونییان نەبووە؟
(ساڵی ١٩٧٨ لەگەڵ ھاتنی کابینە تازەکەی ئەجاویددا، وەزیری ناوخۆو وەزیری تەندروستی گۆڕان)
ئەم دەربڕینانە، گوزارشت لە چ زەمەن و کاتێک دەکەن؟ ئایا ئاماژەیەکی مێژوویی و ڕابردوویان نییە؟
تۆن:_
نووسەر لە درێژەی وتارەکەیدا دەنووسێت:_(تۆنی نووسین وەک تۆنی قسەکردنە، بە خۆشی، بە تووڕەیی، بە مۆنی قسەدەکەی نووسینیشی وایە، لەم ڕۆمانەدا تۆنی کارەکتەرەکان یەک تۆنە) بەوەدا دیارە نووسەر جیاوازی لە نێوان (دەربڕین) و (نووسین) ناکات، کە پێی وایە تۆنی نووسینیش وەک قسەکردنە، بە بێ ئەوەی ئاگاداری ئەوە بێت کە قسەکردن، فۆنەتیک و دەنگدارە، نووسین نا فۆنەتیکی و نادەنگییە، بەڵام با سەرەتا بزانین تۆن چییە؟ تۆن، بە مانای کواڵیتی دەنگ، یان ئەو سەدایەی کە لە دەنگەوە دروست دەبێت. ئەم زاراوەیە، زارەوەیەکی مۆسیقییە و لە بنەڕەتەوە پەیوەندەی بە دەنگی ئامێرەکانەوە ھەیە. بۆ نموونە:_ سۆڵۆی کەمان نزمە، سۆلۆی عود بەرزە، لێرەوەش شتێک نییە بە ناوی تۆن، ئەگەر سەرەتا دەنگ نەبێت. کە دەنگ نەبوو، تۆن بە چی دەناسرێتەوە؟ چۆن دەزانرێت تۆنی بەرزە یا نزم؟ مۆنە یا ڕووخۆش؟ کەواتا لە ھەموو بارێکدا، تۆن پەیوەندی بە نووسینەوە نییە، بەڵکو کردەیەکی دەنگی و فۆنەتیکییە. لەلایەکی دیکەوە، زمانی دەربڕینی کارەکتەرەکان، زمانی نووسینە کە خوێنەر دەیخوێنێتەوە. خوێنەر کە دیالۆگی کارەکتەرێک، یان تووڕەیی کارەکتەرێک، یان ڕەفتار و قسەکردنی دەخوێنێتەوە، واتا کردەکە خوێندنەوەیە نەک دەنگ و بیستن. دەشێ زمانی نووسینی دەقێک، پێچەوانەی ئەو گوتارە بێت کە لە نێوەڕۆکی دەقەکەدایە. من لێرەدا، چەند نموونەیەک بۆ بەرچاو ڕوونی زیاتری خوێنەر دەھێنمەوە. لە کتێبی ( ئەزموون و یاد) ی پشکۆ نەجمەددین-دا، خوێنەر بەر دەیان ڕووداوی تراژیدی و کارەسات و گێڕانەوەی غەمگینانە دەکەوێت، بەڵام تا ئەو پەڕی چێژ لەو گێڕانەوەیە وەردەگرێت. واتا زمان لەو کتێبەدا، ڕاستە باسی خوێن، دیل کوشتن، زیندان، براکوژی، کوشتنی ژن و پیاو دەکات، بەڵام زمانی گوزارشتکردن و گێڕانەوەکە، لە ئاستێکی ھێندە باڵای ھونەری و ئستاتیکی دایە، کە سەرباری ئەو کەشە غەمگینییەی لە دوو توێی دەقەکەدایە، بەڵام خوێنەر چێّژ لە گێڕانەوە وەردەگرێت. ئەمە بۆ شیعریش ھەمان شتە. لە شیعرەکانی ( فەرھاد شاکەلی) و(مارف عمر گول)دا، ئەمە ھەستی پێ دەکرێت. واتە فەزای شیعرەکان، ھەڵگری زمانێکی ھێمن و ئارامن. لە شیعری (خۆری زینداندا) زمانێک ھەیە ھێمن، ئارام ، کە دوژمنان بە نەرمی و بێ دەنگی و خرۆشاوی ڕیسوا دەکات، بەڵام لە شیعرەکانی (شەھید مەلا عەلی) دا، زمانێکی ئەو پەڕی تووڕە و ھەڵکشاو دەبینرێت ھەر دوو ئەزموونەکەش باس لە کەشی نێو چوار دیواری زیندان دەکەن. ئەمە لە بنەڕەتدا تۆن نییە، ستایلیش نییە، چونکە ستایلی دەق دەگۆڕدرێت، بەڵکو بەرەنجامی ئەو ھەستە شاراوە و ئەو بەر یەککەوتنە خودی و ھزریەیە، کە خوێنەر بە دەقێکەوە گرێ دەدات و لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی تر دەگۆڕێت. واتا ھیچ خوێنەرێک ناتوانێت، ئیحساسە دەروونییەکانی خۆی، لە میانەی خوێندنەوەی ڕۆمانێکدا، بکاتە پێوەر بۆ ھەموو خوێنەران. دەشێ گۆران سەباح بەو شێوەیە لە ڕۆڵی کارەکتەرەکان لە ڕۆمانەکە گەیشتبێت، بەڵام کاتێ خوێنەرێکی دیکە ڕۆمانەکە دەخوێنێتەوە، بە شێوەیەکی دیکە لە ڕۆڵی کارەکتەرەکان بگات. بۆیە ھیچ خوێنەرێک ناتوانێت، فەزای گشتی دەقێک، لە میانەی پەیوەندی بە خوێنەرەوە، ڕەنگڕێژ بکات و لای وابێت تۆنی ئەم کارەکتەرە نزمە و ھی تر بەرزە. یاخود گێڕانەوەکە، لە سەر یەک ھێڵی گێڕانەوە دەڕوات. ئەمە بە پێی تێگەیشتن و سەلیقە و چێّژی خوێنەر دەگۆڕێت و پەیوەندی بە نووسەرەوە نییە. ئیدی ھەر خوێنەرە و بە شێوەیەک دەروانێتە ڕووداو و کارەکتەرەکانی ڕۆمانێک.
