بەرێوەبەری گشتی کۆمپانیای کلو رایگەیاند، کە دوو هەفتەی تر رۆژی ٢٢ ی ئەم مانگە (کانوونی یەکەم/دێسێمبەر) کاتژمێر ١٤:٠٠ بەکاتی ناوەخۆ لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی هەولێر هونەرمەندی لوبنانی “نانسی عەجرەم” دەگاتە کوردستان بۆ سازکردنی کۆنسێرتێکی خێزانی لە هەمان رۆژدا لە شاری هەولێر.
زەینەب شێخ زادە، بەرێوەبەری رێپێدراوی کۆمپانیای Clue بۆ رێکلام و بازاڕکاری لە لێدوانێکی تایبەت بەئاژانسی هەواڵی هونەری کوردی (کوردمیلۆدی)ی راگەیاند “رۆژی ٢٢ ی ئەم مانگە (کانوونی یەکەم/دێسێمبەر) هونەرمەندی لوبنانی نانسی عەجرەم، لە رێگەی فرۆکەخانەی نێونەتەوەیی هەولێرەوە دەگاتە کوردستان و لە هەمان رۆژدا لە هۆڵی گالاکسی شارۆکەی عەنکاوەی سەر بە هەولێر کۆنسێرتێکی خێزانی ساز دەکات”.
زیاتر گوتی “ئێمە وەکو کۆمپانیای کلو، رێگەی تەواومان بە بەرێز “ئەحمەد عەبدولقادر رەواندزی”ی خاوەنی کۆمپانیای “رەواندز” بۆ کاروباری هونەری داوە بۆ تەواوکردنی مۆڵەتی سازکردنی کۆنسێرتەکەو وەرگرتنی رێو شوێنی ئەمنی تەواو”.
لای خۆیەوە، ئەحمەد عەبدولقادر رەواندزی بەرێوەبەری گشتی کۆمپانیای رەواندز بۆ کاروباری هونەری بە (کوردمیلۆدی)ی گوت “٢٢ ی ئەم مانگە نانسی عەجرەم دەگاتە هەولێر و ئێمە زۆرینەی کارەکانی پەیوەندی و وەرگرتنی رێوشوێنی ئاسایشی سازکردنی کۆنسێرتەکەمان گرتۆتە بەر، لە هەمان رۆژیش کاتژمێر ٢١:٠٠ بەکاتی ناوەخۆ کۆنسێرتەکە لە هۆڵی “گالاکسی” لە شارۆکەی عەنکاوە دێتە سازکردن”.
زیاتر گوتی “کۆمپانیای (کۆرەک تیلیکۆم) سپۆنسەری سەرەکی ئەو کۆنسێرتەیە، هاوکات هەریەکە لە کۆمپانیاکانی (بەرلین، بابلیۆن) سپۆنسەری زێڕین و (شاری ئاشتی و ماجیدی مۆڵ و BMW) سپۆنسەری دیمۆند و (ئاوی رەوان و گەڵاڵە و DJ Pro) سپۆنسەری زیوینی سازکردنی ئەو کۆنسێرتەن”.
“ئەم کۆنسێرتە بەبەشداری خالید سەلمان گۆرانیبێژی لوبنانی بەرێوەدەچێت” ئەحمەد وای گوت.
دەرباز یونس