ناونانی کارەکتەرەکان:
نووسەر لە میانەی وتارەکەیدا دەنووسێت:_( مەرج نییە ھەموو کارەکتەرێک ناوی ھەبێت، زۆر ئاساییە کارەکتەر بێ ناوبێت) بێگومان ئاساییە کارەکتەری ڕۆمانێک ناوی نەبێت، بەڵام چۆن و لە چ کاتێکدا؟ گریمان ڕۆمانێک دە کارەکتەری ھەبوو، دەکرێت ھەر ھەموویان بێ ناوبن و ئاساییش بێت؟ ئەم جۆرە بۆچوونانە، بێ لێکدانەوە و ھەڵسەنگاندن، سەر لە خوێنەر دەشێوێنن. لە ڕاستیدا، تەنھا ئەو ڕۆمانانەی بە جێناوی (کەسی یەکەمی تاک/من، کەسی دووەمی تاک/تۆ، کەسی سێیەمی تاک/ ئەو) دەگێڕدرێنەوە، دەتوانرێت کارەکتەرەکە ناوی نەبێت. ئەویش لە بەر ئەوەی ڕۆماننووس خۆی لە بری ئەوان دەبێتە بگێڕەوە و ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە. خۆ ئەگەر لە دەرەوی بگێڕەوی ڕۆمانەکە، ڕووداوی دیکە و کارەکتەری دیکە ھەبوون، ئەو کات دەبێ کەسایەتییەکانیش ناویان ھەبێت. چونکە گێڕانەوە کردەیەکی تاکی و خودییە نەک گشتی. ئیدی ھیچ ڕۆمانێک بەدەر لەو شێوازە، ناکرێت کارەکتەرەکانی بێ ناو بن. چونکە بگێڕەوە ناتوانێت لە یەک کاتدا ڕۆڵی گێڕەڕەوەی دە کەس ببینێت، کە دەشێ بە ڕووداوێک، یان دیالۆگێک لە ڕۆمانەکەدا بەشدار بن. زۆری کارەکتەرەکان و ناونانییان بە ناوی سەیر و نامۆ، نیشانەی ڕۆمانی سەرکەوتوو، داھێنانی ئەدەبی نییە. ئەوەی لەم ڕووەوە گرفتە بە تایبەتیش لە ڕۆمانەکانی بەختیار عەلی_دا، ئەو ھەموو کارەکتەرانەن، بەو ھەموو ناوە سەیر و سەمەرانەوە. جوانی و ھونەری ڕۆمانێک لەوەدا نییە کارەکتەرەکانی زۆربن و ناویان گوڵیارو دڵ شووشە بێت، بەڵکو لەوەدایە، ئەو کارەکتەرە چەند دەتوانێت بچێتە قووڵایی ھزری خوێنەر و کار لە دەروونی خوێنەر بکات و ھەستەکانی بوروژێنێت. لە ڕۆمانی (ئەندێشەی مرۆڤێک) دا، کە شاکارێکی گەورەی ئەدەبی کوردییە، ڕۆماننووس وەسفی پیاوێک دەکات کە لە کڵاوە ڕۆژنەی پەنجەرەکەیەوە، تیشکەکانی ڕۆژ دەبینێت و خۆی دەدوێنێت. لە نۆڤلێتی (سەگوەڕ)دا، کە ئەویش شاکارێکی ئەدەبی نەمرە، کارەکتەر بە تەنھا مرۆڤێکی زیندانیکراوە. لە یەک کاتدا، ئەو کارەکتەرە، ھێمایە بۆ کەسیەتییەکی شۆڕشگێڕ، خاوەن پرەنسیپ، ستەملێکرا و، یاخی، ئازاد و سەربەست. تەنانەت موکری، چەندین خەسڵەتی سایکۆلۆژیییانەی مرۆڤی لەو کارەکتەرە زیندانیکراوە بەرجەستە کردووە. بۆیە مەرج نییە ڕۆمان دەیان کارەکتەری ھەبێت. بەڵام کە کارەکتەریش ھەبوو، نابێ بێ ناو و ئەرک و ڕۆڵ بن، جا ئەگەر ڕۆڵەکەیان لاوەکیش بێت. نووسەر لە درێژەی وتارەکەیدا، باس لەوە دەکات تا ئەو ڕۆمانە نەخوێنینەوە لە دڕندەیی تورک بەرامبەر بە کورد ناگەین، بەڵام بە پێچەوانەوە، ئێمە زەحمەتییەکی زۆرمان ناوێت تا لە دڕندەیی تورک،بەرامبەر بە کورد بگەین. ڕۆژانە، دیمەنەکانی خوێن و کوشتن و ھەڵدان لە فڕۆکە و گرتن و ڕاپێچکردنی کوردەکان بۆ زیندان، لەلایەن ژەندرمە و دەسەڵاتە تۆتالیتاریەکەی ئەردۆگان دەبینین. نووسین، چەند پڕ واتا و قووڵاییش بێت، چەند کاریگەر و ناخ ھەژێن و پڕ ماناش بێت، ھێشتا ناگاتە ئەوەی لە واقیع ڕوویداوە و ڕوو دەدات و بینیومانەو دەبینرێت.
دواجار ئەوەی زۆر بەلامەوە سەیر بوو ئەوەبوو، کە نووسەرلەو وتارەیدا، ئامۆژگاری بەختیار عەلی دەکات، بچێت (گۆران سەباح و ئارام محەمەد و عمر سەعید و کیاکسار ئەحمەد ) بخوێنێتەوە، تاکو فێری ھونەری نووسین و دەربڕین بێت. پرسیار ئەوەیە، بۆچی پێی ناڵێت ( ھەژار موکریانی، شکور مستەفا، مەلا جەمیلی ڕۆژبەیانی، فەرھاد شاکەلی ، شێرزاد حەسەن ، حەکیم کاکە وەیس) و چەندان چیڕۆکنووس و ڕۆماننووسی تر بخوێنێتەوە؟ کەس بووە لە نووسینێکی خۆیدا، مەدح و سەنای خۆی بکات؟ مەگەر نووسەر نازانێت کە (کەس بە دۆی خۆی ناڵێت ترشە!).
وتاری:_ ڕۆمان زبڵدانی وشە نییە.
لێرەدا، بە پێویستی دەزانم ھەر لە بارەی وتارێکی دیکەی نووسەر، بە ناوی ( ڕۆمان زبڵدانی مێژوو نییە)، کە ئەویش لە ماڵپەڕی دەنگەکان بڵاوکراوەتەوە، سەرنجێکی کورت دەرببڕم. نووسەر لەو وتارەیدا، چەند نموونەیەکی لە سەرەتا و دەسپێکی چوونە نێو دەقی چەند ڕۆمانێکی جیھانی ھێناوەتەوە و پەسن و ستاییشیان دەکات و ھاوکات، چەند نموونەیەکیش لە ڕۆمانی کوردی، کە ئەو بە نا ھونەری و لاواز ناویان دەبات. ھەڵبەتە، پرسی سەرسامبوون تا ڕادەی خۆ بچووککردنەوە و شەرمکردن لە ئەدەبی نەتەوەیی خۆت، دیاردەیەکە و لە نێوەندی ئەدەبی کوردیدا ھەیە و دەشبێت. ئەمە، دوو دیوی ھەیە، دیوێکی بەراوردکردنانەی ئەدەبییە، کە نییە یان دەگمەنە، دیوێکیشی سایکۆلۆژییە کە ڕەنگدانەوەی ئەو داگیرکارییە فەرھەنگی و کەسی و کولتووریەیە، کە دوژمنانی کورد بە درێژایی مێژوو، پەنایان وەبەر بردووە و ھەوڵی ئەوەیان داوە، ڕەگی بچووکی و خۆ بە کەمزانی، لە ئاست ئەویتری نەیاردا، لە ناخ و ھزری مرۆڤی کورد دابکوتن. سەرنج بدەن، خانی، دوو سەد ساڵ بەر لە ئەوروپییەکان، باسی ناسیونالیزم و بناغەی نەتەوە لە مەم و زیندا دەکات (خوێنەر دەتوانێ بگەڕێتەوە سەر کتێبە گرنگ و نایابەکەی نووسەر و ئەکادیمی دیاری کورد، فەرھاد شاکەلی بە ناوی ناسیۆنالیزمی کوردی لە مەم و زینی ئەحمەدی خانیدا) کە ھێشتا ناسیۆنالیزم وەک فیکر ھەر بوونیشی نەبووە. فەرھەنگ و ئەدەبیاتی کوردی، نەک ھیچی لە ئەدەبیاتی جیھانی کەمتر نییە، بەڵکو ھونەریتر و بە چێژتریشە. خوێنەران دەتوانن بچن بەرھەمی ئەو نووسەرانە بخوێننەوە، کە نۆبڵی ئەدەبییان وەرگرتووە. گرفتەکە ئەمە نییە، گرفتەکە خۆ بە کەمزانی و بچووکی ئێمەیە لە نێوەندی ئەدەبی کوردیدا. چونکە بزاوتێکی پێچەوانە نییە کە بەرھەمە کوردییەکان وەربگێڕێتە سەر زمانە بیانییەکان، ئیدی ئەو بۆشایە دروست بووە. ئالان پەری، چەند شیعرێکی شاعیرێکی پەراوێز و نەناسراوی دانیمارکی وەرگێڕاوە، لە پێشەکیدا بە شێوەیەک پەسنی ئەو شاعیرە دەدات، وەک ئەوەی گەورەترین داھێنەری دنیا بێت، کە چی کە شیعرەکانی دەخوێنینەوە، ھەست دەکەین شیعرەکانی، بێ ماناترین و نا ھونەریترین و سادەترین شیعرن، کە ناگەنە دامێنی قەسیدەیەکی شیعری شاعیرێکی کورد. ئەمە پەیوەندی بەوەوە نییە کە شیعری کوردی لاوازە لە بەرانبەر شیعری بیانیدا، بە پێچەوانەوە، پەیوەندەی بە نەبوونی وەرگێڕان و ئەو سەرسامییە ھەیە بە خۆرئاوا، کە وەرگێڕی ئەو کۆمەڵە شیعرە و ھاوتێگەیشتنەکانی ئەویش ھەیانە. ئێمە نەمانتوانیوە، وێنەی ڕاستە قینەی ئەدەبیاتی خۆمان بە دنیا بناسێنین. تۆبَڵێی لەو ھەموو شیعر و چیڕۆک و ڕۆمانەدا، بەرھەمێکی شایستەمان نەبێت؟ سەرنج بدەن، چ بزاوتێکی گەورەی وەرگێڕان لە زمانەکانی دیکەی بیانی بۆ سەر زمانی کوردی ھەیە! بەڵام بە پێچەوانەوە، زۆر بە دەگمەن بەرھەمە کوردییەکان، وەرگێڕدراونەتە سەر زمانەکانی دیکەی دنیا، ئیدی چۆن نووسەرەکانمان و شاکارەکانیشیان، لە سەر ئاستی دنیا دەناسرێن؟ بۆیە ڕۆمانی کوردیش، ھیچی کەمتر نییە لە ڕۆمانە جیھانییەکان و دەکرێ بۆ پشت ڕاستکردنەوەی ئەو بۆچوونەی من، خوێنەران بگەڕێنەوە سەر ئەو ڕۆمانانەی کراونەتە کوردی، ئەو کات دەردەکەوێت کە ڕایەکەی ئێمە لۆژیکییە یاخود نا؟ بێگومان دەسپێک لە ھەموو دەقێکدا، یەکەم ئەڵقەی گرێدانی دەقە بە خوێنەر و یەکەم دەروازەی چوونە نێو دەقیشە لە دوای ناونیشان وەک ئاماژەیەکی گشتی دەق. زۆرجار سیحری گێڕانەوەی ڕووداوێک لە سەرەتاوە، ئەو ھەستە لای خوێنەر دروست دەکات کە بە دوای ڕووداوەکان دابچێت و کەمەندکێشی بکات، واتا لە سەرەتای دەقەوە، ھەر تەنھا گێڕانەوە یاخود سەرەتای باسەکان گرنگ نییە، لەوە گرنگتر ئەوەیە چیڕۆکنووس یاخود ڕۆماننووس، چەند دەتوانێت لە ڕێگەی ئەو دەسپێکەوە، خوێنەر بباتە نێو ڕووداوەکانی دەقەکە. گەلێک جار دەسپێکی دەقێک ھەر لە سەرەتاوە ئەو تێڕوانینەمان بۆ دروست دەکات کە بە دوای ڕووداوەکانەوە بچین. لە ھەندێ دەقی چیڕۆک و ڕۆماندا، دەسپێکی دەقەکە لە ڕووی سیحری گێڕانەوە و تەکنیکی داڕشتنەوە ھێندە لاواز و نا ھونەرییە، کە ھەر لە سەرەتاوە خوێنەر درک بەوە دەکات کە ئەوەی دەیخوێنێتەوە چیڕۆک و ڕۆمان نییە، بەڵکو گێڕانەوەیەکی میللییانەی حیکایەت ئامێزە و ھیچ بنەمایەکی ھونەری گێڕانەوەی چیڕۆکی تێدا نییە. کە واتا دەسپێکی دەق گرنگە، چونکە دەروازی چوونە نێو دەق و ئەڵقەی گرێدانی خوێنەرە بە دەق، بەڵام ھەڵەیە ھەموو ڕۆمان لە دەسپێکدا کورت بکەینەوە، یاخود بۆچوونمان وابێت کە دەسپێکی ڕۆمانێک سەرنج ڕاکێش و پرسیار دروستکەر نەبوو، ئیدی نووسەرەکەی کەسێکی بێ توانایە. لە ڕۆمانی (گرەوی بەختی ھەڵالە) دا، لە بری دەسپێک، کۆتایەکەی ھێندە جوان و سەرنج ڕاکێشە، کە چێژَکی تایبەت بە خوێنەر دەدات. ڕۆمان گێڕانەوەیە، گێڕانەوەش ھەر تەنھا دەسپێکی نییە، بەڵکو کۆتاییشی ھەیە، کە واتا ئەوەی لە سەرەتادا نەبوو، لەوانەیە کۆتایەکەی بە شێوەیەکی تر بێت. ئەو ڕۆمانانەی نووسەر بە نموونە ھێناویەتییەوە، لە ڕووی دەسپێکەوە، ھیچ جیاوازییەکی ھونەری، ئستاتیکی و بابەتییان لەگەڵ ڕۆمانی کوردیدا نییە. جیاوازییەکە لەوە دایە، کە ئەوان بیانین و ھی ئێمەش کوردن. من لێرەدا، نموونە لە دەسپێکی چەندین ڕۆمانی جیھانی دەھێنمەوە، کە کراونەتە کوردی و نووسەرەکانییان لە نووسەرە ھەرە دیار و ھەندێکییان براوەی خەڵاتی نۆبڵیشن، تاکو بزانین ئەو دەسپێکانە، ھیچ ھونەر و داھێنانێکییان تێدایە، زیاتر لە دەسپێکی ڕۆمانی کوردی بێت؟ بۆ نموونە:_
*ڕۆمانی (دیوار) ی سارتەر، ئەمە سەرەتای ڕووادەکان و دەسپێکی ڕۆمانەکەیە:_( ڕاپێچی ژوورێکی گەورەی سپییان کردین، چاوانم پێ بەرزەفت نەدەکرا، چونکە ڕووناکییەکە چاوانمی ئازار دەدا).
* ڕۆمانی (١٠ خولەک و ٢٨ چرکەی) ئەلف شەفیق، ئەمە سەرەتا و دەسپێکییەتی:_(ناوی لەیلا بوو، بە تەکیلا بانگ دەکرا، لای ھاوڕێ و لەشکڕەکانی بەو ناوە ناسرابوو).
* ڕۆمانی (پایز دوا وەرزی ساڵە) ی نەسیمی مەرعەشی، کە باشترین ڕۆمانی ساڵی ٢٠١٥ ی ئێران بووە، ئەمە دەسپێک و سەرەتاکەیەتی:_( بە دوای تۆدا ڕامدەکرد، لە سەر سیرامیکە سارد و سپییەکانی ھۆڵەکەدا، لەم بێدەنگییە ترسناکە ھەزار ساڵەیەدا، ھنکە ھنکی ھەناسەکانم، بڵندتر لە گوێمدا دووپات دەبووەوە).
*ڕۆمانی (یەکەم ئیشق) ی ئیڤان تۆرگینێڤ، ئەمە سەرەتاکەیەتی:_ (زۆر لە مێژ بوو میوانەکان ڕۆیشتبوون، نیو بە تڵی شەو ڕاکشابوو، ھەر خاوەن ماڵ وسێرگی و فلادیمێر لە ژوورەکە مابوونەوە).
* ڕۆمانی (منداڵ و پێڵاوەکان) ی موحسین ڕەملی، ئەمە سەرەتاکەیەتی:_( بۆ تۆڵەکردنەوەی مەرگی کچەکەم لە عێراق، بیست و ھەفت منداڵم لە ئیسپانیا و کۆڵۆمبیا ھێنایە دنیاوە).
*ڕۆمانی (کش وڵات)ی شەھید، ئەمە سەرەتاکەیەتی:_(موژدە ئەی عەبدولرزەاقی جەبران، ئەی ھاوڕێی ئەندێشە جوانەکانی نێو چیڕۆک و حیکایەتە گەورەکان).
*ڕۆمانی ( ئازاری خۆشەویستی) ئەلبیرتۆ مۆرافییا، ئەمە سەرەتاکەیەتی:_( ئەڵێم، پێمخۆشە لە بارەی ژنەکەمەوە بدوێم).
*ڕۆمانی ( تەنیایەکی ئێجگار بە ھەرا و زەنای) بوھومیل ھرابل، ئەمە سەرەتاکەیەتی:_( سی و پێنچ ساڵە ئیش لە کاغەزی گەڕاوە دەکەم سی و پێنچ ساڵە کتێب و کاغەزی گەڕاوە دەپەستێوم) دڵنیام ئەگەر ئەمە دەسپێکی ڕۆمانێکی کوردی بوایە، گۆران ئەوەشی وەک نموونە لە وتارەکەی، بۆ شکاندنی ڕۆمانی کوردی دەھێنایەوە.
*ڕۆمانی (دایکم) ی تاھیر بن جەللون، کە یەکێکە لە ناودارترین ڕۆماننووسەکانی دنیا، ئەمە سەرەتاکەیەتی:_(دایکم لە کاتی نەخۆشکەوتنییەوە، گۆڕاوە بۆ بوونەوەرێکی سیسەڵەی بچکۆڵەی کاڵەوەبوو بانگی تاکەکانی خێزانەکەی دەکات) مەگەر مرۆڤ کە نەخۆش و پیربێت، ھەر وای لێ نایەت؟ ئەمە چ داھێنانێکی تێدایە، لە دەسپێکی نموونەی ئەو ڕۆمانە کوردییانە زیاتر بێت، کە نووسەر لە وتارەکەیدا بە نموونە باسییان دەکات و ڕەخنەیان لێ دەگرێت.
*ڕۆمانی (سەربوردەی دایک) ی جەنگیزی ئیتمانۆف، ئەمە سەرەتاکەیەتی:_( ژنێکی تەنیا، بە کراسێکی خاوێن و سوخمەیەکی ڕە ش و لەچکەیەکی سپی، بە باریکە ڕێگەیەکی پەرێزە گەنمێکدا بە ھێواشی دەڕوات).
*ڕۆمانی (قارەمان و گۆڕەکان) ی ئێرنستۆ ساباتۆ، کە یەکێکە لە ناودارترین ڕۆماننووسەکانی دنیا، ئەمە سەرەتاکەیەتی:_(شەممەیەکی مانگی ئایاری ١٩٥٣ بوو، دوو ساڵ بەرلە ڕووداوەکانی باراکاس، گەنجێکی باڵا بەرز لە سەر یەکێک لە شۆستەکان پیاسەی دەکرد) ئەمە ھیچی تێدایە، زیاتر بێت لە ڕۆمانی ڕۆماننووسانی کورد؟
*ڕۆمانی (بیرەوەری سۆزانییە غەمبارەکە) ی مارکیز، ئەمە سەرەتاکەیەتی:_( لە ساڵانی نەوەتی تەمەنمدا، حەزمکرد عشقە شەوێکی شێتانە لەگەڵ کچێکی ھەرزەی نەکراوەدا، پێشکەش بە خۆم بکەم رووسا کابارکاسم وەبیر ھاتەوە).
*ڕۆمانی (ئاغا و نۆکەر) ی لیۆن تۆڵستۆی، ئەمە سەرەتاکەیەتی:_( یەکێک لە دەیەی ساڵانی ھەفتا بوو، قەدیسی کلێسەی گوندەکە، ڕێو ڕەسمێکی بۆ ئەو ڕۆژە پیرۆزە ڕێکخستبوو) کەس ھەیە لە تۆڵستۆی ناودارتر؟ ئەم دەسپێکە ھیچ ئستاتیکا و داھێنانێکی گەورەی تێدایە؟
*ڕۆمانی (باڕۆنی سەر دارەکان) ی ئیتاڵۆ کالڤینۆ، ئەمە سەرەتاکەیەتی:_( پانزەی ژانیوەری ساڵی ١٧٦٧ بوو، دواھەمین ڕۆژ بوو کە کۆزیمۆ لاڤرێسی برام لە نێو ئێمە دەژیا، من ئەو ڕۆژەم جوان لە بیرە کە دەڵێی دوێنێیە).
* ڕۆمانی (باڵاخانەی یاقوبییان) ی عەلا ئەسوانی، ئەمە سەرەتاکەیەتی:_( مەودای نێوان گوزەری پەھلەر، لەو شوێنەی دەسوقی زەکی بەگ لێی نیشتەجێ بوو، لەگەڵ نووسینگەی باڵاخانەی یاقوبیان سەد مەتری تێپەر نەدەکرد).
* ڕۆمانی (ئاھەنگی ماڵئاوایی) میلان کۆندێرا، ئەمە سەرەتاکەیەتی:_(سەرەتای پاییز بوو لە نێو دەربەندە قەشەنگەکەوە، درەختەکان ڕەنگی زەرد و سوور و قاوەیان گرتبوو، وا دەھاتە بەرچاو، مەڵبەندی تەندروستی شارۆچکەکە، بە بلێسەی ئاگر گەمارۆ درابێت).
* ڕۆمانی (وڵاتی کوێران) ی ھێربرت جۆرج وێڵس، ئەمە سەرەتاکەیەتی:_(ئەو شاخەوانێک بوو لە نزیک شاری کیوتێر، پیاوێکی گەڕۆک و دنیا دیتە بوو).
* ڕۆمانی (ڕوحی ئێمە لە شەودا) ی کینت ھاروف، ئەمە سەرەتاکەیەتی:_(ئەو کاتەی کە ئادی مۆر، پەیوەندی بە لیس واتەرسەوە کرد، ئێوارەیەکی درەنگی مانگی مەی بوو پێش خۆر ئاوابوون).
* ڕۆمانی (کوێری) ژوسێ سارامگۆ، ئەمە سەرەتاکەیەتی:_(چرا زەرد بوو، دوو ئوتومبێلەکەی پێشەوە، بەر لەوەی چرا سەوز بێ تیژ تێپەڕین) ئەمە مانای وایە، کەسێک پێچەوانەی ڕێساکانی یاسای ھاتووچۆ ئوتومبێلی لێخوڕیوە. ھیچ داھێنانێکی تێدایە، زیاتر بێت وەک دەسپێک و سەرەتا لە ڕۆمانی کوردیدا؟
* ڕۆمانی ( بەفری کلیمانجارۆ) ی ئەرنست ھەمنگوای، کە یەکێکە لە ناودارترین ڕۆمانەکانی دنیا، ئەمە سەرەتاکەیەتی:_( ئەوەی بەلامەوە سەیرە ئەوەیە، کە ھیچ ئازارێکی نییە، ئەمەی گوت و دواییش لە سەری ڕۆیشت، ئەمەش وا لە مرۆڤ دەکات ھەست بە دەست پێ کردنی بکات).
* ڕۆمانی (گرگنی) ی پیێر لاگەرکڤیست، ئەمە سەرەتاکەیەتی:_( من بیست و شەش ئینج درێژم، ئەندامەکانی لەشم، لەگەڵ یەکتریدا گونجاو و پێگەیشتوون، ڕەنگە سەرم لە سەری ئاسایی نەختێک زلتر بێت) ئەم دەسپێکە، چ جوانی و داھێنانێکی تێدایە؟ مەگەر سەرەتای ڕۆمانەکانی (کاراون کاکەسوور و عەتا محمەد و شێرزاد حەسەن) و دەیان ڕۆماننووسی دیکەی کورد، جوانتر و بە چێژتر و سەرنجڕاکێشترنین؟
* ڕۆمانی ( مەسیح لە خاچ دەدەنەوە) ی نیکۆس کازانزاکیش، کە یەکێک لە شاکارە ھەرە دیارەکانی دنیا، ئەمە سەرەتاکەیەتی:_( ئاغای گوندی لیکۆڤریسی، لە بانێژەی ماڵەکەیدا، کە بە سەر گۆڕەپانی ئاواییدا دەنۆڕێ، سەبیل دەکێشێ، مەی دەنۆشێت و نمە نمەش باران دەبارێت).
ھەڵبەتە، دەتوانم ناوی سەد ڕۆمانی دیکەی وەرگێڕدراو، ئاماژە پێ بدەم، کە سەرەتا و دەسپێکییان نەک ھەر ھیچیان لە ڕۆمانی ڕۆماننووسانی کورد زیاتر نییە، بگرە ڕۆمانی کوردی دەسپێکەکەی ھونەریترو جوانتر و بە چێژتریشە. نە ڕۆمان، نە شیعر و چیڕۆکی کوردی، لە ھی جیھانی کەمتر نییە. بە بڕوای من، شێرکۆ بێکەسلە ڕووی شیعری بەرگریی و شۆڕگێرییەوە، زۆر لە مەحمود دەروێش لە پێشترە، بەڵام کە دەروێش دەناسرێت و شێرکۆ ناناسرێت، پەیوەندی بەو دیدە نەتەوە پەرستی و ھەڵپەرستییەوە ھەیە، کە سیاسەتی دنیا ئاراستە دەکات. ئەدەبی جوان و داھێنەرانە، بە ناسراویی و خەڵات و نۆبڵی ئەدەبەوە نییە. کەس ئەوەندەی فارسەکان، فەرھەنگ، کولتوور، شارستانیەتییان ھەیە؟ بەڵام ھەتا ئێستا نووسەرێکی فارس نۆبڵی ئەدەبی وەرنەگرتووە. نەجیب مەحففوزیش، لە سۆنگەیەکی سیاسی وەریگرت. کورد دەیان ڕۆماننووس و ڕۆمانی جوانی ھەیە، بەڵام گرفتەکە پەیوەندی بە سیاسەت و نەبوونی قەوارەوە ھەیە. بۆیە ئەوە نابێتە پێوەر بۆ ڕەتکردنەوە و بە کەم نیشاندانی ڕۆمانی کوردی، کە ئاخۆ دەسپێکەکەی جوانە یان نا؟ چونکە وەک وتمان ڕۆمان بە تەنھا دەسپێک نییە و کورتکردنەوەشی بۆ سەرەتا و دەسپێًک، ھەوڵێکە بۆ کوشتنی چێژی خوێنەوە و بەردەوامی خوێندنەوەی ڕۆمان لای خوێنەر. ھەرچی سەبارەت بە درێژدادڕی و کورتکردنەوەی سەرەتای ڕۆمانەکانە لای نووسەر، ئەوا بە پێویستی دەزانم، لە بارەی درێژدادڕی و ئەو نموونانەی نووسەر ڕاستیکردوونەتەوە، چەند سەرنجێک دەرببڕم. دیارە ھەموو درێژداڕییەک لە ڕۆمان و چیڕۆکدا، ناچێتە خانەی خەسارکردنی وشە و ڕستە، چونکە لە زۆر کاتدا، بینای ھونەری دەقەکە، لە ڕێگەی وەسف و شیکاریی و چوونە نێو قووڵایی وێنەکانەوە، ئەوە دەخوازێت زمان بە مەبەستی گەیاندنی مانای زیاتر، درێژتر بکرێتەوە بۆ نموونە:_
مەلای مزگەوتی مەلای گەورە.
کە حەسەن حەیران، حەیران دەچڕێت.
* دەست دەبەیتە نێو گیرفانی پانتۆڵەکەت، ھەر بە دەست گێڕان، دەزانیت تەسبیح و پاکەتی جگەرە و چەرخ و قووتووی پەمپی ڕەبۆکەت پێیە.
ئەم دەربڕینە کە لە کۆمەڵە چیڕۆکی ( ئاسمانی سوور) دا ھاتووە، بە ھیچ شێوەیەک درێژدادڕی نییە، چونکە لە کرداری یەکەمدا، کاری دەست تەنھا چوونە نێو گیرفانە، لە کرداری دووەمدا، کاری دەست ئەمجارەیان لە نێو گیرفاندا ئەوەیە، بزانێت چی و چەند شت لە نێو گیرفاندایە بە ھەمان شێوە ڕەنگە خوێنەرانێک بپرسن، ئەی پەمپی ڕەبۆ خۆی لە نێو قووتوو، یان کارتۆنی تایبەتی خۆی نییە؟ بەڵام لەو پەڕەگرافەدا، پەمپەکە لە نێو قووتووەکەدایە، قووتووەکەش لە نێو گیرفاندایە، کارەکتەرەکە کە دەستی بە شتەکان دەکەوێت، بەر پەمپەکە نا، بەر کارتۆنی پەمپەکە دەکەوێت، بۆیە ئەگەر پەمپەکە بێ کارتۆن بووایە، پێویستی بەو وردەکارییە نەدەکرد.
زمانی کوردی، زمانێکی ورد و دەوڵەمەندە بە وشە و ھاواتاکردن و گوزارشتکردن. بڕوام وایە، ھیچ وشەیەک لە زمانی کوردی زیادە نییە و ھەموو وشەیەک مەغزا و ناوەڕۆکی زمانەوانی و فەرھەنگی خۆی ھەیە. ئەو وردەکارییە، زۆر جار دەبێتە گرفتێک لە بەراوردکردنی زمانی کوردی لەگەڵ زمانەکانی تر، یاخود لێکدانەوە و ھەڵسەنگاندنی چونکە مەرج نییە ھەموو وشەیەک لە چوارچێوەی زمانەوانی و مانایی خۆیدا، بە تەنھا وەک کۆنسپێتێک مانا بگەیەنێت. وشە ھەیە ھەتا لە نێو ڕستەیەکدا ئاماژەی پێ نەدەیت، ناتوانیت وەک لایەنی مۆرۆفۆلۆژی، لێکدانەوەی بۆ بکەیت و مانای بدەیتە پاڵ. بۆ نموونە:_
* وشەی ( قۆڕ) بە مانای ناشرین دێت، بەڵام لە ھەمان کاتیشدا ھێمایە بۆ چاڵ و قووڵایی.
* وشەی (پەڕ) دەکرێ وەک پەڕە کاغەز بخوێنرێتەوە، ھاوکات بە مانای پەڕی باڵندەش دێت.
* وشەی ( سەرمایە) ھەم مانایەکی ئابووری دەگەیەنێت، ھەمیش مانایەکی سرووشتی.
* وشەی (گەروو) بە مانای ھەوک دێت، لە ھەمان کاتیشدا بە مانای باسک، واتا گەرووێکی درێژ دێت.
(لە گەرووم ئاوابوو) واتا شتێک لە قووڕگی چۆتە خوار.
(لە گەرووەکە ئاوابووم) بە مانای لە شوێنێکی زەوی کە باسک یان گەروو بووە، ئاوابووە و پەڕیوەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە.
* خڕ، واتا بازنەیی (زەوی خڕە)، خڕ زۆر جار بە مانای ھەمووانیش دێت (خڕ ئەو پەتایەیان گرتبوو).
ئەگەر زمانی کوردی لە ئاستی دەربڕین و نووسینیشدا، ستاندار و یەک زمان نەبێت، بەڵام چەندین ڕێسای زمانەوانی و ڕێنووسی ھەیە و ڕەنگە لە کاتی نە نووسینی پیتێک، یان دەنگێک، تەواوی مانای وشەکە لە ئاستی دەربڕین و گەیاندندا گۆڕانی بە سەردابێت. لە ھەندێ کاتدا، نەنووسینی تەنھا وشەیەک سەرلە بەری مانای ڕستەکە دەگۆڕێت. بۆ نموونە:_(بە ڕەوانی قسەی نەکرد) لەم ڕستەیەدا، ڕەوانی بە مانای ( ڕوون و ڕەوان) دێت، واتا قسەکردنێک بێ گڕێ وگۆڵ وپێچ و پەنا کە دەشێ ھەمووان لە ماناکەی بگەن. بەڵام لەم ڕستەیەدا (بە ڕەوانی نەکرد) مانایەکی تەواو جیاوازی ھەیە لە ڕستەی پێشووتر، لێرەدا بە (ڕەوانی) بە مانای (ناوبژیوان) ی دێت. واتا کەسێک بکەوێتە نێوانی دوو کەس لە کاتی دەمەقاڵێ و شەڕدا. یاخود کاتێ دەڵێین:_( ئەو کوڕە کێ بوو) لێرەدا کوڕ بە مانای کەسێک دێت کە ناوێکی نادیارە، بەڵام کاتێ دەڵێین:_( ئەو کووڕە کێ بوو) دەبینین سەرتاپای مانای ڕستەکەی گۆڕیوە، چونکە (کووڕ) لێرەدا بە مانای کووڕبوونەوە دێت. زۆرجار نووسینی یەک ڕستە کە وشەکانییان وەک یەکە، بە خاڵبەندی مانەکەیان دەگۆڕێت.
دەشێ خەسار ناسی لە وشە و نووسین لای زۆرلە نووسەرانی کورد ھەبێت، درێژدادڕیش دەبێت،بێگومان ھەشە، بەڵام ئەمە پەیوەندی بەوەوە نییە کە وشە لە زمانی کوردی زیادە و پێویست ناکات ھەموو وشەیەک بنووسرێت. بەڵکو دەگەڕێتەوە سەر ئاگایی و زانیاری نووسەر لە بارەی زمانەوە. ئێستا، لە سەر ئەو نموونانە دەوەستین، کە گۆران سەباح ڕەخنەی کردوون و بڕوای وایە درێژدادڕییە لە ڕۆمانی کوردی و ئەو جارێکی ترکورت و پوختیان دەکاتەوە. بەڵام ئەوەی لێرەدا پێویستە ئاماژەی پێ بدرێت ئەوەیە، ئایا ئەوەی ئەو بە درێژدادڕی دەزانێت، دەشێ لای نووسەری ڕۆمانەکەش بە ھەمان شێوە بێت؟ یان بە مەبەستێکی دیکەی وەسفی و وردەکاریی بە کاری ھێنابێت؟ بۆیە بە بڕوای من ئەوەی ڕۆماننووسەکانی ئێمە نووسیویانە، ناچێتە خانەی درێژدادڕییەوە، بەڵکو جۆرێکە لە ئاگایی نووسین و وردەکاری وەسف و زمان، کە دەبێ خوێنەر درکی پێ بکات. بۆ نموونە:_
* جان دۆست لە ڕۆمانی (میرنامە)، لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا دەنووسێت:_( دەم و لووت ھەڵپێچراو، بە دەستی ڕاستی، جلەکانی و جامانەکەی لە خۆڵی ناو گۆڕەکە تەکاندن و لە ناو گۆڕەکەوە بە دەنگی بەرز گوتی بەسە) گۆران سەباح، بڕوای وایە ئەم ھەموو درێژدادڕیەی ناوێت، بەڵکو دەبوو بنووسێت:_( لە نێو گۆڕەکە گوتی ئیتر بەسە) بێگومان، ئاسمان و ڕێسمان جیاوازی لە ڕووی واتایی و ناوەڕۆکەوە ، لە نێوان ئەوەی جان دۆست نووسیویەتی و ئەوەی گۆران دەیڵێت ھەیە. ئەم دوو دەربڕینە، ڕاستە ھەمان مانا دەگەیەنن، بەڵام پەیوەندییان بە دوو باری سایکۆلۆژیی، ژینگەیی، شوێن و دەلالەتەوە ھەیە. لێرەدا، بۆ بەرچاو ڕوونی نووسەر و خوێنەرانیش، لە سەریان دەوەستین. ھەڵبەتە، مرۆڤ کە لە نێو گۆڕبوو، واتا لە نێو تۆز و خۆڵ و دەشێ قوڕیش دابێت، چونکە سرووشتی ناو گۆڕ وایە، کە لەو شوێنەش بوو، دواجار جلوبەرگەکانیشی تۆزاوی دەبن، بۆیە دەبینین کارەکتەرەکە، سەرەتا تۆز و خۆڵ لە خۆی دا ئەتەکێنێ، ئەوکات ھاوار دەکات، بەڵام ئەوەی گۆران دەیڵێت، پەیوەندی تەنھا بە کارێکی دیاریکراوەوە ھەیەکە ئەویش (ھاوار) کردنە. لە دیمەنی یەکەمدا، مرۆڤێک ھەیە، تۆز و خۆڵ لە خۆی دا ئەکوتێت و ھاوار دەکات، بەڵام لە دیمەنی دووەمدا، تۆز و خۆڵ بوونی نییە. بەمەش لە ڕستەی یەکەمدا، بکەرەکە دوو کار دەکات، بەڵام لە ڕستەی دووەمدا، بکەرەکە تەنھا کارێک دەکات کە ئەویش ھاوار کردنە. ئەمە وێرای ئەوەی کە کەسێک لە نێو گۆڕبێت، واتا لە نێو تۆز و خۆڵدایە.
* میران ئەبراھام لە ڕۆمانی ( نیشتمانی سارا) دا نووسیویەتی:_ ( لە سەردەمی منداڵیمەوە، بەردەوام پیاوێکی ڕیش سپی کورتە باڵا، ڕەنگی چاوەکانی قاوەیی و لووتێکی قنج، کەوا و سەڵتەی لەبەر دایە و مشکییەکی ڕەشی بە توندی بە سەرەییەوە پێچاوە، فەقیانە سپییەکانی زوو زوو لە بازووی توند دەکات) نووسەر بڕوای وایە ئەوە ھەموو دڕێژدادڕییە میران کردوویەتی و پێویست بە ھیچ لەم وردەکارییانە ناکات و دەبوو بنووسێت:_( کورتە باڵایەکی ڕیش سپی جرپن، فەرنجییەکی بۆری لەبەر دایە و بە چاوە قاوەییەکانی سەیرم دەکات) لە ڕاستیدا، ئەوەی میران نووسیویەتی درێژدادڕی نییە، بەڵکو وردەکاری وەسفی پۆشاکی پیاوەکەیە و تیایدا ڕۆماننووس وێنەیەکی تایبەتی داوەتێ، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، دەبوو نووسەر ئەوە بزانێت ھەموو جل و بەرگێکی پیاوانە، فەقیانەی سپی نییە، بەڵکو ئەمە بۆ جۆرە پۆشاکێکی تایبەتە، کە جیا دەکرێتەوە لە پۆشاکی کوردی دیکە. مەگەر جلو بەرگی کوردی، جۆرەھا شێوە و ئاماژەی نییە؟ کە ڕۆماننووس ئاماژە بە فەقیانەی سپی دەکات، ئەمە وەسفی جل و بەرگی پیاوەکەیە، نەک درێژدادڕی و خەسارکردنی وشە. مەگەر ھەموو کەسێک کەوا و سەڵتە لەبەر دەکات و فەرەنجی دەخاتە سەر شانی؟ پاشانیش زەمەنی دیتنی پیاوەکە، زەمەنی (منداڵییە)، ئایا ئەوەی گۆران نووسیویەتی ھیچ زەمەنێکی تێدایە کە ھێما بێت بۆ تەمەن و قۆناغی ژیانی کارەکتەرەکە؟
* ھۆشەنگ شێخ محەمەد لە دەسپێکی ڕۆمانی میدیادا نووسیویەتی:_( سەعات چواری ئێوارەی ناوەڕاستی مانگی نیسان بوو، بارینی گەواڵە بارانێک ئەو ناوەی تەڕو سارد کردبوو، خەلیفە عوسمان دەستی پێکرد، ئەڵڵائەڵڵائەڵڵا) گۆران لە بارەی ئەو دەسپێکەوە دەڵێت:_( شتێکی نامۆ نییە، خەلیفە ئیشی ئەوەیە زیکر بکات، شتێکی نوێی تێدا نییە) بڕوام وایە، نووسەر لە خوێندنەوە ھەڵسەنگاندنی ئەو پەڕەگرافەدا ورد نەبووە، چونکە لەو دەسپێکەدا، ھەر تەنھا خەلیفە بوونی نییە، بەڵکو ناوەڕاستی مانگی نیسانیش ھەیە. من ئەو ڕۆمانەم ھێشتا نەخوێندۆتەوە، بەڵام لە میانەی ئەو نووسینەدا، ئەو پرسیارەم لادروستبوو، کە ڕۆماننووس لە دوانزە مانگدا، بۆچی باسی (نیسان) ی کردووە و باسی ( ئایار) و(حوزەیران) و (ئاب)ی نەکردووە؟ دواتریش، بۆچی لە مانگی نیساندا، باسی ناوەڕاستی ئەو مانگە دەکات؟ کە واتا ئەمە ھەر تەنھا ئەوە نییە ڕۆماننووس باسی خەلیفە دەکات و خەلیفەش ئیشی زیکر کردنە ئەگەرچی بۆ زانیاریی نووسەری وتارەکەش، خەلیفە ھەموو کات زیکر ناکات، بەڵًکو کات و ساتی زیکر و چوونە نێو تقوسی دینییەوە کات و ساتی خۆی ھەیە، دەکرێت لە ئاماژەدان بە ناوەڕاستی مانگی نیسان، خوێنەر بیری بۆ چەند ڕووداوێک بچێت بۆ نموونە:_( ١٤/٤) ڕۆژی ئەنفالەکانە و تەنھا لەو ڕۆژەدا، لە گوندی جەلە مۆرد ( ئەگەر ھەڵە نەبم ئەو گوندە بوو) بیست ھەزار گەرمیانی ئەنفال کرا ڕۆژی (١٦/٤) دۆڵی بالیسان کیمیا بارانکرا، ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی ژینگەی کوردستان دیاریکراوە ھاوکات، لە سێیەمین چوارشەممەی مانگی نیسان، جەژنی ئێزیدییەکانە ئەمانە چەند ڕووداوێکن لە ناوەڕاستی مانگی نیسانن، کەواتا دەکرێ بڵێن پێویست بەو ھەموو وردەکارییە ناکات، لە ڕۆمانەکەدا؟ ، من ھاوبۆچوونی نووسەرم کە درێژدادڕی لە ڕۆمانی کوردیدا، بە ئەندازەیەکی زۆر لای گەلێک لە ڕۆماننووسان بوونی ھەیە، بەڵام ھەرچی گوترا، مەرج نییە درێژدادڕی بێت. ھەندێک جار، سرووشتی گێڕانەوەی ڕووداوەکان، وەسف و ھونەرکارییەکانی دەربڕین، ئەوە دەخوازن کە ڕۆماننووس، ھێڵی گێڕانەوە درێژ بکاتەوە.
* کاروان کاکەسوور لە دەسپێکی ڕۆمانی ( ماڵی نانی) نووسیویەتی:_( نەدەکرا، نەخێر بەھیچ شێوەیەک نەدەکرا ئەم چیڕۆکە لە ژیاندا بگێڕیتەوە) نووسەر لە کۆمێنتێکی لە بارەی ئەو دەسپێکەوە دەنووسێت:_( تکایە ڕۆمان بەم دێرە تەقلید و سواوانە دەسپ پێ مەکەن، ھیچی تێدا نییە، خوێنەر لە سەرەتا وازی لێ دێنێت) دەشێ ئەم دەسپێکە بۆ نووسەر ھیچی تێدا نەبێت، بەڵام ئەو ناتوانێت ئەم تێگەیشتنەی خۆی بەسەر ھەموو خوێنەرێک بگشتێنێ، پاشان ئەم دەسپێکە ھیچی تێدا نییە؟ مەگەر ڕۆماننووس ھەر لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە ھزری خوێنەر بە ڕووداو و کارەساتێکی بزر ئاشنا ناکات کە دەشێ لە میانەی گێڕانەوەی چیڕۆکەکە بیزانێت؟ خوێنەر دەپرسێ بۆ نەدەکرا؟ دەبێ چی ڕووبدات ئەگەر چیڕۆکەکە بگێڕدرێتەوە؟ بۆیە بە بڕوای من گەورەترین ھەڵەی خوێنەر ئەوەیە، دنیابینی خۆی بکاتە پێوەر بۆ خوێندنەوە و دنیابینی خوێنەرانی تر، چونکە نابێ ئەوەمان بیر بچێت ھەموو دەقێک، جۆرێک لە چێژ و تایبتمەندی و ڕەھەندی واتایی لای خوێنەران ھەیە و خوێنەرانیش، لە ئاستی ھزر و دنیابینی و تێگەیشتندا، ھەموویان وەک یەکتری بیر ناکەنەوە و دەقێک ناخوێننەوە. مەرج نییە لە ڕۆماندا ھەرچی گوترا و نووسرا ، بچێتە خانەی درێژدادرییەوە. درێژدادڕیی، وەک خەسڵەتێکی ھونەری لە ڕۆمانی کوردیدا، بە ئەندازەیەکی زۆر دەبینرێت، بەڵام دەبێ درێژدادڕیی و وردەکارییەکانی وەسف و ھونەرکاریی گوزارشت و دەربڕین، زۆر بە وردی لە یەکتری جیا بکەینەوە، بۆ ئەوەی کاتێ ڕۆمانێکمان خوێندەوە، بزانین درێژدادڕیی تێدایە، یان ڕۆماننووس مەبەستی دیکەی ھەیە، لە درێژکردنەوەی زمان و دەربڕیندا.
نووسەر، لەمیانەی بەراوردکردنی چەند ڕۆمانێکی بیانی بە کوردی، وەک باسمان کرد، پەسنی ڕۆمانە بیانییەکان دەدات. بەڵام ئەگەر بە وردی، بەراوردی ئەو دەسپێکانە، بە دیدگایەکی بەراوردکاریی و ئەدەبییانە، نەک سۆز و کەوتنە ژێر کاریگەری ئەدەبی ئینگلیزی و جیھانی بکەین، ئەوا جیاوازییەکی ئەو تۆ لە نێوان ئەو ڕۆمانانە، لە ڕووی سەرەتا و ڕستەی یەکەم نابینین. لێرەدا، ھەر لە و ڕۆمانانەی نووسەر لە وتارەکەیدا بە نموونە دەیانھێنێتەوە، ئەو بەراوردکارییە دەردەخەین. بۆ نموونە:
* (خۆشبوو بیانسووتێنی) ڕۆمانی، (فەھرەننایت ٤٥١) ی ڕێی برادبێری.
* (من لە بەرەبەیانی یەکەمەوە زانیم دیلی کردووم) ڕۆمانی، (دواھەمین ھەناری دنیا) ی بەختیار عەلی. دەسپێکی ڕۆمانە بیانییەکە، ھیچی داھێنەرتر و سەرنجراکێشتری تێدایە، لە ھی بەختیار عەلی زیاتر بێت؟
* (دەیزی قاتێکی ڕەشی لە بەرکرد، یەخەی ھێندە درێژبوو، دەیتوانی دەرسی فەاسەفە بڵێتەوە). (harlangoben_ d٠ntlet go) .
* (بۆ خۆشم باوەڕم نەدەکرد، چۆن لە پڕ و بێ ھیچ پێشینەیەک دەوڵەمەند بووم) ڕۆمانی (خەونی پیاوە ئێرانییەکان) ی ماردین ئیبراھیم. کامیان دەسپێکی سەرنجڕاکێشی ھەیە؟ مامۆستایەک فەلسەفە بڵێتەوە، یان لە پڕ دەوڵەمەندبوونی کەسێک کە چەندین ئاماژەی کەسی و کۆمەڵایەتی و ئاکاریی و پەروەردەیی دەگەیەنێت.
* (کتێبەکە ئەستوور و ڕەش بوو بە تۆز ھاتبووە داپۆشین) (A.S.BYATTS ) .
* (ھەرکەسێک لە ژیانیدا ھەیە، بێ ئەوەی بە خۆی بزانێت، ھەست دەکات قورسایی کەم دەبێت و سووک دەبێت) ڕۆمانی، (ڕێبەڕی کتێبسازە کوژراوەکان) ی عەتا محمەد. سەرنج لە ھەردوو ڕستەکە بدەن، ئاخۆ کامیان سەرنجڕاکێشتر و پڕماناترە؟ بێگومان، دەتوانم گەلێک نموونەی دیکەش ھەر لە خودی وتارەکەی نووسەر بێنمەوە، بەڵام چونکە لە (ئینگلیزی نووسین) باش نیم، بەوەندە واز دەھێنم. بڕوام وایە نووسەر لە ھەر یەک لەو دوو وتارانەی، یان پەلەی کردووە لە نووسین و خوێندنەوەی ڕۆمانەکان، یان ھەر بەمەبەست و بۆ شکاندنی ڕۆمانی کوردی ئەمانەی نووسیوە. ساڵانێکە لە نێو خوێندنەوەی دنیای ڕۆمان دام و گەلێک شیعر و چیڕۆک و ڕۆمانی بیانی وەرگێڕدراوم خوێندۆتەوە. بۆیە جیاوازییەکی ئەوتۆ (ئەگەر ھەشبێت زۆرکەم) لە نێوان ڕۆمانی کوردی و بیانی نابینم. بە پێچەوانەوە، زۆرجار تا ھەندێک نووسین و تێکستی کوردی نەخوێنینەوە، درک بەوە ناکەین کە ئێمەش ڕۆمانی جوان و ڕۆماننووسی بە توانامان ھەیە.
*سەرنج:_خوێنەران دەتوانن بۆ خوێندنەوەی ھەردوو بابەتەکەی نووسەر، بگەڕێنەوە سەر بەشی ئەدەبی ماڵپەڕی دەنگەکان.
ڕواندز_نەورۆزی_ ٢٠٢١